خانواده

ناپاکی له خۆشه ویستیدا !!

خۆشه‌ویستییه‌ک له‌ پێناو پاره‌

دڵ و دەروونی ئارام و ڕوح و گیانی ئاسوودە، باشترین و گرنگترین دەسکەوتی گرانبەهای ژیانی مرۆڤە. هەموو هەوڵ و تێکۆشان و لێبڕان و ڕەنجی مرۆڤیش لە ژیانی ئەم دونیایەدا بۆ دەستخستنی ئەم گەوهەرە نایاب و دەگمەن و بەنرخەیە… عەوداڵی و گەڕانی مرۆڤ بۆ دەستخستنی ئەم گەوهەرە نایاب و دانسقە و گرانبەهایە، تا ئاستێکە کە هەندێجار مرۆڤ لە پێناو دەستخستنیدا، هەموو ژیانی دەکاتە قوربانی…
بەداخەوە سروشتی مرۆڤ وایە، خۆشەویستنی رۆح و جەستەی خۆی دەخاتە سەرووی هەموو شتێکەوە، وا دەزانی بە خۆشەویستن و گرنگی دان بە جەستەکەی بەبەردەوامی دەگاتە چێژی بەختەوەری!
بەڵێ لە ڕاستیدا مرۆڤ وەک دەفرێکی بەتاڵ وایە؛ ئەگەر لە چاکە پڕ نەکرێت، بێگومان لێوان لێو دەبێت لە خراپەی خراپوەشێنان.

چــــیرۆکێکی زۆر سـەرسـووڕهــێنەر!

ڕاستییەکان خۆیان دەدوێن: ئەمە تەنیا نموونەیەکە لەسەر پەیوەندی و حەزلێکردن و خۆشەویستی حه‌رام، بیخوێنەوە و بۆ خۆتان بڕیار بدەن کە ئەم کوڕە چی بەسەر ئەو کچە داماوە دێنیت کە حەزی لێکردووە، بەڵێ تەنیا حەزی لێکردووە.

ئەوەمان لەبیر بێت کە ئەم ئافرەتە، ئافرەتێکی بەڕەوشت و چاک و داوێن پاک و دیندار بوو.

“فرمێسک” هەموو ڕۆژێک لەگەڵ هاوڕێکی بەناوی “سۆما” دەچۆوە زانکۆ و هەر لەگەڵ ئەویش دەگەڕایەوە. سۆما لە ڕێگادا بەردەوام باسی لە گەورەیی و جوان و لێهاتوویی “ڕێبازی” برای بۆ “فرمێسک” دەکرد، تا ئەوەی بە تەواوی هەستی فرمێسکی بۆ لای “ڕێبازی” برای پەڵکیشکرد…
سۆما وێنەی هەردووکیانی بۆ یەکتری دەبرد، لە نامە گۆڕینەوەشدا هەر سۆما قاسید بوو، تا لە کۆتاییدا ژوانێکی بۆ ڕێکخستن، ئەوە بوو لەو ژوانەدا کە لە ماڵی خۆشکە گەورەکەی “ڕێباز” سازدرابوو، هەر دوو لا بە دیداری یەکتر شاد بوون و بەڵێنی بۆ یەکتربوون و خیانەت نەکردنیان بە یەکتر دا. بەڵێ لەو دیدارەدا ڕێباز سوێندی بۆ فرمێسک خوارد کە تا مردن وەفاداری دەبێ و هەرگیز خیانەتی لێ ناکات، جا “فرمێسک” زیاتر خۆشەویستی ڕێبازی چووە دڵییەوە و ئامادەی هەموو قوربانیدانێکیش بوو لە پێناوی بەختەوەر بوونی.
فرمێسک وەک هەر کچێکی تر زۆر دڵی بەو پەیوەندییە خۆش بوو. وایدەزانی خوا لەسەر زەویدا کوڕی دروست نەکردووە تەنها ڕێباز نەبێت!
ئەوەبوو دوای هەفتەیەک ڕێباز تەلەفۆنی بۆ “فرمێسک” دەکا و وەک هەمیشە بە قسەی عاتیفانە زیاتر سەرنجی بۆ لای خۆی ڕادەکێشی… لەو پەیوەندە تەلەفۆنییەدا ڕێباز بە فرمێسک دەڵێت: هەرگیز ناتوانم بۆ یەک چرتە ساتێک بێ تۆ بژیم، من حەز دەکەم بە بەردەوامی ڕوخساری گەشت ببینم، بەڵام چی بکەم داخی گرانم ماڵمان لەیەکتر زۆر دوورە، تۆ لە شارێکی و منیش لە شارێکی تر، سەد خۆزگا دراوسێی یەکتر باین… هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا “ڕێباز” بە مەبەستێکی تایبەتەوە بە “فرمێسک” دەڵێت: ئای کە جوانی بە تایبەت ئەو کاتەی کە هەموو خشل و زێڕە زۆرەت بە قەد و قەڵافەتەوە دەبینم… ئەوجار پێی دەڵێت: ئەرێ فرمێسک گیان نووری چاوانم، ئەو هەموو خشڵ و زێڕە هی خۆتە؟!
فرمێسک پێی ده‌ڵێت: بەڵێ هەمووی هی خۆمە و دایک و بابم بۆیان کڕیوم، ڕێباز بەم چەشنە هەندێ قسەی دیکە لەگەڵ فرمێسک دەکات و ئیتر خوا حافیزی لێ دەکات. مەخابن لە پەیوەندی خۆشەویستی نێوان ڕێباز و فرمێسک، سۆژین خۆشکی فرمێسک ئاگاداری هەموو ئەو ڕووداوانە دەبێت کە لە نێوان فرمێسک و ڕێباز گوزەراوە!
سۆژین دەڵێت: ڕێبازی ناپاک لەگەڵ سۆرانی ڕەفیقی، دەمێک بوو بیرۆکەی چوونە هەندەران لە خەیاڵیاندابوو، بۆیە هەموو کات بیریان لەوە دەکردەوە، کە چۆن بتوانن بە هه‌ر شێوەیەک بێت بڕێک پارە بەدەست بهێنن و سەفەری پێ بکەن، بەڵام ڕێباز هەرچەندە سەر دێنی و دەبا نازانێ چۆن پارەی سەفەرەکەی پەیدا بکات، بۆیە ڕێباز تاکە سەرچاوەیەک شک دەبات کە ئەویش ئاڵتونەکانی فرمێسکی خوشکمە، بیر دەکاتەوە چۆن بتوانێ ئەو ئاڵتونانەی لێ بدزێ تاکوو سەفەرەکەی پێ بکات، ئەوە بوو دوای بیرکردنەوە ژهراویەکەی یەکسەر تەلەفۆن بۆ سۆرانی ڕه‌فیقی دەکات و پێ دەڵێت: خۆت ئامادە بکە لەوانەیە چەند ڕۆژێکی تر سەفەر بکەین… سۆران کە گوێی لەو قسانە دەبێت زۆر گاڵتە بە ڕێباز دەکات و پێ دەڵێت: چی دەڵێی! شێت بوویت! پێم ناڵێی بەکام پوڵ و پارەوە سەفەر بکەین!! ڕێباز پێ دەڵێت: تۆ هەقی پارەت نەبێت پیلانێکم لەبەر دەست دایە، تۆ تەنها هاوکاریم بکە لەجێبەجێ کردنی، ئیتر زۆر ناخەیەنی بە ئاسانی دەتوانین سەفەر بکەین.
لەو تەلەفۆنەدا ڕێباز بە سۆران دەڵێت: سپەی شەو هەر بەو ڕێبینی ئامۆزاتەوە وەرە بۆلای ماڵمان پێکەوە دەچین شۆینی فرمێسکی خۆشەویستم، ئیتر ئەوکاتە هەموو شتێکت بۆ دەردەکەوێ و زیرەکی منت بۆ ئاشکرا دبێت کە چۆن نەخشەیەکم کێشاوە. ئەوە بوو هەر ئەو ڕۆژە ڕێباز تەلەفۆنی کرد بۆ فرمێسک و کۆمەڵێک وشەی ناسکی بۆ دەدرکێنی و پێ دەڵێت: خۆشەویستەکەم ئیتر ناتوانم لەوە زیاتر بەرگەی دووریت بگرم، بۆیە دەمەوێت بێمە پێشەوە و
هەڵقەی دەستگیرانیت لە دەستی بکەم.
ڕێباز لەو تەلەفۆنەدا بە فرمێسک دەڵێت: خۆشەویستەکەم بەر لەوەی بێمە داخوازیت، دایکم زۆر حەز دەکات بۆ چەند ساتێک بتبینێت، بە تایبەتی ئەگەر جلکی کوردی لەبەر بکەیت هەر زۆر جوان دبیت و سەرنجی دایکم ڕادەکێشی، توخوا گەر هاتی زێرەکانیشت بیرنەچێت و هەمووی بەخۆتەوە بکە، چونکە هەم جوانییەکی تایبەتیت پێ دەبخشێت، هەم لەچاوی دایکیشمدا بە کچێکی خانەدان خۆت پیشاندەدەی.

ئەوە بوو کە لە ڕۆژی داهاتوو و لە کات و ساتی دیاریکراودا رێباز و سۆران بە سەیارە دەچنە بەر دەم کوڵانەکەی ماڵی فرمێسک، بەڵام ڕێباز پێشتر بە فرمێسک دەڵێت: بە ماڵەوە بڵێ دەچمە لای دەستەخۆشکێکم کەمێک درەنگ دێمەوە… ئەو کاتەی کە ڕێباز و سۆران لە ناو سەیارەکەدا چاوەڕێیان دەکرد، بینیان کە لەگەڵ سۆژینی خۆشکی وا بەیەکەوە دێن بۆلای سەیارەکە، ڕێباز لەو کاتەدا کە دەبینێ فرمێسک خۆشکەکەی لەگەڵ دایە، پەشیمان دەبێتەوە و لە سەیارەکە دادەبەزێ و بە فرمێسک دەڵێت: فرمێسک گیان ببۆرە ئەوشەو ناتوانم بتبەم بۆلای دایکم، چونکە تەندروستی تەواو نییە، سپەی دێمەوە بە دوات، بەڵام بەتەنها خۆت وەرە و کەس لەگەڵ خۆت مەهێنە.

بۆ ڕۆژی دواتر ڕێباز و سۆرانی ڕەفیقی بەهه‌مان سەیارە دەچنە بەردەم کۆڵانەکەی ماڵیان و ئەوجارە فرمێسک بەته‌نیا دێت و لە گەڵیان دەڕوات… تا دەگەنە چۆلگەیەک و ناوچەیەکی چۆل و وێرانە، کە لەو کاتە ترسناکەدا، خودا نەبێت هیچ کەسێک نییە بە هاواری فرمێسک بێت. بەڵێ لەو کاتە ترسناکەدا ڕێباز و سۆرانی ڕەفیقی سەیارەکە دەبەنە پەنایەک و بەهەردووکیان فرمێسک دادەبەزێننە خوارەوە، ئەو کاتە فرمێسک تازە دەزانێ کە هەموو گومانەکانی پێشتر کە بەرانبەر بە ڕێباز هەیبوو، زۆر لە جێگای خۆیدا بوون. لەو کاتەدا دەیەوێ لە ترسی ژیانی خۆی بقیژێنێ و هاوار بکات، مەخابن کار لە کار ترازاوە و کات زۆر درەنگە و دەستی بە هیچ ڕانگا.

ئەوکاتەی کە فرمێسک هاوار دەکات، ڕێباز دەستی دەخاتە سەردەمی و بە سۆرانی ڕەفیقی دەڵێت: ها ئەو چەقۆیە بگرە و بیکوژە! بەڵام سۆران ترس هەموو گیانی دادەگرێت و ناتوانێت ئەم کارە بکات، بۆیە چەقۆیەکە ئەداتەوە دەست ڕێباز و دەڵێت: ها خۆت بیکۆژە من ناتوانم! ڕێباز کە پوڵ، ئەقڵ و هۆشی لێی بڕیوە، زۆر بێ ویژدانانە چەقۆیەکەی لێ وەردەگریت و بە چەقۆیەک لە سەر دڵی دەدات و پاشان دوو چەقۆی دیکە لە سینگی دەدات…!

 فرمێسک بێ تاقەت ئەبێت و دەکەوێتە سەرزەوی و خوێن لە جەستەیەوە فیشقە دەکات، ئەو دووناپاکە لەو کاتە ترسناکەدا کە فرمێسک وا خەریکە ڕۆح لە جەستەی دەرچێت، هەرچی زێڕە لە دەست و گەردەنی و قەڵافەتی دەکەنەوە و بەو حاڵە فرمێسک بەجێ دەهێڵن و بەپەلە ڕادەکەن و شارەکەیان بەجێ دەهێڵن بەرەو شارێکی تر و لە شەقامێک لادەدەن و لەوێدا دەچنە دوکانێکی زێڕینگەر و زێڕ و مەلوانکه‌کە و هەرچی هەیە دەیفرۆشن. دوای ئەوە بەرەو  وڵاتێکی دی ڕادەکەن و دەیانەوێت بچن بۆ وڵاته‌ عەڕەبییەکان و لەوێشەوە بەرەو ئوروپا ڕاکەن. بەڵام خودا وا دەهێنی کە مانەوەیان لەو وڵاتە غەریبه‌ درێژه‌ بکێشیت و پارەکەیان بەفیڕۆ دەڕوات و بە ناچاری دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و لەوێش ئاسایش دەیانگرێت و ڕادەستی دادوەریان دەکات بۆ لێکۆڵینەوە و لە ئاکامدا توڵە ئەستانەوە…

خوێنەرانی خۆشەویست!
ئایا ئەگەر کەسێک کەسێکی خۆش بوێت، ئابڕووی دەبات!؟ ئەوە خوشەویستییە یان خیانه‌ت!؟ کەسێک کەسێکی خۆش بوێت، دەچێت دەی کۆژێت!!؟ یان دەیسوتێنی!!؟

خۆینەرانی خۆشەویست!
پاش ئەوەی کە لەگەڵ دیمەنەکانی ئەم چیرۆکەدا کاتێکمان بەسەر برد، باش لەوە تێدەگەین کە دوورکەوتنەوە لە خوای گەورە و ئەخلاقی مرۆڤایەتی، ئەشکەنجە و بەدبەختی و دۆزەخە… نزیک بوونیش لە خوا و کردەوە جوانەکان، خۆشی و بەختەوەری و بەهەشتە.

بێگومان هەر وەکوو چۆن لە زۆر مەسەلەی ژیان بە هەڵە تێگەیشتووین، لە بابەتی خۆشەویستیشدا هەڵە تێگەیشتنێک لای بەشێک لە تاکەکانی کۆمەڵگا بە گەورە و بچووکەوە دروست بووە.

 عەبدوڵڵا عەلی پور

نمایش بیشتر

عبداللە علی پور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا