کورته باسیک له سه ر ژیانی ماموستا مه لا محه ممه دی ره بیعی
مامۆستا مەلا محەممەدی رەبیعی کووڕی مەلا عەبدوولحەکیم کووری مەلا محەممەدی رەبیع دە ساڵی ۱۳۱۱ ی هەتاوی لە ئاوایی دراسپ سەر بە ناوچەی دیوان دەڕە لە دایک بوو . دە تەمەنی پێنج ساڵی دا بە مامۆستایەتی دایکی بەرێزی فێری قوورئان خوێندن بوو. فێر بوونی سەردێری (سەرەتای)سەرف و نەحو لە کن مامی(مەلا مەحموود رەبیعی) و بابی دەس پێ کرد . لە تەمەنی دوازدە ساڵی دا هۆگر بە نووسینی چیرۆک بە شیعر و نووسراوە بوو . باوکی و مامی مامۆستایان پتر بۆ نووسین هاندا بە تایبەت دە بواری دینی و ئەخلاقی دا .
رەبیعی پاش وەفاتی مامی،دە قووتابخانە کانی علوومی دینی کوردستانی ئێران و عێراق دا بە خزمەت مامۆستایانی پایەبەرز گەیشت و بوو بە قووتابی قووتابخانەی علوومی دینی . لە کاتێک دا کە مامۆستا رەبیعی دە خزمەت خوا لێ خۆش بوو سەید عەلائەددین حووسینی دا لە ئاوایی قشڵاق سپی بوو رساڵەی ایساغوجی دە عیلمی مەنتیق دا خوێندەوە و بە زمانی فارسی وەری گێراوە . چۆن مامۆستا سەید عەلائەددین ، رەبیعی سەبارەت بە زیرەکی و بە هۆشی زۆر خۆش دەویست ئەو خوازبێن چیانەی هاتبوونە خوازبێنی کچە کەی جوابی کردبوون تا کچەکەی بدا بە مامۆستا رەبیعی .
و مامۆستا رەبیعی ژیانی هاوسەر داری دەگەڵ کچی سەید عەلائەددین پێک هێنا . لە ساڵی ۱۳۴۳ ی هەتاوی دە خزمەت ئووستاد عەلائەددین لە ئاوایی قشڵاق سپی ئیجازەی فتوای پێ درا . مامۆستا رەبیعی ۱۲ ساڵ خەریک بە دەرس کووتن و ئیمام جوومعە و خووتپە خوێنی ئاوایی قشڵاق سپی بوو . رەبیعی دەنگێکی زۆر خۆشی بۆ خوێندنەوە ی قوورئان هەبوو لە ساڵی ۱۳۴۵ ی هەتاوی بە نوێنەرایەتی لە لایان ئێرانەوە دە پێش بڕگەی جیهانی قوورئان دا بەشداری کرد و پلەی دووهەمی جیهانی بەدەست هێنا و نایب قاری جیهان ناسرا (پلەی یەکەم ، قاری بە ناو بانگی میسری عبدالباسط عبدالصمد بە دەستی هێنا. ) . مامۆستا لە رادیۆ کرماشان بە زمانی کووردی بانگەوازی دینی دەکرد . ئەم بانگەوازیە تایبەت بە رادیۆ نەبوو بەڵکوو بانگەوازی ئەو پیاوە بەرێزە تادوایین کاتەکانی ژیانی بۆ دینی پیرۆزی ئیسلام بەردەوام بوو و هەر وەها سەردەمێک لە قووتابخانەی ئەردەبیلێکان دا و لە مزگەوتی عمادالدولە لە تاران خەریک بە فێر کردنی قوورئان و تەجوید بوو .
مامۆستا رەبیعی دە ساڵی ۱۳۵۷ی هەتاوی ، بوو بە خووتپە خوێن و پێش نوێژی مزگەوتی ئیمام شافعی کرماشان. دەو کاتەدا بە هۆی خۆشەویستی مامۆستا سەفەکانی نوێژ جگە لە مزگەوت ،لە سەر شەقام و کۆڵانەکانیش دەگیران و زۆرێک لە خەڵکی کرماشان چ سووننی و چ شیعە پرسیار و تەگبیریان بە مامۆستا رەبیعی بوو. مامۆستا پیاوێکی زۆر لە خوا ترس و بێ تەکەبوور بوو. خوا دوو کووڕ بە ناوەکانی ئەحمەد و حووسێن و کچێکی بە مامۆستا دابوو.
نووسراوەکانی مامۆستا مەلا محەممەدی رەبیعی :
- آیینەی اسلام بە زمانی فارسی
- عالی جناب گوریل بە زمانی فارسی
- سنت و بدعت بە زمانی فارسی
- معالم اسلامی بە زمانی فارسی
- مالکیت در اسلام بە زمانی فارسی
- سراب عشق و اعتیاد بە زمانی فارسی
- هشت اردیبهشت بە زمانی فارسی
- عشق پایان ناپذیر بە زمانی فارسی
- جمعە ی سیاه بە زمانی فارسی
- موج اف ام بە زمانی فارسی
- حضرت عثمان بە زمانی فارسی
- امپریالیست و سوسیالیست امپریال بە زمانی فارسی
- داستان کوتاه بە زمانی فارسی
- خانوادە ی کوچک بە زمانی فارسی
- هزار پند بە زمانی فارسی
- رسالە ی القارعە در طلاق بە زمانی فارسی
- مسایل و دلایل بە زمانی فارسی
- تفسیر جزء اول سورەی بقرە بە زمانی فارسی
- نووقڵ و نەبات بە زمانی کوردی
- گنجینەی گوهر در حدیث بە زمانی کوردی
- بەچکەی بەنی ئادەم بە زمانی کوردی
- چیرۆکی منداڵان بە زمانی کوردی
- دکانداران طریقت بە زمانی کوردی
- تەفسیری سوورەی فاتحە بە زمانی کوردی
- وەرگێرانی کتێبی الحلال و و الحرام فی اسلام بە زمانی کوردی
- وتاری ئایینی بە زمانی کوردی
- باقیات و صالحات ( ٨ جلد)
- دیوان چهار فصل ( کوردی،فارسی،عەرەبی)
- لغز و معما (کوردی،فارسی،عەرەبی)
- مقالات و مواعظ ( عەرەبی)
- رسالە در تلقین
- الأحسان فی التجوید القرآن
- راهنمایی ازدواج و . . .
مامۆستا رەبیعی دە ساڵی ۱۳۷۵ ی هەتاوی دە کۆنفرانسی وەحدەتی ئیسلامی دا لە تاران بەشداری کرد . دوای گەرانەوە لەم کۆنفرانسە بۆ کرماشان دە رۆژی ۱۱ ی سەرماوەزی ۱۳۷۵ ی هەتاوی بەرامبەر بە ۱ ی دێسامبری ۱۹۹۶ی زایینی و ۲۱ ی رەجەبی ۱۴۱۷ ی کۆچی ، بەشیوازێکی نادیار وەفاتی کرد.
وەرگێڕ : رەزا شیلان ئاباد
شووکر و سپاس بۆ خوا و دەس خۆشی و پێ زانین بۆ بنەماڵەی بەرێزم کە لە هەموو هەنگاوەکانی ژیان دا داڵدە و پشت و پەنام بوونە بەتایبەتی بۆ کۆ کردنەوەی ئەم بەرهەمە زۆریان یارمەتی دام.