دل نوشتهشعرکوردی

زانستی سۆزداری

زانستی سۆزداری بەو مانایەیە کە مرۆڤ بتوانێ سۆز و بەزەیی و خۆشەویستی و هەستەکانی دەروونی کۆنتڕۆڵ بکا و زاڵ بن بە سەریاندا و بەڕێوەبەرایەتییان بکا و ئەو هەستانە بە شێوەی ئاسایی لە کاتی گونجاو و پێویستدا بە کار بهێنێت و لەسەر کەسانی دەورووبەر شوێندانەر بێ.
خاوەنداری لە سۆزداری بەو مانایەیە کە ئێمە زانیاریمان هەبێ لەسەر ئەوە کە ئەو هەستانەی لە مرۆڤدا بەدی دێن، چ هۆکارێکیان هەیە و چۆن دێنە دی و لە کوێ خۆ دەردەخەن.

بۆ زانستی سۆزداری گرنگە؟

هەستەکان و شێوازەکانی هەڵسووکەوت یه‌کێک لە سەرەکیترین بەشەکانی هەبوونی مرۆڤە، کەوایە بە وەرگرتن و سەلماندنی وەڵام و دەنگدانەوەی هەستە بەدیهاتووەکان، قودرەتی کەسایەتی و هێزی تاکەکەسیمان بەرینە سەرێ.

کەوایە زانستی سۆزداری یاریدەرێکی باشە، هەتا هەڵوێستە دەروونییەکانمان باشتر بە قازاج و بەرژەوندی خۆمان بەکار بێنین و نەهێڵین لە بەرانبەری ئێمەدا ڕاوەستن. ئەو زانستە بە مەبنا و پنچینەی ئەوین و دۆستی لە نێو پێکهاتەکانی کۆمەڵ دروست دەکا و ئاسانکاریە بۆ هەست هاوکاری و هاودڵی و پێکەوە ژیان.

بەڵام دەبێ بزانین هەرکات لە دەربڕینی ئەو هەست و هەڵوێستە دەروونیانە زیادەڕەوی و کەمڕەوی بکرێ ئەوە گیر و گرفت بەدی دێ. بەردەنگ و کەسی بەرانبەر زۆر بە وردی هەستە ساختەیی و ڕواڵەتییانە لێک دەکاتەوە، پێکەنینەکانی ساختەیی و گشت حاڵەته‌کانی هەڵخەڵەتێن، نیشانەی نەبوونی زانستی سۆزدارییە.

ڕێکارەکانی فێربوون و خۆهاوسەنگکردن لەگەڵ هەستە دەروونییەکان:

بە گشتی ورووژاندن و خۆڕاهێنان بۆ هەموو زانیارییەک پێویستە، ئەو بابەتەش باسێکی گرنگە لە بەشی دەروونی و پەروەرەدیی و عاتفیدا، بۆیە دەکرێ کەم و کوڕییەکانی دەروونی بدۆزینەوە و بە دوای چارەسەریاندا بگەڕێین.

1- یەکەم ئەوەیە بۆ وەبیرهێنانه‌وی ئەو گرینگە هەر شەو لەکاتی خەوتندا، کارە باش و خەراپەکان بنووسینەوە بۆ لەیادمانەوی درێژخایەن پێویستە.

2- لە کەسانی دەورووبەرمان بوێ بیروڕای خۆیان بە ڕوونی سەبارەت بە ئێمە دەربڕن.

3- بچینە لای ڕاوێژکارێکی بە ئەزموون و پشکنینێکی بکا لەسەر هەڵوێستەکانمان.

5- کتێب و مەقالەی زانستی سەبارەت بەو بابەتە بخوێنینەوە.

ناسینی بزوێنەرەکان

1- هۆکارە سەرەکییەکانی شاد بوونی ئێوە چن؟

2- چ بابەتگەلێک ئێوه دەشڵەژێنێ و خەمناکتان دەکا؟

3- لەچی شەرم دەکەن؟

4- چ هۆکارێک هەیە بۆ ترس و دڵەڕاوکێ و تووڕەبوونتان؟

قۆناغێک هەیە ژیانی مرۆڤ کە یەکەمین فێرگەی سۆزداری و ئەوین فێری مرۆڤ دەکا، ئەویش یەکەمین مانگەکانی دوای لەدایکبوون و ئامێز و سۆز و خۆشەویستی دایکە کە لە پێگەیشتن و تێگەیشتن لەو تەوەرە حاشا هەڵنەگرە، پێوەندی نێوان دایک و مناڵ هەوه‌ڵین داخوازی مرۆڤە، بۆ بەدیهێنانی هێمنایەتی و خووگرتن بە جیهانی دەرەوه و متمانە پێکردن.
لەو چاخە لە ژیانی مرۆڤ هەرچەند هەستی هێمنایەتی مناڵ پتەوتر بێ، دونیای ویش ئارامتر و پڕمتمانەتر دەبێ و ئەو هەستە دەروونیانە لە ناخی ئەو ددا گەشە و نەشە دەکەن و هەروەها لە قۆناخ و چاخەکانی مێرمناڵیشدا، بنەماڵە و چۆنیەتی پەروەردەیی و باروودۆخی ژیانیش هۆکارگەلێکن بۆ هاتنەدی و حاسڵبوونی ڕەوانێکی ساغ و بێ گرفت.

بەڵام ئەوەی کە ئێمە تووشی بێسەوادی سۆزدای دەبین چییە؟

نەبوونی ئاشنایەتی لەگەڵ دەروونی خۆمان و کەسانی دەورووبەر کە دەبێتە هۆی گیروگرفتەکان لە پێوەندی لەگەڵ خۆی و بنەماڵە و بەگشتی کۆمەڵگا. لێرەدا دەگونجێ بڵێین ئەو کەسە تووشی نەبوونی زانستی سۆزداری بووە و دەشکرێ کێشەکە چارەسەر بکرێ و کەسە لە گردووپەڕی فەرهەنگی ڕانەکا و ئەو هەستە ناخۆشانەی تێدا بێڕەنگ بکەیین.

لە دوای ناسینی تاقمێک لە هەست و هۆکارە دەروونییانە، لەدووی بەکارهێنانی باش و بەجێدا دەگەڕێین. نەترسان و شەرم نەکردن، ڕێکاری یەکەمە بۆ دەستەبەرکردنی ئاکامێکی باش و ئەرێنی بەتایبەت لە ژیانی هاوبەشی و خێزان و پەروەردەی مناڵ و پێوەندییەکاندا.

1- بە ڕاشکاوی بڵێین من تۆم خۆش دەوێ.

2- لەوەی کە لای تۆم، هەستێکی خۆشم هەیە.

3- ئەو ماوەیەی نەمدیبووی، زۆرت بۆ بەپەرۆش بووم.

4-ژیان بە ئێوەوە جوانە.

ئەوە یەکەم هەنگاوە بۆ گەیشتن بە سۆزداری ڕاستەقینە و بلووغی عاتفی. هەر کات کەسێک هەستەکانی ناسین لە هەڵسوکەوتە ئاساییەکاندا و بەکاری هێنان، ئەو کەسە لە پێواندییەکانیدا سەرکەوتوویی بەدەست دێنێ، چۆن ئەو کەسە نەتەنیا خۆی دەناسێ، بەڵکوو بەباشی حاڵەتەدەروونی و ڕواڵەتییەکانی بەرانبەری هەست پێ دەکا.

دەرخستنی هەستە دەروونییەکان، بەشێکە لە هۆشی هەیەجانی مرۆڤ، ئەو کەسانەی خاوەنی ئەو هزرەن، لە ڕابیتەکاندا بەهێزتر و شوێندانەرتر دێنە بەر چاو.

نیشانه‌کانی نەبوونی سۆزداری

کاتێک کەسێک وزەی نییە و خەمناک و شڵەژاوە، ناتوانێ ڕوونی بکاتەوە بە چ هۆیەک تووشی ئەو گرفتە بووە و یا شەرح و وتووێژ لای زەحمەت و چەتوونە، گەر پرسیاریشی لێ بکردرێ، تەنیا دە وەڵامدا دەڵێ: حاڵم باش نییه، ئەوە لە کاتێک دایە کە تووشی قەیرانێکی دەروونناسی هاتووە کە دەتوانین ئاماژە بکەینە سەر:

1- ماندووبوون لە شتێک
2- شەرمکردن یا هەست بە شەرمێونیکردن
3- وەلاندراو لە لایەن هاواڵ و دەورووبەرییەکانییه‌وە
4-هەستی ئێرەیی بردن و بەخیلی
5- نیفرەت و بوغز
6-هەست بە خۆبەکەمگری و نەبوونی متمانەبەخۆبوون
و هەتا دوایی…

دەروونناسی لەو بوارەدا جیاوازی دادەنێ لەسەر هەر کام لەو بابەتانە، بەڵام ترسناکترین بەش ئەوەیە کە مرۆڤ نەتوانێ ئەو هەستانە بناسێ و یا نەیهەوێ چارەسەریان بکا و یا بۆی گرنگ نەبێ کە ئاکامێکی باشی لێ ناکەوێتەوه و تووشی کوێری سۆزداری دەبێ.

بۆ نمونە مرۆڤ بۆ دەستۆکردنی ڕقەکانی خۆی، دەتوانێ بە پێی فەرموودەی پێشەوامان حەزرەتی موحەممەد(د.خ) حاڵەتی خۆی بگۆڕێ، ئەگەر دانیشتووە، هەستێ و یا په‌رداخێک ئاو بخوا یا دەتوانێ
بێدەنگی ڕەچاو کا یا پشوویەکی درێژ هەڵکێشێ و یا زوو قەزاوەت نەکا.

جا کەوایە پێویسته مناڵەکانیشمان ڕابێنین و خۆمان پێشەنگی هەڵوێستەکان بین. کاتێک ئێمە ئیهانەت نەکەیین و نێو و ناتۆرە لە کەس هەڵنەدەیین و به‌جوانی قسە بکەیین و بیر بکەینەوە، ئەوە مناڵەکانیش بە جوانی لێمان وەردەگرن.

بەرپرسیارەتی سۆزەکان:

1- خودئاگایی هەیەجانی

2- بوێری

3- نەفس‌بەرزی

4- پشکوتن و خۆدیتنەوە

5- ڕاوەستان لەسەر پێی خۆ

6- هاودڵی

7- شلک بوون (ڕێککەوتن لەگەڵ باروودۆخەکاندا)

8- چارەسەری پرس و کێشەکان

9- بەرگەگرتنی ناخۆشییەکان

10-هەڵسەنگاندنی واقیعەکان

11- هەست بە بەرپرسیارەتیکردن لە کۆمەڵگا

12- بەرزەفتکردنی تەکانەکان

13-شادی و کەیفخۆشی

14- گەشبینی

15-پێوەندی بەینی تاکەکان

هەر مرۆڤێک بۆ پێگەیشتن و گەورەبوون، پێویستی بە زانست و زانیاری هەیە، هەتا بتوانێ ڕێگایەک بدۆزێتە و یا ڕێگایەک دروست بکا.

شه‌یدا مه‌حموودی
سۆزی میحڕاب

نمایش بیشتر

شیدا محمودی

@ استان آذربایجان غربی - اشنویه @@ نویسنده ، شاعر و مترجم @ فعال مدنی و اجتماعی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا