دل نوشتهکوردی

‍ ئاڵای شۆڕشی چاکسازی

چاکسازی

جیاوازی مرۆڤ لە گەڵ گیانلەبەرانی دی، لە جۆری بیرکردنەوە و هەڵس و کەوت و تێگەیشتن دایە.ئەوگیاندارە لەسەرپێیە، کاتێک ناوی مرۆڤ لەخۆ دەگرێ کە ئاکار جوانی وبیرمەندی بە ژیانیەوە دیار بێ و ڕەنگ داتەوە.سەربەخۆیی و ئیختیاری مرۆڤ، هەر لەوبژارو دەستچنانە دایە کە خوای بانی سەر پێی بەخشیوه. کە هەم دەتوانێ بەرەوئاستی ئاژەڵ دابەزێ و تەنانەت لەویش، بێ نموودتر و قێزەونتر بێ. لەلایەکی تریشەوە بەرەوئاستی مەلایک و سەروەری، هەڵکشێ و پلەی لەویش باڵاتر ببێتەوە و بگاتە ئەو جێگایەی کە دەبێتە هۆی بانگێشتی خوای بانی سەر” یا ایتها النفس المطمئنه ارجعی الی ربک راضیه المرضیه فادخلی فی عبادی و ادخلی جنتی”ْئەی ڕێز لێگرتن و هەڵنانەوە لەوە زیاترچۆنە؟

لەوڵاتی میسر، مامۆستایەکی خواردەمەنی کێشت لێنان بە ناو ئوسامە زەید، کە لەو کارەدا وەستایەکی چازان و هوونەرمەندبوە. هەموو ڕۆژێ لە سەر مێدیایەکی گشتی، شێوەی درووست کردنی خواردەمەنی و خۆراک، بە زمانێکی ساکارو خۆش دەڵێتەوە. نێوبانگی وڵاتی میسری داگرتبوو و کەس دەستی سێحراوی ئەو خۆشەویستە لەیاد ناکاو تام و بۆنی خۆراکەکەی ئەویان لە سەڕ زارە.پێش مەرگی،لەنووسراوەیەکدا داوای لە خەڵک کرددبوو کە بۆ خاتری خودا کەمردم، لەیادم مەکەن. لە دوعا و پاڕانەوکانتان بێ بەشم مەکەن. لە سەر ژەم خواردن وەبیرتان بێمەوە. ئێوە چۆن نیازتان بە دەست ڕەنگینی و شارەزایی من بوە منیش دوای مەرگ، ئاوا چاوم لە پاڕانەوەو زمانی بەخێری ئێوەیە. پاڕانەوەکانی ئێوە، بارگرانی تاوانەکانم سووک دەکا. سوێند بەخوا شەووڕۆژ، هەوڵمداوە کەبەرنامەکەم لەو پەڕی جوانی و دەوڵەمەندی دابێ. هەمیشە بە دڵ، پێم خۆش بوە هەرچی دەیزانم فێری ئێوەشی بکەم . هەرگیز، چەڵخووسی و ڕەزیلیم لە کارەکەمدا بەکار نەهێناوە. ڕۆژی مەرگی ئەو مامۆستا بەڕێزە، خەڵکی میسر زۆر دڵ بەخەم بوون و بەپەرۆشیوە هاتبوونە سەرقەبران و ماڵاواییان لێدەکرد.ئافرەتێکی گەنج لە سەرگۆڕەکەی بە کوڵ دەگریاو شینی دەگێڕا. هەواڵنێران وایانزانی کەسێکی نێزیکی سەرئاشپەزە بۆیە ئاوا فرمێسک دەڕێژێ. کاتێک لێیان پرسی وتی من جارێکی دی هەتیو بوومەوە. ئەو هەموو کەس و کارو فریشتەی نەجاتدەرم بوو.

ڕابردووی خۆی باس کرد کە لە بنەماڵەیەکی هەژاردا گەورە بوە کاتێکیش شووی کردوە لە ماڵداری و چێشت لێناندا کڵۆڵ و دەست و پێ سپیلکەبوە و هەر بەوهۆیەوە کەس و کاروماڵێ خەزوورەی، وەبەرتوانج و پلاری دەدەن و سەرکۆنەی دەکەن و دەبێته گاڵتەجاڕی نێو ئافرەتان و چەن جاریش پەنای بردۆتە بەر خۆکوشتن.دەڵێ کاتێک لەگەڵ بەرنامە بەپێزەکەی مامۆستا ئاشنابووم ژیانی منی گۆڕی و بوومە کابانێکی دەست ڕەنگین. تام و چێژو جوانی خواردەمەنیەکانم نێوبانگیان کردو قەدرو مەزەندەم بەرزبۆوە. ئەو سەرکەوتنەو حورمەتەی کەئێستا هەمە هەمووی دەسکەوتی مامۆستا ئوسامەیەو ئەومنی لە دەربەدەری و بێ حورمەتی و توانج و پلار و بێ دایک و باوکی ڕزگار کرد. هەرچەند قەتیش لە نێزیکەوە نەمدیوە. ئەی جاچۆن فرمێسکی بۆ هەڵنەڕێژم و خەم دام نەگرێ، ئەو هەموو کەسی من بوو؟

چاکسازی، گەڵێک جۆگەو دێراوی لێدەبێتەوە . مرۆڤ دۆستی و دڵ زوڵاڵی و خەم خۆری بۆ گیانلەبەران، لق و پۆی چاکسازییە.هەرتاکێکی کۆمەڵگە، لە ئاست خۆی دەست ببزێوێ و بارێک لەسەرشانی خەڵک سووک کا بە متمانەوە، ژینگەیەکی خۆش و پڕ لە خۆشەویستیمان دەبێ. هەرکەس بە پێی ئەوتوانایی و ئەو دەست ڕەنگینیەی کە هەیەتی دەکرێ ژیانی سەدان و بگرە هەزاران، لێقەوماوو دابڕاو لەژیان، ڕزگار بکا بێ ئەوی کەس ببینێ و ئەوانیش پێبزانن. ئەوە شێوازی ڕەسەنی ژیانی پێغەمبەرانە کە بێ چاوەڕوانی بەرامبەرەکەت، وەک تیشکی هەتاو، وڵات ڕووناک کەی و وەک چۆڕاوکەی باران، بەسەر هەموو جەستەی زەوی داباری و دایشۆی!

جەهانگیربابایی_ سەردەشت

نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا