تاریخشخصیت ها

باباتاهیری هه‌مه‌دانی (عوریان)

باباتاهیری هەمەدانی (عوریان)

باباتاهیری عوریانی هەمەدانی، ناوی تاهیرە. بابایان پێ گوتووە، چونکە یەکێ بووە لە فریشتە و پیاوچاکانی ئەهلی حەقی ئایینی یارسان. بەکارهێنانی وشەی «بابا» لە پێش ناوی بۆ ڕێبەرانی ئایینی یارسان، تەریقەتی دەروێشیزمی ئیسلامی لە کوردەواریدا، هاوشانی وشەی پیر بەکار دەهێنرێ. هەروەها «عوریان» یان پێ گوتووە، یا خۆی ئەو ناوەی بۆ خۆی هەڵبژاردووە، واتە «ڕووت، ڕووتەڵە». چونکە باوەڕی بە فەلسەفەی سۆفیزم بووە. ئینجا هەمەدانیان پێ گوتووە، چونکە هەر لەوێ ژیاوە و هەر لەوێیش کۆچی دوایی کردووە و نێژراوە. لە شێعردا ناوی ڕاستەقینەی خۆی کە «تاهیر»ە، وەکوو نازناو بەکار هێناوە.کۆنترین سەرچاوەیێک که هەواڵی ژیانی باباتاهیری تێدا نووسرابێ، کتێبەکەی ڕەواندییە. محەممەدی کوڕی عەلی سلێمانی ڕەواندی لە ساڵی ٥۹۹هـ/ ۱۲.۲م کتێبی «راحة الصدور و آیة السرور در تاریخ آل سلجوق»ی داناوە. لە ساڵی ۱۳۳۳ بە کۆشسی محه‌ممەد ئیقباڵ، به‌ دانانی پەراوێز و پێرستەکان لە لایەن موجتەبا مینەوییەوە چاپ کراوە.

ئەم کتێبە باس لە دیدەنی نێوان سوڵتان بەگی توغروڵ بەگی سەلجووقی و باباتاهیر دەکات، لێرەدا دانەر دەیەوێ ئەوە دەرببڕێ کە پلە و جێگەی دەروێش و سۆفییان لەو دەورەدا باڵا بووە. ڕووداوی دیدەنیییەکە بەم جۆرە دەگێڕێتەوە: «بیستم لەو کاتەی کە سوڵتان توغروڵ بەگ هاتە شاری هەمەدان، ئەولیای سۆفیان سێ پیر بوون، بابا تاهیر و بابا جەعفەر و شێخ حەمشا. لە لای شاخێک کە ناوی خدر بوو، لە دەروازەی هەمەدان وەستابوون. سوڵتان که چاوی پێیان کەوت، پیاوەکانی خۆی ڕاگرت و خۆیشی لە ئەسپ هاتە خوارەوە و لەگەڵ وەزیری ئەبوو نەسری کەندەری بەرەو ڕێیان هات و ویستی دەستیان ماچ بکات.

باباتاهیر لەو کاتەدا لە حاڵەتی جەزبدا بوو و ڕووی کردە سوڵتان و پێی گوت: ئەی تورک؛ دەتەوێ چی لەگەڵ خەڵکی خودا بکەی؟ گوتی: ئەوەی ئەمر دەکەی، ئەوە دەکەم. باباتاهیر پێی گوت: ئەوە بکە کە خودا دەیەوێت، خودا دەڵێت: «ٳن الله یأمر بالعدل والاحسان». سوڵتان دەستی کرد بە گریان و گوتی: وا دەکەم. باباتاهیر دەستی گرت و پێی گوت: ئەم دیارییە لە من وەردەگری؟ سوڵتان: گوتی بەڵێ. ئیتر باباتاهیر گەرووی مەسینە شکاوەکەی لە ئەمووستی دەرهێنا، ئەوەی که بۆ ماوەیەکی زۆر بۆ دەست نوێژ بەکاری هێنابوو، لە ئەمووستی سوڵتانی کرد و پێی گوت: من هەموو سامانی سەر زەویم خستووەتە ناو دەستت. لەم کاتەوه‌ کە ئەم ئەمووستیلە لە ئەمووستت دەکەم، دادپەروەر بە. سوڵتان دیاری باباتاهیری پاراست و بۆ هەر شەڕێک بچوایە لە ئەمووستی دەکرد.»

ئەوەی ڕاستی بێت ساڵی لەدایکبوونی باباتاهیر ئاشکرا نییە. لە سەرچاوەیێکدا ئەوە هاتووە کە «باباتاهیر کوڕی فەریدوونە، لە ساڵی ٤۱۰هـ/۱۰۱۹ لە ژیانا بووە، لە بەڵگەیەکی ڕاستگۆ بیستراوە کە هەر لەو ساڵەیشدا مردووە.» هەندێ لەسەر ئەو باوەڕەن کە لە (۳۲٦هـ/۹۳۷م – ٤۱۰هـ/۱۰۱۹م)دا ژیاوە. ئیدی ڕا لەسەر ساڵی لە دایکبوون و مردنی جیاوازە.
ڕەزا قوڵی خانی هیدایەت دەڵێت: «تاهیری عوریانی هەمەدانی ناوی پیرۆزی باباتاهیرە، لە زانا و دانا و عاریفانی سەردەمی خۆی بووە، خاوەنی کەرامات و مەقاماتێکی بڵند بووە، هەندێ بە هاوچەرخی سوڵتانەکانی سەلجۆقی دادەنێن، ئەمە ڕاست نییە. باباتاهیر لە شێخە کۆنەکانە، هاوچەرخی دێلەمییەکان بووە، لە ساڵی ❨٤۱۰هـ❩ پێش عونسوری و فیردەوسی و هاوچەرخەکانی ئەوان کۆچی دوایی کردووە».

هەر لەبارەی دیاریکردنی سەردەمی لە دایک بوونی باباتاهیرەوە، میرزا مەهدی خانی کەوکەب پەنا دەباتە بەر یەکێ لە دوو بەیتەکانی باباتاهیر کە دەڵێت:
«مو ئان بەحروم کە دەر زەرف ئامەدەستم
مو ئان نوقتە کــە دەر حەرف ئامەدەستم
بە هـــەر ئەلفی ئەلف قـــەددی بــەر ئایو
ئەلف قـــەددوم کە دەر ئەلف ئامەدەستم»

ئەم دوو بەیتە بە حسابی ئەبجەد ساغ دەکاتەوە و ڕستەی «الف قد الف= ا. ل. ف. ق. د. ا. ل. ف» دەکاتە ۳۲٦هـ بە ساڵی لە دایکبوونی باباتاهیری دادەنێت.
«جگە لەم حسێبی ئەبجەدییە، بەلای ئێمەوە ئەم دوو بەیتییە نهێنی و موعەممایێکی زۆری تێدایە و ئەستووریی فەلسەفەی باباتاهیر دەخاتە ڕوو لەبارەی یەکێتی بوونەوە، ئێمە وا بۆ لێکدانەوەی ئەو دوو بەیتیپە دەچین:
«شاعیر دەڵێت من زەریایەم کە لە قاپێکی بچوکدا خۆم دەنوێنم، واتا من لە هەموو «بوون» پێک هاتووم، بەڵام لە قاڵبی کەسێک دیار کەوتووم، وەکوو چۆن قاپێک ئاو یان دڵۆپێک نیشانەی زەریایێکە.

من ئەو نوختەیەم کە لە حەرفەوە هاتووم. حەرف بەرامبەر بە زەریا و نوختەیش بەرامبەر بە قاپەکەیە. هەروەها مەبەستی لە حەرف مانای «بسم الله الرحمن الرحیم»ە، به‌م جۆرە ئەگەر نوختەیەک بێت لە «بسم الله» دەبێتە بەشێک لە خودا.
لە هەر ئەلفێ پەیکەر و قەد و قامەتی وەک ئەلف پەیدا دەبێ. مەبەست لە ئەلفی یەکەم تیپی ❨ا❩یەکە، ڕەمزی ❨۱❩ تاکە یەکێکە واتا خودا. ئەلفی دووەم قەد و قامەتی
و وجودی خۆیەتی کە ئەویش لە وێنەی ❨١❩ دایە، لەم شیعرەدا شاعیر دەیەوێ بڵێ خۆی بەشێکە لە خودا.

قەد و قامەتم کە وەکوو ئەلف ❨ا❩ وایە، لە ئەلفی (خودا)وه‌ هاتووم. هەر چۆنێک بێ، بە پێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، باباتاهیر لە ماوەی نێوان نیوەی دووەمی سەدەی دەیەم و نیوەی یەکەمی سەدەی یازدەیەمی مەسیحیدا ژیاوە، لەدایکبوون و کۆچی دوایی بە ساڵانی❨۳۲٦هـ/۹۳۷م – ٤۰۱هـ/۱۰۱۰م❩ دیاری کراوە.
ژیانی باباتاهیر زۆر زیاتر لەوە هەڵ دەگرێت که ئێمە لێرەدا کۆتایی پێ دەهێنین. بۆ زانیاری زیاتر، سەردانی کتێبی مێژووی ئەدەبیی کوردی، نووسینی د. مارف خەزنەدار بەرگی یەکەم بکەن. ئەوەیش بڵێم لە کۆتاییدا باباتاهیر یەکەم شاعیرە کە بەرهەمەکانی مابنه‌وه‌ و شاعیرانێکی زۆر کاریگەر بوون بە شعێرەکانی و وەریان گێڕاوە بۆ هەورامی و سۆرانی و هەموو شێعرەکانی بە شێوەزاری لۆرییە و بەرهەمەکانی بەشێوەی دوو بەیتییە.

دەڵێن شەش حەوت غەزەلیشی هەیە کە تا ئێستا من نەمدیتووە.

سەرچاوە/ مێژووی ئەدەبی کوردی/ نووسینی:ـ د. مارف خەزنەدار/ بەرگی یەکەم

نێردراوه‌ له‌ لایه‌ن: ئیسفه‌ندیاری
سۆزی میحڕاب

از طريق
https://sozimihrab.org/
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

اسفندیاری

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا