آداب و فرهنگاندیشه

دەستکەوتی شارستانییەتی ئیسلامی و ڕۆڵی گرنگی لە ڕۆنسانسدا – به‌شی۱

تمدن اسلامی

سەرەتا بزانین ئیسلام لە ناخی خۆیدا ئایینی زانست و ژیوەرە. ئەمە لەو کۆپلە ئایەتانەدا دەردەکەوێ کە لە سەرەتای ئیسلامدا هاتنەخوار. ژیانی پڕخێری پێغەمبەری ئیسلام(د.خ) دەیسەلمێنێ کە ئەم ئایینە، ئایینی زانست و ژیار و پێشکەوتنە. فەرمانی بەرزی ئەخلاقی، کۆمەڵگایی، سفارشی ته‌ندرووستی و پزیشکی، هەڵنانی بۆ فێرکاری زانین و واجبکردنی لەسەر پیاوان و ئافرەتان بەڵگەن لەسەر ئەم بڕگەیە.
با بزانین پسپۆڕان و خاوەن نەزەرانی زانستی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگاناسەکان چۆن پێناسەی ژیوەریان [تمدن] کردووە؟
شارستانییەت دەستکەوتی مرۆڤی مەدەنی کۆمەڵییە، بە تایبەتمەندی هزری و ڕۆحی، دەروونی و ڕەوشی بۆ هێنانەدی ئامانجی مرۆڤ و بنەما و ئەرزشی ئینسانی، هەرشتێ کە مرۆڤ بۆ پێشکەوتنی خۆی پێویستی پێی بێ و پەسەندی کات.

لەم پێناسە دوو بابەت بەدی دەکرێ:
۱ـ شارستانییەت بریتییە لە هەمان ڕێوڕەسمی ژیانی خەڵکی کە بۆ پێشکەوتنی ئامانجەکانیان لە سەرجەم بڕگەکانی ڕۆحی، کۆمەڵی، ڕامیاری، ئاوەدانی و ماددی بۆخۆیان هەڵبژاردووە کە لە ئەرزش و ئوسووڵ و ڕێسایێکی تایبەت هەڵوڵاوە.
۲ـ شارستانییەت دوو لایەنی هەیە:
۱. پێشکەوتنی ڕواڵەتی کە تەواوی سووچەکانی ژیان، پیشە و بازرگانی و کشتیاری، داهێنان و… هتد لەخۆ دەگرێت.
۲. پێشکەوتنی مەعنەوی کە بە هێژایی ڕۆحی و بنەما بەرزەکانی ڕەوشت و دەسکەوتە هزرییەکان و داهێنانە وێژەییەکانی وێژەیی و… تاد پەیوەندی هەیە.
کەواتە تا زەمانێ پێکەوتی ماددی و مەعنەوی هاوتای یەک نەبن، بایەخێکی مرۆیی ئەوتۆی نییە. واتا شارستانییەت بە دەسکەوتە زانستییە ماددییەکان ناخەمڵێنرێ، مەگەر ئەوەی کە ئەمانە بە مەبەستی ڕەوای مرۆڤەکان و بنەما زەقەکانی ئەخلاق بەکار بهێنرێن.
کۆمەڵناسان و شیکارانی پەروەردە و چاکسازی باوەڕیان وایە؛ هەر گەل و کۆمەڵێک کە خاوەنی ژیاری مرۆیی بن، ئاتاجی ئەوە نین هەر لە بواری ماددی و پیشەیی لە پێش بن، هەر وەک دەبینین گەلانێکی زۆر کە لە نەزەر پیشە و دنیاگەرایی زۆر لە پێشن، بەڵام لە بواری ئینسانی و ویژدانی و ڕۆحی و ئەخلاقی دواکەوتە و بێچاندن [فرهنگ]. بۆ وێنە ئاپارتاید و ڕەگەزپەرەستی لە وڵاتانی ئەورووپا و پێشکەوتەی وەک ئەمریکا! چش لە وڵاتانی کۆمۆنیستی و… کە چەندە زوڵم و زۆر دەکەن لە ژێردەستانیان! ئەوە پەڵەیێکی نەنگ بە ناوچاوانی مرۆڤایەتییه‌ کە مێژوو شتی وای نەدیوە.
زۆر شارستانییەتی مەزن ڕابووە! ناسراون، لە لوتکەی خۆشگوزەرانیدا ڕایان بواردووە، ماوەیێک سەروەریان گرتووەتە ئەستۆ، لە ئاکامدا کتوپڕ نەماون و خۆیان و ژیاریان ژێرخاک بووە و جگە لە مشتێ خۆڵ و ئاسەوار کەلەپوورێکیان جێ نەهێشتووە. وەک قوڕئان باس ده‌کا و دەفەرموێ: «حَتَّیَ إِذَا أَخَذَتِ الأَرْضُ زُخْرُفَهَا وَازَّیَّنَتْ وَظَنَّ أَهْلُهَا أَنَّهُمْ قَادِرُونَ عَلَیْهَا أَتَاهَا أَمْرُنَا لَیْلاً أَوْ نَهَاراً فَجَعَلْنَاهَا حَصِیداً کَأَن لَّمْ تَغْنَ بِالأَمْسِ کَذَلِکَ نُفَصِّلُ الآیَاتِ لِقَوْمٍ یَتَفَکَّرُونَ» (یوونس/٢۴)
کەوابوو هەرچەن وڵاتانی پێشکەوته خاوەنی زەبروزۆرن، زۆروبۆرن، تەکنۆلۆژی و پیشەوەریان لە پێشەوەیە و خۆیان کردووەتە سەروەری دنیا، بەس تاکوو لە ڕەهەندی ڕەوشتی‌ و ڕۆحی‌ و مرۆیی پێشکەوتن نەبێتە دەستکەوتیان، ناتوانرێ ناوزەد بکرێن بە خاوەنانی ژیار و چاندی ڕاستەقینە.
گەنجەکان وریابن نەخەڵەتێن وەدووی زڕقوبڕقی ڕۆژاوا بکەون و وازبێنن لە ژیاری ئیسلام و کولتووری کوردەواری ڕەسەن.
لەم بەشەدا کورتە ئاماژەیێک دەکەین بە سەرچاوە و پشتیوانی ژیوەری ئیسلامی.
۱- بنەمای گشتی بریتییە لە زانست و زانین. ئاماژەی قوڕئانی: «اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّکَ الَّذِی خَلَقَ، خَلَقَ الْإِنسَانَ مِنْ عَلَقٍ، اقْرَأْ وَرَبُّکَ الْأَکْرَمُ، الَّذِی عَلَّمَ بِالْقَلَمِ، عَلَّمَ الْإِنسَانَ مَا لَمْ یَعْلَمْ» (عه‌له‌ق/١-۵)
٢- بنەمای بیرکاری لە خوڵقێنراوان. ئاماژەی قوڕئانی: «سَنُرِیهِمْ آیَاتِنَا فِی الْآفَاقِ وَفِی أَنفُسِهِمْ حَتَّی یَتَبَیَّنَ لَهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ أَوَلَمْ یَکْفِ بِرَبِّکَ أَنَّهُ عَلَی کُلِّ شَیْءٍ شَهِیدٌ» (فوسسیله‌ت/۵٣)
٣- بنەمای ڕێزلێنانی ئافرێنەر لە مرۆڤ. ئاماژەی قوڕئانی: «وَاللّهُ أَخْرَجَکُم مِّن بُطُونِ أُمَّهَاتِکُمْ لاَ تَعْلَمُونَ شَیْئاً وَجَعَلَ لَکُمُ الْسَّمْعَ وَالأَبْصَارَ وَالأَفْئِدَهَ لَعَلَّکُمْ تَشْکُرُونَ» (نه‌حل/۷۸)
۴- بنەمای هاوتایی و یەکسانی مرۆڤەکان، ئاماژەی قوڕئانی: «یَا أَیُّهَا النَّاسُ اتَّقُواْ رَبَّکُمُ الَّذِی خَلَقَکُم مِّن نَّفْسٍ وَاحِدَهٍ وَخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا وَبَثَّ مِنْهُمَا رِجَالاً کَثِیراً وَنِسَاء وَاتَّقُواْ اللّهَ الَّذِی تَسَاءلُونَ بِهِ وَالأَرْحَامَ إِنَّ اللّهَ کَانَ عَلَیْکُمْ رَقِیباً» (نیساء/١)
۵- بنەمای ناسینی یەکتر و یەکتر قەبووڵ کردن. ئاماژەی قوڕئانی: «یَا أَیُّهَا النَّاسُ إِنََّا خَلَقْنَاکُم مِّن ذَکَرٍ وَأُنثَی وَجَعَلْنَاکُمْ شُعُوباً وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَکْرَمَکُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاکُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِیمٌ خَبِیرٌ» (حوجوڕات/۱۳)
«لَا یَنْهَاکُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِینَ لَمْ یُقَاتِلُوکُمْ فِی الدِّینِ وَلَمْ یُخْرِجُوکُم مِّن دِیَارِکُمْ أَن تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَیْهِمْ إِنَّ اللَّهَ یُحِبُّ الْمُقْسطِین» (مومته‌حینه/٨)
ئیستا ڕوون بووەوە کە ئیسلام ئایینێکی لەسەر ئەم بنەمایانە ڕیشەی داکوتاوە و دامەزراوە. لەمەودوا دەبینین کە فرەزانانی ڕاستبینی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، فه‌لاسیفه و کۆمەڵگاناسییەکانیان چۆن شاهیدی ده‌دەن بە سەروەری و مەزنی ئیسلام لە بواری:
۱ـ پزشکی (حەکیمی)
۲ـ شیمی (کیمیا)
۳ـ ریاضیات (بیرکاری)
۴ـ فلسفە
۵ـ زانستی کۆمەڵگە
۶ـ مێژوو
۷ـ هەسارەناسی
و…
چۆن ئەم شارستانییەتە گەیەشتە ڕۆژاوا و چ کاریگەری و چ ڕۆڵێکی له‌وێ نواند.

لایەنە جۆراوجۆرەکانی شارستانییەتی ئیسلامی و کاریگەری لە پێکهێنانی گەلەکان و کۆمەڵگاکان:

ئەم تەوەرە سێ بەش لەخۆ دەگرێ
۱ـ بواری باوەڕ و ئایین.
۲ـ بواری زانستە جۆراوجۆرەکان
۳ـ بواری وێژە و زمان.

ا. گرنگترین مژارێ کە هزری ئیسلامی لە هزری نەتەوەکانی‌ تر جیا دەکاتەوە بریتییە لە:
١- بڕوا بە خوای تاقانە، کە بەریتییە لەهەر هاووێنە و هاوبەش و زاڕۆکێ: «قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ (١)اللَّهُ الصَّمَدُ(٢) لَمْ یَلِدْ وَلَمْ یُولَدْ(٣) وَلَمْ یَکُن لَّهُ کُفُواً أَحَدٌ (۴)».
٢- بڕوای پووچی نێوانگەری لە نێوان خوای دڵۆڤان و بەندەکان بە داوێنگرتنی چاکان و پاکانی بە تەواوی لابرد، وەک «وَإِذَا سَأَلَکَ عِبَادِی عَنِّی فَإِنِّی قَرِیبٌ أُجِیبُ دَعْوَهَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ فَلْیَسْتَجِیبُواْ لِی وَلْیُؤْمِنُواْ بِی لَعَلَّهُمْ یَرْشُدُونَ» (به‌قه‌ڕه‌/١٨۶)
٣- مەکۆی باوەڕە نەگۆڕ و بەهێزەکانی سەرجەم ئایینە پێشووەکانی پێش خۆیەتی، وەک: «شَرَعَ لَکُم مِّنَ الدِّینِ مَا وَصَّی بِهِ نُوحاً وَالَّذِی أَوْحَیْنَا إِلَیْکَ وَمَا وَصَّیْنَا بِهِ إِبْرَاهِیمَ وَمُوسَی وَعِیسَی أَنْ أَقِیمُوا الدِّینَ وَلَا تَتَفَرَّقُوا فِیهِ…» (شوڕا/١٣)
۴- ڕاشکاوانە پەڕاوە پێشینە ئاسمانییەکان بە ڕاست دەزانێ و تەواوکەری ئەوانە وەک: «وَأَنزَلْنَا إِلَیْکَ الْکِتَابَ بِالْحَقِّ مُصَدِّقاً لِّمَا بَیْنَ یَدَیْهِ مِنَ الْکِتَابِ وَمُهَیْمِناً عَلَیْهِ…» (مائیده‌/۴٨)
۵- ڕاشکاوانە دەڵێ: لە پێغەمبەران و زانایان و عارفان و… تاد هیچیان دەسەڵاتی هیچ نین. زەرەر و قازانج و هیدایەت و بەخشینی خەڵکی بە دەست هیچکامیان نییە، جگه له خوا نەبێ، وەک: «لَیْسَ لَکَ مِنَ الأَمْرِ شَیْءٌ أَوْ یَتُوبَ عَلَیْهِمْ أَوْ یُعَذَّبَهُمْ فَإِنَّهُمْ ظَالِمُونَ» (ئالی عیمڕان/١٢٨)
۶- ڕێسای بەرپرسی هەر تاکێکی بیراستووە، هەر مرۆڤێ بەرپرسی ئاکاری خۆیەتی. دوای پەروەردە و ڕاهێنان و بەرهەڤ بۆ ناسینی ئەرکەکانی خۆی ئیتر هیچ کەس هەڵگری بەرپرسیاریەتی کەسانی‌تر نابێ. وەک: «وَلاَ تَزِرُ وَازِرَهٌ وِزْرَ أُخْرَی» یا «کُلُّ نَفْسٍ بِمَا کَسَبَتْ رَهِینَهٌ».
٧- مافی داوەری و یاسادانان و تەشریع بەس هی خوای گەورەیە، یانی کەس مافی نییە حەڵاڵی خوا حەرام کات یا پێچەوانەکەی بەکار بێنێت. وەک: «…إِنِ الْحُکْمُ إِلاَّ لِلّهِ أَمَرَ أَلاَّ تَعْبُدُواْ إِلاَّ إِیَّاهُ…»
لەبەر خاتری ئەم بنەما پتەو و ڕاستی عەقیدەتییە بوو کە خەڵک تاقم تاقم بە ئارەزووی دەروونی خۆیان دەهاتنە ناو ئایینی ئیسلام.
ـ بزاڤی ڕابوونی چاکسازی ئایینی لە سەدەی حەوتی زایینی لە ئەورووپایا سەری هەڵدا تا ئەوەی بە ڕۆنسانس کۆتایی هات. لەژێر کاریگەری ئەم جووڵانەوەیا.
ـ کەسانێ هەستان بە لابردنی پەرەستنی هەیکەلەکان.
ـ کەسانێ‌ تر هەستان بە لابردنی نێوانەکانی نێوان خوا و بەندە.
ـ کەسانێ ‌تر هەستان بە لابردنی کوڕی خوابوونی مەسیح! یا سێ چوکڵەکان و…تاد.
زۆرێ لە شیکاران باوەڕیان وایە ڕاپەڕینی [مارتین لوتر] لە هەوڵە چاکسازی و پاکسازییەکەیدا سەرچاوە و بناغەکەی لەو ئاسەوارە ئسلامییە بووە کە فەلاسیفەی ئیسلامی و عەڕەب و زانایانی موسوڵمان لە بواری باوەڕ و سروش و…تاد هێنابوویان و ئەم خوێندبوونییەوە. لەو چاخە بەدواوە زانکۆکانی ئەورووپا لە پەڕاوی ئیسلامی سوودیان بینیوە کە بە زمانی لاتینی شرۆڤە کرابوون.
دەتوانین بڵێین: بزاوتی سەرەکی بۆ جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەت کە لە شۆڕشی فەڕانسەوە سەری هەڵدا لەڕاستیدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بیرە چەوت و گەندەکاری و زبرینواندنە غەیرە ئینسانییانەی کە لە کیساکانەوە سەرچاوەی گرتبوو بە درێژایی سێ سەدە!
شارستانییەتی ئیسلام ئەو سەروەرییەی بوو کە لە ڕێگەی شەڕی سەلیبییەکان و ئەندەلۆس ژیلەمۆی ڕووناکبیری خۆی پێشانی ڕۆژهەڵاتییەکان دا.

ب: لە بواری زانستە جیاوازەکان
ڕۆژهەڵاتی سەدەی ناوین لە خەوێکی قوڵابوو! نەزانی ڕەشماڵی ڕەشی بەسەردا کێشابوون، جگە لە هۆژاند (آموخته)ێکی کەم نەبێ، ئاگای لە پزیشکی و فەلسەفە و بیرکاری و کیمیا و هەسارەناسی نەبوو.
ساتێ دەنگی سازی زانایان و پسپۆڕانی ئیسلام لە زانستگەکانی ئیشبیلیە و غەڕناتە و قورتوبە دەنگی دایەوە، لە خەو ڕاپەڕین و بەرەو دەنگی زانست و پێشکەوتن هاتن تا ڕاستییەکانی زانست و پێناساندن و بناغەی پێشکەوتن و سەرکەوتن و شارستانییەت لە مامۆستایانی موسوڵمان فێرببن.
کاتێ فرەزانانی ئیسلام لە کۆڕە زانستییەکاندا باسی خڕبوون و سووڕانی زەوی، هێڵەکانی ئاسمان و هێزی ڕاکێشانی زەوی و یاساکانی ئەوانیان دەکرد، ئەقڵ و هۆشی ڕۆژهەڵاتییەکان سیخناخ بوون بە پڕوپووچی و پووچگەرایی! ئەگەر کەسێ بۆچوونێکی پێچەوانەی فێرکاری کلیسا و ئینجیلی ده‌ربڕیبا، مەحکووم بە مەرگ یا سووتان ده‌بوو!
دادگەی لێکۆڵینەوەی بیروبڕوا لە ئەوڕووپا مێژوویێکی سەرتاپا لە زوفری (خشونت) هەیە. زۆرێک لە زانایانی شاربەدەر و ئاوارە کرد. زۆرێکیشی سووتاند وەک:
۱ـ جون هس لە ساڵی ١۴١۵ زایین
۲ـ جیروم البراجی
۳ـ ژان دارک
۴ـ برونو، لە ساڵی ١۵٩٨ زایینی و…تاد
و زۆرێکی‌تری خستە بەندیخانە وەک:
۱ـ گالیله
۲ـ ابیلارد
۳ـ راجر بیکن و..تاد.
بڕێ لە توێژەران ژمارەی ئەوانەی لە سەدەی سێزدەوە تا سەدەی هەژدە کە کۆتایی پێ هات، نزیکەی نۆ ملوێن نەفەریان داناوە. کلیسا تەنیا بە سووتان یا بەندکردن ڕازی نەبوو، بەڵکو کتێب و بۆچوونەکانی ئەوانیشی دەسووتاند، لەبەر ئەوەی کەس نەیانخوێنێتەوە و سوودیان لێ نەبینن!
کاتێ ئەوڕووپا ئازاری پسپۆڕان و لێهاتوانی دەدا و دەنگی زانست و ئازادی کپ دەکرد، ڕوناکبیران و فرەزانانی موسوڵمان سەرقاڵی داهێنان و توێژینەوە هزری و بیرکارییەکان بوون، کارێکیان کرد لە ڕاپەڕین و بە ئاگاهێنانی ڕۆژهەڵات بەتایبەت سەرهەڵدانی ڕۆنێسانس و پێشکەوتنی سەدەی بیستەم ڕۆڵ و کاریگەری تەواو و بەرچاوی هه‌بێ. جێی خۆیەتی ئاماژە بە چەن بەڵگەیێکی ڕوون بکەین بۆ ئەم تەوەرە.
چەن نموونەیێک دەهێنین بۆ بەرچاوڕوونیمان کە مێژووی ئیسلامی چۆن پڕ بووە لە سەروەری و داهێنان:
۱ـ دکتۆر حەجی لە کتێبی (شارستانییەتی ئەندەلۆس، پەڕەی ۴١-۴٢) دەڵێ: «ئێمە لە زانستی فەلسەفەدا هەگبەمان میچکوتە لە هزر و ڕۆشنبیریدا.»

فەلسەفە
محەممەد کوڕی باجه لە ساڵی ۵۵٣کۆچی، کۆچی دوایی کردووە.
ئیبنوڕڕوشدی ئەندەلۆسی، لە گەورەترین فەلاسیفەی ئەندەلۆس بووە و ڕۆڵێکی یەجگار زۆری بووە لەسەر ڕۆژاواییەکان. لە ۵٩۵کۆچی، کۆچی دوایی کردووە.
قددیس تومالاکوینی لە گەورە فەلاسیفەی ئیلاهییاتی مەسیحی لە سەدەی ناوەڕاستدا ژیاوە، لە ڕاستیدا شوێنکەوتەی بیروهزری ئیبنوڕڕوشدی بووە.

ئیبنوتوفەیل نووسته‌ری دیرۆکی (حی‌بن یقظان)
بووعەلی سینا فیلسووف و تەبیبی ناوازەی ئیسلام کە دەنگ‌ و ئاوازی لە سەدەی ناوەڕاستدا ڕۆژاوای داگرتبوو. ئەو لە شیکاری‌ فەلسەفیدا ئەسڵی (هێزی ژیری لە هیدایەتی مرۆییدا بۆ ڕێی چاکە) دۆزییەوە. ناوبانگترین پەڕاوی ناوی (الشفاء)یه.

مێژوو
کۆمەڵناسان دەڵێن: حاشا هەڵ ناگرێ کە موسوڵمانان بوون بۆ یەکەم جار مێژوویان وەک زانستێکی نوێ بە ڕێساوبنەمای نوێوە دەست نیشان کرد. بۆ نموونە:
ئیبنوخەلدوون لە پڕناوەزەترین کەسانێکە لە مێژوودا کتێبی پڕبایەخی نووسیبێ! تەنانەت پێشەکییەکەی چەندین کەڕەت بە زمانەکانی دنیا پاچڤ کراوە.
عەبدولواحید وافی دەڵێ: ئاگوست کێنت فرەزان و پسپۆڕی مەنشووری فەڕانسەوی لە بۆچوونەکانیدا زۆر سوودی بینیوە لە موقەددیمەی ئیبنوخەلدوون.

مێژوونووسانی ‌تر وەک ئیبنوحەییانی قورتوبی، ڕازی، ئیبنوخەتیب، ئیبنوئەسیر، تەبەری و ئیبنوکەسیر و..تاد.
جێی ئاماژەیە مێژوونووسانی ئیسلامی بە دوو جۆر مێژوویان تۆمار کردووە:
١- مێژووی ساڵانە واتە ڕووداوەکانیان بەپێی ساڵەکان دەنووسی.
٢- مێژووی بەردەوام واتە ڕووداو و شیکارییەکانی دەنووسێ، جا دوای ئەو ڕووداوێکی‌ تر و..تاد.

جوغرافیا، وڵاتناسی
یەکەم کەسانێ کە دەریاکان و ڕێگەی شارەکان و وڵاتانیان دەرخست بۆ دنیا، هەروەها ئامێری پێویست بۆ ڕێگەی وشکانی و ڕێگەی دەریایی داهێنا و دایانە دەست نەوەکانی دوای خۆیان. وەک:
ئیمام ڕازی، ئەبووعوبەیدی بەکری، عوزری، ئیدریسی، ئیبنوجوبەیر، ئیبنوبەتووتە و…
وا گومان دەبرێ یەکەمجار موسوڵمانان بوون کە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا لێدوانیان کردووە.

لە گەردوون و ئەستێرەناسی
موسوڵمانان ڕەسەدخانەی زانستی و ئەستێرەناسی گرنگیان لە شارەکاندا دروست کردبوون، وەک شارەکانی: تولەیتیلە، قورتووبە، بەغدا، قاهیرە، دیمه‌شق، سەمەرقەند، شیراز و.. تاد.

هەندسە، بیرکاری، فیزیا، کیمیا، پیشه‌سازی، کشتوکاڵ، پزیشکی و… ده‌رمانسازی.

نووسه‌ر: سه‌عدی موڕادی
سۆزی میحڕاب

از طريق
سعدی مرادی
منبع
http://sozimihrab.org/
برچسب ها
نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن