بوچی له قورئان ورد نابنه وه؟!

الحمدلله رب العالمین والصلاه و السلام علی سیدنا و نبینا محمد و علی آله و اصحابه و اتباعه الی یوم ا‌لدین السلام علیکم و رحمه الله و برکاته
گه‌ره‌کمانه له‌و ته‌وه‌ره‌دا بابه‌تێک سه‌باره‌ت به یه‌کێک له ئایه‌ته‌کانی قوڕئانی پیرۆز که دوو جار له قوڕئان‌دا ئاماژه‌ی پێ کراوه، باس بکه‌ین که بریتییه له: «افلا یتدبرون القرا‌ن» واته: «بۆچی له قوڕئان ورد نابنه‌وه و به تێبینی نایخوێننه‌وه و سه‌رنجی ئایه‌ته‌کان ناده‌ن و له ماناکه‌ی ناکۆڵنه‌وه؟» ئه‌و ئایه‌ته جارێک له سوڕه‌تی (نسا‌ء) و جارێک له سوڕه‌تی (محمد) ئاماژه‌ی پێ کراوه.
کاتێک قوڕئان ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی گۆڕانکاری دڵ و ده‌روونی مرۆڤ که تێڕامان و لێوردبوونه‌وه‌ی تێدا بکرێت. ئه‌گه‌ر به تێفکرین و وردبوونه‌وه قوڕئان نه‌خوێنینه‌وه، کارهگهرییهکی ئه‌وتۆیی نابێت. بۆیه خوای گه‌وره باس له که‌سانێک ده‌کات که له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر(د.خ) بوون و له‌وانه‌یه له‌و که‌سانه بووبن که نوێژیان ده‌خوێند و هاتوچۆی مزگه‌وتیان ده‌کرد. چونکه ئه‌و ئایه‌ته له هه‌ردوو سوڕه‌ته‌که‌دا، سه‌باره‌ت به دووڕووه‌کان هاتووه.
له سوڕه‌تی نساءدا ده‌فه‌رموێت: «أفَلَا یَتَدَبَّرُونَ القُرآنَ وَ لَو کَانَ مِن عِندِ غَیرِ اللهِ لَوَجَدُوا فِیهِ اختِلَافًا کَثِیرًا» (نسا‌ء/۸۲) واته: «ئه‌وه بۆ ئه‌وانه سه‌رنجی قوڕئان ناده‌ن و لێکی ناده‌نه‌وه و لێی ورد نابنه‌وه؟ خۆ ئه‌گه‌ر له لایه‌ن کهسێکیترهوه بوایه جگه له خوا، بێگومان جیاوازی و دژایه‌تیه‌کی زۆریان تێدا ده‌دۆزیه‌وه».
دیاره ئه‌و که‌سانه هیچ تێڕامانیان له‌سه‌ر قوڕئان نه‌بووه، چونکه ئه‌م کتێبه کاتێک ده‌رده‌که‌وێت که کتێبی خوایه و هیچ یه‌ک له ئایه‌ته‌کانی پێکه‌وه ناکۆکی و دژایه‌تیان نییه، که تێڕامانی تێدا بکرێت. زۆر که‌س هه‌یه سه‌باره‌ت به قوڕئان قسه ده‌کات، به‌ڵام نه قوڕئانی خوێندۆته‌وه و نه له ماناکه‌ی تێده‌گات، یان له‌وانه‌یه مانای وشه‌به‌وشه‌ی بزانێت، به‌ڵام به وردبوونه‌وه و تێڕامان نه‌یخوێندبێته‌وه، له ده‌ره‌نجامدا که‌ڵکێکی ئه‌وتۆیی لێ وه‌رناگرێت.
هه‌روه‌ها له سوڕه‌تی محمددا ده‌فه‌رموێت: «أَفَلَا یَتَدَبَّرُونَ القُرآنَ أَم عَلَی قُلُوبٍ أَقفَالُهَا» (محمد/۲۴) واته: «ئایا ئه‌وه بۆچی ئه‌وانه وردبینی له قوڕئان‌دا ناکه‌ن و گوێی بۆ ناگرن؟! یان ئه‌وه‌یه دڵه‌کان له ئاستی ڕاستیدا قفڵ دراوه؟»
ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یکه توانای ڕامان و وردبوونه‌وه‌ی له قوڕئان‌دا هه‌بێت، به‌ڵام لێی ورد نه‌بێته‌وه، دیاره ئه‌م دڵه قفڵی لێ دراوه و قوڕئان کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و دڵه نابێت. دڵی مرۆڤ ده‌فرێکه و هه‌ر وه‌ک یه‌کێک له پێشه‌وایان ده‌فه‌رموێت: ئه‌و ده‌فره ده‌بێ سه‌ره‌تا خاوێن بکرێته‌وه و ئاماده‌یی تێدا دابین بکرێت، جا ئه‌و ده‌م تیشکی قوڕئان لێی ده‌دات و کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌بێت.
که‌واته یه‌کێک له‌و شتانه‌ی که به‌ڕاستی ئاڵوگۆڕی له ده‌روونی مرۆڤدا به‌دی دێنیت، وردبوونه‌وه له قوڕئانه. واته ئه‌گه‌ر ته‌نیا ئایه‌تێکیش بخوێندرێته‌وه، با به تێڕامان بێت. هه‌ر وه‌ک پێغه‌مبه‌ر(د.خ) که هێندێک جار یه‌ک ئایه‌تی له نوێژدا، ده‌یان جار ده‌خوێنده‌وه و هه‌ر جاره‌ی مانایه‌ک و واته‌یه‌کی لێ وه‌رده‌گرت و به خوێندنه‌وه‌ی ئایه‌ته‌که، یه‌ک له دوای یه‌ک په‌رده‌کانی سه‌ر دڵی لاده‌دا. که‌واته هه‌رچی زۆرتر قوڕئان به وردبوونه‌وه و ڕامان بخوێنیه‌وه، زۆرتر ده‌توانی گه‌وهه‌ری ئه‌م قوڕئانه پیرۆزه به‌ده‌ست بێنی.
خاڵێک که جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که دروسته ئه‌و ئایه‌تانه‌ی سوڕه‌تی نسا‌ء و محمد، سه‌باره‌ت به دووڕووه‌کان هاتوونه‌ته خوار، به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نییه که موسوڵمانان ئه‌رکی وردبوونه‌وه له قوڕئانیان له‌سه‌ر نه‌بێت و بڵێن که ئه‌و ئایه‌تانه سه‌باره‌ت به دووڕووه‌کانه و ئێمه ناگرێته‌وه، به‌ڵکو ڕووی له ئێمه‌شه و پێویسته قوڕئان به تێڕامانه‌وه بخوێنینه‌وه. ئێمه‌ش ئه‌گه‌ر له قوڕئان ورد نه‌بینه‌وه، که‌ڵکێکی ئه‌وتۆیی لێ وه‌رناگرین و ده‌توانین بڵێین که به‌م چه‌شنه دڵمان قفڵ بووه. بۆیه زۆر که‌س هه‌یه که ده‌ڵێ قوڕئانیش ده‌خوێنمه‌وه، به‌ڵام هیچ کاریگه‌ری له‌سه‌ر دڵم نه‌بووه. له وه‌ڵامدا ده‌ڵێین، ته‌نیا خوێندنه‌وه‌ی قوڕئان بۆ زۆر که‌س که‌ڵکێکی وای نییه، هه‌رچه‌ند له‌وانه‌یه هێندێک که‌س به ئاسووده‌ییه‌ک بگه‌ن و سوکنایییان به دڵدا بێت، به‌ڵام ئه‌وه ته‌واو نییه. ئه‌و که‌سه‌ی که ده‌ڵێت من زۆر قوڕئان ده‌خوێنمه‌وه، به‌ڵام هیچ کاریگه‌ری نه‌بووه، ئه‌وه له ماناکه‌ی ورد نه‌بۆته‌وه و په‌یامه‌که‌ی وه‌رنه‌گرتووه و دڵی ئاماده نه‌کردووه و چۆن دڵی ئاماده نییه، که‌ڵکیشی لێ وه‌رناگریت.
یه‌کێک له فه‌زڵ و نیعمه‌ته‌کانی خوای گه‌وره بۆ مرۆڤ، ئه‌وه‌یه که خوای میهره‌بان له هاوچه‌شنی خۆمان، هێندێک مرۆڤی وه‌ک پێغه‌مبه‌ر هه‌ڵبژاردووه و ناردویه‌تی به کتێبێک که ڕێنمایی ژیانی ئینسانی تێدایه و هه‌ر کتێبه‌ی په‌یامی تایبه‌تی خۆی هه‌بووه. تاکوو مرۆڤ سه‌ری لێ نه‌شه‌وێت و فریوی ئاوه‌ز و ئاقڵی ناته‌واوی خۆی نه‌خوات و له داوه‌کانی هه‌وا و هه‌وه‌سی خۆی نه‌که‌وێت، ڕێگای هیدایه‌تی پێ نیشان داوه و له‌و ڕۆژه‌وه که ئاده‌م هاتۆته سه‌ر زه‌وی، خوای گه‌وره ئه‌و بڕیاره‌ی داوه که ئه‌و ئینسانه ڕێنوێنی بکات، چونکه ئه‌و ئینسانه‌ی هه‌روا به خۆڕایی و بێ‌ئامانج به‌دی نه‌هێناوه.
کۆتا په‌یامهێنه‌ر که موحه‌ممه‌ده(د.خ)، کتێبی قوڕئانی وه‌ک ڕێنما و ڕێشانده‌ر، بۆ ژیانی مرۆڤ هێناوه و بۆخۆشی له ژیانیدا ده‌کاری کردووه و بۆخۆی سه‌رمه‌شقی کرداری به‌ڕێوه‌بردن و به‌جێهێنانی ئه‌و کتێبه بووه. خوای گه‌وره ئه‌و کتێبه‌ی وه‌ک وه‌ڵامده‌ری سه‌رجه‌م پێداویستییه‌کانی مرۆڤ له هه‌موو دۆخ و کات و سه‌رده‌مێکدا ناردووه و هه‌ر که‌سێک که (اولی الالباب) بێت و ژیری خۆی ده‌کار بکات، ده‌توانێت به‌رنامه‌ی ژیانی خۆی له‌و کتێبه‌دا ببینێته‌وه، به‌ڵام به مه‌رجێک که به وردبینی و تێڕامانه‌وه بیخوێنیته‌وه. باسی (اولوا الالباب) گرینگییه‌کی یه‌کجار زۆری پێدراوه له قوڕئان‌دا، وه‌ک ده‌فه‌رموێت: «إِنَّ فِی ذَلِکَ لَذِکرَی لِاولِی الألبَاب» واته: ئه‌و قوڕئانه په‌ند و ئامۆژگارییه بۆ که‌سێک که عه‌قڵی خۆی ده‌کار ده‌کات. ناتوانین بڵێین که قوڕئان بۆ که‌سێک که ژیری خۆی ده‌کار ده‌کات و که‌سێک که ژیری ده‌کاری ناکات و لێی ورد نابێته‌وه؛ وه‌ک یه‌که! واته که‌سێک ده‌توانێت که‌ڵکی لێ وه‌رگریت که بیر و فکر و ژیری خۆی ده‌کار بکات.
پاراستنی قوڕئان:
خوای گه‌وره که ئه‌و کتێبه‌ی ناردووه، به‌ڵێنی ئه‌وه‌شی داوه که ئه‌و کتێبه بپارێزیت و وه‌ک کتێبه ئاسمانییهکانیتر گۆڕانکاری به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت. «أنَّا نَحنُ نَزَّلنَا الذِّکرَی وَ إِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ» (حجر/۹) واته: «ئێمه ئه‌و کتێبه‌مان ناردوه و ئێمه‌ش ده‌یپارێزین».
به‌ڵگه و هۆکاری زۆر ڕاست و جێ‌متمانه‌ش هه‌یه که خوای گه‌وره ئه‌و کتێبه‌ی پاراستووه و ده‌یپارێزیت و گومان له‌وه‌دا نییه که ئه‌و کتێبه هیچ ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه. ئاشکرایه کاتێک که خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت که ئێمه ده‌یپارێزین، ئه‌وه هه‌ر خۆشی ده‌یپارێزیت، به‌ڵام به هۆی ئه‌سباب و که‌ره‌سه‌ی پێویست، وه‌ک بڕوادارانێکی ڕاسته‌قینه و پاک که ئه‌و کتێبه‌یان له سینگی خۆیاندا پاراستووه و له‌سه‌ر لاپه‌ڕه نووسیویانه‌ته‌وه و به ڕێژه‌یه‌کی زۆر کارقایمی کراوه که ئه‌م کتێبه به‌و شێوازه بپارێزرێت. نه‌ک ئه‌وه‌یکه بڵێی ئه‌وه خوای گه‌وره فریشته‌کانی ناردوونه سه‌ر زه‌وی و هه‌ر که‌سێک قوڕئان بگوڕیت، ئه‌وه تووشی به‌ڵا و غه‌زه‌بی ده‌کات. ته‌نانه‌ت له لایه‌ن نه‌یارانه‌وه، تا ئێستا زۆر هه‌وڵی ئه‌وه دراوه که قوڕئان بگۆڕن که موسوڵمانان ئه‌و هه‌وڵانه‌یان پووچه‌ڵ کردونه‌ته‌وه.
ماوه‌ی په‌نجا-شێست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئیسڕائیل قوڕئانێکی بڵاو کرده‌وه که ته‌واوی ئه‌و ئایه‌تانه‌ی که له زه‌م و فڕی نه‌ته‌وه‌ی ئیسڕائیلدا هاتوون، ده‌ری هاویشتن و به هه‌زاران دانه‌ی له‌و قوڕئانه له پاکستان و ده‌ورووبه‌ر بڵاو کرده‌وه و وایان زانی که ئه‌وێ وڵاتێکه، که‌س تێناگات و پاشان بڵاو ده‌بێته‌وه و له‌گه‌ڵ قوڕئانهکانیتر تێکه‌ڵ ده‌بێت و خه‌ڵک سه‌ری لێده‌شه‌وێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ندی حافزی قوڕئان لێ بوو که هه‌ر که‌س ده‌یخوێنده‌وه، ده‌یدیت که ئه‌و ئایه‌تانه‌ی لێ که‌م بۆته‌وه. بۆیه فه‌رمانیان دا که ته‌واوی ئه‌و قوڕئانانه کۆ بکه‌نه‌وه و بیانسووتێنن. ده‌یان کاری دیکه‌ی له‌م چه‌شنه‌ش کراوه، به‌ڵام هه‌مووی ئه‌وانه شکستیان خواردوه. که‌وابوو ئه‌رکێکی که له‌و بواره‌وه موسوڵمانان له ئه‌ستۆیان گرتووه، ئه‌وه‌یه که شه‌و و ڕۆژ ده‌یخوێننه‌وه و له‌به‌ری ده‌که‌ن و… به‌م چه‌شنه ئه‌م قوڕئانه پارێزراوه.
کارێکی به‌نرخی که موسوڵمانان له‌و بواره‌دا کردوویانه، ئه‌وه‌یه که له زۆر شوێن له ئاستی جیهانیدا بنکه‌ی له‌به‌ر کردنی قوڕئانیان داناوه، تاکو قوڕئانی پیرۆز له‌به‌ر بکه‌ن. ئه‌و ئه‌رکه‌یان به شێوازێکی زۆر جوان به‌جێ هێناوه و سپاس بۆ خوا ده‌بینین که که‌سانێکی زۆر له دنیادا هه‌ن که قوڕئانیان له‌به‌ر کردووه. که‌سانێکیش که له‌به‌ریان نییه، هه‌ر وه‌ک له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بۆته فه‌رهه‌نگ، قوڕئان ده‌خوێننه‌وه و خه‌تمی ده‌که‌ن. ئه‌و فه‌رمووده سه‌حیحه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا(د.خ) که ده‌فه‌رموێت: هه‌ر که‌س قوڕئان بیخوێنیته‌وه، بۆ هه‌ر پیته‌ی، ده خێری بۆ ده‌نووسرێت، موسوڵمانان به شێوازێک ئه‌و فه‌رمووده‌یان به‌کار هێناوه که که‌سانێکی زۆر که هیچیش له قوڕئان تێناگه‌ن، به‌ڵام حه‌ز و شه‌وقێکی زۆریان هه‌یه که به ماوه‌ی ساڵێ یا مانگێ جارێک و بگره که‌متریش، قوڕئان خه‌تم بکه‌ن. به‌م چه‌شنه قوڕئانی پیرۆز وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه و هه‌مووی ئه‌وانه پیرۆزن، به‌ڵام به‌س نییه.
قوڕئان بۆوه‌ی نه‌هاتووه که موسوڵمانان خه‌تمی بکه‌ن و خێره‌که‌ی پێشکه‌شی ڕوحی خۆشه‌ویستانیان بکه‌ن. قوڕئان به‌رنامه‌ی به‌خته‌وه‌ری و ژیانی مرۆڤه. ئه‌و بواره‌ی که له قوڕئانی پیرۆزدا زۆر گرینگی پێدراوه و به‌داخه‌وه که‌متر سه‌رنجی دراوه‌تێ، باسی وردبوونه‌وه و تێفکرین له ئایه‌ته‌کانی قوڕئانه.
له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و دوای ئه‌ویش تا چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک، موسوڵمانان تێڕامانیان له قوڕئان زۆر بوو. به‌ڵام ورده ورده موسوڵمانان ڕوحی قوڕئانیان له‌بیر کرد و زۆرتر سه‌رنجیان داوه‌ته ڕواڵه‌تی ئه‌و و بهمچهشنه، وردبوونه‌وه‌یان له قوڕئان زۆر که‌م بۆته‌وه و زیاتر یه‌کتریان هان داوه که قوڕئان به‌س بخوێننه‌وه و خه‌تمی بکه‌ن. له کاتێکدا که ئه‌وه بنه‌مای قوڕئان نییه و بنه‌ماکه‌ی که تێڕامان و تێفکرینه، کاکڵی ئه‌و ئایینه پیرۆزه دێنیته ده‌ر.
هیچ کات وه‌ک ئه‌م سه‌رده‌مه پێویستیمان به وردبوونه‌وه له قوڕئان نه‌بووه. چونکه مرۆڤ له‌و سه‌رده‌مه‌دا، وێڕای هه‌موو پێشکه‌وتنی زانستی و ئاسووده‌یی له ژیانیدا، به‌ڵام له سه‌رلێشێواوییه‌کی زۆر گه‌وره دایه، چونکه له نوور و هیدایه‌تی خوا بێ به‌شه. ته‌نانه‌ت موسوڵمانانیش سه‌رلێشێواون و زۆرێک له موسوڵمانان له په‌یامی ئه‌و کتێبه تێنه‌گه‌یشتوون. ئه‌وڕۆ دنیا پڕ بووه له ڕکابه‌ری ماددی و گۆڕانکاری خێرا. هه‌مووی ئه‌وانه له‌سه‌رمان پێویست ده‌کات که له قوڕئان ورد بینه‌وه. دنیای ئه‌وڕۆ له هه‌موو بوارێک‌دا پڕه له زانست و هه‌زاران په‌رتووک نووسراوه، به‌ڵام ئه‌وانه ته‌نیا به‌شێکی چووکن. ته‌نانه‌ت موسوڵمانانیش زۆر جار زانستی ئایینی‌یان زۆره و له هه‌ر بواره‌یدا شتێکیان بیستووه و ڕه‌نگه به ڕێژه‌ی ئوقیانووسێک زانستیان هه‌بێت، به‌ڵام ئوقیانووسێک که قوڵاییه‌که‌ی ته‌نیا دوو سانتیمیتره، چونکه له کاکڵی ئه‌و دینه تێنه‌گه‌یشتوون. مرۆڤ دوای ئه‌و هه‌موو زانسته، ئێستاش نازانێت مه‌به‌ست له به‌دیهاتنی چییه و بۆچی هاتۆته سه‌ر ئه‌و دنیایه؟ کاتێک که هه‌رچه‌ند که‌ره‌سه و پێداویستی ته‌واویشت هه‌بێت، به‌ڵام مه‌به‌ست له به‌دیهاتنت نه‌زانی، وه‌ک ئه‌وه‌یه که هیچت نه‌بێت.
زانایه‌ک ده‌ڵێت؛ بیر و هزری مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه، وه‌ک ئه‌وه‌یه که که‌سێک خۆی له دیوێکدا زیندانی کردبێت، ئه‌و دیوه هێندێک پێداویستی وه‌ک کتێب و ڕاخه‌ر و چرا و … لێیه و هه‌مووانی ده‌یان و سه‌دان جار چاو لێکردوه و ده‌وری کردۆته‌وه، به‌ڵام ئێستاش نازانێت ئه‌و دیوه له چ خانوویه‌ک دایه، نازانێت له چ گه‌ڕه‌کێکه؟ یا له چ وڵاتێک دایه؟ و به جۆرێک هه‌ست به سه‌رلێشێواوی ده‌کات. جێی داخه که زۆرێک له موسوڵمانان، کاروباری ڕۆژانه وایان لێ ده‌کات که چی بکه‌ن و چی نه‌که‌ن؟ واته: «هه‌رچی هاته پێش، به‌خێر بێت» و هیچ به‌رنامه و ئامانجێکیان بۆ ژیان نییه و نازانن که ده‌بێ سه‌ره‌تا گرینگی به چ شتانێک بده‌ن! به بیری ئامانجی گه‌وره نین و نازانن که خوای گه‌وره چ ئه‌رکێکی له‌سه‌ر شانی داناون. که ئایا بۆ کێبڕکێیه‌کی بێکه‌ڵک خوڵقێندارون یا بۆ ئامانجێکی گه‌وره‌تر؟
ئه‌وڕۆ موسوڵمانان، بواری لاوه‌کی و بنه‌ڕه‌تی ئایینیان لێ گۆڕاوه و هێندێک که‌س، ته‌نیا جه‌خت ده‌که‌نه سه‌ر ڕواڵه‌تێک له دینداری، وه‌ک هێشتنه‌وه‌ی ڕیش و… و له شتانی دیکه زۆر بێ خه‌به‌رن. یا که‌سێکیتر ته‌نیا جه‌ختی کردۆته سه‌ر ئایه‌تێک و ئه‌وه‌ی ده‌ی وه‌پشت گوێ خستوه. هه‌مووی ئه‌وانه به هۆی ئه‌وه‌یه که له‌و کتێبه ورد نابنه‌وه، بۆیه موسوڵمانان ئه‌وڕۆ زۆر پێویستیان به ڕامان و وردبوونه‌وه له قوڕئانه.
ژیانی موسوڵمان ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ڕیزبه‌ندی یه‌که‌مینه‌کان نه‌بێت، هیچ که‌ڵک و قازانجێکی نابێت. بۆیه پێویسته سه‌ره‌تا له قوڕئان ورد بینه‌وه. مرۆڤ هیچ کات وه‌ک ئه‌وڕو به به‌راورد له‌گه‌ڵ ڕابردوو، به‌ستێنی تێڕامان له قوڕئانی بۆ ئاماده نه‌بووه. پێشکه‌وتنی زانستی مرۆڤ، یارمه‌تی زۆری به وردبوونه‌وه له قوڕئان داوه. له بواری ده‌روونناسی، کۆمه‌ڵناسی، سروشتی و… مرۆڤ به‌ڕاده‌یه‌ک داهێنه‌ری و گه‌شه‌ی هه‌بووه که به زۆرێک له نه‌هێنییه‌کانی جیهان گه‌یشتووه و زه‌ینی ئاماده‌یه که له‌و کتێبه‌دا زۆرتر ورد بێته‌وه، که له ڕابردوودا ئه‌و به‌ستێنه‌ی بۆ دابین نه‌کرابوو. ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر پێشکه‌وتنی مرۆڤ و دۆزینه‌وه‌ی یاساکانی جیهانی هه‌ستی و دیاره خوای گه‌وره‌ش که ئه‌و کتێبه‌ی ناردووه، له‌گه‌ڵ زانستی جیهاندا هیچ دژایه‌تییه‌کی نییه.
ئه‌م قوڕئانه له‌گه‌ڵ ئه‌و جیهانه‌ی که سه‌یری ده‌که‌ین، هاوسانی ته‌واوی هه‌یه. به هه‌ر ڕاده‌یه‌ک که به ڕامان له‌و جیهانه‌دا، گه‌وره‌یی خوای به‌دیهێنه‌رمان بۆ ده‌رکه‌وێت، هه‌ر به‌و ڕێژه‌یه گه‌وره‌یی ئه‌و کتێبه‌ش زۆرتر ئاشکرا ده‌بێت و به هه‌ر ڕێژه‌یه‌ک که زۆرتر له‌و کتێبه تێبگه‌ین، زۆرتر له جیهانی هه‌ستی تێده‌گه‌ین و ده‌توانین بیرمان وه‌کار خه‌ین و لێی ورد بینه‌وه و ئه‌وه بنه‌مایه‌کی ڕاسته. ته‌واوی ده‌ستکه‌وته‌کانی مرۆڤ که تاکو ئێستا پێی گه‌یشتووه، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای زانستێکی ڕاسته‌قینه بێت، ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لمێنیت که قوڕئان له لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه هاتووه.
ئه‌و زانست و دۆزینه‌وانه‌ی که تا ئێستا مرۆڤ پێی گه‌یشتووه، هه‌مووی له به‌رهه‌می ئه‌و ئایه‌ته‌یه که خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: «سَنُرِیهِم آیَاتِنَا فِی أَنفُسِهِم حَتَّی یَتَبَیَّنَ لَهُم أَنَّهُ الحَقُّ…» (فصلت/۵۳) واته: «ئێمه له داهاتوودا به‌ڵگه و نیشانه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ریان نیشان ده‌ده‌ین له ئاسۆکانی بوونه‌وه‌ردا له خودی خۆیشیاندا؛ ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی تا چاک بۆیان ڕوون بێت و دڵنیا بن که ئه‌و زاته حه‌ق و ڕاست و ڕه‌وایه».
به‌شه‌ر ئه‌وڕۆ هه‌رچه‌نده له بواره‌کانی جۆراوجۆردا پێشکه‌وتووه، به‌ڵام جگه له ده‌رخستنی ئایه‌ت و نیشانه‌کانی خوای گه‌وره، هیچ کاری دیکه‌ی نه‌کردووه. مرۆڤ ناتوانێت هیچ یاسایه‌ک بۆ سروشت داڕێژیت، به‌ڵکو ته‌نیا ده‌توانێت یاساکان ئاشکرا کات و بیاندۆزێته‌وه. له بواری پزیشکی، ئاسمانه‌کان و زه‌وی، هه‌موو چه‌شنی ئاژه‌ڵ و گیانله‌به‌ران، زه‌ریاکان و… ته‌واوی ئه‌و ئایه‌ت و نیشانانه، ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن که به‌ڕاستی ئه‌م کتێبه له لایه‌ن خواوه هاتووه. خوای گه‌وره ۱۴۰۰ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سوێند به شوێنی ئه‌ستێره‌کان ده‌خوات: «فَلَا أُقسِمُ بِمَواقِعِ النُّجُومِ وَ إِنَّهُ لَقَسَمٌ لَّو تَعلَمُونَ عَظِیمٌ» (واقعه/۷۵-۷۶) واته: «سوێند به شوێنی ئه‌ستێره‌کان، بێگومان ئه‌و سوێنده گه‌ر بزانن سوێندێکی زۆر گه‌وره‌یه».
ئه‌و شته‌ی که له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆرتر ده‌رکه‌وتووه و ڕه‌نگه له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر(د.خ) –به‌هۆی نه‌بوونی زانستی ئه‌ستێره‌ناسی- لێی تێنه‌گه‌یشتبن. زانایانی ئه‌ستێره‌ناس ده‌ڵێن؛ ڕێژه‌ی ئه‌ستێره‌کان، ده به‌رابه‌ری ورده به‌رده‌کانی سه‌ر زه‌وییه. هه‌روه‌ها دوو تریلیۆن کاکێشان دۆزراوه‌ته‌وه و هه‌ر کاکێشانه‌ی سه‌دان میلیارد ئه‌ستێره‌ی هه‌یه (چه‌نده‌ش له‌ده‌ره‌وی زانستی ئینسان دایه، خوا بۆ خۆی ده‌زانێت). ده‌ی هه‌ر به‌دیهێنه‌ری ئه‌م بوونهوهرهش، ئه‌و کتێبه‌ی ناردووه: «وَ إِنَّهُ لَقَسَمٌ لَّو تَعلَمُونَ عَظِیمٌ، إنَّهُ لَقُرآنٌ کَرِیمٌ، فِی کِتَابٍ مَکنُونٍ، لَا یَمَسُّهُ إلَّا المُطَهَّرُونَ، تَنزِیلٌ مِن رَبِّ العَالَمِینَ» (واقعه/۷۶-۸۰). واته: «و ئه‌گه‌ر بزانن ئه‌وه سوێندێکی زۆر گه‌وره‌یه، به‌ڕاستی ئه‌وه قوڕئانێکی زۆر پیرۆز و به‌رزه، له کتێبێکی شاراوه‌دا پارێزراوه، ته‌نیا پاکان نه‌بێت که‌س ده‌ستی لێ نادات، ئه‌م قوڕئانه له لایه‌ن په‌روه‌ردگاری جیهانیانه‌وه نێردراوه‌ته خواره‌وه».
که‌واته مرۆڤ ئه‌وڕۆ به‌ستێنی وردبوونه‌وه له‌م قوڕئانه‌ی بۆ ئاماده‌یه. ئێمه لێره‌دا به کۆمه‌ڵه نموونه‌یه‌ک که پێویستی مرۆڤه، ئاماژه ده‌که‌ین:
خاڵی یه‌که‌م؛ هه‌ر وه‌ک که دکتۆرێک ده‌رمانی جۆراوجۆر بۆ نه‌خۆشه‌کانی ده‌نووسێت و بۆ که‌سێک که نه‌خۆشه، هه‌ر جاره‌ی ده‌رمانێکی پێ ده‌دات. ئێمه‌ش بۆ قوڕئان، هه‌ر جاره‌ی پێویستیمان به شتێکه. له‌وانه‌یه ئه‌وڕۆ پێویستیمان به به‌ڕێوه‌بردنی ئایه‌تێک نه‌بێت، یا ڕه‌نگه ئایه‌تێک ئێستا کاتی نه‌هاتبێت.
ئه‌وڕۆ موسڵمانان له بواری ژیاری، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، ڕه‌وشتی و… تووشی دابه‌زینێکی زۆر بوون و به‌داخه‌وه پێگه‌یه‌کی ئه‌وتۆیان له دنیادا نییه. هۆکاری ئه‌وه‌یکه کوشت و کوشتار له نێو موسوڵمانان وه‌ڕێ خراوه و دوژمنان و داگیرکه‌ران ته‌ماحیان تێ کردوون و…، چییه؟ پێویسته که موسوڵمانان هۆکاره‌که‌ی بدۆزنه‌وه و چاره‌سه‌ری بکه‌ن. بۆ ئه‌و کاره‌ش پێویسته سه‌ردانی کتێبه‌که‌یان بکه‌ن و بزانن که ئه‌و هه‌موو هه‌ژاری و نه‌داری و نه‌گبه‌تییه، بۆ له نێو موسوڵمانان دایه؟ ئایا دینداری و قوڕئان ئه‌وه‌ی هێناوه؟ هه‌ر وه‌ک زۆرێک له خه‌ڵک به‌داخه‌وه تێگه‌یشتنێکی ئاوا هه‌ڵه‌یان له ئایین هه‌یه و ده‌ڵێن هه‌ر شوێنێک موسوڵمانی لێ بێت، به‌دبه‌ختی و نه‌گبه‌تی لێیه! نه‌خێر، به‌ڵکو موسوڵمانان به هۆی دووربوونه‌وه له به‌رنامه‌ی خوا، تووشی ئه‌و گرفت و چارهڕهشییه بوون. کێ هه‌یه مناڵ و خێزان و کۆمه‌ڵگای له‌سه‌ر بنه‌مای قوڕئان په‌روه‌رده کردبێت و تووشی خه‌سار و به‌دبه‌ختی بووبێت؟!
دوای ئه‌و هه‌موو پیلانگێڕانه‌ی دژ به موسوڵمانان له دنیادا، ئه‌و بیره بۆ موسوڵمانان دروست بووه که ئه‌و ته‌وژمه، هه‌مووی له ژێر سه‌ری ئه‌و پیلانانه دایه و ئه‌گه‌ر دوژمنان کاریان به ئێمه نه‌بێت، ئه‌وه ئێمه له ژیانێکی زۆر ڕێکوپێک و بێ‌گرفتدا ده‌بووین. ئه‌گه‌ر داگیرکه‌ران وڵاتیان لێ داگیر نهکردبایین، ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو سه‌رچاوه سروشتیانه‌ی که هه‌مانه، ئێستا له دۆخێکی زۆر جیاوازدا ده‌بووین!!
به‌ڵام له‌بیرمان بێت ئه‌و دنیایه، شوێنی تاقی کردنه‌وه‌یه و ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی نێوان زۆردار و لاواز که ده‌سه‌ڵاتدار ده‌ست به‌سه‌ر لاوازدا ده‌گریت، هه‌ر هه‌بووه. به‌ڵام قوڕئان ڕێنوێنیمان ده‌کات که ئه‌رکی ئێمه‌ی موسوڵمان لێره‌دا چییه؟ ئێمه ئه‌گه‌ر موسوڵمانێکی ڕاسته‌قینه بین، هێنده خه‌ساره‌ت نابینین. به‌ڵام به‌داخه‌وه موسوڵمانان له‌سه‌ر پێوه‌ری کتێبی خوا ژیانیان نه‌بردۆته سه‌ر و زۆر لێی دوور که‌وتوونه‌ته‌وه.
هه‌ر وه‌ک جه‌سته‌یه‌کی لاواز که هه‌موو ویرووسێک ده‌توانێت هێرشی بۆ بکات، به‌ڵام جه‌سته‌یه‌ک که واکسێن کراوه و به‌هێزه، ئه‌وه ویرووسه کاری تێناکات و بچێته نێو نه‌خۆشانیش، نه‌خۆش نابێت. که‌واته: «له خۆمانه‌وه‌یه هه‌رچی که به‌سه‌رمان دێت».
خوای گه‌وره سه‌باره‌ت به پیلانی دوژمنان ده‌فه‌رموێت: «لَن یَضُرُّکُم إلَّا أَذًی وَ إِن یُقَاتِلُوکُم یُوَلُّوکُمُ الأدبَارَ ثُمَّ لا یُنصَرُونَ» (ال عمران/۱۱۱) واته: «هه‌رگیز ناتوانن زیان (له بیر و باوه‌ڕتان) بده‌ن، مه‌گه‌ر ئازارێکی که‌م و ئه‌گه‌ر دژ به ئێوه شه‌ڕ بکه‌ن، پشتتان لێهه‌ڵده‌که‌ن و هه‌ڵدێن، له‌وه‌و دواش سه‌رکه‌وتوو نابن».
به‌ڵام ئایا موسوڵمانانی ئه‌وڕۆ به‌م چه‌شنه‌ن؟ زۆرێک له موسوڵمانان ده‌ڵێن ئه‌و ئایه‌ته ده‌بێ سه‌باره‌ت به ئێمه‌ش ڕاست بێت! به‌ڵام ئایا ئه‌و موسوڵمانانه خۆیان ئاماده کردووه؟ ئایا یه‌کگرتوون؟ ئایا په‌رته‌وازه‌یی ئه‌وانی له حه‌رزێ نه‌داوه، له کاتێکدا دوژمنان هه‌موو یه‌کگرتوو و یه‌کپارچه‌ن؟ ده‌ی به‌م چه‌شنه‌یه که موسوڵمانان تێکده‌شکێن. ئه‌و موسوڵمانانه‌ی که بوونه‌ته ده‌یان و سه‌دان ده‌سته و فکر و هه‌ر کامیان خۆی به ڕاست ده‌زانێت و ئه‌وه‌یتر به کافر و بێ‌دین هه‌ژمار ده‌کات.
خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: «وَ لا تَنَازَعُوا فَتَفشَلُوا وَ تَذهَبَ رِیحُکُم وَاصبِرُوا إِنَّ اللهَ مَعَ الصَّابِرِینَ» (انفال/۴۶) واته: «و ئاشووب و ئاژاوه مه‌گێڕن و مه‌چن به‌گژ یه‌کدا، خۆ ئه‌گه‌ر بچن به‌گژ یه‌کدا و یه‌کتر بشکێنن، ئه‌وه شکست و لاوازی ڕووتان تێده‌کات و هه‌یبه‌ت و شکۆداری و ده‌سه‌ڵاتتان له‌به‌ین ده‌چێت و ده‌بێ خۆگر بن، چونکه به‌ڕاستی خوا یار و یاوه‌ری خۆگر و ئارامگرانه».
بۆیه موسوڵمانان له دۆخێکی شیاودا نین. له کاتێکدا ئه‌گه‌ر خۆڕاگر و یه‌کگرتوو بن، به دروستی له قوڕئان تێگه‌یشتبن و په‌یڕه‌وی لێ بکه‌ن و ئه‌هلی سه‌بر و خۆڕاگری بن، ئه‌هلی برایه‌تی و یه‌کگرتوویی بن، ئه‌وه فڕ و فێڵی دوژمنان کاریان تێ ناکات. نه ئه‌وه‌یکه ئه‌گه‌ر که‌سێک ته‌نیا جیاوازییه‌کی چوکی له‌گه‌ڵ ئێمه هه‌بێت، زۆر به ساکاری به بێ‌بڕوا و بێ‌دین و تاوانبار هه‌ژماری بکه‌ین. ئه‌گه‌ر ئێمه له دنیای ئه‌وڕۆدا که دوژمنان یه‌کجار زۆرن، به دروستی له‌و ئایه‌تانه تێگه‌یشتبین، ده‌توانین ژیانێکی زۆر هاوسه‌نگ و ڕێکوپێکمان هه‌بێت.
مه‌گه‌ر خه‌ڵکی هیندوستان چۆن توانیان داگیرگهرانی ئینگلیز له وڵاتی خۆیان وه‌ده‌ر نێن؟ ئایا به شه‌ڕی چه‌کداری؟ نا؛ ته‌نیا به به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی نه‌رێنی، واته نه‌ته‌وه‌یه‌کی یه‌کگرتوو بوون. به‌ڵام موسوڵمانان که هێنده خه‌ساره‌ت ده‌بینن، به هۆی ئه‌و په‌رته‌وازه‌یی و په‌رێشانییه‌یه که له نێوانیان دایه.
موسوڵمانان پێویسته به وردبوونه‌وه له‌و کتێبه به خۆیاندا بێنه‌وه، که ئایا یه‌کگرتوویییان هه‌یه؟ هه‌ر وه‌ک که خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: «وَاعتَصِمُوا بِحَبلِ اللهِ جَمِیعًا وَ لَا تَفَرَّقُوا» (ال عمران/۱۰۳) واته: «(هه‌وڵ بده‌ن) هه‌ر هه‌مووتان به توندی ده‌س بگرن به ئایینی خواوه‌وه و بڵاو مه‌بن»، ئایا ئێمه ئه‌و کاره‌مان کردووه، ئه‌گه‌ر وامان کردبێت، ئه‌وه به دڵنیایی دوژمنان ناتوانن زه‌فه‌رمان پێ ببه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وا نه‌بووین، ئه‌وه زۆر به ساکاری تووشی خه‌سار و زه‌ره‌ری گه‌وره ده‌بین.
خاڵی دووهه‌م؛ زۆرێک له موسوڵمانان به‌رده‌وام جه‌خت ده‌که‌نه ڕه‌خنه له‌سه‌ر دوژمنان و سه‌رنجیان له ده‌ره‌وه‌ی خۆیانه و که‌س نییه خۆی به تاوانبار بناسێنیت. ئه‌و کۆمه‌ڵه ده‌ره‌نجام و گرفت و کێشانه‌ی که له جیهانی ئیسلامدا هه‌یه، به گژ ئه‌وه‌یتری داده‌بات. ته‌نانه‌ت ئێمه نه‌ته‌وه‌ی پێش خۆمان تاوانبار ده‌که‌ین و له‌وانه‌یه هه‌ر به‌م چه‌شنه‌ش نه‌ته‌وه‌ی دوای ئێمه‌ش، ئێمه به تاوانبار بزانێت. ئه‌وه بۆته کولتوورێک له ناو موسوڵماناندا: «کێ بوو کێ بوو؟ من نه‌بووم».
ئێمه ئه‌گه‌ر به وردی له قوڕئان‌دا، تێڕوانینمان هه‌بێت، ده‌بینین که خوای گه‌وره نموونه‌مان له ژیانی پێغه‌مبه‌رانێک بۆ دێنیته‌وه که پاک و بێ‌تاوان بوون. ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه بۆ خۆیان ڕه‌خنه‌یان له زاتی خۆیان گرتووه. خوای گه‌وره ئه‌و ئایه‌تانه بۆ ئێمه باس ده‌کات، تاکو په‌ند و ئامۆژگاریان لێ وه‌رگرین.
پێغه‌مبه‌ر ئاده‌م(دروودی خوای لێ ببێت) دوای ئه‌وه‌یکه له داره قه‌ده‌غه‌کراوه‌که‌ی خوارد و له باخه‌که وه‌ده‌رێ نهرا، له خوای گه‌وره پاڕایه‌وه: «قَالاَ رَبَّنَا ظَلَمنَا أَنفُسَنَا وَ إِن لَّم تَغفِر لَنَا وَ تَرحَمنَا لَنَکُونَنَّ مِنَ الخَسِرِینَ» (اعراف/۲۳) واته: «وتیان: په‌روه‌ردگارا ئێمه سته‌ممان له خۆمان کرد، خۆ ئه‌گه‌ر لێمان خۆش نه‌بیت و به‌زه‌ییت پێمان‌دا نه‌یه‌ته‌وه، ئه‌وه به‌ڕاستی ئێمه سوێند به خوا له خه‌ساره‌تمه‌ند و زه‌ره‌رمه‌ندانین».
ئاده‌م پێغه‌مبه‌ری خوایه که له خوا ده‌پاڕێته‌وه و ئه‌وه‌مان فێر ده‌کات، که ئه‌ی موسوڵمانان ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش تووشی هه‌ڵه و تاوان بوون، سه‌ره‌تا ڕه‌خنه له خۆتان بگرن نه‌ک بۆ هه‌مووشتێک دیتران به تاوانبار بزانن.
خوای گه‌وره سه‌باره‌ت به یونس(دروردی خوای لێ بێت) ده‌فه‌رموێت: «وَ ذَا النُّونِ إِذ ذَّهَبَ مُغَضِبًا فَظَنَّ أَن لَّن نَّقدِرَ عَلَیهِ فَنَادَی فِی الظُّلُمَاتِ أَن لَا إلَهَ إَلَّا أَنتَ سُبحَانَکَ إِنِّی کُنتُ مِنَ الظَّالِمِینَ» (انبیاء/۸۷) واته: «یادی (ذو النُّونِ)یش بکه‌ره‌وه (که یونس پێغه‌مبه‌ره) کاتێک به توڕهیییهوه ڕۆیشت، گومانی وابوو که هه‌رگیز دنیای لێ ته‌نگ ناکه‌ینه‌وه، جا له ناو تاریکاییه‌کاندا، هاوار و نزای لێ به‌رز بۆوه و وتی: په‌روه‌ردگارا هیچ خوایه‌ک نییه جگه له تۆ، پاکی و بێگه‌ردی هه‌ر بۆ تۆیه، به‌ڕاستی من له سته‌مکاران بووم».
ئه‌وه بۆ ئه‌وه‌یه که ئێمه‌ی موسوڵمان فێر بین که سه‌ره‌تا ڕه‌خنه له زاتی خۆمان بگرین و ئه‌و فه‌رهه‌نگه بکه‌ینه باو له نێو کۆمه‌ڵگادا، دایک و باوک ڕه‌خنه‌په‌زێر بن، مامۆستا، کرێکار و هه‌ر که‌سێکیتری نێو کۆمه‌ڵگا ڕه‌خنه له خۆی بگرێت و ڕه‌خنه‌په‌زێر بێت. چونکه هیچ که‌س به ته‌واوی پاک و بێههڵه نییه و هه‌ر که‌س شتێکی وا بڵێت، ئه‌وه به هه‌ڵه‌دا چووه.
کاتێک که پێغه‌مبه‌رانی خوا که پاکن، به‌ڵام دان به هه‌ڵه‌ی خۆیان داده‌نێن، ئه‌ی ئێمه چی؟! خوای گه‌وره ئه‌و چیرۆکانه بۆ ئێمه باس ناکات که بڵێت ئه‌و پێغه‌مبه‌ره ئاوا بووه! به‌ڵکو پێمان ده‌ڵێ که ئێمه‌ش وه‌ک ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه ڕه‌خنه له خۆمان بگرین و دان به هه‌ڵه‌کانی خۆمان دابێنین و داوای لێخۆشبوو‌ن له خوای مه‌زن بکه‌ین.
ئه‌گه‌ر ئێمه له قوڕئانی پیرۆز ورد نه‌بینه‌وه، ناتوانین ئه‌و په‌یامانه وه‌رگرین. زۆرێک له خه‌ڵک چیرۆکی حه‌زره‌تی یونس و پێغهمبهرانیتر ده‌خوێنیته‌وه، به‌ڵام هیچ ئامۆژگاری لێ وه‌رناگریت.
یا پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان(د.خ) له قوڕئانی پیرۆزدا لۆمه‌ی لێ کراوه: «عَبَسَ وَ تَوَلَّی أَن جآءَهُ الأعمَی» (عبس/۱-۲) یا له شوێنێکی‌تردا ده‌فه‌رموێت: واته: «خوا لێت خۆش بێت (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)) بۆ مۆڵه‌تت دانێ؟ (نه‌ده‌بوایه مۆڵه‌تیان بده‌یتێ) هه‌تا به‌چاکی بۆت ده‌ربکه‌وێت، کێ ڕاسته و باوه‌ڕ دامه‌زراوه، کێش درۆزن و دووڕوویه».
خوای گه‌وره ئه‌و شتانه باس ده‌کات و ڕه‌خنه‌که ئاراسته‌ی پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی ده‌کات و پێغه‌مبه‌ره‌کانیش دان به هه‌ڵه‌ی خۆیان داده‌نێن. یا به حه‌زه‌رت موحه‌ممه‌د ده‌فه‌رموێت: داوای لێخوش‌بوون هه‌م بۆ خۆت بکه و هه‌م بۆ بڕواداران. ده‌ی ته‌نیا ئه‌وه‌نده به‌سه که موسوڵمانان به‌خۆیان دابێنه‌وه. ئه‌گه‌ر که‌سێک خۆی پێ پاک بوو و ڕه‌خنه‌ی له خۆ نه‌گرت و هه‌موو شته‌کانی خۆی پێ دروست بوو، ئه‌وه هیچ کات ناتوانێت ده‌رباز بێت و هه‌ڵه دوای هه‌ڵه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌یکه پشتی بچه‌مێته‌وه و له هه‌مان کاتیش‌دا خۆی پێ ڕاست و له‌سه‌ر حه‌قه.
که‌سێک که ڕه‌خنه له خۆی ده‌گرێت، هه‌وڵ ده‌دات هه‌ر سته‌مێکی که له ئاست خۆی یا خوای گه‌وره و یا له ئاست خه‌ڵکدا بیکردبێت، قه‌ره‌بووی بکاته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه له خۆی نه‌گرت، ئه‌وه هه‌ر درێژه به‌و ڕێبازه هه‌ڵه و به‌لاڕێیه‌ی ده‌دات.
خاڵی سێهه‌م؛ ئه‌رکه‌کانی ئه‌م دینه زۆرن، کهمکاریش له لایه‌ن موسوڵمانان یه‌کجار زۆره. زۆرێک له بانگخوازانی ئایینی ئیسلام له گۆڕه‌پانی بانگه‌وازیدا، دێن هێندێک له گوناح و تاوانه‌کان له ڕاده‌به‌ده‌ر زه‌ق ده‌که‌نه‌وه، له کاتێکدا ئه‌و تاوانانه به به‌راورد له‌گه‌ڵ تاوانهکانیتری که لای خوای گه‌وره زۆر گه‌وره‌تر و مه‌ترسیدارترن، ئه‌وه‌نده گرینگ‌یان نییه. ئێمه ئه‌گه‌ر چاو له قوڕئانی پیرۆز بکه‌ین، بابه‌ت و تاوانه گه‌وره‌کانی به هه‌موو جۆر دوپات کردۆته‌وه و گرینگی تایبه‌تی پێ داون. واته ئه‌گه‌ر له‌وانه تێگه‌یشتین و ئیمان و بڕوا له‌وانه‌دا دامه‌زراو بوو، ئه‌وه له شتانی‌دی ده‌پارێزرێین. شتانی وه‌ک ئه‌وه‌یکه خۆت بۆ خوای گه‌وره یه‌کلا بکه‌یه‌وه و ئیمان به دواڕۆژ و ترس له لێپرسینه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژه له دڵدا دامه‌زرێت، هه‌روه‌ها چه‌مکه‌کانی وه‌ک نوێژ، ڕۆژوو، زه‌کات، زانست، پارێزگاری و فه‌رمان به چاکه و قه‌ده‌غه له خراپه و… که له دڵ و ده‌روونی موسوڵماناندا دامه‌زراو بێت، ئه‌وه له زۆرێک له تاوانهکانیتر دوور ده‌که‌ونه‌وه. ئایه‌ته‌کانی جۆراوجۆری قوڕئانی پیرۆز باس له‌و بابه‌تانه‌ی که ئاماژه‌یان پێ کرا، ده‌کات. یه‌ک له چواری ئایه‌ته‌کانی قوڕئان باس له دواڕۆژ ده‌کات. زۆرێک له ئایه‌ته‌کان خوای گه‌وره‌مان پێ ده‌ناسێنیت، یا باس له پێغه‌مبه‌ران ده‌کات و ده‌یان و سه‌دان جار ئه‌وانه دوپات ده‌کاته‌وه.
به‌ڵام ده‌بینین له قه‌راغ ئه‌وه‌شدا هێندێک تاوان هه‌ن که خوای گه‌وره یه‌ک جار ئاماژه‌ی پێ ده‌کات. له قوڕئان‌دا یه‌ک جار باس له خوسپ و پاشه‌ملێ قسه‌کردن کراوه، یا دوو سێ جار باسی دزی کراوه، به‌ڵام یه‌کێک دێت غه‌یبه‌ت له ڕاده‌به‌ده‌ر گه‌وره ده‌کات. به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا نایه‌ت که وردبوونه‌وه و تێڕامان له‌سه‌ر به‌هێز کردن و پته‌وکردنی ئیمان به خوا و دواڕوژ بکات. له کاتێکدا خوای گه‌وره له قوڕئان‌دا، ئه‌وانه وه‌ک ئه‌ساس وبنهما، به ڕێژه‌یه‌کی زۆر باس لێ ده‌کات.
که‌سێک که هه‌میشه خۆی له ژێر چاودێری خوای گه‌وره‌دا ببینێت و به بیری دادگای دواڕۆژ بێت، ئه‌و که‌سه تووشی خۆسپ نابێت. خوای گه‌وره پێمان ده‌ڵێت که بنه‌ماکان ڕه‌چاو بکه‌ین. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه به‌و مانایه نییه که ده‌ستدرێژی بکرێته سه‌ر ماڵ و نامووسی خه‌ڵک و گرینگی پێ نه‌درێت، به‌ڵکو یه‌کێک له ئامانجه‌کانی ئه‌و دینه پاراستنی ماڵ و گیانی مرۆڤه‌کانه. یا ئه‌وه‌یکه بڵێین دزی ڕه‌وایه، نه‌خێر خوای گه‌وره به ڕه‌وای نازانێت. به‌ڵام ته‌نیا دوو جار باسی ده‌کات، یا خۆسپ جارێک باسی کردووه و زۆرێک له تاوانه‌کان هه‌ر باسی لێ نه‌کردوون و ته‌نیا له فه‌رمووده‌کانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)دا هاتوون.
لێره‌دا موسوڵمانان ده‌بێ ئه‌وه‌یان له‌بیر بێت که بنه‌ماکان ڕه‌چاو بکه‌ن و بزانن که قوڕئانی پیرۆز جه‌ختی کردۆته سه‌ر چ شتێک؟ ئه‌گه‌ر ئێمه له‌و شتانه تێگه‌یشتین، ئه‌و ده‌م به وردبوونه‌وه له‌و بنه‌ما نه‌گۆڕه‌ی که قوڕئان زۆری جه‌خت له‌سه‌ر کردووه، سه‌رقاڵی ئه‌وان بین و له دڵ و ده‌روونی خۆمان و بنه‌ماڵه و کۆمه‌ڵگادا دامه‌زراویان بکه‌ین، بێگومان ئه‌و ده‌م له زۆرێک له تاوانهکانیتر دوور ده‌که‌وینه‌وه و ده‌پارێزرێین.
هه‌ر وه‌ک که ناتوانین به که‌سێکی ده‌ست و لاق به‌ستراو که له ئاوێی هاویژین، پێی بڵێین ته‌ڕ مه‌به. تا کاتێک بیر و باوه‌ڕی که‌سێک به خوا و به قیامه‌ت دامه‌زراو نه‌بێت، ناتوانین بڵێین که پابه‌ند به یاساکانی دین بێت! ئه‌و قوڕئانه‌ی که زۆرتر له چوارسه‌د ئایه‌تی سه‌باره‌ت به ئه‌حکامه‌کانی کرده‌ویی ئیسلام نییه، به‌ڵام ئهوهیدی هه‌مووی باس له باوه‌ڕ ده‌کات. چونکه تاکو دڵ دانه‌مه‌زرێت، کارهکانیتر به خۆڕاییه و که‌ڵکی نابێت.
کۆتا خاڵ؛ خوای گه‌وره ئێمه‌ی دروست کردووه و پێمان ده‌فه‌رموێت: «لِیَبلُوَکُم أَیُّکُم أَحسَنُ عَمَلًا» (تبارک/۲) واته: «تا تاقیتان بکاته‌وه، کێتان کرده‌وه‌ی چاکتر و په‌سه‌ندتره».
تاقیکردنه‌وه‌کانی خوای گه‌وره له‌و دنیایه‌دا به دوو شته: یه‌که‌م؛ په‌رستشی خوای گه‌وره، به به‌جێهێنانی فه‌رمانه‌کانی خوا و دووری‌کردن له‌و شتانه‌ی که خوای گه‌وره قه‌ده‌غه‌ی کردوه. دووهه‌م؛ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی زه‌وی و دۆزینه‌وه‌ی یاساکانی خوای گه‌وره له جیهانی هه‌ستیدا.
ئه‌وه‌ی که ئه‌وڕۆ ئێمه ده‌یبینین، ته‌نانه‌ت له ناو موسوڵمانانیشدا زۆرێک له توێژه‌ران و چاکسازان، زۆرتر جه‌خت له ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌و دنیایه ده‌که‌ن و ئه‌وه ڕه‌چاو ناکه‌ن که ئه‌و مرۆڤه کاتێک هاوسه‌نگ و ئیسلاح ده‌بێت که سه‌ره‌تا فه‌رمان و قه‌ده‌غه‌کراوه‌کانی خوا جێبه‌جێ بکات. گه‌له‌کانی ڕابردوو به هۆی ئه‌وه‌یکه دنیایان ئاوه‌دان نه‌کردۆته‌وه له ناو نه‌چوون، به‌ڵکو به هۆی لادان له به‌رنامه‌ی خوا و به‌لاڕێدا چوون، تووشی غه‌زه‌ب و توڕه‌یی خوا بوون. ده‌ی کاتێک خوای گه‌وره ئه‌و چیرۆکانه ده‌گێڕیته‌وه، ده‌یهه‌وێت به موسوڵمانان بڵێت که ئێوه نابێ ته‌واوی نیگه‌رانی و خه‌متان، هه‌ر ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌و دنیایه بێت. هه‌ر وه‌ک خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: «فَأَعرِض عَن مَن تَوَلَّی عَن ذِکرِنَا وَ لَم یُرِید إلَّا الحَیَاهَ الدَّنیَا» (نجم/۲۹) واته: «گوێ مه‌ده به‌و که‌سه‌ی که یاخی بووه له یاد و به‌رنامه‌ی ئێمه، مه‌به‌ستیشی نه‌بووه ته‌نیا ژیانی دنیایی نه‌بێت».
پێغه‌مبه‌ر ئه‌و دوعایه ده‌کات: «اللهم لا تجعل الدنیا اکبر همنا و لا مبلغ علمنا» واته: «خوایه ته‌واوی خه‌م و تاسه‌مان دنیا و خه‌می دنیا نه‌بێت و ئه‌وه ئه‌وپه‌ڕی زانستمان نه‌بێت».
هه‌ڵبه‌ت ناڵێین که موسوڵمانان ئه‌وڕۆ له ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی دنیا زۆر پێشکه‌وتوون، به‌ڵکو هه‌رچه‌ند ئه‌و کتێبه زۆریشی جه‌خت له‌سه‌ر کردووه، به‌ڵام زۆر له دوایین. به‌ڵام به‌و حاڵه ئه‌وه‌نده‌ی که بۆ ژیانی دنیا هه‌وڵ ده‌ده‌ین که ئاوه‌دانی بکه‌ین، ئه‌وه‌نده هه‌وڵ ناده‌ین که فه‌رمانه‌کانی خوای گه‌وره جێبه‌جێ بکه‌ین و دواڕۆژمان ئاوه‌دان که‌ینه‌وه.
ئه‌گه‌ر چاو له به‌رنامه‌کانی قوتابخانه و زانکۆکانی جیهانی ئیسلام بکه‌ین، ئه‌وه‌نده‌ی که گرینگی به ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌م دنیایه و ژیانی دنیا و چونییه‌تی سه‌رکه‌وتن و ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و پێشکه‌وتن و… ده‌درێت، هیچ کات ئه‌وه‌نده باسی ئیمان، پارێزگاری، ڕه‌وشتبه‌رزی و ئاکار جوانی ناکرێت. ئه‌وه‌نده‌ی که له ته‌واوی دنیادا بنکه‌ی له‌به‌رکردنی قوڕئانیان داناوه، ئه‌وه‌نده قوتابخانه‌ی تێگه‌یشتن له قوڕئان بۆ وردبوونه‌وه و تێفکرین و تێگه‌یشتن له‌و کتێبه دانه‌ندراوه.
به‌و هیوایه‌ی که ئێمه به ویستی خوا ده‌گه‌ڵ ئه‌م کتێبه تێکه‌ڵاویمان هه‌بێت و به تێگه‌یشتن و وردبوونه‌وه و تێڕامان له قوڕئان‌دا، جه‌واهێر و گه‌وهه‌ره‌کانی ئه‌م کتێبه بدۆزینه‌وه و بیکه‌ینه ڕووناکی ڕێگای ژیانمان.
و آخر دعوانا ان الحمدلله رب العالمین
والسلام علیکم و رحمه‌الله و برکاته.
سه‌رچاوه: وتاری مامۆستا عوسمان ئیزه‌دپه‌ناه، وانه‌ی ڕاڤه‌کردنی قوڕئان، به ده‌نگ
ئاماده کردنی: عوسمان ئیزه‌دپه‌ناه
نووسین: کولسووم حه‌سه‌نزاده