زنسیاسی

مێژووی ژنانی کورد

ژنانی کورد

لێرەدا بەکورتیی تیشک دەخەینە سەر ژیانی چەند نمونەیەک لە ژنانی تێکۆشەری کورد، کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و پێشەنگایەتییان کردووە.


حەپسە خانی نەقیب
حه‌پسه‌ خانی نەقیب، کچی مەعروف به‌رزنجی‌ بووە، له ‌ساڵی ۱۸۹۱ له ‌شاری سلێمانی لەدایکبووە، بەهۆی ئەوەی برای نەبووە، دوای کۆچی دوایی باوکی خۆی دەبێتە جێنشێن و کاروباری دیوەخان بەڕێوەدەبات، بەهۆی لێهاتووییەکەشیەوە، نەک ڕێگریی لێنەکراوە، بەڵکو پشتگیریی لێکراوە، بەڵام لە لایەن پیاوانی میرییەوە دژایەتیی کراوە، ئەو دژایەتییەش نەیتوانیوە کارگەریی لەسەر حەپسەخان دروست بکات.

لە ساڵی ١٩٢٣ لەگەڵ شێخ قادری ئامۆزای هاوسەرگیریی کردووە و منداڵێکیان بووە ناویان ناوە شامیل، بەڵام هەر لەتەمەنێکی بچوکدا کۆچی دوایی دەکات، ئیدی هیچ منداڵێکی دیکەیان نابێت.
حەپسە خان، ڕۆڵێکی باڵای گێڕاوە لە کایەی سیاسیی و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا، پارێزەرێکی سەرسەختیی مافەکانی ژنان بووە، لەوسەردەمەدا، کە خوێندن بۆ کچان عەیبەبووە، ئەمە بەلای حەپسەخانەوە قبوڵنەکراو بوو، بۆیە هانی ژنانی داوە بۆ خوێندن و ساڵی ١٩٢٦ خوێندنگای زانستیی کچانی لە گەڕەکی سابونکەرانی شاری سلێمانی کردووەتەوە و ماڵ بە ماڵ گەڕاوە تا خەڵک ڕازیی بکات، کچەکانیان بنێرنە بەر خوێندن، خۆیشی لەگەڵ ئەواندا دەبێتە خوێندکار و خۆیان فێری خوێندەوەرایی دەکەن.
لە ٢٨/٦/١٩٣٠ یەكەمین كۆمەڵەی ژنان بەناوی (كۆمەڵەی ئافرەتانی كورد) بە ‌دەستپیشخەریی حەپسەخانی نەقیب دامەزراوە، حەپسەخانی عیرفانە فەنی، سكرتێری بووە و بارەگای تایبەتیشیان ھەبووە، دروستكردنی كۆمەڵەیەك لەلایەن ژنێكەوە بۆ داكۆكیكردن لە ماف ‌و داواكانی ژنان لەو کاتەدا، نموونەیەكی كەم وێنەیە، نەک لە باشوری کوردستان، تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا.
حەپسەخانی نەقیب، لە تەمەنی ٦٢ساڵیدا، لە ڕۆژی ١٢ی نیسانی ١٩٥٣، بە نەخۆشی شێرەپەنجە کۆچی دوایی کرد و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.


دایفە خاتوون
دایفەخاتوون، برازای سەلاحەدین ئەیوبی، بە پێی زانیارییە مێژووییەکان لە ساڵی ١١٨٦ لە حەلەب بە لەدایکبووە و لە تەمەنی ٢٥ ساڵییدا لە گەڵ کوڕێکی باڵادەستی ئەیوبییەکاندا هاوسەرگیریی دەکات، کاتێک کە هاوسەرەکەی کۆچی دوایی دەکات، دایفە خان دەبێتە شوێنگرەوەی، لە ساڵی ١٢٣٦ بەولاوە و دوای مردنی کوڕەکانی لە تەمەنی ٥٠ ساڵییدا دەسەڵات دەگرێتە دەست و بۆ ماوەی ٦ ساڵ حەلەب بەڕێوەدەبات، لەدژی هێرشی مەغۆلەکان دانووستان لەگەڵ تونس، شام  و کوردستان ئەنجام دەدات و دەبێتە ژنێکی خاوەن هەڵوێست، زیاتر لە هەموو دەسەڵاتدارەکانی دیکە کاریگەریی دەبێت و شوێنە ستراتیژییەکان دەکاتە بنکەی سەرەکیی و توانیویەتی پێشەنگایەتی شەڕ بکات و دژی هیرشی مەغۆلەکان بووەستێتەوە، هەروەها قەڵای جیهبەر، شیرەز و حاریم بپارێزێت، بانگەوازی لە گەل کردووە کە یەکبوون هێرشی مەغۆلەکان تێکدەشکێنێت، هەروەها چەندین خوێندنگا و فیرگەی ئایینی دروست کردووە، دایفە خاتوون لە تەمەنی ٥٩ ساڵیدا بە هۆیی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە.


فاتە ڕەش، ئەمازۆنەکەی کوردستان
فاتە ڕەش، یەکێکە لە ژنە ناودارەکانی کورد، کە خاوەن هێز و ئیرادەیەکی گەورە بووە، مێژووی لەدایکبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٨٥٣-١٨٥٦ و لە ناوچەی ڕەواندز ژیاوە، لە شەڕی قڕم(دوورگەی کریما)، بە ٣٠٠ سوارەوە دەچێتە تورکیا تا دژی سوپای ڕووسیا پشتیوانی خۆی بۆ تورکەکان نیشان بدات و بەشداریی لە شەڕەکەدا کردووە، بەڵام لە مێژوودا ئەو قارەمانییەتییە کراوەتە موڵکی عوسمانییەکان و وەک ژنێکی کورد باسی لێوەنەکراوە.

فاتە ڕەش لە ڕۆژنامە جیهانییەکانیدا بە فاتەڕەشی کوردستانی، ئەمازۆرنی کورد و خانمی کورد ناو دەبرێت و لە کۆتاییەکانی ١٨٠٠ کۆچی دوایی دەکات.


خانزادی میری سۆران
خانزاد، هاوسەری سولێمان بین شەکەلی بەگ، میری سۆران بووە و لە سەدەی ١٢دا ژیاوە، وەک خانزادە سوڵتانیش ناسراوە، دوای دەستگیرکردنی هاوسەرەکەی لە بەغدا، بەرپرسیارێتیی میری سۆران دەخاتە سەر شانی خۆی و هەرێمی سۆران و حەریر بە باشی بەڕێوەدەبات، لە سەردەمی حوکمڕانییدا چەندین قەڵا دروست دەکات، کە لە زۆرێک لە هونراوەکاندا پێناسەی کراوە.

مەیان خاتوون
مەیان خاتوون، ساڵی ١٨٧٤ لە دایکبووە و لە ١٥ ساڵیدا لە گەڵ میرعەلی بەگ هاوسەرگیریی دەکات و دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی، دەبێتە میری ئێزدییەکان لە شەنگال، لەبەر هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان ماوەیەک دەست لەکار دەکێشێتەوە و دوای مردنی کوڕەکەی و کوڕەزاکەی دەبێتەوە میر، ژنێکی بە ئیرادە و بوێر بووە و لە ناو خەڵکدا خاوەن پێگە بووە، ماوەی ٤٤ ساڵ میرایەتیی کردووە و لە ١٩٥٧ کۆچی دوایی کردووە.

فاتمە خان
فاتمە خان لەدوای مردنی هاوسەرەکەی هەرێمێک لە ناوچەی ڕواندز بەڕێوەدەبات و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ئەو کاتە خەڵک فاتمەخان بە نوێنەری خۆیان هەڵدەبژێرن، لە هەرێمی پشدەریش لە عەشیرەتی کافرۆش و شوان، دوو ژن بە ناوەکانی مامەپۆر حەلیمە و نێرگز، لەدوای مردنی هاوسەرەکانیان بوونەتە میر و لە دژی هێرشەکانی عوسمانی تێکۆشانیان کردووە، هەروەها مامەپێشەنگ ماشەرەف خانم، پەریخان، شەمسی خانم و مەریەم خانم میرایەتییان کردووە، بەڵام زانیاریی لەبارەیانەوە زۆر کەمن.


زەریفە
زەریفە لەگەڵ عەلیشێر-ی هاوسەری لە کۆمەڵەی تەعالی کورد کاریان کردووە و پێکەوەش دەچنە دێرسیم و خەباتی پاراستنی سەرهەڵدانی دێرسیم دەگرنە ئەستۆ، کە بارەگای لە ئەشکەوتێکی چیای توژک بوو، دواتر خیانەتیان لێدەکرێت و عەلیشیر دەکوژن، زەریفەش بە تفەنگەکەی عەلیشێر تەقە لەو کەسانە  دەکات و یەکێکان دەکوژێت، بەڵام زۆر نابا زەریفەش دەکوژرێت و سەری هەردووکیان دەبن بۆ ژەنڕاڵەکەیان، خیانەتکاران دوای ماوەیەک سزای کارەکەیان وەردەگرن و گولـلەباران دەکرێت.


بەسێ خانم
بەسێ خانم، قارەمانێکی سەرهڵدانی دێرسیم بووە و پێشەنگایەتی ئەو شۆڕشە دەکات، کاتێک دەزانێت خەریکە دەکەوێتە دەستی دوژمن هاوار دەکات و دەڵێت ئێوە ناتوانن دەستان بە من بگات و دواتر خۆیی لە بەرزاییەکەوە فڕێ دەداتە خوارەوە.


قەدەمخێر
یەکێکە لە ژنە ناودار و بوێرەکانی ناوچەی لوڕستان، کە ڕابەرایەتی شۆڕشی پشتکۆیی کرد و خاوەنی سوپایەکی گەورە و پڕ چەک بووە، هەر وەک چۆن خاوەنی بیروباوەڕێکی بەهێز بووە و لەپێناو ئازادیی نەتەوەکەیدا خەباتی کردووە، لە دوای کوشتنی مورادخانی برای بە دەستی ڕەزا شا، قەدەمخێر بڵێسەی ئاگری تۆڵە لە ناخیدا دەگەشێتەوە و پێنج ساڵ قارەمانانە دژی سوپای شا دەجەنگێت، کاتێک دووژمن دەزانێت شەڕکردن لە گەڵی بێسوودە، بە ڕێگای نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکیی ناوخۆ، شۆڕشەکە سەرکوت دەکەن.

پاشان رەزا شار ١٧ کەس لە ئەندامانی ئەو شۆڕشە لە سێدارەدەدات و قەدەمخێریش دەخاتە زینداوە و تا کۆتایی تەمەنی لە زینداندا دەبێت.


عادیلە خانم
عادیلە خانم، كچی عەبدولقادر بەگە، زۆرێك لە سەرچاوەكان لە سەر ئەوە كۆكن كە لە ساڵی ١٨٥٩لە شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، دوای ئەوەی لە تەمەنی ۱۸ ساڵییدا هاوسەرگیریی لەگەڵ وەسمان پاشا، دەكات چووەتە هەڵەبجە و لەوێ نیشتەجێبووە، دایکی دوو شاعیری ناودار ئەحمەد موختار جاف و تاهیر بەگی جاف بووە.

ئەگەرچی عادیلە خانم لە بنەڕەتدا لە جافەكان نەبووە، بەڵام توانی بە لێهاتووی خۆی ڕۆڵێكی كارا ببینێت لە ناو عەشیرەتی جاف-دا، وەسمان پاشای لە ژیانی كۆچەرییەوە بەرەو نیشتەجێبوون هانداوە، لە دوای ئەوەی ساڵی ۱۸۸۹وەسمان پاشا دەبێتە قایمقامی هەڵەبجە دەرفەتی زیاتر بۆ عادیلەخان دەڕەخسێت تا لەگەڵ هاوسەرەكەی بەشداریی لە ڕاپەڕاندن و جێبەجێكردنی كارەكانی كاروباری كارگێڕیی و حكومی شارەكە بكات.
لەدوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی لە ساڵی ١٩٠٥، سەرۆکایەتیی هۆزی جاف لەئەستۆ دەگرێت و کاروبارەکانیان ڕادەپەڕێنێت.
سێ كۆشك، دادگایەكی سەربەخۆی تایبەتی دامەزراندووە، كە خۆی بووە بە بەرپرسی دادگاكە، بەندینخانەیەك، قەیسەریی و مزگەوتێكی بە ناوی مزگەوتی خانم دروستكرد، كە تێچوون و پێداویستی مزگەوت و مەلا و فەقێكانی لە ئەستۆ گرت، وێڕای ڕۆڵی لە بەڕێوەبردنی شاردا توانیویەتی هەڵەبجە لە گوندێكی وێرانەوە بكات بە شارێكی ئاوەدان و لەدوای خزمەتێكی زۆر بە خەڵكەكەی، لە بەهاری ١٩٢٤دا و لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە .


مینا قازی محەمەد
مینا، لە ساڵی ١٩٠٨ لە شاری مهاباد لە دایک بووە، لە ساڵەکانی ١٩٢٧ – ١٩٢٨ لەگەڵ پێشەوا قازی محەمەد ژیانی هاوسەریی پێک دەهێنن، سەرەڕای ئەوەی خوێندەوارییەکی باشی نەبووە، بەڵام پاڵپشت و یاریدەدەری پێشەوا بووە لە هەموو بوارەکاندا.
مینا، توانی لە ماوەیەکی کەمدا بگاتە ئەو ئاستەی کە ڕۆڵێکی کارا بگێڕێت لە هاوکارییکردنی هاوسەرەکەی و بە فەرمی تێکەڵ بە ژیانی سیاسیی ببێت، لەکاتی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا بووە سەرۆکی رێکخراوی “یایا” کە ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی ژنان بووە. بەمجۆرە مینا لەو هەولومەرجەدا و لە کاتێکدا کە داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەشداریی ژنان لە چالاکیی سیاسیدا لەمپەڕ بوون، توانی دەورێکی بەرچاو بگێڕێت لە دەستپێکی هاتنە مەیدانی ژنان بۆ گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی، مینا لە مهاباد و رێکەوتی ١٨/٢/١٩٩٨ بە یەکجاری چاوەکانی لێکنا و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.


لەیلا قاسم
لەیلا قاسم، ژنە تێکۆشەری کورد، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شارۆچکەیی خانەقین لە خانەوادەیەکی نیشتمان پەروەر لە دایکبووە و  دوای قۆناغەکانی خوێندن لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە.
 ساڵی ١٩٧٠ لە ڕێگای برا گەورەکەیەوە لەگەڵ بزوتنەوەی سیاسیی کورد ئاشنا دەبێت و لەنێو ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان خەبات و تێکۆشانی کردووە، لەگەڵ جەواد ھەمەوەندی کە خۆشەویستی بووە، پێکەوە خەبات و چالاکییان لەنێو ڕیزەکانی پێشمەرگە کردووە.
لەیلا قاسم و چوار لە هاوڕێکانی، لە بەرەبەیانی ٥/١٢/ ١٩٧٤ لە بەغدا لە لایەن ڕژێمی بەعسی عێراق-ەوە لە سێدارەدران، ئەمەش یەکەم ژنی کوردبووە، کە لەپێناو نەتەوەکەیدا لەسێدارە بدرێت.


وەرگیراوە

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا