تاریخ

‌‌‌‌ئه و گه نجه ی مرۆڤ گه نج ئه کاته وە

گومان لەوەدا نیە کە ژیانی مرۆڤەکان لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتوە: یەکەم، بەش و لایەنی جەستەیی، واتە ڕنگ و ڕواڵەت و گۆشت و پێست و ئێسقان و موو؛ دووهەم، لایەنی ڕۆحی و ناوەکی و بە گشتی دیوە نادیارەکەی ژیان.
ئەوەی کە مرۆڤەکان گەورە ئەەکا و ئەیکاتە گوڵی ڕازاوەی گوڵزاری بوونەوەر و جێنیشینی خوای مەزن، ڕۆح و ڕەوانە، ئەوەیە کە شاعیر و خواناسی گەورەی ئێرانی سەعدی شیرازی ـ دخ ـ زۆر جوانی فەرموە:
تن آدمی شریف است به جان آدمیت
نه همین لباس زیباست نشان آدمیت
اگر آدمی به چشم است و دهان و گوش و بینی
چـه مـیـان نـقـش دیـوار و مـیـان آدمـیـت غزلیات ـ غزل ۱۸
ئەوەیش لەبەر ئەوەیە کە پێکهاتەی یەکەم ( جەستە و ماددە ) چونکە سەرەتایەک بۆ بوونی هەیە بێگومان ڕۆژێکیش دادێ کۆتایی پێبێت، لەو ماوەیش کە لە ژیاندایە پیر و بێ‌هێز و لاواز دەبێ و هێواش هێواش وزە و تواناکانی لە دەست ئەدا و دواجار بارگە و بنە دەپێچێتەوە، لە ناو گۆڕ و ژێر خاکیشدا ئەڕزێ و ئەبێتەوە بە گڵ.
گرفتێکی‌تر کە ئەم بەشە لە پێکهاتەی مرۆ دەیخوڵقێنێ ئەوەیە کە جیاوازی لە نێوان مرۆڤەکاندا دروست دەبێ و زۆر جارانیش ئەو جیاوازیە لە ڕەنگ و ڕواڵەتی دەرەکی و زمان و کلتوور و تەنانەت شێوەزارە جۆراوجۆرەکانی ناو یەک زمانیش، سەردەکێشێ بۆ تەنگژە و شەڕ و خوێن ڕشتن و پاکتاوی نژادی و ڕەگەزی و…
بەڵام هیچ گومانی تێدا نیە کە نە تەنیا هیچکام لەو کێشە و گرفتانەی ئاماژەمان پێدا، لە بەشی دوەمدا دروست نابێ بەڵکوو ئەو گەنجینە بە نرخ و شاراوەیە کە مەعنا بە ژیان و مرۆڤایەتیدا دەبەخشێ و هەردەم بە گەنجی دەیهێڵێتەوە و ناهێڵێ تووشی بە تووشی داڕمان و پیر بوون و پووکانەوە بێت.
گەنجینەی ڕۆح و مانای ژیان هەموو مرۆڤەکان ( بە درێژایی و پانایی مێژوو ) بە زمان و ڕەنگ و کلتوورە جیاوازەکانیشەوە لێک نزیک دەکاتەوە و ئەیانکاتە برا و چرای ڕاماڵینی تاریکیە ئەنگوستەچاوەکان لە پێشیانەوە ئەگرێ. هیچ کەس و گەل و هۆز و تیرە و ناوچەیەک زیاتر و بەرزتر نابێ لەوی‌تر، هەوڵ نادەن بۆ بڕین و شێواندن و زڕاندنی نان و ناوی ئەوانی‌دی. دڕکێک لە لەشی کەسێک هەڵچەقی هەموان بۆی پەرۆشن و خەویان لێدەزڕێ و خەفەت دایان دەگرێ.
تەنانەت ڕێز و خۆشەویستی دەگاتە جێیەکی وا گەر هاودەمێکی نەبوو و تەنیا مایەوە تام و چێژ لە ژیان وەرناگرێ و خۆی بە زیانلێکەوتوو دەزانێ، هەروەکوو چۆن گەر بکەوێتە ژوورێکی تاکەکەسی و هاودەمی نەبێ ڕۆح و ڕەوانی سیس و ژاکاو ئەبێ، لە کۆمەڵگەیش بێ ئەوانی‌تر ژیان و گوزەرانی تاڵ و بەری باخی ژیانی کاڵ ئەبێ.
خاڵێکی زۆر گرینگ و جێی سەرنج ئەوەیە کە هەر شتێک پەیوەندی بە لایەنی جەستەوە بێت ( وەکوو ماڵ و سامان، پلەوپایە، و… ) بێگومان کێشە و ناتەبایی لێدەکەوێتەوە و ڕەنگە پەیوەندیەکان بپچڕێنێ، چونکە هەر کەسە و بەشی زیاتری بۆخۆی دەوێی و لەو پێناوەشدا کێبەرکێ دروست دەبێ، دواجار یان بەشی هەموان نابێ یان هەموو بە قەد یەکیان بەرناکەوێ، بۆیە ئەگەری سەرهەڵدانی ناکۆکی و ناتەبایی لەم بوارەدا زۆرە. تەنانەت زانست و زانیاریش کە نەدەبوو ببێتە هۆی کێشە و ناکۆکی نێوان مرۆڤەکان بەڵام کە بوو بە دەسکەوتێکی تەواو دونیایی و ڕواڵەتی، دەبێتە کۆڵێکی قورس و هەست و ویژدان و ڕەوان ئاڵۆز، ئارامی و ئۆقرەیی بنبڕ و مرۆ چاوچنۆک و دەست قونجاو دەکا، بە گوتەی خواناسی گەورە مەولەوی ـ دخ ـ:
علمهای اهل دل حمّالشان
علمهای اهل تن احمالشان
علم چون بر دل زند یاری شود
علم چون بر تن زند باری شود
دەفتەری یەکەم ـ بەشی ۱۵۶
گرینگیدان بەو مەعنا بەرز و بەهادارەیە کە مرۆڤ والێدەکات تەنانەت ڕابوردوانیشی خۆشبوێ و هاودڵ و هاوبیریان بێت، پێغەمبەری ئازیز و ڕابەرمان ـ ص ـ کە ئاڵاهەڵگری ئاشتی و پێکەوەژیان و ناخپەروەری بوو کاتێک دوای چوونە شاری مەدینەی پیرۆز و مەڵبەندی تەبایی و برایەتی، بینی کە جولەکەکان بەڕۆژوون لە هۆکارەکەی پرسی، ئەوانیش وڵامیان داوە کە لە وەها ڕۆژێکدابوو خوای گەورە و بە بەزەیی موسا پێغەمبەر ـ ص ـ و گەلەکەی لە ژێر نیری زوڵم و ستەمی ستەمکارێکی وەک فیرعەون و دارودەستەکەی ڕزگار کرد بۆیە لە شوکرانە و یادەوەری ئەو ڕۆژەدا ڕۆژوو ئەگرین، خۆشەویستمان فەرموی: ئێمە شایستەترین بەو شوکرانە و یادەوەریە. واتە پێغەمبەری خوا ویستی هاوسۆزی و هاودڵی خۆی لە موسای برای و گەلە چەوساوەکەی پیشان بدات گەرچی ئەوان لە گەل و ناوچە و نژادێکی‌تریش بوون، بەڵام لە پێکهاتەی ڕۆحی و مەعناداری مرۆڤدا ئەو جیاوازیانە زۆر نامۆ و نەبانن و جێیان نابێتەوە.
لە شەڕی حونەیندا ماڵ و سامانێکی فرە و فراوان کەوتە بەردەست پێغەمبەری خوا و هاوەڵان، دوای تەواو بوونی شەڕ هەموی لە نێوان جەنگاوەراندا دابەش کرد بەڵام هیچی بۆ مەدینەییەکان ( هاوەڵانی یاریدەدەر ) دانەنا، کاتێک لە هۆکارەکەیان پرسی فەرموی: ئەی ناتانهەوێ خوا و پێغەمبەرەکەی بۆ ئێوە بێت؟!!

واتە ئەوپەڕی ڕێز و حورمەتی لە هاوەڵانی تێکۆشەر و ماندوویی نەناسی مەدینەیی گرت کە بە ماڵ و سامان دڵخۆشی نەکردن، بە واتایەکی‌تر: بەشی جەستەی بۆ دانەنان بەڵکوو گرینگیدا بە لایەنی ڕۆحی و مەعنایی ژیانیان کە ئەوەیش مرۆڤ گەنج و چالاک و تەمەن درێژ دەکا و ناهێڵێ مردنی بەسەردا بێت…
ئەم لایەنە لە ژیان هێندە پڕ بایەخ و شیرینە کە تەنانەت مرۆڤەکان لەگەڵ ژینگە و گژ و گیا و ڕوەکیش ئاشت دەکاتەوە و هەست بە خۆشەویستی و نزیکی لەگەڵ ئەوانیش دەکا، ئەوەتا ئەبینین کاتێک پێغەمبەری ژینگە پارێز و نیشتیمان خۆشەویست لە شاری مەککەی زێدی باب و باپیرانی بە ناڕوا وەدەرنرا، بە چاوی پڕ لە فرمێسک و دڵی لێوان‌لێو لە داخ و خەفەتەوە ڕوی کردە زێدەکەی و فەڕموی: ” و الله ٳنکِ لٲحبّ بلاد الله ٳلیّ و لولا ٲنّ قومکِ ٲخرجونی ما خرجت منکِ ٲبداّ ” واتە: ئەی شاری مەککە! سوێند بە خوا تۆ خۆشەویسترین پارچەکانی ئەم دونیایەی بە لای منەوە، ئەگەر دانیشتوان و خزم و کەسە نەفامەکانم دەریان نەکردمایە هرگیز بە جێم نەدەهێشتی.
کاتێکیش چاوی بە شاری مەدینەی ڕۆح و گیان کەوت، فەرموی: ” ٲللهم حبِّب ٳلینا المدینه کحبّنا مکه ٲو ٲشدّ ” واتە: خوایە! مەدینەمان لەلا خۆشەویست بکە وەک مەککەت لەلا خۆشەویست کردین و بەڵکوو زیاتریش.
زۆر جاران کە چاوی بە شاخی ئوحود ئەکەوت، ئەیفەرموو: ” ٳنّ ٲُحداً جبل یحبّنا و نحبّه ” ئوحود شاخێکە خۆشی دەوێین و خۆشماندەوێ.
ئەو شاخی ئوحودەی کە یەکێک لە ناخۆشترین و تاڵترین ڕۆژەکان و بیرەوەریەکانی ژیانی پێغەمبەری خوا لەوێدا ڕویدا و هەمزەی کەڵەپیاو و چاونەترسی لە شەڕی سەر ئەو کێوە لەدەستدا بەڵام دڵە گەورە و لێوڕێژ لە خۆشەویستیەکەی ئەو جێی ڕق و قینی تیا نەدەبوەوە، چونکە ئەوی لای بەڕێزیان گرینگ و بایەخدار بوو لایەنی ڕۆح و ڕەوانی مرۆیە نەک بەشە جەستەیی و ڕواڵەتیەکە کە ڕەنگە دونیایەک کێشە و گرفت بخوڵقێنێ و ژیان تفت و تاڵ و دڵ و دەروون ناساز بکات.
یەکێک لە بنەما دینیەکان کە لە نوێژا ـ وەکوو گرینگترین شێوازی خواپەرەستی و وتووێژ و پەیوەندی لە گەڵ خوای مەزن ـ بە هەند وەردەگیرێ و هەست و دەروون دەهەژێنێ، پەیوەندی ڕۆحی لە گەڵ موسوڵمانان و هاوبیرانی ڕابوردوە. واتە دوای ئەوەی کە بەندەی نوێژ خوێن گەییە کۆتاییەکانی ئەو سەفەر و وتووێژە خۆش و ژیانبەخشە، دوای هەست کردن بە بەرپرسیاری بەرانبەر بە خوای باڵادەست و دیان نان بە وەی کە هەموو خێر و بێر و باشیەکان لە خواوە سەرچاوە دەگرێ و هەروەها دوای ڕێز و پێزانین لە هەمبەر هەوڵ و خەباتە بێ وچانەکانی پێشەوای دڵسۆز ـ ص ـ، سڵاو و خۆشەویستی برایانەی خۆی ئاراستەی تەواوی هاوڕێ و هاوبیرانی ئێستا و ڕابوردوی ئەکا بێ گوێدانە جیاوازی ڕەنگ و کلتوور و زمان و کات و شوێن ـ کە ئەمانە لێکترازان و پەرتەوازەیی دروست ئەکەن ـ، چونکە هەموان یەک دڵ و یەک گیانن و بە هەوڵ و خەباتی کۆی کۆمەڵگە جیاوازەکان ئەو چرا و ڕۆشناییە هەلکراوە و ئەو ئاڵایە شەکاوە ڕاگیراوە.
دوا وتەم:
گەلۆ براینە! وەرن با لە یادی لە دایک بوونی پێشەوای مرۆڤایەتی و ئاڵا هەڵگری ئاشتی و ئازادی و برایەتیدا واز لە جیاوازیە دەرەکی و ڕواڵەتیەکان بێنین و هەموومان لە سەر بنچینەی گەنجینەی شاراوەی ڕۆح و مەعنای ژیان کۆببینەوە، کارێک بکەین کێشە و گرفت و جیاوازیەکان قوتار بن و لە حەوت کێوان ئاوا ببن چونکە بێگومان هێز و بڕستمان لێدەبڕن، پیر و زویرمان دەکەن، و لە ئەنجامدا گەڵای درەختی تەمەنمان تووشی خەزان و هەڵوەرین دێن و پەڕەی گوڵی دڵی پاک و سازمان ناساز و ژاکاو ئەبن.
وەرن با گەنجێتی لە پێشەوای گەنج و دڵ پاک و هەست ناسکمان فێر ببین و نەهێڵین کێشە و کینە تەمەنمان کورت و بێ پیت بکەن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە با بەهاری ژین و دینمان ڕەنگین و ڕازاوە بکەین و تەنیا بە گرتنی کۆڕ و ئاهەنگی ڕواڵەتی بۆ یادەوەری لە دایک بوونی ئەو زاتە مەزنە دڵ خۆش نەکەین و پێمان وابێ بەڕەی خۆمان لە ئاو دەرهێناوە.
براینە! گومان لەوەدا نیە هەر کەس و گرووپ و لایەنێک بنچینە و چوارچێوەی کار و تێکۆشانی لەسەر گەڕان بە دوای کێشە و جیاوازیەکانا دابڕێژێت پیت و بەرەکەت لە کارەکانی دەسڕێتەوە و تا بینەقاقەی خۆی نوقمی زەلکاوی دوبەرەکی و پەرتەوازەیی دەکات.
وەرن با یەکەوە لە بەردەم شاعیر و عارفی گەورەی گەلەکەمان، مامۆستا نالی قەبر پڕ لە نوور چۆکی شاگردی دادەین و هاوڕێ و هاودەنگ لەگەڵ ئەو، ڕوی دیدە و دەم و دڵمان بکەینە ئەو ڕێبەرە لێوەشاوە و بێ‌وێنەیەی مێژوی مرۆڤایەتی ـ ص ـ و بڵێین:
ئەی تازە جەوان! پیرم و ئوفتادە و کەوتووم
تا ماوە حەیاتم
دەستێ بدەرە دەستی شکستەم،کە بەسەر چووم
قوربانی وەفاتم
تۆ یوسفی نەو حوسنی لەسەر میسری جینانی
من پیرم و فانی
لەم کولبەیی ئەحزانە نە زیندوم و نە مردوم
هەروا بە تەماتم

ئەحمەد عەبباسی

بانە ـ چواردەی سەرماوەزی ۲۷۱۷
شانزدەی ڕەبیعی یەکەمی ۱۴۳۹

نمایش بیشتر

احمد عباسی

استان کردستان - بانه نویستده - مترجم - فعال دینی و اجتماعی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا