خبرها،نظرها

شێعری گەل پەسەند

✅نیشتمان هەوەڵ بێژکەیەکە کەبەمۆسیقای لایە لایە ،چاوی کۆرپەی دەپشکوێنێ وبەدەسرازەی ئەوین ،خۆشەویستی لەناخیدا توندو تۆڵ دەکا وهەنگاو بەهەنگاو دارەدارەی پێدەکا و زمانی بەوشەی خۆشەویستی وگۆدخاوبەشنەبای داب و نەریت ،دەی لاوێنێ وئەوجار کەسایه تێکی بەناو هاووڵاتی دەخوڵقێ.

✅تاک لەناو کۆمەڵگا، وەگرووگال دەکەوێ وەک ناسنامە زمانی زگماکی پێدەبەخشرێ ودەبێته رۆڵە نیشتمان.
شاعیری هەڵکەوتەو لێهاتوو،بەرهەمی ئەو زاووزێیەیه کەرەوتی کۆمەڵگا بەستێنێ بۆ ڕەخساندوە و نەوەیەکی چالاک و وشیاری هێناوەتە گۆڕ.

✅زۆرێک لەئەدیبان و شێعرناسان بەپێی سرووشتی لەدایک بوون و وڵاتی دەوڵەمەند یان و پێگەیکی کۆمەڵایەتی کە سەریان لێهەڵداوە کۆمەڵە پێوەرێکیان بۆ ناسینی شێعر هەڵێنجاوە و وەک قالبێک بەرهەمی سەرجەم شاعیرانی جۆراوجۆریان پێ هەڵسەنگاندوە و بەپێی خواست و حەزی خۆیان ،گەزو جاویان کردوە و بڕیویانە بێ ئەوەی کە بزانن کەسایەتی شاعیر لەکوێ و چۆن و لەجەرگەی چ کۆمەڵێکدا سەری هەڵداوە وچە پیاوێک بوە؟

✅ئەمەگ ووەفاداری وچاوچنۆکی وخەیانەت، بۆدایکی نیشتمان وهاوڕەگەزەکانیان لەناوئەو
پێوەرانەدا وەبەرچاو ناکەوێ.تەنیابەکارهێنانی وەستایانەی وشە بۆ ئەدیبان گرینگ بوە و ئەو مەودایەیان وەبەرنەشتەری هەڵسەنگاندن داون و بەس.

✅شێعرناسانیش مرۆڤن و بەپێی کات و شوێن و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان دەسیان داوەتە بیرو ڕا دەربڕین و نووسخەنووسین کەزۆربەی جاران ئەوکارە دەبێتە پێشێل کردنی مافی شاعیرانێک کەلەگەڵ ئەوان جیاوازن و وەژێر تیشکی ئەوپێوەرە ناکەون.

✅بەدڵنیاییەوە ژیان و بەسەرهات و هەست دەربڕینی شاعیرێکی چەوساوە و ماف خوراو و پێشێل کراو، هەرگیز وەک هی وڵاتێکی دەوڵەمەند و دوورلە ئاژاوە ناچێ و پێوەردانان بۆ ئەو دوو تاقمە جیاوازی زۆرە.

✅وڵاتێکی هەژارو شێواو برینداری دەستی حاکمانی دەسەڵاتداری بێ سنوورو بەڕەڵا، شاعیرێکی غەریب و شێعرێکی سەرشێت و رەها باردێنێ کە بەهەمووکەس دەستەمۆ ناکرێ و هەموو کەسێکیش ناتوانێ پێوەرێکی گونجاوی بۆ هەڵێنجێ مەگەر بۆخۆی لەوکەش وهەوایەدا ژیابێ.

✅لەهەرچاخ وسەردەمێکدا هەزاران نووسەروشاعیر هەڵکەوتوون و گەشەونەشەیان کردوە و بگرە بوونە خاوەنی بەرهەمی ناوازە وبەسێحری وشەیان خەڵکی سەردەمی خۆیان سەرسام کردوە ودڵیان وەجۆش هێناون و لەکاتی خۆی بەخوای شێعر و ئەدەب و وێژە ناسراون وسەدان مێداڵی رۆشەنبیری ومامۆستایەتیان پێ بەخشراوە وبارانی فرمێسکیان لەچاوی هۆگران وەراندوە و پێکەنین وبزەیان خستۆتە سەرلێو ،بەڵام بەمردنی خۆیان هەموو شانازی وسەروەریان، وەژێر خاک کەوتوە و نێویان کوێربۆتەوە.

✅زانایانی بواری ئەدەب ناسی پێوەرەکانی کۆمەڵ پەسەندیان پشت گوێ داون بیرورای تاکی لەتەک حەزوداخوازیەکانی کۆمەڵ لێک جیاوازن.
چوونکە، هەڵقوڵاوی ناو سرووشتێکی خاوێن وبێ خەوش و راستگۆیانەن لەناخێکی قووڵ و زامدار و راستەقینە سەریان هەڵداوە زۆرباش رۆڵەکانی دەناسێ ولەگەڵ خۆشی و ناخۆشیەکانی دا،شەونخوونی کردوە.

✅وشەش وەک زیندەوەرێک، رۆژێک لەدایک دەبێ ورۆژێکیش سێبەری مەرگی بەسەردادێ وتەپ و تۆزی نەمان دایدەپۆشێ .

✅وێژە ، گاهێ تووشی نەخۆشی دەبێ ولەرێ لادەدا و بەدیل دەگیرێ و دەبێتە گۆچانی هەژار کوش وجاری واشە هەستێکی پاکی لێ هەڵدەستێ ودەبێتە گۆمپاڵێک بۆ پان کردنەوەی سەری زاڵمان و ئاڵای شۆرشەکان وەگەڕدەخا و خوێنی چەوساوەکان وەجۆش دێنێ ومەشغەڵی خۆێناوی وسوور بەرەو سپیایی دەگوازێتەوە.

✅بەستێنی وشە هێنده پرپیت و بەرەکەتە کەسەدان لق و پۆی لێدەبێتەوە ومەزرای مێشک وهزر،پاراودەکا.
✅وشە ئەسپێکی رەسەن و بێ ئاوسارە کەلەدەشتی پان و بەرینی مێشک و بیردا قەڵەمبازدەکا وچەمووش ورام نەکراوە سوارکارێکی بەئەزموونی دەوێ کە دەستەمۆی کا ورەکێفی لێ توندبکا.

✅شاعیرئەوسوارکارەیە کە دەبێ بزانێ چۆن خۆهەڵداتەسەر ئەوئەسپەکێویە و لەکوێ ئاوسار شل بکا ولەکوێ توندبیکێشێ کە خۆی و سوارەکەی هەڵنەدێرێ و بگاتە ئامانج و حەزەنەپشکووتوەکانی پێ وەدی بێنێ.

✅وشەیەک رەسەن و گەل پەسەندو رازاوەیە کە بتوانێ جل و بەرگی شڕۆڵ و دڕ لەبەرخۆی داڕنێ و خۆی پۆشتە و پەرداخ بکا وەک زاوایەکی جوان چاک، دەماروجوامێری بنوێنێ .

✅مانەوەی شێعر،ساتێکە کە دەوایەک بێ بۆ زامی ژیانی گەل وشنەبایەک بێ کەبتوانێ بسک وکاکۆڵی ئاڵۆزی نیشتمانەکەی شانە بکا و ئارەقەی سووری سەرگۆنای بستڕێتەوە.

کاتێک وشە، لێک هاڵان و بوونە یەک جەستەوتابڵۆی شێعریان بەخامەی خەیاڵ و ئەوین، وێنە کێش کردویەکەم خواوەندی جوانی لێ بەرهەم هات ئەودەم هەرپیتێکی دەبێتە تیشکی تیژی خۆرەتاوێکی بێ ئاوابوون و رێگای هەرمانی هەڵبژارتوە و کۆشکێکی زێرینی قایم و قۆڵی سازکردوە و سنووری کات وزەمانی بڕیوە و مانەوە ی بۆ خۆی مسۆگەر کردوە و قەت نامرێ و ئاوابوونی نابێ.


جەهانگیربابایی ـ رەزبەری ۹۹

برچسب ها
نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن