اندیشه

پوخته ی سیکۆلاریزم 

نوسینی : ابراهیم زمناکۆیی
لەم باسەدا نامەوێت بچمە سەر مێژووی دروست بوونی سیکۆلاریزم و پێکهاتە و دامەزرێنەرانی ” تەنها مەبەستێک کە لێرەدا ئاماژەی بۆ دەکەم حەقیقەت و ناوەڕۆکی سیکۆلاریزمە و پێویستە نەوەکانی مسوڵمان بە جوانی لێی تێبگەن و بە قسەی زریق و باق و دووڕوویی سیکۆلاریستان هەڵنەخەڵەتێن ” بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی زانستی لە مەبەستەکانی سیکۆلاریزم تێ بگەین ، دابەشی دەکەین بەسەر دوو بەشی سیکۆلاریزمی فەلسەفی و سیکۆلاریزمی سیاسیدا، کە بە پێی مەنتیق و بەڵگە چۆنێتی بیرکردنەوە و کاری ئەو دوو بەشەی سیکۆلاریزم دەخەینە ڕوو …
۱- سیکۆلاریزمی فەلسەفی بە واتای دوور خستنەوەی خوای گەورە و هیزی شاراوەی دەرەوەی سروشت ( غەیب ) لە چوارچێوەی فیکر و بیروباوەڕ و کاروباری ژیان دێت . شوێنکەوتوانی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بە شێوەیەکی گشتی و حەتمی لە هەموو لایەنەکانی فیکر و بیروباوەڕ و سەرجەم بەشەکانی ژیان بە شێوەیەکی ئاشکرا دژی خوای گەورە و بە شێوەیەکی ئاسانتر بڵێین دژی پەیامەکانی ئاسمانن و دەسەڵاتی خوای گەورە لە بیروباوەڕ و کاروباری ژیان ڕەت دەکەنەوە … نمونەی ئەم جۆرە بۆچوونەش ئەو سیستەم و نیزامە سیکۆلارانەن کە لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا دژ بە خواویستی و خواپەرستی و فەرمانڕەوایی خوا دەوەستنەوە و بەشێوەیەکی ئاشکرا و بە هەموو توانایانەوە ڕووبەڕوی دەبنەوە .” کە ئەتوانین لەسەدا سەد بڵێین ئەمە ئەو مەبەستە ڕاستەیە کە سیکۆلاریزمی جیهانی لەسەر بونیاد نراوە و جگە لەمە ئەگەر هەر خاو بوونەوە و شل بوونەوەیەک لەمەبەستی سەرەکی سیکۆلار ڕووبدات بۆ مەبەست و ئامانجێکی دیاریکراوە و سیکۆلارە دووڕوەکان پێیهەڵدەستن کە لەبەشی دووەمدا باسیان دەکەین.”
۲- سیکۆلاریزمی سیاسیش بەو واتایە دێت کە خوای گەورە لە لایەنەکانی پەرستن و داب و نەریتە ئاینیەکاندا بەڕیز سەیر دەکرێت و بە پیرۆز و پەرستراوە هەژماری دەکات ، بەڵام لە چوارچێوەی فەرمانڕەوایی و حاکمیەتدا هیچ حسابێکی بۆ ناکات ” بەڵکو ئەوە مرۆڤەکانن کە ئەتوانن فەرمانڕەوایی خۆیان بکەن و یاسا و ڕێسای تایبەت بە بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانی خۆیان داڕێژن و جێبەجێی بکەن. شوێنکەوتوان و لایەنگرانی ئەم دەستەیە پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن کە خەڵکانی باوەڕدار و ئاینپەروەر ئەتوانن خوای خۆیان بپەرستن و هەستن بە مەراسیمە ئاینیەکانی خۆیان و نوێژ و ڕؤژ و خێر و چاکەی خۆیان ئەنجام بدەن و کار و کردەوە فەردیەکانی خۆیان بەڕێوە بەرن . هەروەها پێیان وایە کە زانایان و مامۆستایان و پەروەردەکاران ئازادن لە مزگەوت و قوتابخانەکاندا وانە ئاینیەکانیان بڵێنەوە و خەڵک هانبدەن بۆ کاری چاکەو هەبوونی سۆز و خۆشەویستی بەرامبەر یەکتر…..هتد، بەم ئەندازەیە کاری ئەوان لەو چوارچێوەیەدا کۆتایی پێدێت..بەڵام زانایان و مسوڵمانان و خەڵکانی ئاینپەروەر مافی ئەوەیان نیە لە ڕێکخستنی کاروباری سیاسەت و دەسەڵات و فەرمانڕەوایی خۆیان تێوەگلێنن و خاوەنی رەئی و بۆچوون بن و خواست و باسێکیان لەوبارەیەوە هەبێت . هەروەها شەریعەتی ئیلاهیش بۆی نیە تەداخول لە کاروباری سیاسەت و دەسەڵات و فەرمانڕەوایی و تەنانەت ناتوانێ لەسەر ئەو شتانەش کە پەیوەنددارن بە دەسەڵاتەوە وەک ئابوری وڵات و یاساکانی باری کەسێتی قسەو بۆچوونی خۆی هەبێت چ جای تەداخول لە سیاسەت و فەرمانڕەواییدا بکات.
ئەم جۆرە بیرکردنەوە و تێڕاونینانەی سیکۆلاریزمی جیهانی بەشێوەیەکی گشتی پێچەوانەی بۆچوون و مەبەستەکانی پەیامی خوای گەورە و ژیری و ڕاستی و بۆچوونە ڕاستەکانە …کە بەشێوەیەکی بەرچاو و بەرنامە بۆداڕێژراو دەبینین لایەنگران و شوێنکەوتوانی سیکۆلاریزم بۆ بەدیهێنانی مەرامە گڵاوەکانیان و کاریگەری نەرێنی خستنە سەر کۆمەڵگای مسوڵمانان، چەندین دەستەواژەی وەک ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی توندڕەو و ئیسلامی میانەڕەو بەکار دێنن..و بۆ هەمووشیان یەک ئامانجیان هەیە کە ئەویش دژایەتی کردنی ئیسلامە.
بە تێڕوانینێکی قوڵتر لە بابەتەکە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە سیکۆلاریزمی سیاسی ” سیکۆلارێکی دووڕوانەیە کە لەسەردەمی نوێدا و لە هەندێک لە ناوچەکان ، بەتایبەت لە وڵاتانی ئیسلامیدا بەشێوەیەکی پلان بۆداڕێژراو سەریان هەڵداوە و لایەنگریان زۆرە و بانگەشەی بۆ دەکرێت. ئەم جۆرە بیرکردنەوە و تێڕوانینە بۆ سیکۆلاریزم بە دوڕووییەکی مۆدێڕنە ناو دەبرێت. لە ڕاستیدا شوێنکەوتوانی ئەم جۆرە تێڕوانین و دووڕویە مۆدێڕنەیە ئەیانەوێت بە شێوەیەکی نهێنی و بە دووڕووییەکی پێشکەوتووی سەردەمیانە هەم خەڵک بگەوجێنن و لە ڕی لایاندەن و هەم گاڵتەش بە خوای گەورە و ئاینەکەی بکەون.
شوێنکەوتوانی سیکۆلاریزمی سیاسی لە ڕاستیدا بڕوایان بە کامڵ بوون و تواو بوونی شەریعەتی خوای گەورە نیە، بەڵام بە دووڕووی و درۆ وا خۆیان نیشان دەدەن کە باوەڕدارن و ئەیانەوێت ئەهلی باوەڕی ڕاستەقینە و کەسانی ئاین پەروەر بخەڵەتێنن، هەروەک چۆن دووڕووەکانی سەردەمی پێشینی ئیسلام بە درۆ وایان نیشان دەدا کە باوەڕدارن و خوای گەورەش لە وەصفیاندا دەفەرموێت : هُمْ لِلْکُفْرِ یَوْمَئِذٍ أَقْرَبُ مِنْهُمْ لِلْإِیمَانِ ۚ یَقُولُونَ بِأَفْوَاهِهِم مَّا لَیْسَ فِی قُلُوبِهِمْ ۗ وَاللَّهُ أَعْلَمُ بِمَا یَکْتُمُونَ …. ال عمران – الآیه ۱۶۷
واتە : ئه‌وانه ئه‌و ڕۆژه له کوفره‌وه نزیکترن تا له ئیمان، به‌ده‌میان شتێک ده‌ڵێن که له دڵ و ده‌روونیاندا نییه‌، خوایش زانایه به‌وه‌ی که ده‌یشار‌نه‌وه‌…
ئەنجامی باس : سیکۆلاریزم بەشێوەیەکی گشتی ئایدیایەکە بۆ دژایەتی کردنی ئاین دانراوە ، ئەگەر بەرامبەر حوکمی کەنیسە و گاور و جولەکە توانیبێتی سەرکەوتنێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت ، ئەوا بەرامبەر ئیسلام و کۆمەڵگای مسوڵمانان هیچ بەرهەمێکی جگە لە کوشت و کوشتار و خوێنڕشتنی مسوڵمانان نابێت. ئاینی کۆمەڵگای جولەکە و مەسیحی لەگەڵ ئاینی کۆمەڵگای مسوڵماناندا جیاوازیان زۆر. ئەوان خاوەنی ئاینێکی پوچەڵ بوەوەن و هەر ئایدیایەکی وەزعی ئەتوانێ بەسەرینادا زاڵ ببێت. بەڵام ئاینی ئیسلام ئاینێکی کامڵ و شامڵە و بە درێژایی زیاتر لە هەزار ساڵ حوکم و فەرمانڕەوایی نیوەی جیهانی کردووە و بە درێژایی مێژووی سەردەمی خۆی ، قورئانی پیرۆز کە یەکەمین و گەورەترین سەرچاوەی شەریعەتی ئیسلامە تەحەدای هەموو سەردەمەکانی کردووە کە هەڵەیەکی لێبگیرێت یان ئایەتێک، سورەتێک، هاوشێوەی قورئان بێنن. هەروەها بابەتێکیش نیە کە مرۆڤەکان پێویستیان تێی بکەوێت و لە شەریعەتی پیرۆزی ئیسلامدا ئاماژەی پێنەکرا بێت و چارەسەری بۆ نەدۆزرابێتەوە. ئەم ڕاستیانە لە ئاینی کەنیسەدا بەدی نەدەکرا بۆیە فیکری سیکۆلاریزم توانی سەربکەوێت بەسەریدا.
ئەتوانین بڵێین سیکۆلاریزمی سیاسی هەمان سیکۆلاریزمی فەلسەفیە و بە واتای جیاکردنەوەی ئاین دێت لە کاروباری سیاسەت و فەرمانڕەوایی ، ئینکاری لە کامڵ بوون و تەواو بوونی شەریعەتی خوای گەورە دەکەن و بە گونجاوی نازانن بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی مرۆڤایەتی.. لەلایەکیترەوە پڕوپاگەندەی سیکۆلاریستانی سیاسی کە خۆیان بە ئاینپەروەر دەزانن و دەڵێن سیکۆلاریزم لەگەڵ ئاینپەروەریدا هیچ دژایەتیەکیان نیە ، ووتەیەکی پوچ و بێ بنەمایە و ئینکاریە لەڕاستیەکانی ئاین و دووڕوویە ، بە شێوەیەک ئەگەر تۆزێک لە بنەماکانی ئاین وورد ببینەوە دووڕووەیەکەیان ئاشکرا دەبێت.
سەرچاوەکان :
۱- https://ar.wikipedia.org
۲- http://www.saaid.net/mktarat/almani/15.htm
۳- http://www.sunni-news.net/fa/
۴- http://mawdoo3.com

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا