کۆمه‌ڵێک یاسای قوڕئانی پیرۆز
نووسین: د. عمر بن عبدالله المقبل
یاسای حه‌وته‌م:
«مَا عَلَی المُحسِنِینَ مِن سَبِیلِ» واته: «و هیچ ڕه‌خنه‌یه‌ک له‌سه‌ر چاکه‌کاران نییه»
ئه‌و یاسایه ئاماژه به یه‌کێک له شێوازه‌کانی هه‌ڵسوکه‌وتی مرۆڤ ده‌کات و سه‌باره‌ت به که‌سانێک دابه‌زیوه که له شه‌ڕی ته‌بووک جێ مابوون. ئه‌و غه‌زایه له مانگی ڕه‌جه‌بی ساڵی نۆی کۆچی ڕووی دا که هێندێک له هاوه‌ڵان و هه‌ر یه‌ک به بیانوویه‌ک له‌و شه‌ڕه‌دا به‌شداریان نه‌کرد.
خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت:
«وَ جَآءَ المُعَذِّرُونَ مِنَ الأعرَابِ لِیُؤذَنَ لَهُم وَ قَعَدَ الَّذِینَ کَذَبُوا اللهَ وَ رَسُولَهُ سَیُصِیبُ الَّذیِنَ کَفَرُوا مِنهُم عَذَابٌ أَلِیمٌ * لَّیسَ عَلَی الضُّعَفآءِ وَلَا عَلَی المَرضَی وَلَا عَلَی الَّذِینَ لَا یَجِدُونَ مَا یُنفِقُونَ حَرَجٌ إِذَا نَصَحُوا لِلَّهِ وَ رَسُولِهِ مَا عَلَی المُحسِنِینَ مِن سَبِیلٍ وَاللهُ غَفُورٌ رَّحِیم * وَ لَا عَلَی الَّذِینَ إِذَا مَا أَتُوکَ لِتَحمِلَهُم قُلتَ لَا أَجِدُ مَا أحمِلُکُم عَلَیهِ تَوَلَّوا وَ أَعیُنُهُم تَفِیضُ مِنَ الدَّمعِ حَزَنًا ألَّا یَجِدُوا مَا یُنفِقُونَ * إِنَّمَا السَّبِیلُ عَلَی الَّذِینَ یَستَأذِنُونَکَ وَ هُم أَغنِیَاءُ رَضُوا بِأن یَکُونُوا مَعَ الخَوالِفِ وَ طَبَعَ اللهُ عَلَی قُلُوبِهِم فَهُم لَا یَعلَمُونَ» (تۆبه:٩٠-٩٣)
واته: «(له کاتی غه‌زای ته‌بووکدا) پاکانه‌کاران له بیابان‌نشینانی عه‌ڕه‌ب هاتنه (خزمه‌تی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)) بۆ ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تیان بدرێت که نه‌چن بۆ جیهاد، هه‌روه‌ها ئه‌وانیش که درۆیان له‌گه‌ڵ خوا و پێغه‌مبه‌ره‌که‌یدا ده‌کرد، دانیشتن و به‌شداری غه‌زاکه‌یان نه‌کرد، ئه‌وانه‌ی که بێ‌باوه‌ڕ بوون له‌ناو ئه‌وانه‌دا له داهاتوودا سزایه‌کی پڕئێش و ئازاریان تووش ده‌بێت. لاواز و نه‌خۆش و ئه‌وانه‌ش که خه‌رجییان ده‌ست ناکه‌وێت، هیچ گوناح و گله‌ییه‌کیان له‌سه‌ر نییه (له به‌شداری نه‌کردنی غه‌زادا) کاتێک دڵسۆز بن بۆ خوا و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی، له‌سه‌ر ئه‌و چاکه‌خواز و پاکانه هیچ جۆره گله‌یی و ڕه‌خنه‌یه‌ک نییه، خوای گه‌وره لێخۆش‌بوو و میهره‌بانه. هه‌روه‌ها گله‌یی و ڕه‌خنه نییه له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که دێن بۆ لای تۆ بۆ ئه‌وه‌ی وڵاخی سواریان بۆ په‌یدا بکه‌یت و بێن بۆ جیهاد، تۆش ده‌ڵێیت: هیچ شک نابه‌م تا بتانده‌مێ بۆ سواری، (ئیتر به نائومێدی) گه‌ڕانه‌وه و چاویان فرمێسکی لێ ده‌ڕژا له خه‌فه‌تدا ئه‌سرینی لێ ده‌باری، چونکه هیچ شک نابه‌ن بیبه‌خشن و خه‌رجی بکه‌ن (له پێناوی خوادا، چونکه له غه‌زا دوا که‌وتن). به‌ڵکو ته‌نها گله‌یی و ڕه‌خنه له‌سه‌ر ئه‌وانه‌یه که مۆڵه‌تت لێ ده‌خوازن و خۆ ده‌دزنه‌وه، له کاتێکدا که ده‌وڵه‌مه‌ندن و ده‌ست ڕۆیشتوویشن، ڕازین له‌گه‌ڵ پیرێژنان و په‌ککه‌وتواندا بن و بمێننه‌وه، خوایش مۆری ناوه به‌سه‌ر دڵیان‌دا، بۆیه ئه‌وانه نازانن (خێر له چیدایه)؟»
واتای ئه‌و ئایه‌ته به کورتی:
که‌سانێک که به ڕاستی بیانوویان هه‌بوو –جا به‌هه‌ر هۆیه‌کی وه‌ک نه‌خۆشی یا پیر و په‌ککه‌وتوویی و یا هه‌ژاری و… ئه‌وانه گوناهێکیان له‌سه‌ر نییه، به‌ڵام به مه‌رجێک: «إذَا نَصَحُوا» واته: مه‌به‌ست و قسه‌یان له نه‌هێنی و ئاشکرادا له‌سه‌ر حه‌ق بێت، به شێوازێک که فیتنه‌یی و ناکۆکی نه‌نێنه‌وه و که‌سانی دیش له شه‌ڕ نه‌گێڕنه‌وه و له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیش چاکه‌خواز و چاکه‌کار بن.
پاشان سه‌باره‌ت به بێ‌هیوا نه‌بوون له ڕه‌حمه‌تی خوا ده‌فه‌رموێت: «وَ اللهُ غَفُورٌ رَّحِیمٌ»
ئه‌گه‌ر ئه‌ساسی بنه‌مای ڕاڤه‌کردنی قوڕئان ڕه‌چاو بکه‌ین، ده‌بینین که هه‌میشه واتای گشتی واژه‌که مه‌به‌سته، نه‌ک هۆکاری تایبه‌تی. ئه‌و واتا قوڕئانییه واتایه‌کی زۆر به‌ربڵاو و واڵای هه‌یه. ئه‌وه‌ی‌که خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: «مَا عَلَی المُحسِنِینَ مِن سَبِیلٍ» ده‌یهه‌وێ بڵێت که له بنه‌ڕه‌تدا موسوڵمان بۆ به‌جێ‌گه‌یاندنی ئه‌رکی سه‌رشانی پێویسته ساغ و ته‌ندروست بێت. هه‌ر وه‌ک ئایه‌ته‌که به گشتی نیشان ده‌دات، بنه‌ما ئه‌وه‌یه که له پێوه‌ندی مرۆڤه‌کاندا ناکرێ که‌سێک به زۆری مه‌جبوور بکرێ که کارێک بۆ که‌سێک بکات، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی‌که هۆکارێکی شه‌ڕعی هه‌بێت. هه‌ر که‌س که له په‌یامی په‌روه‌ردگاری ورد بێته‌وه، ده‌بینێت که له کۆنه‌وه تا ئێستا زۆرێک له زانایان له بواری جۆراوجۆردا پشتیان به‌و ئایه‌ته به‌ستووه و وه‌ک به‌ڵگه که‌ڵکیان لێ وه‌رگرتووه. که‌سێک که به ماڵ و گیانی و یا به هه‌ر شێوازێک چاکه له‌گه‌ڵ که‌سێک بکات، پاشان که‌مایه‌سی و عه‌یبێک له چاکه‌ی وی‌دا به‌دی بکرێت، ئیتر ئه‌و به‌رپرسی ئه‌و که‌مایه‌سییه نییه. چونکه ئه‌و که‌سه چاکه‌کاره و به واتای قوڕئانی (محسن) بووه و هیچ تاوان و ڕه‌خنه‌یه‌کیش له‌سه‌ر چاکه‌کاران نییه. له لایه‌کی دیکه‌وه ئایه‌ته‌که پێمان ده‌ڵێت که ئه‌و که‌سه‌ی چاکه‌کار نه‌بێ، واته خراپه‌کار و گه‌نده‌ڵ بێت، ئه‌وه خۆی به‌رپرسی خراپه و گه‌نده‌ڵی خۆیه‌تی.
ئێستا له بواری فیقهی ئه‌و ئایه‌ته که به کورتی ئاماژه‌ی پێ کرا ده‌گوزه‌رێین، تاکو بزانین که له کرداردا له کوێ پێویستیمان به‌و یاسا قوڕئانییه هه‌یه. ژیانی ئێمه پڕه له‌و ده‌رفه‌ت و دیمه‌نانه‌ی که پێویستیان به چاکه و چاکه‌خوازی هه‌یه و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ره‌خسێت که چاکه له‌گه‌ڵ خه‌ڵک بکه‌ین. یه‌که‌م که‌سانێک که ده‌بێ له ئاستیان چاکه‌کار بین، ئه‌ندامانی خێزانی خۆمانن: دایک و باوک، هاوسه‌ر، مناڵ و… به‌داخه‌وه هێندێک له خه‌ڵک له په‌ند و ئامۆژگاری ئه‌و ئایه‌ته بێ‌ئاگان، له کاتێکدا لۆمه‌ی که‌سانی‌تر ده‌که‌ن. هه‌رچه‌ند خۆی ئه‌هلی چاکه و چاکه‌کارییه، به‌ڵام به ئانقه‌ست یا نائانقه‌ست ده‌رگای چاکه له‌سه‌ر دیتران داده‌خات و بازنه‌ی چاکه له‌سه‌ر خه‌ڵک ته‌نگ ده‌کاته‌وه.
بۆ نموونه که‌سێک ده‌یهه‌وێت کارێکی دروست و په‌سه‌ندی بانگخوازی یا کۆمه‌ڵایه‌تی و یا خێزانی بکات و بۆ ئه‌و کاره ته‌واوی هێز و توانای ماڵی و گیانی خۆی ده‌کار ده‌کات. له‌و کاته‌دا داوا له که‌سانی دیش ده‌کات که یارمه‌تی بده‌ن، به‌ڵام هیچ که‌س نادۆزیته‌وه، به‌ناچار به ته‌نیایی مل ده‌داتێ و هه‌وڵ ده‌دات که کاره‌که‌ی به دروستی جێبه‌جێ بکات. به‌ڵام کاتێک که به کۆتایی ده‌گات و کاتی ئه‌وه‌یه که له ئاکامی کاره‌که‌ی به‌هره‌مه‌ند بێت، ڕه‌نگه هێندێک که‌مایه‌سی –که هیچ کارێک بێ عه‌یب و که‌مایه‌سی نابێت- بۆ دیار بکه‌وێت، ئه‌و کات به جێی ده‌ست‌خۆشی له زه‌حمه‌ت و تێکۆشانه‌کانی و ئاماژه‌یه‌کی دڵسۆزانه بۆ چاره‌سه‌ری که‌مایه‌سییه‌کانی، ڕووبه‌ڕووی شه‌پۆلێک له لۆمه و ڕه‌خنه‌ی توند ده‌بێته‌وه. ئه‌و که‌سه هه‌رچه‌ند له سه‌ره‌تای کاره‌که‌یدا داوای یارمه‌تی کردبوو، به‌ڵام که‌س یارمه‌تی نه‌دا و بۆیه خۆی به ته‌نیایی ده‌ست به کار بوو. به‌ڵام له کاتی به‌رهه‌م و سه‌مه‌ره‌ی کاردا به هۆی هێندێک عه‌یب و که‌مایه‌سی بێ‌بایه‌خ که به هۆی بێ‌هێزی ئه‌و ڕووی داوه، ڕووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵێک ڕه‌خنه ده‌بێته‌وه. ئایا ئه‌و زۆرتر له هه‌ر که‌سێک شیاوی ئه‌و فه‌رمووده قوڕئانییه نییه؟ «مَا عَلَی المُحسِنِینَ مِن سَبِیلٍ»
ئایا لۆمه‌که‌ران شایانی ئه‌وه نین که پێیان بگوترێ:
«أقلوا علیهم لا أبا لأبیکم من اللوم أو سدوا المکان الذی سدوا»
واته: «یا که‌متر ئه‌وان لۆمه بکه‌ن و یا خۆتان به جێی ئه‌و دانێن.»
نموونه‌ی هاوشێوه به شێوازی جۆراوجۆر ده‌بینین؛ چه‌نده پێویسته که له ماڵ یا قوتابخانه یا شوێنی کار و یا له چالاکییه‌کانی سیاسی و ڕاگه‌یاندن و له هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ زانایان و بانگخوازان ئه‌و یاسا قوڕئانییه ڕه‌چاو بکه‌ین و فێری ئه‌وه بین که چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌ی زانایان و چاکه‌کاران بکه‌ین، تاکوو به مامه‌ڵه‌یه‌کی ناپه‌سه‌ندی ئێمه ده‌رگای چاکه و چاکه‌کاری نه‌به‌سترێت. ئه‌گه‌ر چاکه‌کاران زۆرتر ڕه‌خنه‌یان لێ بگیردرێت و لۆمه بکرێن و له ده‌ره‌نجامدا چاکه‌کاران و چالاکوانان بکشێنه‌وه دوایی، ئه‌وه چ شتێک بۆ نه‌ته‌وه‌ی موسوڵمان ده‌مێنیته‌وه؟!
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه به‌و مانایه نییه که که‌س له هه‌ڵه‌کانی ئاگادار نه‌که‌ینه‌وه و خاڵه به‌هێزه‌کانیشی پێ ڕانه‌گه‌یێنین تاکوو به‌هێزتریان بکات؛ به‌ڵام گرینگ ئه‌وه‌یه که ئه‌و کاره به شێوازێک بکرێ که ڕێزی چاکه‌ی چاکه‌کاران بپارێزرێت و له‌هه‌مان کاتدا ده‌رفه‌تی بیرهێنانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کانیش له‌ده‌ست نه‌چیت، تاکوو کاره‌کانی مرۆڤ به جوانترین و باشترین شێواز به ئاکام بگات.
کاتێک که قسه له‌و یاسا قوڕئانییه ده‌که‌ین، پێویسته شتێکیشمان له‌بیر بێت و ئه‌ویش ئه‌وه‌ی‌که کاتێک که‌سێک کارێک وه‌ئه‌ستۆ ده‌گریت، نابێ به بیانووی ئه‌وه‌ی‌که چاکه‌کاره خۆی لێ هه‌ڵاوێریت. نابێ ئه‌و دوو بابه‌ته‌ی که ئاماژه‌یان پێ کرا، تێکه‌ڵی یه‌کیان بکه‌ین. مرۆڤ تا کاتێک که بۆ کارێک به‌ڵێنی نه‌داوه، واته به‌جۆرێک له ئاست ئه‌نجامی ئه‌و کاره هیچ به‌رپرسیاره‌تی نییه، کاره‌که‌ی وه‌ک خێر و چاکه هه‌ژمار ده‌کرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ڵێنی دا، ئه‌وه له‌سه‌ری واجب ده‌بێ و شیاوی لێپرسینه‌وه و ڕه‌خنه ده‌بێت.
سه‌رنج بده‌نه ئه‌و نموونه‌یه: نه‌زرکردن؛ واته کارێک که پێشتر له‌سه‌ری واجب نه‌بوو ئه‌نجامی بدات. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر که‌سێک نه‌زر بکات که هه‌زار تمه‌ن بکات به خێر، پێش ئه‌و نه‌زره له‌سه‌ری واجب نه‌بوو که یه‌ک تمه‌نیش بکاته خێر، به‌ڵام دوای نه‌زره‌که ده‌بێ هه‌زار تمه‌نه‌که بکاته خێر و نه‌زری خۆی به جێ بێنیت.
چونکه زۆرێک له خه‌ڵکی به دروستی له‌و واتایه تێنه‌گه‌یشتوون، بۆیه ویستم ئه‌و ئایه‌ته ڕوون بکه‌مه‌وه. جاری وایه که‌سێک بۆ ئه‌نجامی کارێک متمانه به که‌سێکی دی ده‌کات، به‌ڵام که‌سی به‌رامبه‌ری به هۆی ئه‌وه‌ی‌که ده‌ڵێ من چاکه‌کارم، ئه‌و کاره ناکات و ئه‌وه ده‌بێته هۆی ناکۆکی نێوانیان.
سه‌رچاوه: ئیسلاح وێب
وه‌رگێڕانی: کولسووم حه‌سه‌ن زاده
ادامه دارد