اندیشه

با شێوازی قسەکردن و بانگەوازی لەقورئان فێر بین

موسڵمانانی خۆشەویست! ڕاستی ئێمەی موسڵمان تاچەند شارەزای ئەدەبیاتی قورئانین؟ ئایا لە ئاخاوتنمان، لەقسە و گوتارو وتارماندا تاچەند لەقورئانی پیرۆز ورد بووینەوە، تا بزانین چلۆن وشەکانمان دەربڕین؟ چلۆن لەناو کۆڕو مەجلیسان بدوێین؟ ئایا هەر دەنگ بەرز کردنەوەو گوڕاندن بەسەر ئەمو ئەودا هونەرە؟ ئایا زانایی لەوەدایە کەسایەتی یەکتر تێک بشکێنین؟ ڕاستی بۆ دەبێ تەنیا خۆمان پێ زانا بێ و کەسانی تر بەهیچ دابنێین. ئایا قورئانی پیرۆز ئاوا شێوازی قسەکردنمان فێر دەکا؟ بۆ هەرکەس لەناو کۆڕو مەجلیسان قسەی کرد گەرچی جنێویش بدا، بێ ڕێزی بەمو بەو بکا، چونکە ناووناتۆرەیەکی هەیە دەبێ چەپڵەی بۆ لێدەن! ئایا چەپڵە بۆ هەڵەو قسە ناڕێک و بێ ماناو بێ بنەماکەی لێدەدەن؟ ئەویش ئەوەندەیتر باغرو لەخۆبایی بێ.

بەر لەهەموو شت پێویستە بزانین زمان گرینگترین هێڵی پەیوەندی نێوان ئینسانەکانە،زمانە سەرەکیترین و ئاسانترین ئامێرە کە بۆ پەیوەندی گرتن بەکاری دەهێنن. دیارە زمانیش وەک باقی ئەندامەکانی مرۆڤ یەکێ لە بە نرخترین وگەورەترین نیعمەتەکانی خوداوەندە.زمان بۆیە بە ئێمە بەخشراوە هەتا قسەی چاک و باشی پێبکەین و فەرمان و دینی خودای پێ بڵاو بکەینەوە .

چونکە خوداوەند لە ئایەتی ۵۳ی سورەی ئیسرا دا دەفەرموێ : وَقُل لِّعِبَادِی یَقُولُوا الَّتِی هِیَ أَحْسَنُ إِنَّ الشَّیْطَانَ یَنزَغُ بَیْنَهُمْ إِنَّ الشَّیْطَانَ کَانَ لِلْإِنسَانِ عَدُوًّا مُّبِینًا ﴿الإسراء: ۵٣﴾ئەی موحەممەد بە عەبدەکانم بڵێ  با تەنیا قسەی جوان و چاک و بەکەڵک بکەن چۆن شەیتان گەڕەکیەتی لەنێوانتاندا ئاژاوە هەبێ. کەوایە ئەگەر لە زمان لە غەیری قسەی چاک و باشدا بەکار هێندرا گومان لەوە دانییە شوێنەواری زۆر خراپی لێدەکەوێتەوە. هەر وەک لەکوردەواریدا دەڵێین: ئەگەر زمان لێگەڕی  سەر سڵامەتە. بەڵێ ئەمە قورئانی پیرۆزە کە ڕامان دەسپێرێ  ئاوا زمانمان بەکار بێنین، نەک بەهەڕەشەو گوڕەشەو خۆ نواندن. ئەگەر خۆمان پێ زانایەو خۆمان بەعەبدی خوا دەزانین ئەوە خوای مێهرەبان ئاوا بەعەبدەکانی دەفەرموێ؛ ئەگەر پەنا بەخوا خۆشمان بە عەبدی خوا نازانین ئەوە شتتێکی ترە. قسەی من لەگەڵ ئەوانەیە کە پێیان وایە هەر بۆ خۆیان شت دەزانن. بەڵێ: بەراستی زۆربەی هەرە زۆری گیرو گرفتەکان  بە هۆی خراب دەکار هێنانی زمانە، ئەگەر زمان ئیسلامیانە بەکار نە هات بازاڕی غەیبەت و بوختان و درۆ و دەلەسە و شەڕ و ئاژاوە پەرە دەستێنێ و کۆمەڵگا بەرەو بشێوی دەبات .عارفان و خوا ناسان دەفەرموون: زمان دەتوانێ کۆمەڵگا ئاوڕ تێبەردا و دەشتوانێ کۆمەڵ بەرەو ئاشتی و تەبایی و پێکەوە ژیان بەرێ . هەر بۆیە حەزرەتی موحەممەد() دەفەرموێ: هەر کەس ئاگای لە زمانی بێ خوداوەند ڕازی ئەو دادەپۆشی. زۆر جاران بەداخەوە تاقمێ زمانیان تەنیا بۆ گاڵتە کردن و ناووناتۆرە لەسەر نانی خەڵکی و نەمامی کردن وسیخۆری بە کار دەهێنن بێئاگا لەوەیکە ئەو شێوە دەکارهێنانەی زمان کەسایەتی خۆیان و کۆمەڵگا بەرەو رووخان دەبات و ناتەبایی و شەڕ وئاژاوە  لە ناو ئەندامانی کۆمەڵگا دروست دەکات.

خۆشەویستان زمان یەکێکە لە نیعمەتە هەرە گەورەکانی یەزدانی میری مەزن بۆ ئەوە خوداوەند زمانی داوە بەئینسانەکان هەتا قسەی جوان و چاک و باشی پێبکەن یا ئەوەیکە لە رێگای زمان نیازەکانی خۆیان دەڕبڕن،دیارە جوان قسەکردن و دروست ئاخاوتن یەکێکە لە ڕێگاکانی شوکرکردنی ئەو نیعمەتە پێرۆزە، شتێکی ئاشکرایە هەرکات مرۆڤ ئاگای لە زمانی بوو دەزانێ چۆن قسان دەکات؟ یا ئەگەر زمانی گەڕا تەنیا بە باشی و بە حەق قسەی پێدەکاو ئەوە لە ناو خەڵکیش خۆشەویستە. دیارە ئەوەمان لەبیر نەچێ حەق گوتن و هەقبێژی  هیچکات بەو مانایە نییە ئێمە وشەی ناحەزو جنێو بەکار بێنیین، پاشانیش تاقمێ بێژن: وەڵڵا فڵانی ئازاو نەترسە لەدەربڕینی وشەی حەق باکی بەکەس نییە. دەبابزانین قورئانی پیرۆز ئەم شێوازە قسەکردنەو ئەم هەڵوێستەی ئێمەی پێ دروستەو پەسەندی دەکا؟ لەئایەتی۱۲۵سورەی نەحلدا دەفەرموێ: ادْعُ إِلَىٰ سَبِیلِ رَبِّکَ بِالْحِکْمَهِ وَالْمَوْعِظَهِ الْحَسَنَهِ وَجَادِلْهُم بِالَّتِی هِیَ أَحْسَنُ إِنَّ رَبَّکَ هُوَ أَعْلَمُ بِمَن ضَلَّ عَن سَبِیلِهِ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِینَ ﴿النحل: ١٢۵﴾: بەکارزانی و لێزانی و حیکمەتەوەو ئامۆژگاری باش و پەسەند خەڵکی بەرەو رێگەی پەروەردگارت بانگ بکەو بەجوانترین شێوە لەگەڵیان بدوێ،پەروەرەندەت لەوکەسانەی لەڕێگە لایانداوە لەگش کەس ئاگادارترەو هەر خۆێشی دەزانێ کێ لەسەر ڕێی هیدایەت و ڕاستییە.

ئەمە ئەدەبیاتی ئاخاوتنی قورئانییە کەدەبێ وشەکانمان لەتۆی جوانترین و ڕازاوەترین قسەدا دەربڕین چون ئەدەب و ڕێزدانان لە قسەکردن و لەکاری بانگەوازیدا یەکێکە لە سیفاتی مرۆڤی ئیماندار کە لە ژێر سێبەری ئەو تایبەتمەندییەدا مرۆڤ بەترۆپکی هەرە بەرزی مەزنایەتی دەگا.خوداوەند لە قورئانی پیرۆز لە سوەری ئەحزاب ئایەتی ۲۱دا ڕامان دەسپێری کە پێغەمبەر بکەینە سەر قافڵە و پێشەنگ لە بواری ئەخلاق و ئەدەب و گشت لایەنەکانی ژیان.

لَّقَدْ کَانَ لَکُمْ فِی رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَهٌ حَسَنَهٌ لِّمَن کَانَ یَرْجُو اللَّهَ وَالْیَوْمَ الْآخِرَ وَذَکَرَ اللَّهَ کَثِیرًا ﴿الأحزاب: ٢١﴾: بێگومان پێغەمبەر() چاکترین و باشترین وێنە و سەرمەشقە بۆ هەر کەسێ بە خوداو ڕۆژی سەڵا هیوادارە و هەر خەریکی یادی خوایە. بە گوێرەی وتەی زانایان هەر شتێک ئاتاج و پێویستی بە ژیرو ئەقل هەیە و عەقلیش ئاتاجی بە ئەدەبە. بەڕاستی ئێمە لە قورئان دوورین وادەزانین کە بە لەبەر کردنی چەند ئایەت و حەدیس و چەند ڕستەی عەڕەبی گەورەترین شاکارمان کردووە کەچی لەشێوازی فەرهەنگی قسەکردن لەقورئانی پیرۆزدا زۆر بێئاگایین.

 یەزدانی گەورە لە قورئانی پیرۆز ئاوا وێنە بۆ قسەی جوان دێینێتە لە سورەی ئیبراهیم ئایەتی ۲۴دا دەفەرموێ: أَلَمْ تَرَ کَیْفَ ضَرَبَ اللَّهُ مَثَلًا کَلِمَهً طَیِّبَهً کَشَجَرَهٍ طَیِّبَهٍ أَصْلُهَا ثَابِتٌ وَفَرْعُهَا فِی السَّمَاءِ ﴿ابراهیم: ٢۴﴾: نەودی خودا چڵون مەسەل دێنێتەوە؟ قسەیەکی بەرێوجێ بەشەنگەدارێک دەشبهێ ڕەگی قایم داکوتاوە و لقی لە تەشقی ئاسمانە.

بەڵێ: ئەدەب لەقسەکردندا و جوانبێژی لە کاری بانگەوازیدا یەکێکە لە گرینگترین هۆکاری سەرکەوتن و بەرەو پێشچوونی لایەنی ماددی و مەعنەوی مرۆڤ. لە هەمان کاتدا جوان ئاخاوتن متمانە لە نێوان ئەندامانی کۆمەل دروست دەکات. لەکوردەواریدا دەڵێن: “قسەی خۆش کوێستانی دڵە”. بەڕاستی قسەیەکی پوخت و پاراو و ڕێکوپێک دڵ دەکاتە کۆیستانی جوانی و ئەوین و مێهرو پاکی. وتەی باش وەکو نمەبارانەی بەهاری زەوی و زاری دڵ دەبووژێنێتەوە. پێغەمبەری() مەزنی ئیسلام لە ئاخاوتن و قسەکردندا ئەوپەڕی رێزو حورمەت و ئەدەبی بەکار هێناوە. هەر بۆیە حەزرەتی موحەممەد () ڕابەری خۆشەویستمان دەفەرموێ: جوانی و ڕازاوەیی ئینسان لە زمانی دایە. واتە ئەو کاتە ئینسان جوانە و چاکە،  کەجوان بێتە ئاخاوتن و قسەی جوان بکات.

ئەوەی لەم ئایەتە پیرۆزە گەیشبێ دەزانێ چۆن بدوێ خوای گەورە لەئایەتی ۸۳سورەی بەقەرەدا دەفەرموێ: وَقُولُوا لِلنَّاسِ حُسْنًا: لەگەڵ گشت ئینسانەکان بە جوانی و بەڕێکو پێکی قسان بکەن. وشەی(ناس) سەرجەم ئینسانەکان بە کافرو موسڵمان، بە دیندارو بێ دین، بە موشریک و خواناس دەگرێتەوە. کەواتە بابگەڕێینەوە بۆ قورئانی پیرۆز و لەکانیاوی زولالی ئایەتەپیرۆزەکانی وشەکانمان هەڵێنجین. باڕەخنەگرتنەکانیشمان بەڕێزو بە ئەدەبەوە بێ و مەبەستمان چاکسازی بێ نەک تێکدان و ڕووخاندن. مرۆڤی زاناو مەلاو مامۆستای ئایینی پیویستە وەکو دەریا مەند بێ بە بەردێک نەشلەقێ و بەکەوچکە ئاوێ نەکەوێتە مەلە، لەڕووی زانستیشەوە قسان بکات  لەخۆڕا بە قسەی ئەمو ئەو  بێ ڕێزی بەکەسایەتییەکانی ئایینی نەکات،شتێک زانیاری لەبارەیەوە نییە با لێینەدوێ.

تەنانەت گەر قسەی ناحەزیشیان پێگوت دەبێ ئارام بگرێ. ڕەنگە بڵێی چۆن وا دەبێ؟ دەیباشە ئەوەتا قورئانی پیرۆز ئاوامان فێڕ دەکات.سرنج بدە ئایەتی۶۳سورەی فورقان کە خوای خاوەن دەسەڵات ئاوا بەندە ڕاستەقینەکانی خۆی دەناسێنێ: وَعِبَادُ الرَّحْمَٰنِ الَّذِینَ یَمْشُونَ عَلَى الْأَرْضِ هَوْنًا وَإِذَا خَاطَبَهُمُ الْجَاهِلُونَ قَالُوا سَلَامًا ﴿الفرقان: ۶٣﴾: بەندە ڕاستەقینەکانی خوای بەخشارو دلۆڤان ئەو کەسانەن کەکاتێ بەسەر عەرزدا دەڕۆن زۆر خۆ بەکەمگرن، هێدی و لەسەرەخۆ بەڕیدا دەڕۆن، تەنانەت گەر نەزانان و کەمفامان قسەی ناحەزیان پێگوتن ئەوان لەوڵامدا سڵاویان لێدەکەن، پەیام ئاشتی و تەبایی و ڕێزو حورمەتیان بەگوێدا دەچرپێنن.

قورئانی پیرۆز رۆر بەتوندی هەڕەشە لە زمانشڕان دەکا. تاو جێیەی فێرمان دەکات جنێو و قسەی ناحەزو ناشیاو نەک هەر بەموسڵمانان و بە ئینسانەکان نەدەین، بەڵکو مافی ئەوەشمان نییە تەنانەت  جنێو و قسەی ناڕێک و دوور لە ئینسانەنییەت بە بتی کافران و بێباوەڕان بدەین. دەبزانن قورئانی پیرۆز چۆن فێری زمانپاکی و جوانبێژی و چاکبێژیمان دەکات: وَلَا تَسُبُّوا الَّذِینَ یَدْعُونَ مِن دُونِ اللَّهِ فَیَسُبُّوا اللَّهَ عَدْوًا بِغَیْرِ عِلْمٍ ﴿الأنعام: ١٠٨﴾:قسەی ناحەزو ناڕێک بەوانە مەڵێن کە داوای یارمەتی لە غەیری خوا دەکەن(واتە بتپەرەستن) چون ئەوانیش لەڕووی نەزانینەوە لەمەڕ خوا خراپ دەدوێن.گەرچی ئەم  هەویرە ئاوێ زۆر هەڵدەگرێ و شێوازی قسەکردن و هونەری بانگەوازی و وتاربێژی پێویستی بە لێداوانی زۆرتر هەیە، ئەوەی من مشتێکە لەخەروار، بەڵام ئەو کەسەی کەسە حەرفێکە بەسە، لێدوانی زیاتر بۆ زانایان و پسپۆڕانی ئەو گۆڕەپانە جێدێڵم.باسەکە بەو قسە نەستەقەی کوردەواری کۆتایی پێدێنم کە دەفەرموون: قسە  دایبێژە، بیچێژە، ئینجا بیهاوێژە.

خوایەگیان زمانێکی پوخت و پاراو و پاک و خاوێن بەنەسیبی گشت لایەکمان بکەی ئینشائەڵڵا.

نوسه ر: سەییدحوسەین خودکام

نمایش بیشتر

سید حسین خودکام

استان آذربایجان غربی - مهاباد کارمند صدا و سیما مترجم و شاعر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا