دل نوشتهکوردی

کۆلێژی تەربیەتی ڕەمەزان

خولی ساڵانەی ڕاهێنان به کردەوەکانی نەوس و داخوازیەکانی لەبڕان نەهاتوو و بێ سنووری مرۆڤی باوەڕدار، کە ساڵێ جارێکە بەڕێوە چوو و کۆتایی هات.
لەناو کەم دین و مەکتەبدا بەرنامەی چڕو پڕو بەردەوام، بۆ لاینگران و ئەندامانی دەکرێتەوە بەڵام ئیسلام وەک کاکڵ و پوختە و ئاخر پەیامی سەرجەم دینەکان، ساڵێ جارێک، خولێکی تایبەتی و پسپۆڕانە بۆ وەرزشی نەوس وکۆنترۆڵی حەزە دەروونیەکان تەرخان دەکا.

ئەو مەکتەبە پیرۆزە ، شارەزای دەروون وحەزەکانی مرۆڤە وچاک دەزانێ چی پێویسته و بەچی ساڕێژدەبێ.
سرووشتی مرۆڤ، لەخاک و رووح پێکهاتوە دایم دەتوانێ دوو ڕێگا و بژاردەی لەبەر دەم دابێ. دابەزین بۆ ئاستی ئاژەڵ و بەرزبوونەوە بۆ پلەی مەلایەکە.
ئیسلام مەدرەسەیەکی مرۆڤ ناسە،حەکیمی دڵە،کۆمەڵناسێکی شارەزایە ئاگای لە ویست و خوازی ژن و پیاو و گەنج و مناڵە. بۆ بەربەست کردن و خۆڕاگری و قایم و قۆڵ کردنی سەرباز و ئەندامانی خۆی ،ڕاهێنانی تۆکمە و تایبەت دەکاتەوە هەتا بتوانن پیاوی ڕۆژی تەنگانە بن.

مانگێک ڕاهێنان بۆ خۆڕاگری یازدە مانگ شەڕو بەربەرەکانی و ڕاپەڕین و پێکدادان لە بەرەکانی حەماسەی ژیاندا.
خۆڕاگری بۆ برسیایەتی وخۆپاراستن،عیبادەت و بەخشینی ماڵ،گرێدانی زمان و چاوداخستن ،دەرگای گوێ گاڵەدان،بەرەو ڕووگەی یار وێستان، چاوەڕوانی بانگی ئێوارە بۆ گەیشتن بەلیقاو دیداری ئازیزی قەت نەدیوو زۆرخۆشەویست و نازدار،هەر هەموویان وانە و ڕاهاتنی ئەو خولە چڕو پڕە بوون.
خوای دلۆڤانی بەندە خۆشەویست، هەرگیز نایهەوێ دۆستەکەی ببێتە کۆیلەو ئاڵقە لەگوێی کەس.پێی خۆشە تەنیا لەژێر سێبەری سۆزو بەزەیی ئەو بحەوێنەوە.بۆیە لەم خولەی ڕەمەزاندا ڕایدەچڵەکێنێ کە بەندەم هەڵنەخەڵەتێی و من لەیاد نەکەی، بەرەو ڕێچکەی نەسووڕێی!

ماڵ و دارایی و خۆراک ودونیا پەرستی، هۆیەکن بۆ دابڕانی ئینسان لە خۆشەویستەکەی. بەڵام مرۆڤ بەرزتر و بەحورمەت تر لەوەیە، کە کۆڕنۆش بۆ کەرەسە و ماڵی دونیا بەرێ.
ڕەمەزان خولی لەخەو هەستانە، زەنگی ڕاپەڕینە،دەروازەی چوونەژووری سەرسفرەی خوایە. دەبێ برسیایەتی بچێژی هەتا بگەیته خوای بێ نیاز لەخۆراک، ماڵ ببەخشی هەتا بچیە بەرقاپی یاری دەهەندە، دڵ نەرم بی هەتا بکەویە عاسمانی سۆزو بەزەیی ، نزاو دەردەدڵ بکەی بادڵی خۆشەویستت نەرم ونیان بێ.
ڕەمەزان، ئاڵای شۆڕشی دژە شەیتانە،بەیداخی هەستی ئینسانه، هێماو دووپاتکردنەوەی حەماسەی حیرایە،زیندوو ڕاگرتنی ڕەوشت بەرزی حەزرەتی رەسووڵە.

باوەڕدارێک کە لەو ڕاهێنانە سەرکەوتوو نەبێ هەرگیز کەش و هەوای ئەشکەوتی حیڕا نافامێنێ، ئەگەر بوخچەی ڕەمەزانی لەکۆڵ دانەبێ بڕ ناکا و لەڕێگادا سست دەبێ وبەرگەی ڕێپێوان و هەڵشاخێنی یازدەمانگی داهاتووی ناگرێ.
ئەوا چەن ڕۆژێکەخولی ڕاهێنانی باوەڕداران، کۆتایی هات ولەڕۆژی سەرکەوتندا( جێژن)،گەواهی وشەهادەی مۆرکراو بەخەڵات وەردەگرن.
ئایا بەوەرگرتنی شەهاده و خەڵاتی جێژن، ئەرک و پێ سپێردراوەکان کۆتاییان دێ یان تازە دەست پێ دەکەن؟
ئایا نۆرە و سەرەی پاڵدانەوە ودەست و بن سەری نانە یان وەرزی کارو چالاکی دەستی پێ کرد؟بڵێی بە تێپەڕ کردنی ئەو خولە توانیبێتمان خوا و پێغەمبەرمان لەخۆ ڕازی کردبن؟بڵێی میداڵی نێوی پیاوچاک و خۆڕاگرمان بدرێتێ؟

کارو چالاکی بانگخواز، بەورگرتنی شەهادە و بەرگی مۆرکراو: یانی وەئەستۆگرتنی ئەرک، دەسپێکی کارو تێکۆشان،ناوی خوا لێ هێنان و ڕاپەڕین، ئاوەدان کردنەوەی دڵ و دەروون و کۆمەڵگا، بەرو پێشچوونی بانگەوازەکەی خواگیان ، گەشانەوەی پۆلووی حیڕا، زیندووڕاگرتنی یادی سومەیەی شێرەژن و هەمزەی پاڵەوان، بەرزڕاگرتنی کۆچی حەزرەت و جوانە مەرگانی بەدرو ئۆحۆد، یادی غەریبایەتی و شەهیدبوونی هەڤاڵانی حەزرەت لە هەندەران و هەتیوبوونی مناڵانیان.

بەڵام ڕێڕەوی کاروانی خەبات و دینداری!
هەتا ئێستا گلەیی وگازەندە لەسەر کەسێک نەبوو چوونکە بەشداری خولی ڕاهێنانت نەکردبوو، بەڵام ئا لەم کات و ساته ڕا،ئەرکێکی مەزن و پیرۆزت لە سەر شانه و وەک کەسایەتێکی بەرزو بەنرخ و شارەزا،حیسابت بۆ دەکرێ، خۆگێل کردنت لە خزمەت گوزاری و بەندایەتی و سپاسگوزاریت مەحاڵە. بەو خولە دڵی زۆربەی باوەڕدارانیش، ئامادەی چاندنی یادی خوایە!
ئێستا کاتی وەدی هێنانی واتای (ایاک نعبد وایاک نستعین)ە، کاتی کارپێکردنی پڕۆگرامی تەقوا وخۆپاراستن لە تاوانەکانە لەو خولە دا سوێندت خواردوە و پەیمانت بەستوە کە جگە لە خاوەنی ئەوپەیامە سەری کۆڕنۆش بۆماڵ ومناڵ و زاڵم و عیلم و حەزو ئارەزوەکان، دانەنوێنی وداوای یارمەتیش لە کەس نەکەی و تەنیا بەرنامەی خوا لەژیانتدا ڕەچاو بکەی و چرکەساتێک لەیادی ئەو غافڵ نەبی.

دەست بەستراو، گوێڕایەڵی فەرمانی خوا بیت و تەنیا ڕستەی بەڵێ سەروەرم لە دم بێتەدەر و بەس.
تۆبڵێی ئێمە بکەوینە لێوای تایبەتی خولی ڕاهێنانی ڕەمەزەان؟ جەهانگیربابایی ـ سەردەشت ـ جێژنی ۹٨

جەهانگیربابایی ـ سەردەشت ـ جێژنی ۹٨

از طريق
جهانگیر بابابیی
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا