
نووسەر: عەبدوڵڵاعەلیپوور
دوای دابڕان و مەودایەکی زۆر لەنێوان ئەرز و ئاسمان، چاڕەنووسی پەروەرێنی بێهاوتا لەسەر ئەوە بوو کە پێوەندییهکی ناوازە و دڵگیر و دڵڕفێن جێگیر کات، بە دەربڕینێکی تر ڕاسپاردە و نوێنەرێک و نێردراوێکی کاریزما بهێنێتە ئاراوە بۆ ئەوە کە: شرۆڤەی کۆمەڵێک وێنە و سیگناڵی مەعنەوەی و ڕوحی ئاسمانی بێت بۆ سەر زەوی. لەڕاستیدا لەو ساتە نوورین و مەعنەوییەدا پێغەمبەر ٍﷺ بە نوێنەرایەتی سەرجەم مرۆڤایەتی لەنێو ئەشکەوتی نووردا بوو بۆ ئەوەی کە: دوای دابڕانێکی زۆر یەکەم سیگناڵی ئاسمانی وەربگرێ.
بێگومان پێغەمبەرٍﷺ شایانی ئەوە بوو وەک نوێنەر و سەرکردەیەکی لێهاتوو ئەو ئەرکە وەدەست بێنێ، چونکە شەپۆلی وەرگرتنی ڕوحی و مەعنەوی و دەروونی خۆی بە شەستە بارانی ڕەحمەتی پەروەرێن ئەسترین کردبوو. بێگومان هێڵی وەرگرتنی سیگناڵی قوڕئان بۆ ڕوونکردنەوەی وێنەی ئیمانی پێویستی بە کۆمەڵێک کەرەستەی ڕوون و پاک و بێگەرد هەیە تا بتوانێ ڕوح و جەستەی لاواز و لەڕ و بێ هێزی مرۆڤ زیندوو ڕاگرێ. ئەگەر مرۆڤ بیهەوێ لە ڕەحمەت و بەڕەکەتی ڕەمەزان و قوڕئان سۆزەیەکی ڕوحی هەست پێ بکات، دەبێ ئامێری پێگەیشتن ژەنگسڕێن بکات و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا پێوەندییەکان تاوتوێ بکرێن بەر لەوە پچڕان و لێکترازان بێتە ئاراوە. بێگومان بە تێڕامان و وردبوونەوە لە حیکمەت و دڵۆڤانی پەروەرێن لە بەڕەکەت و ڕەحمەتی شەوی قەدر، دڵۆڤانی و دڵنەرمی و سەفا و هۆگری و هاودەمی و ئاوڕلێدانەوەیەکی سەرنجڕاکێش دەبینرێ لەمەڕ مرۆڤی باوەڕدار و ڕۆژووهوان.
دانە دانە چرکە ساتەکانی شەوی قەدری پیرۆز پڕیەتی لە دڵڕفێنی بە جۆرێک کە: هیوا و ئومێد و دڵگەرمی و ئۆقرەیی ڕوح و دەروون بە مرۆڤی باوەڕدار دەبەخشێ.
شێخی سەعدی دەفەرموێ:
ئەگەر هەموو شەوێک شەوی قەدر دەبوو/
شەوی قەدر بێ قەدر دەبوو/
ئەگەر هەموو بەردێک لەعلی بەدەخشان دەبوو/
ئەوکات بەهای بەرد و لەعل یەکسان دەبوو/
وەرگێڕ: م. مەریوان عەبدول.
خوای گەورە دەفەرووێ: إِنَّآ أَنزَلْنَٰهُ فِى لَيْلَةِ ٱلْقَدْرِــــ ئێمه بهڕاستی قوڕئانمان دابهزاندۆته خوارهوه له شهوێکی ڕێزداردا.
وانە و پەیامی ئایەت: شەوی قەدر؛ شەوی شوکرانەبژێری و ڕێزلێنانە، دەبێ دەفر و دەفرایی یا خود وتە و جیگڵدان شیاو و هاوڕێزی یەکتر بن: (إِنَّآ أَنزَلْنَٰهُ فِى لَيْلَةِ ٱلْقَدْرِ). شەوەی قەدر؛ وەرزی ئاشتیخوازی لەگەڵ خۆمان و بووژانەوەی شاڕیشە و لەق و پۆی داری ئیمانە. شەوی قەدر؛ واتە مەزەی وەفای دڵ و هەڵقرچان بۆ ژووانی دڵداری حەقیقی و بسووتێی بۆ تۆزقاڵێک نەوازیش و شەوق و لیقای یاری نازەنین
وَمَآ أَدْرَٸٰكَ مَا لَيْلَةُ ٱلْقَدْرِـــــ جا تۆ چووزانی شهوی قەدر کامهیه و چ خێر و بهرهکهتێکه.
وانە و پەیامی ئایەت: شەوی قەدر؛ واتە شەوی ئارامی و ئاسوودەیی و ئۆقرەیی ڕوح و گیان. شەوی قەدر؛ واتە شەوی ڕەحمەت و فڕین بەرەو سۆز و مێهرەبانی پەروەردگار. شەوی قەدر؛ واتە بەختەوەری و کامەرانی.
لَيْلَةُ ٱلْقَدْرِ خَيْرٌۭ مِّنْ أَلْفِ شَهْرٍۢ ــــ شهوی قهدری بهڕێز له ههزار مانگ ڕێزدارتر و خێردارتره؛ واته پاداشتی عیبادهت و خواپهرستی ئهو شهوه بێ سنووره.
وانە و پەیامی ئایەت: شەوی قەدر؛ واتە تێڕوانینی عاریفانە و نەسیمی ڕەحمانی یا خود پیاسەیەک و هەناسەیەکی عابیدانە لەگەڵ پەروەرێن، بەڵکوو دواجار بە شەوق و زەوق و تامەزرۆییەوە دڵ بسپێرین بە وەدیهێنەر تا پاش مردنیش دڵمان لە لێدان نەکەوێ. شەوی قەدر؛ واتە دەربڕینی ترۆپکی ئەوینداری لە بەردەم دیوان و ئاستانەی حەزرەتی حەقدا بۆ شۆردنی ژەنگ و خرتوخاڵی کەڵەکەبووی دڵی عاشقانی تۆراو لە یاری حەقیقی.
تَنَزَّلُ ٱلْمَلَٰٓئِكَةُ وَٱلرُّوحُ فِيهَا بِإِذْنِ رَبِّهِم مِّن كُلِّ أَمْرٍۢ ــــ لهو شهوهدا فریشتهکان که جوبرهئیلیشیان له گهڵدایه، دادهبهزن لهسهر ڕوخسهت و مۆڵهتی پهروهردگاریان، به جۆرهها فهرمان و کار بهتایبهت بۆ سهردانی خواپهرستان، بۆ سهردانی مزگهوتهکان، بۆ گوێگرتن له قوڕئان…
وانەی ئایەت: شەوی قدر؛ دابەزین و سەڵامی مەلایکە واتە گەڕانەوە بۆ ڕوحی بەندایەتی و هەستکردن بە چێژی ئیمانداری. شەوی قەدر و دابەزینی فریشتەکانی خوای گەورە واتە: وەدەستهێنانی کلیلی زێڕین بۆ کردنەوەی ئەم دەرگایانەی دەمانخەنە سەر شاڕێگەی بەرەو خواچوون. شەوی قەدر؛ واتە ڕێگەیەکی گوڵڕێژ لە شەوق و زەوق بۆ ڕاز و نیاز و دڵداری لەگەڵ یار و یاوەردا.
دانە دانە پیتەکانی ئەو سووڕەتە پڕیەتی لە دڵڕفێنی بە جۆرێک کە: هیوا و ئومێد و دڵگەرمی و ئۆقرەیی بە مرۆڤی باوەڕدار دەبەخشێ.
بۆچی شەو؟ دەبێ چ ڕاز و نهێنیهک لە شەودا هەبێ؟ بێگومان شەو جێگە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە بۆ پەروەردەکردنی ڕوح و ڕاز و نیاز لەگەڵ یاری حەقیقی.
قوڕئان لە شەوی قەدر دابەزییە خوارەوە وەک دەفەرموێ: إِنَّآ أَنزَلْنَٰهُ فِى لَيْلَةِ ٱلْقَدْرِ ئێمه بهڕاستی قوڕئانمان دابهزاندۆته خوارهوه له شهوێکی ڕێزداردا.
خوای گەورە شەوی هەڵبژارد بۆ بەخشینی دیاری و خەڵات بەسەر پێغەمبەر موسا وەک دەفەرمووێ: (اربعین لیلە) سووڕەتی بەقەرە ئایەتی ٥١.
هەر لە شەوی قەدر هەموو ڕووداوەگرینگەکانی پێوەندیدار بە زەوی و ئاسمان دەست نیشان دەکرێن وەک دەفەرمووێ: (فیها یفرق کل امر حکیم) سووڕەتی دووخان ئایەتی ٤.
شەو کەش و هەوایەکی تایبەتی هەیە بۆ وتووێژ لەگەڵ یاری نازەنین وەک دەفەرموێ: و بالاسحار هم یستغفرون، سووڕەتی زاریات ئایەتی ۱٨.
هڵکشان و بەرزبوونەوەی پێغەمبەر لە شەودا ڕووی دا وەک دەفەرموێ: اسری بعبدە لیلا من المسجد الحرام، سووڕەتی ئەسڕا ئایەتی ۱.
پێغەمبەر خۆی شەوانە خەریکی ڕاز ونیاز بووە لەگەڵ پەروەردگار، پەروەرێنی بێهاوتا لەشەودا ڕێز و شکۆی عاریفان و خواناسان باشتر دەگرێ، چونکە بۆ وتووێژ لەگەڵ یار لە خۆشی خۆیان وازدێنن، وەک دەفەرموێ: (قم الیل الا قلیلا، نصفە ٲو نصفە ٲو ٲنقص منە قلیلا ــ و من الیل فتهجد بە نافلە لک) سووڕەتی موززەممیل ۲و۳ــ ئەسرا ۷۹.
خوای گەورە سوێند بە بەیانی و ئێوارە دەخوات، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا سێ جار سوێندی بە کاتی نیوەشەو خواردووە واتە پارشێو وەک دەفەرموێ: والیل اذا عسعس، والیل اذا ادبر، والیل اذا یسر.
دەکرێ ئەوە بڵێن کە: شکۆ و بایەخ و گرنگی شەوی قەدر لە هاتنەخوارەوەی قوڕئانی پیرۆز دایە، بەدڵنیاییەوە بایەخ و گەورەیی مرۆڤی باوەڕدار لە کاریگەری قوڕئان لە ڕەوشت و ڕەفتاری مرۆڤ دایە. (إِنَّآ أَنزَلْنَٰهُ فِى لَيْلَةِ ٱلْقَدْرِ). لە سۆنگە ئەم ئایاتە هەستبزوێن و چێژبەخشانەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە: ئەو ساتە زێڕین و ناوازەی کە ئەرز بە خۆیەوەی بینی، مرۆڤ وەک خۆی ناتوانێ نە بە زمان و نە بە قەڵەم پێناسەی بکات؛ لەم گۆشە نیگایەوە پێویستە لەسەرمان ئێمەی باوەردار بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ئەو ڕووداوە شکۆدارە، لەژێر تیشک و ڕووناکی لاڵانەوە و پاڕانەوەدا خۆمان لە شوێن و جێگەیەکدا کە سەرچاوەی ڕەحمەت و بەڕەکەت و دڵۆڤانی و مێهرەبانییە؛ شێلگیرانە و بە تامەزرۆیانەوە وەک: عاریف و خواناسی ناودار (ڕابیعەی عەدەوی) لەو ساتە نوورین و سەرنجڕاکێش و دڵگیرە لەگەڵ دڵداری حەقیقی بدوێن و پێوەندییهکی ئاشتیخوازی و ویستگەیەک بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤەکان لە کۆت و زەنجیری چەقبەستوویی و دەمارگرژی لەگەڵ یاری نازەنین دروست بکەین، بەڵکوو ئۆقرەیی و کامەرانی دڵمان بڵاوێنێتەوە.
یا لیت بینی و بینک عامر و بینی و بین العالمین خراب
خۆزیا نێوان من و تۆ ئاوەدان و پتەو بایە ئیتر باکم نەبوو ئەگەر نێوان من و هەموو جیهان وێران و داڕمابایە (ڕابیعەی عەدەوی)
بەدڵنیایەوە ئەگەر ئانتێنی تەلەڤیزیۆن و شەپۆلی وەرگرتنی هێڵی شوشیاڵ میدیا ڕزیو و لە برەوکەوتوو بێ، وێنەیەکی ئەوتۆمان نیشان نادا سوودی هەبێ؛ کەواتە پێویستە بۆ وەرگرتنی هێڵی مەعنەوی و ڕوحی و تروسکانەوەی دڵ و جەستەمان، سەرجەم کۆئەندامانی لەش لە ژەنگی کەڵەکەپوو و ناخهەژێن و داڕمانی ژیانی تاک و خێزان و کۆمەڵایەتی ئەستڕین کەین تا جارێکی تر سوڵح و ئاشتەوایی زەوی و ئاسمان لەو شەوەدا هەست پێ بکەین و سیگناڵی دڵڕفێنی قوڕئان وەک لێزمە بارانی ڕەحمەت ناخ و دەروونمان بشواتەوە…