خبرها،نظرها

ئیبلیس و ئادەم (شێعر)

ئیبلیس و ئادەم (شێعر)

یونس سلیمان زاده

خودا ئادەمی کردە جێنشین
ڕێزی لێگرت و داینا لە زەمین

ئەرکی بەندەگی خستە سەرشانی
تا ئاوەدان کا زەویی بەجوانی

دەستوری فەرموو گرۆی فریشتان
سوجدەی بۆ بەرن تێکڕا ، بەگشتان

ڕێزی لێی بگرن دەستکردی خۆمە
نەکەن لەو کارە من بکەن لۆمە

چونکە هەر بۆ خۆم دەزانم چیبکەم
ئەرکی جێگری بەکام مەخلووق دەم

ئەمن دەزانم ئادەم شیاوە
لە زانستی خۆم بەهرەم پێداوە

نێوی ئەسمائم بێشک فێرکرووە
جگە لە ئادەم کێ پەی پێ بردووە؟

دەی کرنۆش بەرن بۆ ئادەم ئێستا
ئەوەش فەرمانه و دەستووری خودا

هەموو فریشتان کرنۆشیان بۆ برد
تەنها یەک مەخلووق سوژدەی بۆ نەبرد

ئەویش ئیبلیس بوو ئەمری خوای شکاند
خۆی کافر کردوو داهاتووی فەوتاند

تا ڕۆژی قیامەت ڕایگرت مردنی
تۆقی لەعنەتی کردە گەردنی

خۆی بوو بەسەببەب تووڕەیی اللە
داوای لە خوا کرد مۆڵەتی بدا

تا ڕۆژی دوایی دەرفەتی ببێ
بۆ تۆڵەی ئادەم فورسەتی هەبێ

کوتی بە عیزەت خودای بێ شەریک
بە گومڕایی وان خۆم بکەم خەریک

ئیغوایان دەکەم هەموویان سوێند بێ
تووش تاوانیان کەم کەسیان دەرنەچێ

چۆن من بەری بم لەڕەحمەتی حەق
لە ئاست ئادەمیش من نەکەم متەق؟

دەبێ وابکەم لە ئادەمیزاد
دەست بەتاڵی کەم لە توێشوو لە زاد

خوداش پێی فەرموو بێشک ناتوانی
لەئاست عەبدانم دەستە وستانی

فێڵت لاوازە بۆ چاکەکاران
مەگەر لغاو کەی تۆ گوناحباران

دۆزەخ پڕ دەکەم لە یارانی تۆ
لە ناو جەهەننەم ببن ڕەنجەڕۆ

خوداوەند  بەخشی باغێک بە ئادەم
حەوای بۆ خوڵقاند بۆی کردە هاودەم

فەرمووی بە ئادەم نیشتەجێ ببن
تەنها نزیکی ئەو دارە مەبن

شەیتان دنەی دان فێڵی لێکردن
بۆ وەی دار بخۆن له خشتەی بردن

کوتی خێرخوازم ئەمن بۆ ئێوە
خواردنی بێشک قازانجی پێوە

ئەگەر لێی بخۆن قەت قەت نامرن
عومری جاویدان لێرە وەردەگرن

بەڵام کە خواردیان پۆشاکیان نەما
عەورەت دەرکەوت بەدەنیان نما

زانییان شەیتان فریووی داون
تووشی تەڵە بوون نێچیری ڕاون

لە فەرمانی حەق دورە پەرێز بوون
لەکن خاوەنیان گەلێ بێ ڕێز بوون

بۆیە پەشیمان دەرچوون لەو شوێنە
شەرمەندە لەلای خودای بێ وێنە

بەڵام چی بڵێن خودا بیانبەخشێ
کاری خراپیان وەک گوڵ بنەخشێ

ئادەم چەند وشەی لە خودا بۆهات
تا کوڵی دڵی هەردووک چارە کات

کوتیان ستەممان کردووە لە خۆمان
گەرتۆ نەبەخشی و ڕەحم نەکەی پێمان

دەچینە ڕیزی چینی خاسیرین
لە دونیاو دواڕۆژ دەبین ناشیرین

نزاکەی وەرگرت خۆش بوو خوداوەند
لە تۆبەی خۆیان باش بوون بەهرەمەند

چونکە بڕاستی تۆبە پەزیرە
زاتێکی بەسۆز ئەو بێ نەزیرە

ئەوە پەندێکە پڕپڕ لە وانە
کە هات بەسەر ، ژینی ئەو دوانە

شەیتان دوژمنی نەوەی ئادەمە
هەرچێک تۆ بڵێی لەو بارە کەمە

دەبێ وریا بین لە فێڵ و داووی
ئەو چاڵ هەڵکەنێ نەچینە ناووی

داییم خەریکی نەخشەو پیلانە
لەدڵی ئینسان دەکا هێلانە

گومان ساز دەکا لەسەر ئیمانی
کوفر دەهێنێ بۆ سەر زمانی

وەعدەی پێدەدا وەعدەی خەیاڵی
شووتی دەخاتە ژێر دەست و باڵی

ژەهری پێدەدا بە نێوی هەنگوون
دەیخاتە نێو دڵ نەداری و نەبوون

ئومێدی و هیوای لە ناخ دەستێنێ
بەزەیی خودای لە مێشک دەردێنێ

حەڵاڵی دەکا حەرام بە تەزویر
تا ستەم بکا لە گەنج و لە پیر

لە یادی خودا دەیگێڕێتەوە
لە تاعەتی حەق دەیگرێتەوە

داییم وای لێ دێ مەشغووڵ بێ بە خۆی
هەر خۆت حیسابی خەمی کەس نەخۆی

دەیخاتە داووی مۆد مۆدبازی
بەو بەشانەی خۆی قەت نەبێ ڕازی

لە خۆی دەبێزرێ بە فێڵی شەیتان
دەست تێوەربدا لە کاری ڕەحمان

عەمەلیات دەکا بە نێو جوانکاری
پێستی دەنووسێ بە یادگاری

پڕۆتێز دەکا بڵێین  بووێرە
لیچ ئەستوور دەکا وێنەی کوللێرە

لووت عەمەل دەکا دەڵێ کلاسە
بە دوکتور دەڵێ گۆنام هەڵماسە

زگم زل بووە لێی ببڕە کەمێ
برۆم تاتۆ کە و دومچاوی هەنێ

پەیکەر دەتراشێ چوونکە ناڕێکە
ئەوڕۆ ڕەواجی لەشی باریکە

دەستکاری دەکا تەواوی گیانی
هەمووی دەگۆڕێ دەم ددانی

لەبەر ئاوێنە خۆی خۆی ناناسێ
چونکە دەم چاو پاکی دەماسێ

تەنها نێوەکەی لەسەر دەمێنێ
باقی ئەندامی یەکسەر دەردێنێ

ئیسراف و خەرجی بێ ئەژمار دەکا
بەدەن و جەستەی گشت بیمار دەکا

پیرو جەوانی باش  لغاو کردوون
پووڵی و سامانی پێی لەئاو کردوون

دوکتور و پزیشک وەک جاڕوو برقی
پارە دەلووشن دەکەن تەرەقی

وێژدان و ئیمان فڕێ دراوون
لەکن زۆر کەسان باویان نەماوون

بە جارێ ئینسان خۆی لێگۆڕاوە
لە ئاستی شەیتان سەیر دۆڕاوە

جارێک بیر ناکا بۆ چی خوڵقاوە
کێی لەسەر عەرز ئەوی داناوە؟

دەبێ چی بکا لەسەر ئەو عەرزە؟
بیر لەو شتانە کارێکی   فەرزە

نابێ شوێن ئیبلیس بکەوێ ئینسان
لە خۆی تێک بدا ژینی دوو جیهان

خودا پەرەستی ئەرکە لەسەرمان
فەرامۆش نەکەین وەزیفەی خۆمان

بزانین بێ شک ڕۆژێک نامێنین
مەرگ دەچێژین بە جەزم و یەقین

دەبێ بار بکەین بڕۆین لە دونیا
لە ناو گۆڕ دەبین بە تاقی تەنیا

ئیمان و چاکە فریات دەکەوێ
کەڵکێ نابەخشێ هیچی دی لەوێ

هەرکەس دەس بگرێ بە حەبلی خودا
نە بەدبەخت دەبێ نە ضال و گومرا

بەڵام ئەو کەسەی پشتی خۆێ هەڵکا
لەبەرنامەی حەق دەرچێ و لابدا

ژینی تێک دەچێ و دەبێ بە زەلکاو
بە کوێری لەولا ئەو دەنێ هەنگاو

یاڕەب لەفێڵی ئیبلیسی لەعین
بمانپارێزە و تۆ ببە موعین

دانانی : یونس سولەیمان زادە

نمایش بیشتر

یونس سلیمان زاده

استان آذربایجان غربی- بوکان نویسنده و مترجم فعال و دعوتگر دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا