شعرکوردی

کۆڕۆنا ( شعر کوردی)

عمر مدرسی

ئەقڵ هەستە ئەگەر هەی چاو بگێڕە

لە هاوار و هەرای گەل گوێ بدێرە

جهان داماوە کەوتۆتە پەژارە

لە جێی شادی و بزەی ژین لێوبەبارە

لە ڕاست هێزی کۆرۆنای ئەمری باری

کە هەوری قەهرە مەرگی لێ دەباری

هەموو هێزی تەبابەت دەستەوەستان

لە ڕاست هێزی فەتا دامان و وەستان

نیانە چاری چارەی ئەو فەتایە

سەراسیمەن لەوەیدا چی دەوایە

هەموو قەسر و قسور و کۆشک و تالار

کە عالمیان لە ئایین کڕبوو بێزار

لە گەر کەوتن نەیانما بەزم و شایی

نەیانما هەڵپەڕین و خۆبەشایی

نەیانما بەزمی ساز و دەمبەگ و تار

نەیانما هەڵپەڕین و بەزمی تالار

نەیانما بەزمی ڕاوڕاوێنی بازار

نەیانما چاوەچاوی شۆخ و عەییار

نەما جومعە و جەماعەت کۆڕی تەجلیل

نەما مزگەوت و تەکیە و کۆڕی تەهلیل

نەما کەعبە و حەج و عەمرەی مبارەک

ڕەمەزان و تەڕاویح و تەدارەک

دەور گۆڕا و ڕۆیی دەوری عیززەت

لەپڕ هات نیشتەجێ بوو دەوری زیللەت

زەمانی جەهل و فیتڕەت هاتە گۆڕێ

دەمێک بوو گەل هیوای بوو بێتە گۆڕێ

ئەوەی گەل چاوەڕوانی بوو بە ئاکار

ئەوە هات کەوتە ناو عالەم وەکوو هار

بەسەر یەکدا تەپی سامانی دنیا

قەڵایی ئیقتیساد ڕووخا لە بنیا

هەموو شار بوونە گۆڕستانی زیندوو

بەسەر زیندوو بە ڕوح مردوو هەرچی بوو

هەژاری ڕووی دەخەڵکە بێگومانە

کەوا گەل خزیە ژوور و کونجی خانە

لەژوور بخزێن کوڕوکاڵ دەستە ئەژنۆ

نەبێ ئاوڕێک وەلان، بۆ ناو و بۆ دۆ

لە کۆڕۆنا خرابتر هەڵدەدا سەر

وڵات دادەگرێ قاتوقڕ سەراسەر

غرووری حاکمانی توند و بەدخوو

لەحەق بێزار و حیز و دوور لە ئابڕوو

لەسەر ویستێکی پوچیان گەل قڕی بێ

نەشەی ببزوێ نەبێ کەس بەرگری بێ

گڕی دا با خەڵە و خەرمانی میللەت

هەمووی خسپایە ناو چاڵاوی زیللەت

ژن و منداڵی قڕ کربا بە بۆمبا

بە فسفۆڕ و شیمیا و هەرچێکی هەیبا

بە شانازی دەزانی ئەو خەتایە

خەتای وا دیارە کۆڕۆنای سزایە

ئەوانەی وا دەخەودان بەو خەیاڵە

نومایەندەی خودان بەو حاڵ و باڵە

لەبەرچی دەستەوەستانن لە ڕاستی؟

ئەگەرکو نوێنەری خوان و بە ڕاستی؟

پەشۆکاون پەرێشانن لە جێدا

دەزانن ئەو فەتایە چی دەڕێدا

جهان وەک نیلی میسره بەو فەتایە

کە غەڕقی لابەلایان لە لایە

لەژێر چەنگی قەزا ڕزگاری نایە

هەرچی نەفسە لەبن تیخی خودایە

بەرەندە ئەو کەسە ڕەحم و بەزەیی بێ

وزەی ئینساف و عەدڵی شاە مەزەی بێ

عومەر بێ یا نە، هەر کەس خۆی نەگۆڕێ

بەهەر مزل و مەقام لە خودا نەتۆرێ

نووسین: عومەر مودەرریسی
پێشکەش بە سۆزی میحراب

نمایش بیشتر

عمر مدرسی

استان آذربایجان غربی - مهاباد نویسنده و شاعر و امام جماعت مسجد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا