
لەو ڕۆژەوە ڕۆیشتــووە تۆراوە دڵــی من
هەرچەند ئەگەڕێم بێ سەروشوێن ماوە دڵی من
ئــاخـــۆ بـە چ شاخێكەوە گیرساوە دڵی من
یــاخــــۆ بــە چ داخێكەوە سـوتـاوە دڵــی من
ئەو هەم دەمی غەمخوارو نەدیمی منە یـــاڕەب
ئـەو مەحڕەمـی ئەسرارو قەدیمی منە یـــاڕەب
ئەو گەوهەری شـەهـوارو یەتیمی منە یـــاڕەب
كـەوتـۆتــە چ بەحرێكەوە خنكاوە دڵـــی مــن
مەجنـونـی دوو گـێسـوی چ لەیلایەكە ئـــــاخــۆ
یا وامـیـقــی جـــادووی چ عەزرایەكە ئـــــاخــۆ
دێـــوانــەی ئاهوی چ سەحرایەكە ئـــــاخــۆ
كـــام چـیهــرە پەری دیــوە كـە ترساوە دڵی من
ئەتلێتەوە گـاهـێ بەخـەیـــاڵی خەت و خاڵی
ئەخولێتەوە گـاهــێ بە چرای شەوقی جەماڵی
نـازانـی ئـەگەر چـۆنـە بەدەست دەردەوە حـاڵی
وەك پوش و پەڵاشێكە بەدەم بـاوە دڵـــی مــن
لەو چــۆڵــی بیابانە ئــەبــێ یاوەری كـــێ بێ
یا بـەو كە ژو كێوانەوە سـەودا سـەری كـێ بێ
یالەت لەت و ئەفگاری موژەی خەنجەری كێ بێ
چۆن ماوە لەسەد لاوە كە كوژراوە دڵی من
بۆچی نەڕژێ سەیلی سروشكم وەكو باران
بۆچی وەكو یەعقوب نەبمە شوهرەی شاران
لەو یۆسفە پرسیومە لە بێگانە و یاران
هەر گیز نییە سۆراخی لەهیچ لاوە دڵی من
بۆخۆی بگریم یا نەفەسی پەردە دڕاوی
یا بۆ جگەری كون كون و سەد پارە كراوی
چی كردوە یاڕەب كە خەو و خواردن و ئاوی
دایم غەم و بێداری و خوێناوە دڵی من
چ بكەم ، چ بڵێم ، بۆ دڵەكەم كارییە دەردم
شاهیدی منن مویی سپی و چیهرەیی زەردم
خۆڕایی نییە ناڵەی گەرم و دەمی سەردم
هەڵبەت بە بەڵایەكەوە ئاڵاوە دڵی من
ئەوسینە لە غەش خاڵییە، ئەو بێ ڕك و كینە
ئەو خادیمی شەرعی نەبەوی و میلەت و دینە
مەعلوم چووە بۆ خزمەتی سالاری مەدینە
وام زانی كە فەوتاوە ، نەفەوتاوە دڵی من
قوربانی كەسێ بم كە قوربانی ( نەبی) بێ
وەك بەندە سەگی دەرگەهی شاهی عەربی بێ
شاهی عەربی یەعنی قوڕەیشی نەسەبی بی
جەرگی بە دوو ئەبرۆی ئەوە جنراوە دڵی من
زاتێكی وەهای گرتووە ڕۆحم بە فیدای ئەو
شاهان شەو و ڕۆژ دێنەقەدەم بۆسی گەدای ئەو
بێخود مەبە ئیتر بە ئومێد و بەتەمای ئەو
نایەتەوە لات گەر سەری داناوە دڵی من.
ارسالی یکی از اعضای محترم