اصولعقاید

ئامانجەکانی تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان

ئامانجەکانی تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان

پروفسور خالد محمد صالح


لەوانەیە زۆر جار بپرسین و بەمێشکماندا بێت: باشە بۆچی خوای گەورە بەو ناڕەحتییانە تاقیمان دەکاتەوە؟ یان بەواتایەکی تر سوودی ئەو تاقیکردنەوانە دەبێت چی بن؟ لێرەدا هەندێک لەو سوودانە باس دەکەین:

١- کۆی پڕۆسەی ژیان و زان و مان و مردن لە پێناو تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان هاتووەتە بوون و هیچی تر

، وەک خوای گەورە دەفەرموێت: [الَّذِي خَلَقَ الْمَوْتَ وَالْحَيَاةَ لِيَبْلُوَكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلاً](سورة الملك:آیة ۲ ). واتە: ئەو خوایەی کە مردن و ژیانی درووست کردووە؛ تا تاقییتان بکاتەوە کامەتان لە هەموان کردەوەی باشترە و خواناس ترە.
هەر لەبەرئەوەیە خوای پەروەردگار پەیام و پێغەمبەرانی خۆی بۆ مرۆڤایەتی ناردووە؛ تا ڕێگای ڕاستیان نیشان بدەن و لە ڕێگەی ناڕێک ئاگاداریان بکەنەوە وەک خۆی دەفەرموێت: [إِنَّا هَدَيْنَاهُ السَّبِيلَ إِمَّا شَاكِراً وَإِمَّا كَفُوراً]( سورة الٳنسان:آیة۲). واتە: ئێمە ڕێگای ڕاستمان نیشانی مرۆڤەکان داوە و ئەوانیش خۆیان ئازادن لە بڕیاردان و هەڵبژاردن سوپاسگوزار دەبن، یان یاخی و خوانەناس. هەروەها دەفەرموێت: [وَهَدَيْنَاهُ النَّجْدَيْن](سورة البلد: آیة ۱۰). واتە: ئێمە هەردوو ڕێگای باشە و خراپەمان نیشان داوە.
بەخاتری ئەوەیش کە زیاتر هاوکاری مرۆڤەکان بکات تا ڕێگای ڕاست بدۆزنەوە خوای گەورە بیرو ژیری بەخشیوەتە مرۆڤەکان و تەمەن و کاتی تەواوی پێ بەخشیون بۆ هەڵسەنگاندن و ئازادی بڕیاردانیشی پێ بەخشیون و سەرەنجامیش بەرپرسیارێتی هەر بڕیارێک یان بژاردەیەک دەکەوێتە ئەستۆی مرۆڤەکان خۆیان.

بەخشین و بەڵاکانیش دوو هۆکاری کاریگەریی دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی مرۆڤەکانن، بەتایبەتی بەڵاو ناڕەحتییەکان بۆیە خوای گەورە دەفەرموێت: [وَمِنَ النَّاسِ مَن يَقُولُ آمَنَّا بِاللَّهِ فَإِذَا أُوذِيَ فِي اللَّهِ جَعَلَ فِتْنَةَ النَّاسِ كَعَذَابِ اللَّهِ]( سورة العنكبوت:آیة۱۰). واتە: خەڵکانێک هەن دەڵێن: ئێمە باوەڕمان بە خوای گەورە هێناوە، بەڵام ئەگەر لە پێناوی خوادا تووشی بچووکترین ئازار و ناڕەحەتی بن؛ ئەوا دەستبەرداری باوەڕەکەیان دەبن و پێیان وایە، ئازاری خەڵک و سزای خوا چوون یەکن؛ بۆیە ئەگەر ئەم تاقیکردنەوانە نەبن، لاف وگەزافی دینداری ئاسانە و درۆیش داماوە و هەموو کەس پێی دەوێرێت، چەند کەسمان هەیە ئەهلی نوێژ و خواناسی بوون، نەک لە ترسی سزا، بەڵکو لە پێناوی دەستخستنی پۆست و پایە و پارەی دونیا وازی لە دینداری و مزگەوت و تێکەڵی موسڵمانان هێناوە، چەن کەس لە ترسی کورسی و بەرژەوەندییەکانی ناوێرێت سەردانی ماڵەکانی خوا بکات، ئەمانە ئەوانەن کە بەرگەی شنەبایەکی تەماع و چاوچنۆکی و دونیاویستی خۆیان نەگرتووە، ئەی ئەگەر ئەمانە لەسەر خوا قسەیان پێ بگوترێت، یاخود ئازار و ئەشکەنجە بدرێن، بڵێی دەستبەرداری دینەکەشیان نەبن؟! هیچ بەدووری مەزانە.
پێشەوا حەسەنی بەصری دەڵێت: (خەڵکی هەتا لە خۆشگوزەرانیدا بن، ڕاستیی ناخیان دەرناکەوێت؛ تا تووشی نەهامەتی و ناڕەحەتی نەبن، ئەو کات ڕاستیی ناخیان دەردەکەوێت، ئەو کاتە باوەڕداران لەگەڵ باوەڕەکەیان دەمێننەوە و دووڕووەکانیش دووڕوێتییەکەیان ئاشکرا دەبێت)( الجاحظ: ،البیان والتبیین،ص۹۳،ج۳).
سەییدیش لە تەفسیرەکەیدا دەڵێت: (باوەڕ وشەیەک نییە بەدەم بگوترێت، بەڵکو ڕاستییەکە ئەرک و بەرپرسیارێتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەمانەتێکە و دەبێت پێوەی ماندوو بین، تێکۆشان و ئارامگری و خۆڕاگری دەوێت، کار و فەرمانە و بەرگەگرتنی دەوێت، بۆیە ئەوەندە بەس نییە خەڵکی بەدەم بڵێن: باوەڕمان هێناوە،..؛ تا تەواو تاقی نەکرێنەوە.. وەک چۆن ئاڵتونێک کاتێک تێزاب دەکرێت بەسەریدا؛ تا ساغیی کانزای ئاڵتوونەکە دەربکەوێت، تاقیکردنەوەکانی دونیاش بەهەمان شێوە کانزای خەڵکەکە دەردەخات و ڕاستیی ناخیان دەخاتە ڕوو)( سید قوتب فی ظلال القرآن،ج٥،ص۲۷۳۰).

٢- تاقیکردنەوەو ناڕەحەتییەکان باوەڕدارانی تۆکمە و تەواو درووست دەکەن:

نموونەیەکی سادە: ئەو هەموو نەهامەتییەی لە سەردەمی منداڵی و لاوێتیدا بەسەر پێغەمبەری خواداﷺ هات بۆ ئەوە بوو، خوای گەورە ئامادەی بکات بۆ هەڵگرتنی باری قورسی پێغەمبەرایەتی، بیهێنە پێش چاوی خۆت، ئەگەر ئەم پیاوە لە منداڵییەوە کەسێکی بەناز پەروەردە بوایە، دواتر بەرگەی ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجە و ناڕەحەتی و برسێتی و دەربەردەرییەی دەگرت؟!
یان هاوەڵانی لە سەردەمی مەککە و بۆ ماوەی سیازدە ساڵ بەرگەی ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەی قورەیشیان گرت؛ بۆئەوەی خوای گەورە ئامادەیان بکات بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتی مەدینە لە داهاتوویەکی نزیکدا، کەواتە: ئامانجی تاقیکردنەوەکان، ڕووخاندن نییە، بەڵکو درووستکردن و بونیادنانە.
خەببابی کوڕی ئەرەت کە هاوەڵێکی بەڕێز بوو دەڵێت: ئێمە لە مەککە زۆر ئازارو ئەشکەنجە دەدراین، زۆریان بۆ هێنابووین، ڕۆژێکیان چوومە خزمەت پێغەمبەرﷺبینیم لەپاڵ دیواری کەعبەدا ڕاکشاوە و عەباکەی بەخۆیدا داوە و پێم گوت: ئەی پێغەمبەری خواﷺ: بۆ لە خوا ناپاڕێیتەوە لەم دۆخە ڕزگارمان بکات؟ بۆ داوا لە خوا ناکەیت سەرمان بخات؟ دەڵێت: پێغەمبەری خوا ﷺکە گوێی لە قسەکانم بوو، هەستاو ڕەنگی سوور هەڵگەڕاو فەرمووی: {لَقَدْ كَانَ مَنْ قَبْلَكُمْ لَيُمْشَطُ بِمِشَاطِ الْحَدِيدِ مَا دُونَ عِظَامِهِ مِنْ لَحْمٍ أَوْ عَصَبٍ مَا يَصْرِفُهُ ذَلِكَ عَنْ دِينِهِ وَيُوضَعُ الْمِنْشَارُ عَلَى مَفْرِقِ رَأْسِهِ فَيُشَقُّ بِاثْنَيْنِ مَا يَصْرِفُهُ ذَلِكَ عَنْ دِينِهِ وَلَيُتِمَّنَّ اللَّهُ هَذَا الْأَمْرَ حَتَّى يَسِيرَ الرَّاكِبُ مِنْ صَنْعَاءَ إِلَى حَضْرَمَوْتَ مَا يَخَافُ إِلَّا اللَّهَ}( صحیح البخاری،ج٥،ص٤٥). واتە: شوێنکەوتەکانی پێغەمبەرانی پێش ئێوە پێش ئێوە بەشانەی ئاسن دایان دەهێنان و گۆشت و ئێسک و دەمارەکانیان لێک جیا دەکردنەوە و بەمشار لە تەوقی سەریانەوە تا بەری پێیان دەیانکردن بەدوو کەرتەوە، سەرەڕای ئەوانە دەستبەرداری باوەڕەکەیان نەدەبوون، دڵنیا بن خوا ئەم پەیامەی خۆی سەردەخات، تا وای لێدێت و ئاشتی بەشێوەیەک باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت، کەسێک بە سواری وڵاخەکەی لە سەنعاوە دەڕوات بەرەو حەضرەمەوت، جگە لە خوا شتێکی تر نییە لێی بترسێت.
کەواتە: پێغەمبەری خوا ﷺ نهێنیی ئەو ئازارو ئەشکەنجانەی شاری مەککەی دەزانێ، کە ئەوانە ژانی بوون و باجی مانن. هەر لەبەرئەوەیە کاتێک سەرانی قورەیش سازشیان لەگەڵ دەکرد و پێشنیاری ئەوەیان دەکرد دەسەڵاتی پێ بدەن و بیکەنە گەورەی خۆیان ڕازی نەدەبوو بەوەی وەری بگرێت؛ چونکە دەیزانی تا ئەوکات پیاوانێکی ئاوها پەروەردە نەبوون، کە بتوانن بەرگری لێ بکەن و دەسەڵات و پەیامەکەی بپارێزن، بۆیە هەر دەسەڵاتێک لەم قۆناغەدا درووست بێت، دەرەنجامەکەی شکست دەبێت و لەژێر سایەی دەسەڵاتەکەی ئەبو جەهل و ئەبو لەهەب و وەلیدی کوڕی موغیرەدا دەبێت و ئیسلامیش هەرگیز لەگەڵ ستەم و نادادپەروەریدا هەڵناکات.

بۆیە لە پێشەوا شافعییان پرسی تاقیکردنەوە و ئارامگرتن خێری زیاترە، یان دەسەڵاتداری و سەرکەوتن؟ لە وەڵامدا فەرمووی: (التمكين درجة الأنبياء، ولا يكون التمكين إلا بعد المحنة، فإذا امتحن صبر، وإذا صبر مكن، ألا ترى أن الله عز و جل امتحن إبراهيم عليه السلام ثم مكنه، وامتحن موسى عليه السلام ثم مكنه، وامتحن أيوب عليه السلام ثم مكنه، وامتحن سليمان عليه السلام ثم مكنه)( الغزالی،احیا علوم الدین،ص۲٦). واتە: دەسەڵاتگرتنە دەست پلەی پێغەمبەرانە و دەسەڵاتیش لە دوای قۆناغی ناڕەحەتی و تاقیکردنەوە دێت، کاتێک تاقی دەکرێتەوە ئارام دەگرێت، کە ئارامی گرت خوای گەورە سەری دەخات، نابینی خوای گەورە ئیبراهیمی تاقی کردەوە، پاشان سەری خست، موسای تاقیکردەوە، پاشان سەری خست، ئەیوبی تاقی کردەوە، پاشان سەری خست، سلێمانی تاقی کردەوە، پاشان سەری خست.
ئێمە ئەمڕۆ دەبینین موسڵمانانی دونیا زۆر لە ناڕەحەتی و مەینەتدان و ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجەی زۆر دەبنەوە، لە هەموو لایەکەوە کوفر تەنگی پێ هەڵچنیون و بەجۆرەها شێوە هەوڵی لەناوبردن و سەرکوتکردنیان دەدەن، بەڵام ئەمانە وەکو گوتمان ژانی بوونن، دەبێت ئەو ئازار و ئەشکەنجانە درووستمان کات، پتەومان کات و هەرگیز نابێت چۆکمان پێ دابدات.
ململانێی ئێمە لەگەڵ خەڵکانێکدایە وەک خۆمان مرۆڤن، هەموو ئەو هۆکارانەی بۆ ئەوان ڕەخساون، بۆ ئێمەش ڕەخساون، ئەوان لە دەرەنجامی هەوڵ و ماندووبوونی بەردەوام گەشتوونەتە ئەم ڕۆژە، ئەگەر باوەڕدارانیش بیانەوێت جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست، دەبێت وەکو ئەوان بکەن و خۆیان ماندووو بکەن، ئەگینا خوا لەسەر خەڵکانی تەممەڵ و دەم مردوو نایەتە جواب، ئەوەتا ڕاشکاوانە پێمان دەفەرموێت: [إِنَّ اللّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ]( سورة الرعد،آیة۱۱).

واتە: خوای گەورە بارودۆخی هیچ گەل و نەتەوەیک ناگۆڕێت، تا خۆیان نەیگۆڕن، یان تاخۆیان نەگۆڕێن و خۆیان چاک نەکەن. با هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە نەکەین خوای گەورە خۆی بێت و شەڕمان لەسەر بکات و دەسەڵاتمان بداتە دەست، یان چاوەروان بین بە موعجیزەکانی سەرمان بخات؛ چونکە سوننەتی خوا بۆ سەرخستنی باوەڕداران بەو شێوەیە نییە و خوای گەورەش سوننەتەکانی خۆی، نەک بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ هیچ پێغەمبەرێک تێک نەداوە، بەڵکو خۆیان هەوڵیان داوە و چی لە توانایاندا بووە خستوویانەتە کار و ئەوکات خوای گەورە سەرکەوتنی پێداون.
کەواتە: خاڵێکی تر لە حیکمەتی ئازارو ناڕەحەتییەکان، ئامادەکردنی بەرەی باوەڕدارانە بۆ قۆناغی گرتنەدەستی دەسەڵات و حوکمڕانی.

3-دەستکەوتنی پاداشت و نزیکبوونەوە لە خوای گەورە: ناخۆشی و نەهامەتییەکانی دونیا، جگە لەوەی کە تاوانەکان دەوەرێنن، سوودێکی تریان ئەوەیە کە ئەگەر مرۆڤ لەسەریان خۆڕاگر و ئارامگر بێت، پاداشتیشیان لەسەر وەردەگرێت، پێغەمبەری خوا ﷺلە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {مَا يُصِيبُ الْمُؤمِنَ مِنْ شَوْكَةٍ فَمَا فَوْقَهَا إِلاَّ رَفَعَهُ اللَّهُ بِهَا دَرَجَةً أَوْ حَطَّ عَنْهُ بِهَا خَطِيئَةً}( ابن القیم ج٤،ص۱۹۲). واتە: هەر شتێک تووشی مرۆڤی باوەڕدار بێت؛ لە دڕکێک کە دەچێت بە پێیدا، تا شتی گەورەتر، ئیللا خوای گەورە، یان پلەیەک لای خۆی بەرزی دەکاتەوە، یان تاوانێکی پێ هەڵدەوەرێنێت.
دەبێت نەخۆش و هەژار و خەمبار و خاوەن پەژارەکان، هەست بە نیعمەتی لەگەڵ خوابوون و نزیکیان لە خواوە بکەن؛ تا تاڵی خەمەکانیان لە ناخدا بێتە هەنگوین و ئاسوودەیی دەروونیان پێ ببەخشێت.

پێغەمبەری خواﷺ لە فەرموودەیەکی قودسیدا، باسی دیمەنێک لە لێپرسینەوەکانی قیامەتمان بۆ دەکات و دەفەرموێت: {إِنَّ اللَّهَ عَزَّ وَجَلَّ يَقُولُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ: يَا ابْنَ آدَمَ مَرِضْتُ فَلَمْ تَعُدْنِى؟!.. قَالَ يَا رَبِّ كَيْفَ أَعُودُكَ وَأَنْتَ رَبُّ الْعَالَمِينَ؟!. قَالَ: أَمَا عَلِمْتَ أَنَّ عَبْدِى فُلاَنًا مَرِضَ فَلَمْ تَعُدْهُ، أَمَا عَلِمْتَ أَنَّكَ لَوْ عُدْتَهُ لَوَجَدْتَنِى عِنْدَهُ. يَا ابْنَ آدَمَ اسْتَطْعَمْتُكَ فَلَمْ تُطْعِمْنِى؟!. قَالَ: يَا رَبِّ وَكَيْفَ أُطْعِمُكَ وَأَنْتَ رَبُّ الْعَالَمِينَ؟!. قَالَ: أَمَا عَلِمْتَ أَنَّهُ اسْتَطْعَمَكَ عَبْدِى فُلاَنٌ فَلَمْ تُطْعِمْهُ، أَمَا عَلِمْتَ أَنَّكَ لَوْ أَطْعَمْتَهُ لَوَجَدْتَ ذَلِكَ عِنْدِى. يَا ابْنَ آدَمَ اسْتَسْقَيْتُكَ فَلَمْ تَسْقِنِى. قَالَ: يَا رَبِّ كَيْفَ أَسْقِيكَ وَأَنْتَ رَبُّ الْعَالَمِينَ. قَالَ: اسْتَسْقَاكَ عَبْدِى فُلاَنٌ فَلَمْ تَسْقِهِ أَمَا إِنَّكَ لَوْ سَقَيْتَهُ وَجَدْتَ ذَلِكَ عِنْدِى}( صحیح المسلیم،ج٤،ص۱۹۹۰). واتە: خوای گەورە لە قیامەتدا بە بەندەکەی دەفەرموێت: ئەی بەندەکەم نەخۆش بووم، سەردانت نەکردم؟! بەندەکەش دەڵێت: ئەی پەروەردگار تۆ چۆن نەخۆش دەکەویت؛ تا من سەردانت بکەم، لە کاتێکدا تۆ درووستکار و بەدیهێنەری جیهانیانیت؟! خوای گەورە پێی دەفەرموێت: ئەی نەتزانی فڵان کەسی بەندەی من نەخۆش بوو، سەردانت نەکرد، خۆ ئەگەر سەردانی ئەوت بکردایە؛ ئەوا منت لای ئەو دەبینی، پاشان پێی دەفەرموێت: ئەی بەندەکەم برسیم بوو، داوای نانم لێ کردیت پێت نەدام؟! بەندەکەش دەڵێت: ئەی پەروەردگار من چۆن نان بە تۆ بدەم، لە کاتێکدا تۆ درووستکار و بەدیهێنەری جیهانیانیت؟! خوای گەورە پێی دەفەرموێت: ئەی نەتزانی فڵان کەسی بەندەی من، داوای نانی لێ کردیت پێت نەدا، ئەی نەتزانی ئەگەر نانت بەو بدایە، ئێستا پاداشتەکەیت لای من وەردەگرتەوە، پاشان پێی دەفەرموێت: ئەی بەندەکەم تینووم بوو، داوای ئاوم لێ کردیت پێت نەدام؟! بەندەکەش دەڵێت: ئەی پەروەردگار من چۆن ئاو بە تۆ بدەم لە کاتێکدا تۆ درووستکار و بەدیهێنەری جیهانیانیت؟! خوای گەورە پێی دەفەرموێت: ئەی نەتزانی فڵان کەسی بەندەی من، داوای ئاوی لێ کردیت پێت نەدا، ئەی نەتزانی ئەگەر ئاوت بەو بدایە، ئێستا پاداشتەکەیت لای من وەردەگرتەوە.
کەواتە: خوای گەورە کاتێک بە ناخۆشییەک بەندەکەی بەسەر دەکاتەوە لەبری ئەو نیعمەتەی لێی وەرگرتۆتەوە ئەوەندە لە خۆی نزیک دەکاتەوە کە بەو شێوەیە گوزارشتی لێ دەکات و دەفەرموێت: سەردانی ئەوان و چاکەکردن لەگەڵ ئەوان سەردانی من و چاکەکردن لەگەڵ من بوو.
ئەمەش مژدەیەکی زۆر گەورەیە، بۆ هەموو کەسێک کە خوای گەورە بە ناخۆشییەک لە ناخۆشییەکان بەسەری کردۆتەوە

5-گەشتن بە پلە باڵاکانی بەهەشت:

یەکێکی تر لە نهێنییەکانی ناخۆشییەکان ئەوەیە کە هەندێجار خوای گەورە بەندەیەکی خۆش دەوێت و دەیەوێت بەشی زۆر باشی لە بەهەشتدا پێ بدات، بەڵام کردەوە چاکەکانی ئەم بەندەیە ئەوەندە نین تا بیگەیەننە ئەو ئاستانە، بۆیە خوای گەورە بەو ناخۆشییانە بەسەری دەکاتەوە؛ تا پلەی بەرز بکاتەوەو بیگەیەنێتە ئەو شوێنەی کە خۆی بۆی داناوە.

6- بەڵاو ناخۆشییەکان زلەی میهرەبانیی خوای گەورەن و مەبەست لێیان بەئاگاهێنانەوەی بەندەکانە بۆ بەخۆداچوونەوە و گەڕانەوە لە دونیا بەر لە لێپرسینەوە و سزای قیامەت. خوای پەروەردگار لەبارەی ئەم خاڵە دەفەرموێت: {وَلَنُذِيقَنهُم منَ العَذَابِ الأدنَى دُونَ العَذَابِ الأكبَرِ لَعَلهُم يَرجِعُونَ}(سورة السجدة،آیة۲۱ ). واتە: ئێمە بەر لەسزا سەخت و گەورەکەی قیامەت لە دونیا، هەندێک جار سزا و ناخۆشییان بەسەردا دەهێنین؛ تا پەشیمان ببنەوەو بگەڕێنەوە بۆ لای خوا.

لەم سۆنگەیەوە کاتێک ئاوڕ لە ژیانی پێغەمبەرﷺ و ڕووداوەکانی دەدەینەوە، ئەم خاڵە بەڕوونی هەست پێ دەکەین، بۆ نموونە: کاتێک هاوەڵانی هەڵەیەکیان کردبێت، خوای گەورە نەیهێشتووە بەسەریاندا تێپەڕبێت و یەکسەر ئاگاداری کردوونەتەوە، ئەوەتا لە غەزای ئوحوددا، کاتێک هەندێک لە تیرهاوێژەکان سەرپێچی فەرمانەکەی پێغەمبەر ﷺدەکەن و شوێنەکانیان چۆڵ دەکەن، خوای گەورە یەکسەر دەرەنجامی شەڕەکە لە سەرکەوتنەوە دەگۆڕێت بۆ شکست و باجەکەشی زۆر بەسەختی دەدەن و (70) لە هاوەڵە بەڕێزەکانی شەهید دەبن.
خۆ دەکرا خوای گەورە سەرەڕای سەرپێچیکردنەکەشیان، هەر سەرکەوتنی پێ ببەخشینایە، بەڵام ئەوە ڕێخۆشکەر دەبوو، بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو جۆرە هەڵانە، بۆیە خوای گەورە لێیان قەبووڵ ناکات و یەکسەر باجی هەڵەکەیان پێ دەدات؛ تا جارێکی تر دووبارەی نەکەنەوە و لە قورئانیشدا و لە نزیکەی (60) ئایەتدا وردەکارییەکانی شەڕەکە تۆمار دەکات، هەتا نەک تەنها بۆ ئەوان، بەڵکو تا قیامەت بۆ هەموو نەوەکان بێتە پەند و پابەند بن بەفەرمانەکانی پێغەمبەرەوەﷺو بەموو لێی لانەدەن، ئەگینا خوای گەورە سزای سەختیان دەدات.
ڕووداوێکی تر کە دەکرێت لەم ڕووەوە سوودی لێ ببینرێت غەزای حونەین بوو، کە تێیدا ژمارەی موسڵمانان نزیکەی (12000) کەس بوون و ئەم ژمارە زۆرەیش جۆرێک لە لووتبەرزی لای هەندێک لە هاوەڵان درووستکرد و کە ژمارەیان نەدەگەشتە (15) کەس و گوتیان: (ئەمڕۆ بەم ژمارە زۆرەوە نابەزین). ئەوەبوو خوای گەورە بەهەمان شێوەی ئوحود، بەسەختی دەرسی دادان و ئەگەر لوتفی خوا نەبوایە، تووشی گەورەترین شکستی سەربازی دەهاتن، دواتر خوای گەورە هات بەهانایانە و سەری خستن، بەڵام پاش ئەوەی باجی هەڵوێستی هەڵەی خۆیان دا.
خوای گەورە هاوشێوەی ئوحود ڕووداوەکانی حونەینیشمان لە قورئاندا بۆ تۆمار دەکات و باسی پەند و وانەکانیمان بۆ دەکات. جا با لێرەدا هەڵوێستەیەک بکەین و بەراوردێک لەنێوان حاڵەتی دینداری خۆمان و ئەواندا بکەین. ئەوان هاوەڵی پێغەمبەری خوا بوون و پێغەمبەرﷺ بە جەستە لەو ئەزموونانەدا لەگەڵیان بووە.
ئەوان کە خوای گەورە هەڵی بژاردوون بۆ هاوەڵیکردنی پێغەمبەرەکەی و لە چەندان شوێندا شایەتی پاکی و چاکی و دڵسۆزی بۆ داون.
ئەوان کە هەموو ژیانیان خستبوە پێناو سەرخستنی دینی خواوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، خوای گەورە لەسەر بچووکترین هەڵە کە کەمینەیەکی زۆر کەمیش کردبێتیان، سزای داون و سەرکەوتنی پێ نەداون. ئەی ئێستا و بەم پێوەرانە، دەبێت حاڵی ئێمە چۆن بێت؟! ئێمە تا چەند پابەندین بە فەرمانەکانی خواو پێغەمبەرەوەﷺ؛ تا لەڕوومان بێت داوای سەرکەوتنی لێ بکەین؟!
پێم وایە لوتفی خوا لەگەڵمان زۆرە، ئەگەر نا دەبوو نەک هەر شکست، بەڵک و تەفروتوونا بووینانە و شوێنەواریشمان هەر نەمایە؛ چونکە ئێمە، نەک خزمەتمان بەدینی خوا پێ نەکراوە، بەڵکو زۆر کات هەڵسوکەوت و هەڵوێستەکانی ئێمە، بووەتە لەکە و بەهۆیانەوە خەڵکی لە دینی خوا تۆراوە.
ئەوە ئێمە کە بە ناخێری گیانمان خۆمان بە ئیسلامی لەقەڵەم داوە و خۆمان بەشوێنکەوتەی پێغەمبەرﷺ دەزانین و لاف وگەزافی سەلەفییەت لێ دەدەین، ئەگینا خەڵکانی تر ئەوە لەم جۆرە شوێنانەدا هەر جێی باس نین، هەموو گەڕانەونەتەوە سەر نەریتەکانی نەفامی سەردەمانی زوو، هەر یەکە بتێکی بۆ خۆی تاشیوە لە خۆی کردووەتە خوا و شەوو ڕۆژی خستۆتە سەر یەک لە پێناو پیاهەڵدان و خزمەتکردنیدا.

۷- بەڵا و ناخۆشییەکان هەستی گەورەیی و شیرینی نیعمەتەکانی خوامان تێدا درووست دەکەن:
زۆر کات مرۆڤەکان هەست بە نیعمەتەکانی خوا ناکەن، تا بەچاوی خۆیان تاڵیی کەمکرنەوە، یان وەرگرتنەوەیان نەبینن، بۆ نموونە: نیعمەتی لەشساغی، یان دەوڵەمەندی، یان گەنجی و جوانی، مرۆڤ هەستیان پێ ناکات، هەتا نەخۆش، یان هەژار نەکەوێت، یان پیرێک نەبینێت. بۆیە زۆرکات خوای گەورە کەمێک لە نیعمەتەکانی دەگرێتەوە؛ تا مرۆڤ هەست بەتام و چێژ و گەورەییان بکات.


پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا