
بڵێ هاوڕێكه‌ت كێیه تا بڵێم تۆ كێیت
مرۆڤ خاوه‌ن خوو و خدهیێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه و ئه‌وه‌ش وای لێ ده‌كات كه نه‌توانێت به ته‌نیایی ژیان به‌سه‌ر ببات و به‌رده‌وام حه‌زی لێیه له‌گه‌ڵ كه‌سێك و كه‌سانێك پێوه‌ندی هه‌بێت. هه‌ر بۆیه‌ش پێگه‌ی كه‌سایه‌تی نێو كۆمه‌ڵگا، بۆ هه‌ر كه‌سێك گرینگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه، چونكه خۆی به تاكێكی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه ده‌زانێت و كاتێك هه‌ست بكات كه پێگه‌یێكی باشی هه‌یه، ئه‌وه هه‌ست به دڵخۆشی ده‌كات. به‌ڵام چونكه ناتوانێت له‌گه‌ڵ هه‌موو كۆمه‌ڵگا پێوه‌ندی بگریت، كه‌سێك یا كه‌سانێك هه‌ڵده‌بژێریت و وه‌ك هاوڕێی نزیكی خۆی، پێوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ده‌گرێت. به‌ده‌گمه‌ن هه‌ڵده‌كه‌وێت كه‌سێك هاوڕێی نه‌بێت، ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه ته‌نیا دایك و باوك یا هاوسه‌ری هاوڕێی بێت. بۆیه بوونی هاوڕێ له پێداویستییه گرینگه‌كانی ژیان هه‌ژمار ده‌كرێت، هه‌ر وه‌ك چۆن پێویستیمان به خواردن و خواردنه‌وه هه‌یه. به‌ڵام هه‌ر وه‌ك هه‌موو خواردنێك باش نییه، هه‌موو هاوڕێكیش باش نییه و ده‌بێ بزانین چ كه‌سێك بۆ هاوڕێیه‌تی ده‌بێت.
وته‌یێكی جوان هه‌یه كه ده‌ڵێت: «پێم بڵی هاوڕێكه‌ت كێیه، تا پێت بڵێم تۆ كێیت؟»
مرۆڤ پێویستی به كه‌سانێك هه‌یه كه له خه‌م و شادی‌دا له‌گه‌ڵی بن و پشتیان پێ ببه‌ستێت. هه‌ر وه‌ك له دینی پیرۆزی ئیسلامیش زۆر جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه، چونكه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه هاوڕێ و هاونشینی ئێمه‌ن، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی هه‌ڵسوكه‌وت و بیر و باوه‌ڕ و قسه و كردارماندا داده‌نێن و ده‌بنه پێناسه‌یێك له كه‌سایه‌تیمان. هه‌بوونی هاوڕێی باش له خۆشترین ئه‌زموونه‌كانی ژیانه، هه‌روه‌ك ئه‌ره‌ستوو فیلسوفی یوونانی ده‌ڵێت: «هاوڕێی باش وه‌ك یه‌ك ڕوح له دوو جه‌سته‌دایه».
هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌و حه‌وت كۆمه‌ڵه‌ی كه له ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌دا ده‌خرێنه ژێر سێبه‌ری عه‌ڕشی خوا، ئه‌و كه‌سانه‌ن كه به خاتری خوا یه‌كتریان خۆش ویستووه.
بۆیه هه‌ڵبژاردنی هاوڕێی باش گرینگی زۆری هه‌یه. هه‌ندێك له هاوڕێیان ده‌بنه هۆی سه‌ربه‌رزی و سه‌ركه‌وتن، هه‌م ژیانی دونیایی به‌ره‌و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌ونه‌شه ده‌به‌ن و هه‌م له دواڕۆژ ده‌بنه هۆی ڕه‌حمه‌ت. چونكه له‌و دونیایه به‌رده‌وام به‌ره‌و به‌هه‌شتی خوا ڕێنمایی ده‌كه‌ن. به‌هه‌مان چه‌شنیش هاوڕێی خراپ هه‌م له دونیا ده‌بێته هۆی حه‌سره‌ت و په‌شیمانی و هه‌م له قیامه‌ت ده‌بێته ئه‌و هاواره كه: «يَا وَيْلَتَىٰ لَيْتَنِي لَمْ أَتَّخِذْ فُلَانًا خَلِيلًا» (فوڕقان:٢٨) واته: «هاوار بۆ من، خۆزگه فڵانه كه‌سه‌م به هاوڕێیه‌تی قه‌بوڵ نه‌كردبا!» ئه‌و هاوڕێیه‌ی كه سه‌ری لێشێواندم و ڕێگای ناڕاستی بۆ ڕازاندمه‌وه و له كۆتاییدا به‌ره‌و هه‌ڵدێران و نابوودی بردم.
هاوڕێی خراپ وه‌ك هه‌نگوینی ژاراوی وایه، هه‌رچه‌ند به ڕواڵه‌ت خۆش و شیرینه، به‌ڵام له ئاكامدا ژه‌هره‌كه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر داده‌نێت و له‌پێی ده‌یخات و ژیانی هه‌ردوو دونیای وێران ده‌كات و له كۆتاییدا جگه له ئاهـ و حه‌سڕه‌ت هیچی پێ نامێنیت. بۆیه شاعیر ده‌ڵێت:
«تا توانی می گریز از یار بد یار بد بدتر بود از مار بد
مار بد، تنها تو را برجان زند یار بد، بر جان و ایمان زند»
واته: «تاكوو ده‌توانی خۆ بپارێزه له هاوڕێی خراپ. هاوڕێی خراپ، له ماری خراپ، مه‌ترسی زۆرتره. ماری خراپ ته‌نیا گیانت ده‌ستێنێت. هاوڕێی خراپ هه‌م گیان و هه‌م ئیمانت ده‌فه‌وتێنێت.»
ئێمه ده‌بێ هاوڕێیه‌ك هه‌ڵبژێرین كه وه‌ك ئاوێنه بێت بۆمان، هه‌ر وه‌ك پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) ده‌فه‌رموێت: بڕوادار ئاوێنه‌ی برای بڕواداری خۆیه‌تی. مه‌به‌ست له ئاوێنه چییه؟
ئاوێنه چه‌ند تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه: ئاوێنه عه‌یبه‌كانت بێ كه‌م و زیاد، پێت ده‌ڵێت. عه‌یبه‌كانت به شێوازێكی گاڵته و سووكایه‌تی پێ ناڵێت و به‌س ئاگادارت ده‌كات كه چاكیان بكه‌ی. عه‌یبه‌كانت ته‌نیا به خۆت ده‌ڵێت. له پشته‌سه‌رت باست ناكات. چاكه‌كانیشت وه‌ك خۆی پێ ده‌ڵێت. جا ئه‌گه‌ر هاوڕێكه‌مان سیفاتی ئاوێنه‌ی نه‌بوو، ئه‌وه ده‌بێ ئاگادار بین كه ئه‌وه هاوڕێیه‌كی باش نییه. چونكه بڕوادار برای بڕواداره و بێگومان براش، ته‌نیا چاكه‌ی براكه‌ی ده‌وێت.
مرۆڤ هه‌م بۆ پێوانی ڕێگای پڕكۆسپ و چه‌رمه‌سه‌ری ژیان پێویستی به هاوڕێی باش هه‌یه و هه‌م ئه‌وه‌یكه هاوڕێی باش ده‌بێته مایه‌ی دڵخۆشی و ئارامی و ئاسووده‌یی دڵ و وه‌ك نیعمه‌تێكی خوایی بۆ ژیان هه‌ژمار ده‌كرێت. خوای گه‌وره پێوه‌ندی دۆستایه‌تی نێوان گه‌له‌كانی ئه‌وس و خه‌زره‌جی وه‌ك نیعمه‌تێك به‌سه‌ریاندا یاداوه‌ری ده‌كات: «وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا ۚ وَاذْكُرُوا نِعْمَتَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ كُنْتُمْ أَعْدَاءً فَأَلَّفَ بَيْنَ قُلُوبِكُمْ فَأَصْبَحْتُمْ بِنِعْمَتِهِ إِخْوَانًا وَكُنْتُمْ عَلَىٰ شَفَا حُفْرَةٍ مِنَ النَّارِ فَأَنْقَذَكُمْ مِنْهَا ۗ كَذَٰلِكَ يُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمْ آيَاتِهِ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونٙ)» (ئالی عیمڕان:١٠٣) واته: «(هه‌وڵ بده‌ن) هه‌ر هه‌مووتان به‌توندی ده‌ست بگرن به ئایینی خواوه و بڵاو مه‌بن، یادی ناز و نیعمه‌تی خوا بكه‌نه‌وه له‌سه‌رتان، (چونكه) كاتی خۆی دوژمنی یه‌كتر بوون، ئه‌وه بوو دڵه‌كانتان به هۆی نیعمه‌تی (ئیسلامه‌وه) په‌یوه‌ست كرد به‌یه‌كه‌وه و هه‌موو بوونه برای یه‌كتر (هه‌روه‌ها ئه‌و كاته) ئێوه له‌سه‌ر لێواری چاڵێكی ئاگر وه‌ستا بوون و (خه‌ریك بوو بكه‌ونه ناوی)، به‌ڵام خوا (به ڕه‌حم و میهره‌بانی خۆی) له‌و ئاگره ڕزگاری كردن، ئابه‌و شێوه‌یه خوا ئایه‌ته‌كانی خۆیتان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هیدایه‌ت وه‌ربگرن».
ئه‌و دوو گه‌له‌ی كه ساڵه‌های ساڵ بوو دوژمنایه‌تی یه‌كتریان ده‌كرد و ژیانیان له‌یه‌كتر تاڵ كردبوو، تائه‌وه‌یكه خوای گه‌وره ڕه‌حمی پێ كردن و دوژمنایه‌تیی وانی به دۆستایه‌تی و هاوڕێیه‌تی گۆڕیه‌وه. ئه‌وه نیعمه‌تێكی گه‌وره له ژیانیاندا بوو كه به هۆی ئیمانه‌وه ڕه‌وڕه‌وه‌ی ژیانیان به‌ره‌و ئاقارێكی دیكه ڕۆیشت و ئه‌و جار به ڕوانگه‌یێكی به‌رزتر ڕه‌وگه‌ی ژیانیان به‌ره‌و پێشكه‌وتن و ده‌سه‌ڵات و گه‌شانه‌وه ده‌ست پێ كرد و بوونه ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی كه بۆ هه‌تاهه‌تایی نێویان به‌به‌رزی له مێژوودا ده‌مێنیته‌وه.
هاوڕیی باش هه‌موو ژیانت ده‌خاته ژێر كاریگه‌ری خۆی و خه‌م و ئازاره‌كانت كه‌م ده‌كاته‌وه، كێشه و گرفته‌كانت چاره‌سه‌ر ده‌كات و خۆشی و شادییهكانت چه‌ند قات ده‌كات. بۆیه‌ش خوای گه‌وره هاوڕێیه‌تی كه‌سانی باشی، به یه‌كێك له نیعمه‌ته‌كانی به‌هه‌شت داناوه. پاداشی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه فه‌رمانبه‌رداری له خوای گه‌وره و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی بكه‌ن، هاوڕێیه‌تی كه‌سانی به‌رز له به‌هه‌شته، وه‌ك ده‌فه‌رموێت: «وَمَنْ يُطِعِ اللَّهَ وَالرَّسُولَ فَأُولَٰئِكَ مَعَ الَّذِينَ أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِمْ مِنَ النَّبِيِّينَ وَالصِّدِّيقِينَ وَالشُّهَدَاءِ وَالصَّالِحِينَ ۚ وَحَسُنَ أُولَٰئِكَ رَفِيقًا» (نیسا‌ء:٦٩) واته: «ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رداری خوا و پێغه‌مبه‌ر بكات، جا ئه‌وانه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا ده‌بن (له به‌هه‌شتی به‌ریندا) كه خوا ناز و نیعمه‌تی ڕژاندووه به‌سه‌ریاندا، له پێغه‌مبه‌ران و ڕاستگۆیان و شه‌هیدان و پیاوچاكان، ئای كه ئه‌وانه هاوه‌ڵ و هاوڕێ و هاوده‌مێكی چاك و بێوێنه‌ن».
مرۆڤ به ته‌نیایی لاوازه و كاتێك كه‌سێك بوو به یاوه‌ری، قوورسایی ئه‌ركه‌كانی كه‌م ده‌بێته‌وه. حه‌زره‌تی مو‌سا كاتێك ویستی به‌ره‌وڕووی فیرعه‌ون بێته‌وه، داوای له خوای گه‌وره كرد كه هاوڕێكی له‌گه‌ڵ بنێریت و داوای كرد كه براكه‌ی هاڕوون بكاته هاوڕێی له ڕێگای بانگه‌وازیدا. كاتێك كه ویستی بۆ ئامانجێكی تایبه‌ت سه‌فه‌ر بكات تاكوو زانستی زۆرتر له عه‌بدێكی خوا به‌ده‌ست بێنیت، كه‌سێكی كرده هاوڕێی سه‌فه‌ری. پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان(دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) كاتێك ویستی به‌ره‌و مه‌دینه كۆچ بكات، باشترین كه‌سی واته ئه‌بووبه‌كری ڕاستگۆی بۆ هاوڕێیه‌تی سه‌فه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵبژارد. كه‌واته مرۆڤ له هه‌ر پله و پایه‌یێك دابێت، پێویستی به هاوڕێی باش هه‌یه.
ده‌ڵێن: كاتێك خه‌مباری؛ ئه‌وه‌ی خۆشی ده‌وێی، دڵداریت ده‌داته‌وه. ئه‌وه‌ی عاشقته، له‌گه‌ڵت ده‌گریت و من ده‌ڵێم، ئه‌وه‌ی هاوڕێی ڕاسته‌قینه‌ته، هه‌موو هێزی ده‌كار ده‌كات كه خه‌مه‌كه‌ت چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌گه‌ر له‌لاشت پێبكه‌نیت تاكوو دڵخۆشت بكات؛ له نه‌بوونتدا به‌دڵ بۆت ده‌گریت. ئه‌و هاوڕێیه‌ی كه هه‌ر كات هه‌ستی كرد خه‌ریكی به‌لاڕێدا ده‌ڕۆی، دهتگێڕیتهوه، هه‌رچه‌ند به‌و كاره‌ی بتگریێنیت یا ته‌نانه‌ت دڵت بێشێنیت. به‌ڵام دهتهێنیتهوه سه‌ر ڕاسته‌ڕێ و ناهێڵیت ههڵدێرێی. ئه‌و هاوڕێیه‌ی كه ژیانت له بێهوده‌یی و پوچی، به‌ره‌و ئامانجی به‌رز ده‌گوازیته‌وه و له خوا و ڕه‌سوڵی خوا نزیكت ده‌كاته‌وه.
بۆیه هه‌ر كۆمه‌ڵێك بۆوه‌ی نابێت بچینه ناوی و ببنه هاونشینمان. ڕه‌نگه كۆمه‌ڵێك زۆر قسه‌شیرین و ڕووخۆش بن، به‌ڵام ببنه هۆی نه‌هامه‌تی و په‌ژیوانی. به‌پێچه‌وانه‌وه ڕه‌نگه تاقمێك بتگریێنن، به‌ڵام ببنه هۆی دڵخۆشی و به‌خته‌وه‌ریت. ئه‌گه‌ر بڕیار بێ هاوڕێیه‌كی باشمان نه‌بێت، ئه‌وه ته‌نیایی باشتره له هاوڕێی خراپ. پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان ده‌فه‌رموێت: «یَا أَبَاذَر اَلجَلیسُ الصَّالِحُ خَیرٌ مِن الوَاحِدَهِ وَالوَاحِدَهٌ خَیرٌ مِن جَلِیسِ السُّوءِ» واته: «ئه‌ی ئه‌بووزه‌ر، هاونشینی و هاوڕێیه‌تی باش، باشتره له ته‌نیایی و ته‌نیاییش باشتره له هاونشینی خراپ». كه‌واته پێویسته بزانین چ كه‌سانێك بۆ هاوڕێیه‌تی ده‌بن و چ كه‌سانێك نابن.
خوای گه‌وره له قوڕئانی پیرۆزدا پێمان ده‌ڵێت كه له‌گه‌ڵ چ كه‌سانێك هاونشینی بكه‌یین و له چ كه‌سانێكیش دوور بكه‌وینه‌وه: «وَاصْبِرْ نَفْسَكَ مَعَ الَّذِينَ يَدْعُونَ رَبَّهُمْ بِالْغَدَاةِ وَالْعَشِيِّ يُرِيدُونَ وَجْهَهُ ۖ وَلَا تَعْدُ عَيْنَاكَ عَنْهُمْ تُرِيدُ زِينَةَ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا ۖ وَلَا تُطِعْ مَنْ أَغْفَلْنَا قَلْبَهُ عَنْ ذِكْرِنَا وَاتَّبَعَ هَوَاهُ وَكَانَ أَمْرُهُ فُرُطًا)» (که‌هف:٢٨) واته: «ئارام بگره له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا كه خواپه‌رستی ده‌كه‌ن و یادی په‌روه‌ردگاریان ویردی سه‌رزاریانه له به‌ره‌به‌یان و ده‌مه‌و ئێواراندا، مه‌به‌ستیانه و ده‌یانه‌وێت كه ئه‌و زاته له خۆیان ڕازی بكه‌ن، ڕوو له‌وان وه‌رمه‌گێڕه و (ڕوو مه‌كه دنیاپه‌رستان و ده‌وڵه‌مه‌ندان) له كاتێكدا تۆ زینه‌ت و ڕازاوه‌یی ژیانی دنیات بوێت و به‌گوێی ئه‌و جۆره كه‌سه مه‌كه كه دڵیان غافڵ كردووه له یادی خۆمان (به‌هۆی دونیاپهرستییهوه) شوێنی ئاره‌زووی خۆی كه‌وتووه، هه‌رچی كاروباری هه‌یه بێسه‌روبنه و له سنوور ده‌رچووه.»
لێره‌دا خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: «وَاصبِر» واته له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه یادی خوا ده‌كه‌ن، دڵت با ئارام بگرێت، چونكه ئه‌و كه‌سانه ده‌بنه هۆی ئارامی و ئاسووده‌یی دڵ و له نائارامی و شپڕزه‌یی دونیای سه‌رلێشێواویی ده‌ربازت ده‌كه‌ن و یادی په‌روه‌ردگار، ده‌كه‌نه هۆكاری خۆشی ژیانت، كه‌واته له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه دڵت ئه‌رخه‌یان بكه.
هاوڕێی بڕوادار هیچ كات فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌ی نییه و ڕاستگۆ و دڵسۆزه، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانی ترسی خوایان له‌دڵدا نه‌بێت: «…وَإِنَّ كَثِيرًا مِنَ الْخُلَطَاءِ لَيَبْغِي بَعْضُهُمْ عَلَىٰ بَعْضٍ إِلَّا الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ…» (ساد:٢٤) واته: «له‌ڕاستیدا زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی كه شه‌ریك و هاوكارن، سته‌م له یه‌كتری ده‌كه‌ن، جگه له‌وانه‌ی كه ئیمان و باوه‌ڕیان هه‌یه و كاروكرده‌وه‌ی باش ئه‌نجام ده‌ده‌ن».
پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) ده‌فه‌رموێت: «المؤمن مِرآهٌ لأخیهِ المؤمنِ یَنصَحُهُ إِذَا غَابَ عَنهُ وَ یُمِیطُ عَنهُ وَ یُمِیطُ عَنهُ ما یَکرَهُ إِذَا شَهِدَ» واته: بڕوادار ئاوێنه‌ی برای بڕواداری خۆیه‌تی، كاتێك لای نییه، خێرخوازیهتی و كاتێك له لایه‌تی، ناخۆشییه‌كانی ده‌ڕه‌وێنیته‌وه».
كه‌واته هاوڕێی باش ئه‌وه‌یه خێرخوازت بێت، ئامۆژگاریت بكات، یاریده‌ده‌ر و لێبوورده بێت و به‌خاتری خوا خۆشی بوێیت. به‌رده‌وام بۆ چاكه هه‌وڵ بدات و هانده‌ری تۆش بێت و له خراپه وهتگێڕیت و كه‌موكوڕیه‌كانت پێ بڵێت و یارمه‌تیت بدات له‌سه‌ر چاكسازی. شاعیر ده‌ڵێت:
«همنشین تو، از تو به باید تا تو را عقل و دین بیفزاید»
واته: هاونشینی تۆ، ده‌بێ له تۆ باشتر بێت تاكوو تێگه‌یشتن و ژیری و ئیمانت زۆرتر بكات.
كه‌واته هه‌ركات له‌نێو كۆمه‌ڵێكدا بووین كه هاونشینی له‌گه‌ڵ وان به یادی خوای گه‌وره و ڕۆژی دوایی خستین و عیلم و زانیازی زۆر كردین و به هاوڕێیه‌تی وان ڕێگه‌ی ژیانمان باشتر بڕی، ئه‌وه هاونشینانی باشن، واته هاونشینانێك كه پارێزكار بن و له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌قوا له‌ده‌وری یه‌ك كۆ ببنه‌وه. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر هۆی نه‌هامه‌تی و دواكه‌وتن و هۆی دووركه‌وتنه‌وه له خوای گه‌وره بن، ئه‌وه ئه‌و كه‌سانه‌ن كه هه‌رچه‌ند له‌و دونیایه دۆستی گیانی به گیانیشت بن، له دواڕۆژ ده‌بنه دوژمنت، چونكه بوونه هۆی چاره‌ڕه‌شیت.
واته هاوڕێیانی خراپ، هاوڕێی دونیا و دوژمنی دواڕۆژن و هاوڕێی باش، هاوڕێی هه‌ردوو دونیان. خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: «الْأَخِلَّاءُ يَوْمَئِذٍ بَعْضُهُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ إِلَّا الْمُتَّقِينَ» (زوخڕوف:٦٧) واته: «دۆستان و براده‌ران هه‌ر هه‌موویان له‌و ڕۆژه‌دا دوژمنی یه‌كترن، هه‌موو ڕقیان له‌یه‌كتر ده‌بێته‌وه، جگه له‌و كه‌سانه‌ی كه له‌سه‌ر بنچینه‌ی ته‌قوا و خواناسین كۆ بوونه‌ته‌وه و برایه‌تییان به‌رپا كردووه».
یه‌كێك له هۆكاره‌كانی سه‌رلێشێواویی مرۆڤ، هاوڕێی خراپه. زۆر كوڕی پاك و له خواترس هه‌بووه، یا كچی ڕه‌وشت به‌رز و پارێزكار، كه به هۆی هاوڕێی خراپ تووشی زۆر بێڕه‌وشتی و گوناه و تاوان بووه و خوا و عه‌بدی خوای له خۆی تووڕه كردووه. زۆرێك له هۆگرانی مادده هۆشبه‌ره‌كان و جگه‌ره، به هۆی هاوڕێی خراپ تووشی بوون كه له داووتهڵهكه كه‌وتوون و خه‌ساره‌تمه‌ندی هه‌ردوو دونیا بوون. ئه‌و هاوڕێیه‌ی كه نه له‌و دونیایه دڵسۆزی ڕاسته‌قینه‌یه و له دواڕۆژیش ده‌بێته دوژمن. له كاتێكدا ڕه‌نگه به خاتری ئه‌و هاوڕێیه، دڵی دڵسۆزانی له خۆی ڕه‌نجاندبێت!!
له بواری ده‌روونناسیشه‌وه هاوڕێی باش یه‌كێكه له سه‌رمایه به‌نرخه‌كانی ژیان و له هۆكاره گرینگه‌كانی به‌خته‌وه‌ری مرۆڤه كه له فۆڕمگرتنی كه‌سایه‌تی تاكه‌كان، ڕۆڵێكی به‌رچاوی هه‌یه. چونكه ئه‌وانه‌ی كه هاوڕێی باشیان هه‌یه، له ڕووی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هه‌ست به پشتیوانی ده‌كه‌ن و هه‌ر ئه‌وه‌ش وایان لێ ده‌كات كه له كاتی ته‌نگانه و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ كێشه و گرفتی ژیان، به‌هێزتر و خۆڕاگرتر بن.
ده‌روونناسان ده‌ڵێن هاوڕێی باش ده‌بێ ئه‌و چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌ی هه‌بێت:
– ئه‌مه‌گناس بێت.
– لێبوورده بێت.
– دڵاوا و دڵفراوان بێت.
– جێمتمانه بێت و بتوانێت نه‌هێنییه‌كانی خۆی لا باس بكات و ئه‌ویش بیپارێزیت.
– تێگه‌یشتوو و وشیار بێت.
– ڕاستگۆ بێت.
– له جیاوازییه‌كانی نێوان تاكه‌كان تێبگات و نه‌یانكاته ناكۆكی.
– یارمه‌تی هاوڕێكه‌ی بدات كه له‌گه‌ڵ خۆی و ده‌ورووبه‌ری میهره‌بانتر بێت.
– هه‌ڵه و كه‌موكورتییه‌كانی پێ بڵێت تا چاكیان كات.
– بیسه‌ری درهدهدڵهكانی بێت.
– له كاتی ته‌نگانه و سه‌ختیدا پشتی خاڵی نه‌كات.
– له دڵه‌ڕاوكێ و ئازاره‌كانی كه‌م كاته‌وه.
– سیفاته باشه‌كانی به‌هێزتر و سیفاته خراپه‌كانی بسڕێته‌وه.
– كات بۆ هاوڕێكه‌ی ته‌رخان بكات.
جا ئاگادار بین كه ئه‌و هاوڕێیانی كه به‌س له‌گه‌ڵمان پێده‌كه‌نن و كات به ڕابواردن به‌سه‌ر ده‌به‌ن، هاوڕێیانێكن كه هه‌رچی زووتر پێویسته لێیان دوور كه‌وینه‌وه و هاوڕێیه‌ك هه‌ڵبژێرین كه بۆ دونیا و دواڕۆژ سوودمان پێ بگێنیت.
ئاماده كردن: كلسووم حه‌سه‌نزاده