جوانانخانواده

ڕۆڵی تێکدەرانەی ئینتێرنێت و تەلـەڤیــزیون لە سەر خێزان !!

ڕۆڵـی تێکدەرانەی تـەلـەڤیــزیون و تۆڕە کـۆمەڵایەتیەکان لە سەر خێــــزان!!!

دەسپێک

خێزان و بنەماڵە لە جیهاندا بابەتگەلێکی گەلێک گەورە و هەستیارن؛ واتە پرس و بابەتە خێزانییەکان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا لە گەرمترین و گرنگترین پرس و بابەتەکانن و لە ڕاستیدا سەنگی مەحەکن بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو کۆمەڵگایە و مرۆڤەکان لەو وڵاتەدا.
ڕوون و ئاشکرایە بە درێژایی مێژوو هیچ دین و فەلسەفە و بیر و باوەڕێک نییە بایەخی بە پارسەنگی ڕەفتار و ڕەوشتی خێـزان نەدابێت. ڕەوشت لە ناو هەموو کۆڕ و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، ئاستی کاریگەریی قەناعەت نیشان دەدات کە لە ناخی ئەو کەس و کۆمەڵگایانەدا ڕواوە کە بۆتە سەرچاوەی قیەم.
ئەمڕۆ لە دونیای هاوچەرخدا، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، چەمکی خۆشەویستی وەکو هەموو چەمکەکانی تر بێ‌ بەش نەبووە لە شێوان و گۆڕانی ڕاستییە جوان و پاکەکەی خۆی. واتە مانا جوان و پاکەکەی بە ناوی ئازادی شێوێندراوە و گۆڕاوە بە چەند مانای قێزەون.
ئەوانەی مانای سۆز و خۆشەویستی خێزانیان شڵەژاندووە، مەبەستیان لە ئەنجامدانی ئەو کارە، گەیشتن بە ئامانجەکانیانە، کە ئەویش بڵاوکردنەوەی بەد ڕەوشتی و تێرکردنی ئارەزوو و بازرگانی کردنی ئەوانە بە وشەی خۆشەویستی. بەم شێوە پیلانەکەی خۆیان بە ناوی “ئازادی” لە ناو هەموو خێـزان و کۆمەڵگەیەکدا دەچێنن و تووشی داڕوخان و نەمانی ئەخلاقیان دەکەن.
مەخابن کەسانێکی بێ‌ ئاگاش بەو تەڵەوە دەبن و ئەوانیش بە ناوی بانگەشە بۆ ئازادی و خۆشەویستی و خزمەتکردن بە دڵداران، بازرگانیان پێوە دەکەن. بێ ئەوەی هەستیش بە خۆیان بکەن و هێندێک کەسیش هەن دەزانن، کە چی خۆیان لە خەتی گێلی دەدەن، به‌ڵام ئەوەی دەبێتە نێچیر و پاشان دەبێت بە قوربانی، کچانی بێ ئاگان!!
بێگومان نووسینەوەی هەر بابەتێک، بەسەرهات و هاندەری خۆی هەیە. ئەوەی کە هانی منی دا بۆ نووسینەوەی ئەو بابەتە، دەرکەوتنی کێشە و گرفتی خێـزانەکان و زۆربوونی ڕێژەی تەڵاق و لێکترازانی بنەماڵـەکان بوو… لەو نووسراوەیە هەوڵم داوە ڕۆڵی تەلەڤیزیون و درامای فارسی و فیلمی دوبڵاژکراوی کوردی و ئینتێرنێت و مۆبایل باس بکەم، هەرچەندە بابەتەکە کەم و بچوکیش بێت…

جێی ئاماژەیه‌ کە هیچ کارێک بێ کەم و کورتی نابێ، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا نامەوێت ئەو ڕاستیە لە یاد کەم کە کەم و کورتییەکان هەر چەندی زۆر بن، من لە سەرەتاوە داوای لێبخۆشبوون لە خوێنەرانی بەرێز دەکەم.

ڕۆڵـی تێکدەرانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییه‌کان و فیلمی فارسی و تورکی و دوبڵاژکراوی کوردی و مۆبایـل لە سەر خێـــزان:

بێگومان خۆشەویستی شتێکە بوونی هەیە و لە ناخی مرۆڤدا سەر هەڵدەدات و ئیسلام ڕێگای پێداوین چێژ لە ژیانمان وەرگرین، بەڵام بە شێوەیەکی دروست نە زیادەڕۆی تێدا بکەین و نە کەمتەرخەمی. واتە خۆشەویستی پێغەمبەری خوا {درود و سڵاوی خوای لە سەر بێت} نکوولی ئەو عاتیفەی نەکردووە کە لە ناخی مرۆڤ سەر هەڵدەدا، بەڵام ئەوەی جێی باسە، گۆڕینی ئەو وشەیە و هەڵخەڵەتاندنی خەڵکیش بەوە شتێکی ترە. یەکێک لەو هۆکارانەی کە لاوان بە هەڵە لێی فێری خۆشەویستی دەبن، کاریگەری خراپی دەزگاکانی ڕاگەیاندنە، جا تەلەڤیـزیون بێ یان کاناڵی ئاسمانی واتە سەتەلایت{ماهوارە} یا ڤیدێو یان ئینتێرنێت کە بەڕاستی دەتوانن کۆمەڵگا و خێـزان بەرەو داڕوخان بەرن!

لە جیهانی ئەمڕۆدا بەشێکی زۆر لە ناکۆکی نێوان ژن و مێرد دەگەڕێتەوە بۆ خیانەتی هاوسەری، کە دەرەنجامی ئەم بومەلەرزەیە {ئینتێرنێت و مۆبایل و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان} خێزان دێننە لەرزین و ڕووخاندن و منداڵەکان پەرتەوازە دەکەن.
ئێمە چارمان نییە کە دەبێ ئەو ڕاستییە قبووڵ کەین کە: ئینتێرنێت و مۆبایل و درامای فارسی و تورکی و کوردی تەلەڤیــزیون، بوونەتە هەڕەشەیەکی گەورە لە سەر خێـزان. هەڵبەت ئەم کێشانەش تەنیا لە چینی هـەژار یا مامناوەندییەکاندا ڕوو نادات، بەڵکو لە نێو چینی بەرز و دەوڵەمەندەکانیشدا ڕوو دەدات و ڕەنگە لە ناو هەندێ لە بنەماڵەکان لە ژێر ناو و نیشانی تەڵاقی عاتیفی ژیان بەرنەسەر و چاوپۆشی لەو دۆخە دەکەن!.

ئەمڕۆ ئینتێرنێت و تۆرەکۆمەڵایەتییەکان بەگشتی، بوونەتە کێشەیەکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی گەورە بۆ ئارامی و هۆگری هەر خێـزانێک و هۆکارەکەشی هەر بۆ خۆمانین. بۆیە دەبێت بەر لە ڕوودانی هەر چەشنە ڕووداوێکی نەخوازراودا، بە دوای چارەسەری و ڕێگاکانی بەختەوەری خێزان بگەڕێین تاکو ژیانێکی پڕ لە ئاسودەیی و دوور لە خاڵی لاواز بژین و بەرەو ئەو دروشمە هەنگاو بنێین کە بریتییە لە:
نەخێــر بۆ بە هـەڵەی بە کارهێنانی ئینتێرنێت و تەلەڤیـزیون، نەخێـر بۆ بە خراپ بە کارهێنانی مۆبایل، بەڵێ بۆ جوان بە کارهێنانی ئینتێـرنێت و مۆبایل و تەلەڤیـزیون و پێکەوەژیـان.

ئەمڕۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق، بۆتە یەکێک لە ترسناکترین کێشەکانی نێو کۆمەڵگە و کیانی خێــزان لە بنەڕه‌تەوە هەڵدەوەشێنێتەوە و بە هۆی کاریگەری و ڕۆڵی تێکدەرانەی تەلەڤیزیون و سەتەلایت و مۆبایل و ئینتێرنێت کە بەسەر کۆمەڵگا و خەڵک و خێـزانی دێنێت، ئەبینین کە ئەو گۆڕانکاریانە زیاتر لە ڕابردوو هۆکاری جیابوونەوە و یەکێک لە هۆکارکانی زۆر بوونی ڕێژەی تەڵاق و لێکترازانی خێـزانە.
ئەگەر ئاوڕێک وەڕابردوو بدەینەوە، هەڵبەت نە ڕابردوویەکی زۆر دوور، کۆمەڵگەی ئێمە کاری زۆر سەخت و دشواریان بە هاسانی جێبەجێ دەکرد، بەڵام ئەوڕۆ دەبینین کە لەو ژیانە مۆدێڕنەدا، دادگاکان بە نیسبەت ساڵانی ڕابردوو پڕن، تەنانەت دەبینین کە بە ڕێژەیەکی زۆر بەر چاو کێشەکانی خێــزان تەڵاقی لێدەکەوێتەوە!!!

بەڵام ناتوانین خۆمان لەو ڕاستییە گێل کەین کە ئینتێرنێت و تەلەڤیزیۆن و سەتەلایت ئەو ئامێرە گرنگەن کە کەسمان ناتوانین لێی بێ نیاز بین، لە گەڵ ئەو هەموو خزمەتە نایابەی کە پێشکەشمانی دەکەن، ناوبەناو بە ڕووداوە دڵتەزێنەکانی ژان بە هەناو و دڵدا دێنن و دەروونمان دەشڵەژێنن!!

من لەو باسەدا نامهەوێ بڵێم هەرچی ئینتێرنێت و سەتەڵایت و مۆبایل و فیلم و درامایە، خراپن و دەبێ وازیان لێ بهێندرێ، چونکە ئەوە مەحاڵە و ڕەنگە کەس نەتوانێ. چونکە ئێستا ئینتێرنێت و مۆبایل و… زەروورەتێکی کۆمەڵگان و بەردەوام بۆ ئاگاداری هەواڵ و بابەتە جیاجیاکان پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگرن. لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێن کە یەک لە سەر سێی دراماکان دەکرێ سوود و کەڵکیان هەبێت، واتە نابێ ئێمە بگەینە ئەو ئەقڵیەت و شعوور و ئەو جۆرە لە بیر کردنەوەیە کە تەلەڤیـزیون و ئینتێرنێت و مۆبایل و ئامێرەکانی تری ڕاگەیاندن دەبێ لە ماڵ بکوژێنینەوە و پێمان وابێ هیچ کامیان قازانجیان نییە و بە ناڕەوای بزانین! بەڵکو ئەوە من و تۆی بینەرین، ئەوە من و تۆی دایک و بابین کە دەبێ بزانین چ جۆرە دراما و فیلمێکی دوبڵاژکراو لە گەڵ منداڵەکانماندا هەڵدەبژێرین بۆ سەیر کردن و بە چ شێوازێک ئینتێرنێت و… بەکار دەهێنین، واتە لە سەتا پەنجای قازانجی ئەو دراما و فیلم و ئینتێرنێت و… ئەکەوێتە سەر خودی مرۆڤ کە ئایا چۆن بیری لێدەکاتەوە.

ڕەنگە هەندێ جار ئەوە لە جێی خۆیدا شتێکی باش بێ کە سەیری هەواڵێکی کوشتن و زیندە بە چاڵ کردنی مرۆڤ و سووتاندنی ڕووداوێکی مرۆڤ بکەین، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە کێشە و هەڵەیە لە ناو ژیانی ئێمە ڕوونەدا. بەڵام پێویست ناکات لەو کاتەدا منداڵ لە لامان بێت، بۆ ئەوەی بیر و مێشک و فکری مناڵ هاڵۆز نەبێت و کارەسات نەخوڵقێ…

ڕۆڵـی تەلەڤیـزیون و چەند سـەرنجێـک

ئێمە تێگەیشتنێکی سەقەتمان لە ژیانی مۆدێڕن و شارەستانیانە و پێداویستییەکانی هەیە و تایبەتمەندییەکانی مڕۆڤی سەردەمی شارنشینی ناناسین. بۆ ئەوەی ببینە مرۆڤێکی ئەوڕۆیی، پێمان وایە دەبێ تەواوی ڕابردوو و نمادەکانی ژیانی ڕابردوومان فڕێ بدەین!!؟
تەنانەت ژیان و حاڵی ئێمە وای بەسەر هاتووە کە توانای خۆبەڕێوەبەریمان بۆ دوو ڕۆژ و شەو لە دەست داوە، واتە ژیانمان بێ ماشێن، بۆ ئیدارە ناکرێ!!؟

لە گەڵ ئەو شەپۆلە پێشکەوتنەی ئێستا تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگای ئێمەشی گرتۆتەوە و چەشنێک لە ئالوگۆڕێکی بنەڕەتی جۆراوجۆری بەسەر تەواوی کایە و جموجۆڵەکاندا هاتووە.
ئێستاش لە سەر ئەو تەوەرە، ئاماژە بە چەند خاڵی گرینگ دەکەین کە ڕۆڵی لێکترازان و کاولکاری زۆریان هەیە، بۆ نموونە:

خاڵی یەکەم: فەوتانی کات بۆ خێزان و گەنجەکان و بۆ مناڵانه کە لە بەر دەستمانە.
ڕەنگە لە سەر زەوی هیچ وڵاتێک نەبێ بەقەد “شرق الاوسط” سەیری تەلەڤیـزیون بکەن. ئەوانەی کە خزم و دۆست و برادەریان هەیە لە دەرەوەی وڵات، با پڕسیاریان لێ بکەن کە ئایا لە ئەوروپاش وایە که خەڵک بەیانی لە گەڵ هاتنە دەرێی تیشکی خـۆر کە لە خەو هەستان، تەلەڤیـزیون هەڵدەکەن و تا درەنگانی شەو رۆشن دەبێ و تا نێوەشەو ناکوژێتەوە. تەنانەت کە دایک و باب ڕۆیشتن بۆ نووستن، دەڵێن ڕۆڵە گیان تەلەڤیـزیونەکە بکوژێنەوە با نەسووتێ!! ئەو کاتیش لە بیری سووتانی تەلەڤیزیون دایە نەک مناڵەکە!؟
ڕەنگە ئەوڕۆ کەمتر بنەماڵەیەک هەبێ کە ئەهلی موتالەعە و خوێندنەوە بن! مەخابن سەیر کردن و تێڕامانی سەتەلایت و ئینتێرنێت و مۆبایل بۆتە بەشێکی گەورە لە ژیانماندا و ئیی وا هەیە لە ڕۆژێکدا سەیری دوو تا سێ “فیلمی فارسی و کوردی” دەکا! کە لە دەرەنجامدا یەک مانگ دەبێتە “۹۰  تا ۱۰۰” کاتژمێر!؟ ئایا هیچ کات بیرت لەوە کردۆتەوە چی بەسەر خۆت دێنی؟! ئەی باشە مەگەر ئێمە وەک موسوڵمان باوەڕمان بەوە نییە که یەکێک لەو شتانەی لە ڕۆژی پەسڵان پرسیارمان لێ دەکرێ، ئەو کات و ساتانەن کە چۆن بەسەرمان بردووە؟!

خاڵی دووەم: کەمکردنەوەی توانای فێربوون. هەموو توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن ئەو منداڵانەی کە زیاتر سەیری فیلم و مۆبایل دەکەن و کاتێکی زیاتر دەکوژن بە دانیشتن لە لای تەلەڤیزیون، توانای زیرەکی و فێربوونیان کەمترە.
توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەگەر مناڵ تەمەنی دوو تا سێ ساڵە و کاتی خۆی لای تەلەڤیزیون دەکۆژی و یەک دوو ساعەت سەیری تەلەڤیزیون بکات، بە نیسبەتی مناڵی تر که که‌متر سەیری ته‌له‌ڤیزیۆن ده‌کات، ڕۆژانە بۆ پێنج تا هەشت وشە کەمتر فێر دەبێ.
زۆر جار خەڵک بۆ پاساو هێنانەوەی خۆیان ئەڵێن: ئێمە بۆیە سەیری فیلم و دراماکان دەکەین، چونکە ئەو باشترە لە باسی خەڵک و غەیبەت و بوختان و قسە هەڵبەستن!!! لە گەڵ ئەوەشدا دەڵێن: بەڕاستی ئێمە لەو کاتە کە سەیری فیلم دەکەین، ئیتر کارمان بەکەس نییە و دڵیان بەوە خۆشە!؟ کەچی بێ‌ ئاگان لەو ڕاستییە کە خۆیان فریو دەدەن و بەو کارە هەم ئەقڵ و هەم بنەماڵە کاول دەبێ، بە جورێک که ئەمڕۆ مێشکی مرۆڤ وەستاوە!! تەنانەت دۆستایەتی و موحەببەت و خۆشەویستی و سیلەی ڕه‌حم، وەک مردوویەک بە خاک سپێردراوە!؟

بێگومان هێنانەدی بار و دۆخێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ، کاریگەرییەکی زۆری کردۆتە سەر کۆمەڵگە و هه‌ر وه‌ها لایەنی خوو و ڕەوشت و ڕەفتاری ژن و پیاو و گەنج و منداڵ بە تەواوەتی شڵەژاوە. ئەگەر جوان ورد بینەوە، بۆمان دەر ئەکەوێ کە لە سەردەمی پێشکەوتنی ئامێرەکانی تەکنەلۆژی و سەنعەت هەیمەنەی بنەماڵە وەک جەسته‌یەکی بێ‌ ڕوح وایە کە هەست و سۆز و ڕێز و خۆشەویستی تیادا ونە و هەر کەسە و بۆ خۆی دەژیێ!. مەخابن ئامارە دڵتەزێنەکانی ئەم دواییەش پێمان دەڵێن کە ئەمڕۆ گەنج و لاو و منداڵ زۆربەی کاتەکانی یا لە ناو فەیسبوک، واتساپ، تێلگرام، ئینتێرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، یا خۆد لە ماڵێ لە بەر دەم دراماکانی عەڕەبی، هیندی، فارسی و تورکی بەسەر دەبات کە ئەوەش هۆکارێکی بەهێزن بۆ تێکدانی ڕەفتار و خو و ڕەوشتی گەنج و منداڵ و بە فیڕۆدانی کات و سەرقاڵ کردنی بیر و هزریان بە شتی ناڕەوا، کە جورێکی ترسناک لە منداڵ و گەنجی کۆمەڵگەی ئێمەی دروست کردووە.

مەخابن ئەم پەتایە بۆتە هۆی شتێکی خەیاڵاوی و توندوتیژی و لاسایی کردنەوە لای گەنج و منداڵی خێـزانی کوردەواری لە دینداری و خواپەرەستی دا، لە پەرەستنی بــوزا، هانا بردن و سووتاندنی مردوو و کڕنۆش بردن و چەمانەوە و مۆم پێ کردن لە تەنیشتی و هاوکات لە گەڵ ئەوەشدا زۆربەی لاوان و گەنجان وەک شتێکی پیرۆز بە دەوری ئۆتۆمۆبێلی بوک و زاوا دەسووڕێنەوە کە ئەوەش ئێستا لە زەماوندی کوردەواری بۆتە نەریتێکی مەزن!! کە ئەمانە نە ئایین و نە داب و نەریتی کوردەواری قەبوڵی ناکات.

لە ڕاستیدا ئەو درامایانە بوونەتە هۆکاری نەبوونی متمانە بە خێـزان و کۆمەڵگە و تەنانەت رێز و حورمەت و شکۆی بنەماڵەشی شڵەژاندووە! دەبینین کە پڕن لە خیانەت، خیانەتی برا بە براژن! خیانەتی هاوڕێ بە هاوڕێی خۆی! یا خود خەیانەتی ژن و مێرد بە یەکتر و بێ دەسەڵاتی پیاو لە ئاست ناموس و کەرامەت و شکۆی خێزان! مەخابن بۆ باش بەڕێوەچوون و چەقاندنی ڕق و کینە و خەیانەت، لە دەسپێکی دراماکەدا هەمیشە قارەمانی فیلم و دراما وا نیشان دەدەن کە کەسێکی زۆر باش و خۆشەویست و قسە زان و لێهاتوو بێ!  تا لە کاتی سەیر کردنی فیلم لە لایەن ئەندامانی خێـزان بە گشتی و گەنج و منداڵ بە تایبەتی، ئاگایان لەوە نەبێ کە چۆن لە ڕێگای ئەو قارەمانە هەر جۆرە بێ‌ئەخلاقی و بێ‌ڕەوشتیەک کە ئەنجامی دەدا، به‌ بیر و هزری مرۆڤدا ده‌ئاخندرێ. تا لە کاتی هاتنە پێشی کێشە و گرفت بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە بێ‌ڕەوشتییه‌ک لە لایه‌ن ئه‌و قارەمانە، تەنانەت خێزان بە گشتی پێوە هەراسان بن، بەڵکو بە ئەنجامدانی بێ‌ڕەوشتی لە لایەن ئەو قارەمانە خۆشحاڵ بن!!؟ هەروەها مرۆڤ فێری فرت و فیڵ و شێوازی خەیانەتی خێزانی دەکات بە قێزەونترین حاڵەتەکان لە دژی یەکتر!

بۆ نموونە لە فیلمێکدا بۆ خۆشەکردنی دڵە نە خۆشەکان بەسەرهاتی بنەماڵەیەک ئاوەها نامایش دەکرێ: خێزانێک کە پێک هاتوون لە ژنێک و پیاوێک و کوڕ و کچێک، یەکێک لە شەوەکان کە دایک و باوک بۆ ئاهەنگ و خۆشی دەچنە دەرێ، کوڕ و کچەکەیان لە ماڵی بە جێ دەهێڵن… کچەکە دوای ڕۆیشتنی دایک و باوکی دەچێت دەخەوێ، کوڕەکەش لە پێش سەتەلایت دادەنیشێت، کۆنتڕۆڵی لە دەستدایە و کاناڵەکان یەک لە دوای یەک دەگۆڕێت، لە ناکاو چاوی دەکەوێتە سەر کاناڵێکی بەدڕەوشت! بە بێ‌دەنگی سەیری دەکات… بەر دەوام سەیری ئەو فیلمە دەکات تاکو خۆی پێ ڕاناگیرێت!!! دەبێ لەو کاتە هەستیار و دڵتەزینەدا چی بکات لە کاتێکدا ئەقڵی لای خۆی نەماوە!!!
بەڵێ لەو کاتە سامناکە کە ناخی بە هۆی ئارەزووی هەوەس و داڕووخانی دەروونی و شڵەژانی مێشکی تێک چووە، دەستبەجێ خوشکەکەی بیر دێتەوە کە خەوتووە. بۆیە ده‌چێته‌ ژووره‌کەی و دەیەوێت دەسدرێژی بکاتە سەر خوشکەکەی. کە خوشکەکەی وەخەبەر دێ، دەبینێ براکەی بەسەرشێتی لەسەریەتی، لە هۆش خۆی دەچێت. بەڵام براکەی گوێی ناداتێ و بەڵکو چی پێخۆشە دەیکات… کاتێک کچەکە وەهۆش دێتەوە، دەبینێت ئابڕووی تکاوە، دەشبینێت براکەی بە دیاریەوە وەستاوە، ئەقڵی لە دەست دەدا و پڕ بە دەنگی خۆی هاوار دەکات و خەڵک بە هاواریانەوە دەچن و کچەکەش لاڵ دەبێ و کچەکە بە ئاماژە بە ژووری خۆی، خەڵک تێدەگەیەنی کە چی ڕوویی داوە…!!! تا دایک و بابه‌ به‌ڕێزه‌که‌یان درەنگانی شەو دەگەڕێنەوە و چاویان بەو کارەساتە  دەکەوێ…!؟!؟

ئەگەر سەرنج بدەینە ساڵانی ڕابردو، باش بیرمان دێتەوە کە لە ناو هەر خێزان و بنەماڵەیەکدا تەنانەت ئەگەر کچێک یا خود ژنێک قاچی لە ناو فیلمدا ڕووت بایە یا کچ و کوڕێک دەستیان لە ناو دەستی یەکدابایە بەخاتری شکۆی خێزان کاناڵەکەیان دەگۆری…بەڕاستی خراپتر و کۆشندەتر لە تریاک بۆ ژیانی بنەماڵەکان و سەرجەم شکۆی خێزان ئەو پەتایەیە!!

بەڵام ئیستا چی کەس لە کاتی سەیر کردنی ئەو فیلم و درامایانەدا کاناڵەکان دەگۆڕن؟ یا خۆد سەرجەم ئەندامانی بنەماڵە بەیەکەوە سەیری چۆنیەتی فیلمی عاشقانە دەکەن؟؟!!

ئایا بیرتان لەوە کردووتەوە ئەمڕۆ سەرمەشقی ژیانی بنەماڵەکانی ئێمە کێیە؟!

سەرمەشقی لاوگەنجی ئێمە کێیە!؟

وڵامەکەی بۆ خۆتان جێ دێڵم…

ئایا ئەو پەتایە خەڵاتی ژیانی نوێ و مۆدێڕنە بۆ نێو کۆمەڵگا و خێزانی سوونەتی و کەونی ئێمە؟؟!! هەنووکە لە دنیایەکی بەراوەژوودا دەژین و پێشکەوتن و ژیانی مۆدێڕن زۆر هێڵی نەهێشتوونەوە!!؟؟

بەدیهاتنی ئەم چەشنە ناحەز و قێزەونانە بۆ هۆکارگەلێکی زۆر دەگەڕێنەوە و شتانێکی زۆر لەسەر بەدیهاتنیان دەستە و یەخەی مرۆڤ دەبێ، بە چەشنێک کە ئۆقرەی لە مرۆڤ گەلێکی زۆر بڕیوە کە بریتییە لە بینینی لاشەی مردووێک لە سەر تابووتی نێو ساردخانەکاندا کە ژینێکی مەرگبار بۆ مرۆڤ دێنیتە ئاراوە!؟

لە ڕاستیدا ئازادی بەو واتایەی کە ئێستا لە ناو کۆمەڵگەی ئێمەدا ناسراوە، گەورەترین کاریگەری لە سەر ئیڕادە و گەشەکردنی تاک و خێزان و کۆمەڵگە هەیە. بۆیە مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردەواری لە دەروون و هزری خۆیدا ده‌مریت. واتە دەبێ خێزان مافی ئەوەی هەبێ کە دژی هەموو ناعەقڵانی و پەستانێک بوەستێتەوە کە کار لەسه‌ر سروشت و کەسایەتی دەکات. ئەمڕۆ مرۆڤەکان لە هەموو کاتێک زیاتر هەست بە بێهودەیی و بێ‌بایەخی خۆیان دەکەن. مرۆڤ بۆتە ئامێرێک کە بەردەوام ئۆقرەی لێبڕاوە لە پێناو وەهمێکدا کە بریتیە لە “ئازادی تاکە کەسی” ئەمەش وای کردوە کە مرۆڤ قەناعەت لە دەست بدات و بە هیچ شتێک ڕازی نەبێ، بەڵکو لە پێناو گەیشتن بە ئارەزووی لە مێژینەی خۆی هەموو شت لە دەست بدات!
بۆ بەرز کردنەوەی لایەنی ڕۆحی و جەستەیی و ئۆقرەی دەروونی خێـزان، پێویستە بە شێوەیەکی دروست بە بەدیهێنانی باروودۆخێکی هێمن و پڕ لە ئاسایشت و شادی و دوور لە ترس و خۆف و دڵەڕاوکێ، ئاوڕێکی جددیتر لەم پرسە گرنگە بدەینەوە و بە خوێندنەوەیەکی ورد و زانستیانە و خۆ ڕۆشنبیر کردن لەو بوارەدا و دواتریش بینینی ئەو ڕۆڵە مەزنە کە پێویستێکی هەنووکەیی کۆمەڵگەی کوردەواریە.
ئێستاش دەبینین کە ترسناکترین کەلێن لە ئایین و ڕەوشتی کۆمەڵگە لێک هەڵوەشانی خێـزانە، کە هەڕەشەیەکی جددی و گەورەیە لەسەر ئێستا و داهاتووی خێـزانی کورد و بە بێ‌ئاشناکردنەوە و گەڕانەوەی بۆ بەها ئیمانی و ڕەوشتی جوان ئەستەمە بتوانرێ چاکسازی لەم بوارەدا ئەنجام بدرێت.

لە کۆتاییدا دەڵێین: تەلەڤیزیون دەتوانێ ڕۆڵی چاکسازی و کامەرانی و بەختەوەری ببینێ، بەڵام بەداخەوە بە پێچەوانەوه‌ هەوڵ دەدەن بۆ داڕوخاندنی کۆمەڵگە و تاڵ‌کردنی ژیانی گەنجان، بە جورێک کە خراپە دەکەنە پێشەنگی لاوان…

توێژینەوە: عەبدوڵڵا عەلیپوور

تێبینی: ئەم توێژینەوە بریتییە لە وەرگرتنی چەندین گۆڤار و کتێب و ماڵپەر و کاناڵەکانی تێڵگرام، وتاری بەرێز دوکتور بەختیار کەماڵ تاڵەبانی، کۆنفرانسی نێونەتەوەیی و کێشەی خێزانەکانی ئەمرۆیی.

نمایش بیشتر

عبداللە علی پور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

یک نظر

  1. خوای گه وره جه زای خیرتان باته وه . به راستی بابه تیکی گرینگ و مومهیمهه . داخی گرانم شکوی بنه ماله کانمان به تهواوی روخاوه زور سپاس بو بهریز عه لی پور ده ستان خوش بیت

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا