مناسبت ها

چوارشەممەسووری!!

چوارشەممەسووری!!

✍️: محەممەد جەماڵەددین واژی / پەسوێ

هەموو ئینسانێک پێویستی بە زیچ و شادی هەیە و هەر شتێک کە پێویستیی ژیانی مرۆڤ بێ، مافی مرۆڤیشە. ئاساییە کە دەبی کات و شوێنی وا هەبن کە مرۆڤەکان و بەتایبەت گەنجەکان بۆ ساتێکیش بێ، ماڵئاوایی لە خەمۆکی و گرفتەکانی ژیان بکەن و دڵخۆش بن. شادی و کەیف خۆشی بەتایبەت لە بارودۆخی ئێستای ئێران دا وەک نانی شەو واجبە و کوردەواری کوتەنی وەک دەرمانی چاو ئێشەیە. #چوارشەممە_سوری یەکێکە لەو کاتانە و لەو ڕەسمە کۆنه کۆمەڵایەتییانە کە خەڵکێک لێک کۆ دەکاتەوە و تەوژمەکانی ناخیان هەڵدەوەرێنێ …

ئەما هەمیشە چونیەتیی بەڕێوەچوونی چوارشەممەسووری ڕەخنەی لێ گیراوە و داوای ڕاست کردنەوەی هەڵە و پەڵەکانی کراوە. ڕەخنەگرانی چوارشەممەسووری لە ڕوانگەی #ئایینی و #نەتەوەیی و #کۆمەڵایەتیەوە ڕەخنەیان لەو دابە کۆنە کلتوورییە گرتووە.

???? بەشێک لە کەسایەتییە #ئایینیەکان پێیان وایە کە چوارشەممەسووری دابێکی ئایینیی زەردەشتیەکانە و ئاوری ئەو ڕۆژە وەکوو شتێکی پیرۆزی ئایینی چاو لێ دەکرێ و بەڕێوەبردنەکەی بە ناڕەوا دادەنێن و تانانەت بەشێک لە ڕەوتە تووندئاژۆیەکان حوکمی کوفریش بۆ بەڕێوەبەرانی ئەو دابە دەردەکەن.

#وڵام: بۆ زانیاری ئەو بەشە لە کەسایەتییە ئایینییەکان پێویستە ئەوە ڕوون کەینەوە کە چوارشەممەسووری نە ڕەسمێکی ئایینی زەردەشتییەکانە و نە ئاورەکەی بە پیرۆز دادەندرێ. “کوروش نیکنام” یەکێک لە گەورە موغەکانی زەردەشتی، لە دیمانەیەک لەگەڵ دەزگای ڕاگەیاندنی BBC دا ڕایدەگەیێنێت کە ئێمەی زەردەشتی هەرگیز لە کۆڵان ئاور ناکەینەوە و هەڵپەڕین بەسەر ئاور دا بە کارێکی نەشیاو و ناڕەوا و بێ ڕێزی بە ئاوری پیرۆز لەقەڵەم دەدەین. تەنانەت “جهانگیر اوشیدری” گەورەترین پیاوی ئایینیی زەردەشتی لە سەردەمی ژیانی (مؤبد مؤبدان)، لە لاپەڕەی 333 لە کتێبی “دانشنامە مزدیسنا” دا بانگەشە دەکا کە لە ئایینی زەردەشتی و ئێرانی کۆن دا شتێک بە نێوی حەوتوو هەر نییە و ڕۆژانی حەوتوو هاوردەی ئەدیانی سامینە و چوارشەممەسووریش دابێکی عەڕەبانە کە بە ژیاری ئێرانییەوە لکێندراوە؛ چوون عەڕەب پێیان وایە کە چوارشەممۆ ڕۆژێکی شوومە و بە هەڵپەڕین بەسەر ئاور دا دەیانهەوێ قەشقەی چوارشەممۆیان لە خۆیان دوور کەنەوە. کورتی ببڕینەوە زەردەشتییەکان چوارشەممەسووری بە هی خۆیان نازانن و ئیتر جیاوازی نامێنێ کە ئەو دابە هی عەڕەبان بێ یا هی ئێرانی کۆن … چوارشەممەسووری دابێکی ئایینی نییە بەڵکوو کلتووری و کۆمەڵایەتییە و لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوەش بە کوفر و حەڕام داناندرێ.

???? بەشێک لە ڕەخنەگران لە ڕوانگەی #نەتەوەییەوە پێیان وایە کە دەبی جیاوازی بخەین لە نێوان ئاوری نەورۆز وەکوو دابێکی کۆنی کوردەواری لەگەڵ چوارشەممەسووری. ئەوانە چوارشەممەسووری بە دابێکی کوردەواری نازانن و بە هی فارسەکانی سەردەمی ئێرانی کۆنی دادەنێن و پێیان وایە بە ئامانجی پەتی ڕاگرتنی کلتووری کوردەواری، دەبی هەر دابێک کە دابی ڕەسەنی کوردەواری نەبێ، خۆی لێ بپارێزین.

#وڵام: بە لێکدانەوەیەکی مێژویی کە وەکوو خۆم پێی گەیشتووم، لەگەڵ ئەو ڕەخنە هاودڵم ئەما پێموایە دابی وەکوو چوارشەممەسووری و یەڵدا کە دابی هاوردەن، لە کوردەواری دا ئەوەندە جێ کەوتوونە کە خۆ لێ پاراستنیان ئەستەمە و تەنانەت ڤالێنتاینیش خەریکە ئەو ڕێیە دەبڕێ. گەر چی جێی داخە ئەما وابزانم لە سەردەمی گلۆبالیزم دا بۆ نەتەوەی کورد کە سەروەریی سیاسیی نییە و لە شەڕی ڕاگەیاندنیش دا دەکرێ بڵەین دەست بەتاڵە، خۆ ڕادەست کردن و تەسمیل بوون لە بەرامبەر دابی کلتووری هاوردە وەکوو ئەو دابانەی باسیان لێ کرا، شتێکی سەیر و سەمەرە نییە و خاوێن کردنەوەی داوێنی کلتووری کوردەواری لە داب و نەریتی لەو چەشنە، بە دەمارگرژی ناکرێ و پشووی درێژ و کاری پەروەردەیی درێژخایەنی پێویستە.

???? ئەما ڕەخنەی #کۆمەڵایەتی لەسەر چوارشەممەسووری، ڕەخنەیەکی گشتگیرە و نیشانەی ماندووبوونی زۆرینەی چینەکانی کۆمەڵگایە لەو ناقۆڵایی و نالەباری و ناهەنجارییانەی کە لە ساڵانی ڕابردوو دا بە ئەو دابە کۆنەوە لکێندراون.

#وڵام: شێوازی ڕەسەنی بەڕێوەبردنی چوارشەممەسووری ئەوەیە کە لە بڵینداییەکان یا لە کۆڵانان دا ئاور دەکرێتەوە و خەڵک لێی دەهاڵێن و بەسەری دا بازدەدەن، دانەوێڵەی خۆراکی (آجیل) بڵاودەکەنەوە و نەورۆزانە دەکەن، زەلـلـەک دەسووتێنن و شادمانی دەکەن. لە شوێنی جیاواز دابی جیاوازتریش بەڕێوەدەچن. ئەما لە ساڵانی ڕابردوو دا چەن دیاردەی زۆر قێزەون پەرەی ئەستاندووە کە بۆتە هۆی #گورز_وەشاندن لە #ژینگە و #ئاسایشی_هاونیشتیمانیان و #بەفیڕۆدانی_سامان. بۆ وێنە:

???? ئاورکردنەوە بە تەگەری ماشێن

???? وەشاندنی هێلکە و تەنانەت بەرد و زبڵ و زاڵ لە ڕێبواری سوار یا پیادە

???? کڕین و تەقاندنەوەی تەقەمەنی

ئەوانە چەن خوو و دیاردەی نەشیاون کە پێویستە هەموو شارۆمەندان زۆر بەرپرسیارانە هەڵسووکەوتی لەگەڵ بکەن و لە تەنیشتی بە بێ هەڵوێستی تێنەپەڕن. زۆر کەس نەخۆشیی پشوو و هەناسەبڕکێی لێیە و بە دووکەڵی لاستیک و تەگەر تووشی کێشە دەبێ. زۆر کەس لەماڵێ نەخۆشی هەیە و بە دەنگی تەقەمەنی ئاسایشی لێ هەڵدەگیرێ. زۆر کەس لەش ساغی خۆی بە تەقەمەنی دەکەویتە مەترسییەوە. زۆر کەس بە پێدادانی هێلکە و زبڵ و زاڵ تووشی زەرەر و گرفتاری دێ و بە تایبەت ئەگەر ئەو کەسە میوانی ناهاوزمان بێ، ناوزڕاندنێکی ناشیرین بۆ کوردەواری بەدوای خۆیەوە دێنێ. بەفیڕۆچوونی میلیۆنان و بگرە میلیارەها تمەن، ئەویش لەو قەیرانی سەختی دارایی ئێستا دا، سەرباقی هەموو دەردانە.

???? لە ئەگەری درێژەی ئەو خوو و خدە نالەبار و نەشیاوانە، چوارشەممەسووری نەک نابیتە هۆی شادومانی و زڕاندنەوەی خەمۆکی لە کۆمەڵگا، بەڵکوو سیمایەکی ترسێنەر دەبەخشیتە شار و دێهاتەکان کە بە ڕوونی دژایەتیی ژیار و ژینگەی پێوە دیارە و تەنانەت زۆر جار سەردەکێشێ بۆ کاری دژە مرۆیی و کردەوەی تاوانبارانە و دژەیاسایی.

❇️ گەلێک دەتوانێ شانازی بە چاند و کلتووری خۆی بکا، کە بەرپرسانە لەگەڵ داب و نەریتەکانی کۆمەڵگایەکەی هەڵسووکەوت بکا. لە بەرامبەر کردەوەی نەشیاو هەڵوێست بگرێ، ڕاستیان کاتەوە و کردەوە ئەرێنییەکان پەرە پێ بدا. مەکۆی سەرەکیی پەروەردە بنەماڵە و خوێندنگایەکان و تا ڕادەیەکیش مزگەتەکانن. داوایەکی ڕەوایە کە لە دایک و بابان و مامۆستایانی خوێندنگا و مامۆستایانی ئایینیمان بوێ، بۆ ڕاست کردنەوەی هەڵە و پەڵەی چوارشەممەسووری ماندوونەناسانە هەڵوێست بگرن.

تکایە …

از طريق
محمد جمال الدین واژی
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا