اصولفتاوی

گۆڕینی رەگەزی نێرینە بۆ مێینە یان بە پێچەوانەوە


فەتوا: دەربارەی گۆڕینی رەگەزی نێرینە بۆ مێینە یان بە پێچەوانەوە
پرسیارێكم لە یەكێك لە پسپۆڕانی نەشتەرگەری جوانكاری و چاككردن و سوتاندن لە وڵاتی میصرەوە پێگەیشتووە، ئەمە دەقەكەیەتی:
من لە ئێستادا دەمەوێت پێشكەوتنێك لە ژیانی پیشەكەمدا بەدەستبێنم…لەبەرئەوە پەیوەندیم كرد بە چەندین كەسانی پسپۆڕەوە لە بواری جوانكاری لە چەندین نەخۆشخانەدا.. ئێستە وەڵامێكی ئەرێنیم كە ئەوەش (حاڵەتێكە بە دەگمەن روودەدات) لە بەشی جوانكاری زانكۆی هامبۆرگەوە UKE.. دەستكەوتووە كە بەشێكی زۆر باڵایە لە پسپۆڕیدا، بە تایبەتیش پسپۆڕە لە نەشتەرگەریی گۆڕینی رەگەزدا.. كە بوارێكی فراوانە لە جوانكاریدا.. بەوەی ئەو نەخۆشانەی كە حەزیان بە گۆڕینی رەگەزیانە لەدوای هەڵسەنگاندنێكی فەرمی لەلایەن 2 پزیشكی دەروونی و هەڵسەنگاندنی یاسایی لە باری كەسێتیدا و لەدوای وەرگرتنی چارەسەری هۆرمۆنی بۆ ماوەیەك كە لە ساڵێك كەمتر نەبێت سەردان دەكەن..
پرۆسەی نەشتەرگەرییەكە بریتییە لە دەرهێنان یان گەورەكردنی مەمك، هەروەها دەرهێنان یان چاندنی چووك (كۆئەندامی نێرینە)، هەروەها نەشتەرگەریی گون و دانانی ماتۆڕی رەپبوون، هەروەها بە مێینە یان نێرینەكردنی روومەت.
جا ئایا كاركردن لەم بوارەدا حەرامە؟ ئەمە لە كاتێكدا ئێمە دەستپێشخەر نین بە گۆڕان و حاڵەتەكەش دەستنیشان ناكەین، بەڵكو كاری ئێمە بریتییە تەنها لە بەجێگەیاندنی راسپاردەكانی دەوڵەت؟


وەڵام:
سوپاس بۆ پەروەردگاری جیهانیان، درود و سەلام لەسەر گیانی پێغەمبەرمان موحەممەد كە بەزەییە بۆ جیهانیان، هەروا لەسەر ماڵبات و تەواوی هاوەڵە بەڕێزەكانی.
پاشان:
ئەوەی من لەم بوارەدا دەربارەی پێكهاتەی نێرەموك، لە رێگای لێكۆڵینەوە لە قورئانی پیرۆز و سوننەتی شكۆمەندەوە پێیگەیشتووم، ئەمەی خوارەوەیە:
1- هەر مرۆڤێك -بەڵكو هەر شتێكیتریش- تەنها لەسەر ژیانی جووت بەرپا دەبێت، ئەویش نێر و مێیە، یان سارد (سالب) و گەرم (موجب) دامەزراوە، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (سُبْحَانَ الَّذِي خَلَقَ الْأَزْوَاجَ كُلَّهَا مِمَّا تُنْبِتُ الْأَرْضُ وَمِنْ أَنْفُسِهِمْ وَمِمَّا لَا يَعْلَمُونَ) يس36 واتە: (پاكی و بێگەردی و ستایش بۆ ئەو زاتەی كە هەموو دروستكراوانی بە جووت بەدیهێناوە، لەوانەی كە زەوی بەرهەمیان دەهێنێت، لە خۆیشتان و لەو شتانەش كە نایزانن).
2- فیقهناسە پێشینەكانمان بە تێروتەسەلی قسەیان لەسەر ئەم باسە كردووە، منیش لە لێكۆڵینەكانەوە -بە تایبەتی لێكۆڵەرانیان- گەیشتمە ئەوە… كە هەر ئەوە دەڵێن و جەخت لەوە دەكەن كە لە قورئانی پیرۆزدا دەربارەی سنورداركردنی رەگەزی مرۆییەوە لە نێرینەو مێینەدا هاتووە، هەروەك خوای گەورە دەفەرموێ‌: (وَأَنَّهُ خَلَقَ الزَّوْجَيْنِ الذَّكَرَ وَالأُنْثَى ، مِنْ نُطْفَةٍ إِذَا تُمْنَى) النجم 45-46واتە: (هەر ئەویش دوو جۆر رەگەزی نێر و مێی لە هەموو گیانداراندا بەڵكو لە بێگیانەكانیشدا بەدیهێناوە، لە هەموو شت جووت و دوو شێوازی جیاوازی تەواوكاری یەكتری بەدیهێناوە، بە تایبەت ئادەمیزادی بەدیهێناوە لە نوتفەیەك، دڵۆپێكی زۆر زۆر بچوك ئەویش ئەو كاتەی كە بواری پیتاندنی بۆ بڕەخسێت و لە منداڵداندا خۆی هەڵبواسێت).
3- مرۆڤ سنوردار كراوە لەم دوو رەگەزەدا واتە (نێر و مێ‌)، شتێك نییە بە ناوی پێكهاتەی نێرەموك كە وەك رەگەزێكی سەربەخۆ بوونی هەبێت، بەڵكو شتی لەوجۆرە لەبەرئەنجامی كەمووكووڕی و نەخۆشییەوە سەرهەڵدەدات.
جا بەرمەبنای ئەمە دەڵێین:
أ- ئەگەر پزیشكان گەیشتنە ئەو ئەنجامە كە كەسەكە لە حاڵەتی گومان و دوودڵی دا بێت لە نێوان نێر و مێینەدا، -واتە پێكهاتەیەكی نێرەموكی بێت بەپێی زاراوەی فیقهناسان- ئەوا دەڕواننە حاڵەتی زۆرینەی رەگەزی تیایدا. كە كامیان زاڵترە.
ب- جا ئەگەر زۆربەی هۆرمۆنەكان و نیشانەكان نیشانەی نێرینەیی بن، ئەوا بۆیان هەیە باری ئەو كەسە بگۆڕن بۆ نێرێكی تەواو، ئەگەریش زۆربەیان مێینەیی بن، بۆیان هەیە بیگۆڕن بۆ مێینە.
ج- بەڵام ئەگەر مرۆڤەكە سروشتی بوو، هەموو هۆرمۆنەكان یان نیشانەكان تیایدا نێر یان مێ بێت، ئەوا بە هیچ جۆر دروست نیە ئەو مرۆڤە بگۆڕدرێ‌ بۆ رەگەزێكی تر.
گۆڕینی بە ئەنقەستی حەز و هاوشێوەی:
بەڵام كێشەكە لە ئەمڕۆدا كێشەی پێكهاتەی نێرەموكی نییە وەك ئەوەی لای فیقهناسە پێشینەكانمان هاتووە، بەڵكو كەسەكە دەیەوێت خۆی بگۆڕی بۆ رەگەزێكی تر ئەوەش وەك حەزێك و هاوشێوەكانی، ئەوا لەم حاڵەتەدا گومانی تێدا نییە ئەو كارە دەچێتە ناو پرۆسەی گۆڕینی دروستكراوی خواوە، دژە لەگەڵ سروشتی ساغ و سەلیمدا، لەگەڵ بنەما گشتییەكان و مەبەستە هەمووەكییەكانی شەریعەتدا، خوای گەورە دەفەرموێ‌: ((َلَأُضِلَّنَّهُمْ وَلَأُمَنِّيَنَّهُمْ وَلَآمُرَنَّهُمْ فَلَيُبَتِّكُنَّ آذانَ الْأَنْعامِ وَلَآمُرَنَّهُمْ فَلَيُغَيِّرُنَّ خَلْقَ اللَّهِ وَمَنْ يَتَّخِذِ الشَّيْطانَ وَلِيًّا مِنْ دُونِ اللَّهِ فَقَدْ خَسِرَ خُسْرانًا مُبِينًا ، يَعِدُهُمْ وَيُمَنِّيهِمْ وَما يَعِدُهُمُ الشَّيْطانُ إِلاَّ غُرُورًا)

النساء 119-120.. واتە: (-شەیتان- هەروەها سوێندی خواردووە كە ئەو خەڵكە، گومڕاو سەرلێشێواو بكات، بە ئاوات و خەیاڵاتی پووچەوە سەرگەرمیان بكات، فەرمانیان پێبدات كە گوێی ئاژەڵەكانیان ببڕن، هەروەها فەرمانیداوە و بە چاوی خۆیشمان دەبینین كە شوێنكەوتووانی دەستكاری دروستكراوانی خوا دەكەن بە شێوەیەك كە دەیشێوێنن، جا ئەوەی شەیتان بكاتە یارو یاوەر و مامۆستای خۆی ئەوە بێگومان زەرەرو زیانێكی ئاشكرای لەخۆی داوە، شەیتان بەردەوام بە وەسوەسە و خەتەرە و خەیاڵ بەڵێن بە شوێنكەوتووانی دەدات و بە ئاواتی پڕوپووچ و بێنرخ سەرگەرمیان دەكات، هەموویشی فریودان و خەڵەتاندن و لادانە لە رێگە و رێبازی راست و دروست). بەم پێیەش ئەوا ئەو گۆڕانە حەرامە، ئەنجامدانیشی لەلایەن پزیشكەوە ئەویش هەر حەرامە، نابێت كاری وای لا پەسەند بێت و بیكات.
خوای گەورەش زانانرە.

پ. د. علی محێدین قەرەداغی

ئەمیندارى گشتى یەکێتى جیهانى زانایانى مسوڵمان
سەرۆکى رێکخراوى رابیتەى مرۆیى

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا