حدیثفتاوی

ئایا باب ئەتوانێ دارایی مناڵەکانی زەوتکا؟

ئایا باب ئەتوانێ دارایی مناڵەکانی زەوتکا؟! ئەو فەرموودە کە ئەفەرموێ: تۆ و سەروەتەکەت هی باوکتە، چۆنە؟ لە ڕوانگەی سەنەد و ڕوانگەی فیقهییەوە شیکاری بکرێت.

ـ سەبارەت بەم مژارە داوای شیکاریم لێ کرا کە: پیاوێ مناڵی گەورە و چووکی هەیە، دیاری و خەڵاتیان بۆ هاتووە بە بڕی حەفتاهەزار ڕیاڵی قەتەری؛ باوکیان بەقەرز لێی وەرگرتوون، ئەوانیش داویانەتێ، دواتر مشتوومڕیان لێ پەیدا بووە کە نەیانداتەوە ئەڵێ: وەک قەرز لێم وەرنەگرتوون! چونکە ئەوە مافی منە! بۆ پاڵپشتی وتەکەی ئەم فەرموودە ئەکاتە بەڵگە: «ئەوەنییە پێغەمبەری ئازیز(دخ) ئەفەرموێ: تۆ و داراییەکەت هی باوکتە!»

✍ وەڵامی ئەم مەسەلە ئاوایە؛
ـ پاش سەنای خوای مەزن، درود و ڕەحمەت بۆ سەر پێشەوای ئوممەت، بۆ سەر هاوەڵانی وەک زۆری هەرزن، سەرەتا حەزم لێیە وردەکاری سەنەدی حەدیسەکە دەرخەیین، جا دوایی بزانین چۆن هاتووە، پاشان ئەحکامی فیقهی چی لێ دەردەکەوێ، دواتر وه‌ڵامی پرسیارەکە بە یارمەتی خوای گەورە:

۱ـ سەبارەت بە حەدیسەکە:
ـ ئیمامی تەبەرانی لە پەڕاوی ئەوسەتا بەرگی حەوت ‌-چوار لاپەڕە نۆزدە‌ـ سی‌ویەک بە سەنەدی خۆی لە جابرەوە ئەگێڕیتەوە کە پیاوێک هاتوو وتی: ئەی ڕەوانەکراوی خوا؛ من سەروەت و مناڵم هەیە، بەس بابم دەیهەوێ گشت سەروەتەکەم ببا بۆ خۆی!؟ فەرمووی: تۆ و داراییەکەت هی باوکتە.
دارەقوتنی لە کتێبی ئیفرادا ئەڵێ: ئەم حەدیسە غەریبە لە حەدیسی یووسفی کوڕی ئەبی ئیسحاقە، هەر عیسای کوڕی یوونس گێڕاویەتییەوە، هەروەها بەزار لە ڕێگەی هیشامی کوڕی عوروە گێڕاویەتییەوە، وتوویەتی: ئەم حەدیسە هەر لە ڕێگەی هیشام ئەویش لە ڕێگەی ئیبنومونکەدیرەوە بە مورسەلی ئەناسرێ. کەواتە ئەم فەرموودەیە لاوازە و نابێتە بەڵگە.

۲ـ ئیبنوماجە و ئیبنوحیببان ‌و ئیمام ئەحمەد و ئەبووداود بە سەنەدی خۆیان لە عەمری‌ کوڕی شوعەیبەوە لە باوکییەوە، ئەویش لە باپیرەیەوە ئەگێڕیتەوە کە پیاوێک هاتە خزمەت پێغەمبەر(دخ) عەرزی کرد: باوکم ئەی هەوێ گەسک بدا لە ماڵ و سەروەتم!؟ فەرمووی: تۆ و ماڵەکەت هی باوکتە، پاکترین شت کە بیخۆن لە کەسابەتی خۆتانە، مناڵەکانیشتان بەرهەمی ڕەنج و کاسبی ئێوەیە، کەوابوو بیخۆن بە نۆشتان بێ.
٭ حەدیسەکانی عەمری کوڕی شوعەیب هەر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا کۆتایی گرفتیان هەیە، هه‌ندێ جار نەبێ.

۳ـ دیسان ئیمامی تەبەرانی، ئەبووداود و حاکم لە موستەدرەکا لە دایکە عایشەوە نەقڵ ئەکەن بە کەمێک جیاوازییەوە کە فەرمووی: تۆ و ماڵەکەت بەشێکن لە پشکەکانی.

٤ـ ئیمامی بەیهەقی لە سونەنی کوبڕادا لە قەیسی کوڕی حازمەوە ئەگێڕیتەوە کاتێ چوومە خزمەت پیشەوا ئەبووبەکری ڕاستگۆ(ڕخ) پیاوێ هاتوو وتی: ئەوە (ئاماژەی کرد بۆ باوکی) گەرەکییەتی ماڵەکەم ڕاماڵێ بۆ خۆی! هیچم بۆ گل نەداتەوە! فەرمووی: بە گوێرەی پێداویستی لە سەروەتەکەی هەڵگرە.

٭ پوختە؛ ئەم فەرموودانە وەک بینیتان لە گێڕانەوەیانا سڵامەت نین، گشتیان ڕەخنەیان لەسەرە، بەس بە بەڵگە و مەتنی‌تر بەهێز ئەبن کە جێی متمانەن بۆ بڕیاری شەرعی، وەک حافز ئیبنوحەجەر فەرموویەتی.

۲ـ مانای فەرموودەکە و تێگەیشتنی فیقهیی بۆی:
ـ له‌ ڕواڵەتا وا دەردەکەوێ باوک‌ودایک مافی ئەوەیان هەیە لە سەروەتی مناڵەکانیان هەڵگرن، گه‌سکی لێ بدەن هەرچۆنە ئارەزوویان بوو! ئەم مانایە کەس لە فوقەها نەیان وتووە (ئەوندەی من ئاگام لێی بێ) بەڵکوو لەگەڵ یاسای بنەڕەتی مڵکایەتی ‌و میرات ‌و پاراستنی سامان‌دا ناکۆکە، مادام وایە فەرموودەیێک بەو گرفتانەوە ناتوانێ دژبەری ئەم ڕاستییانە بێت.
ـ ئیمامی مەناوی ئەفەرموێت: واته‌ هەرکاتێ پێویستی بە سامانەکەی بوو لێی هەڵەگرێ بە گوێرەی پێویست، نەک بۆی مەباح بێ بە ڕەهایی! چونکه کەس ئاماژەی بەوە نەکردوە.

ـ لە لایەنێکی‌ترەوە ئەبێ هۆکاری بنەڕەتی وەدۆزین کە ئایا هۆکە باوکایەتییە؟ کەواتە باب و باپیرە و ئەژداد و نەنک و دایەگەورە و… هتد ئەگرێته‌وه‌؟
یان هۆکارەکە میرات و میراتگرییە؟ ئەوکاتە سەرجەم میراتبەران ئەگرێته‌وه‌ و هەر باوک نییە بە تەنیا! ئەوجار میراتی کوڕەگەورە، گەورەترە لە میراتی باوک و دایکی! لە حاڵێکدا لە ماڵی باوک و دایکا مافێکی نییە بە گوێره‌ی ئەسحاب.
ـ بەم هۆیه‌یه‌ پێشەوا شافعی کاتێ ئەم فەرموودەیە ڕاڤە دەکا ئەفەرموێت: پیتی لامی (ل) سەر وشەی (لابیک) بۆ ئیباحەیە، بۆ مڵکایەتی نییە ـ نەسەلماوە لەم فەرموودەیاـ خوای گەوره کاتێ بەشە میراتی باوکی لە سامانی کوڕدا داناوە، وەک میراتگری بێگانە چاوی لێکراوە، بگرە جاری وایە کەمتریش ئەبات، ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کوڕەکە خاوەنی سامانەکەیە نەک باوکەکە.

ـ ئیبنوقەییمیش ئەم بۆچوونەی پەسەند کردووە لە کتێبی (اعلام الموقعین)دا، فەرموویەتی: پیتی لام بە هیچ جۆرێ بۆ مڵکایەتی نییە.
ـ جا بەم پێوەرانە و… هتد کە بواری باسکردنی هه‌موویان ناگونجێ، به‌ڵام بزانین پیتی (لام) لێرەیا بۆ ئیباحەی سنووردارە لە کاتی پێویستی‌دا، بۆ داگیرکردن نییە، یا بۆ ئیباحەی ڕەها.
ـ ڕێکخستنی نێوان فەرموودەکە و سەلماندنی مڵکایەتی ئەولاد ئەوەمان پێ ئەڵێ کە لەو کاتەوە مناڵەکان شایستەی خاوەنیەتین، بۆیان هه‌یه‌ ساماندار بن بە زیادکردنی ئەو بەڵگە پتەوانەی کە بەشی باوکیان دیاری کردووە وەک “دایک‌وباب” سەهمی دیاری خۆیان هەیە (نصیبا مفروضا)، جا گەر فەرموودەکە بە ڕواڵەتا مانا کەیین، باوکەکە ئەتوانێ سەرجەم سامانی مناڵەکانی بەرێت بۆ خۆی وەک دارایی خۆی.

ـ لە فەرموودەیێکی‌تردا هاتووە کە حاکم و بەیهەقی‌ لە دایکمان ئایشەخاتوونەوە نەقڵی ئەکەن کە پێغەمبەری ئازیز فەرمووی: مناڵەکانتان بەخششی خوان بۆ ئێوه‌: «يَهَبُ لِمَنْ يَشَاءُ إِنَاثاً وَيَهَبُ لِمَن يَشَاءُ الذُّكُورَ (49)» مناڵەکان و سەروەتەکانیان هی ئێوەن هەرکاتێ پێویستان پێی بوو. ئەم فەرموودە مەرجی پێداویستی و ناچاری داناوە، ئەلبانی بە دروستی زانیوە هەرچەن ئیبنولمولەققەن زۆرتر بە لاوازی زانیوە، بەس بە دروستدانانی ئەڵبانی ئەو گومانە ئەڕەوێنێتەوە، هەروەها ڕێککەوتنی لەگەڵ بنەماکانی شەریعەتا ئاماژەیە بە بەهێزی فەرموودەکان‌ و ئەبێتە جێی متمانە لە جیهەتی سەنەد و مەتنەوە، ئین‌شائەڵڵا.
٭ جا ئەوەی من لەم فەرموودەیه‌ تێدەگەم ئاوایە:
ـ ئەوە ڕوونکردنەوەیێکی بەنرخی پێغەمبەرە(دخ) بۆ ئەولاد کە مانعی باوک‌ودایکیان نەبن کاتێ ویستیان شتێ لە پارە و سامانی مناڵەکانیان هەڵگرن، کاتێ ناچاربوون یان پێویستیان پێی بوو، ئەو هەڵگرتنەش دوو مەرجی هەیە:
۱ـ بەشێوەی جوان و باش بێ.
۲ـ کاتی پێویستی و ناچاری بێ.

جا ئەوە مافی باوکایەتییە نەک مافی مڵکایەتی، بۆی ڕەوا نییە سنوور بپەڕێنێ. پێغەمبەری ئازیز(دخ) ئەی هەوێ مناڵەکان بەرەو ئەرک‌ومافی دایک‌وباوکایەتی ببات کە ئەمە خۆی لە پشتی داد و مافی مڵکایەتییە.
ـ ئەم فەرموودە جەخت دەکاتەوە کە خەرجکێشانی دایک‌وباوک لەسەر شانی مناڵەکان واجبە.
ـ لەسەر ئەم ڕوونکردنەوانەوە پێویستە بڕی ئەو حەفتاهەزار ڕیاڵە بگێڕێتەوە بۆ مناڵەکانی بەم هۆیانە:
۱ـ باسمان کرد کە پیتی لام بۆ ئیباحەیە نەک داگیرکردن، هەروەها مەرجە ناچاربێ بەو ماڵە، ئاگاداربێ کوڕەگورەکەی پێویستی پێی نەبێ و تووشی زەرەر نەبێ.
۲ـ ئەو بڕە پارەی بە نییەتی قەرزی وەرگرتووە، پێغەمبەر(دخ) ئەفەرموێ: ئاکارەکان بە نیازەکان بەستراوەن، یان ئەفەرموێ: موسوڵمانان پابەندی مەرجەکانیانن.
۳ـ خوای گەورە دەستووری داوە بەوانەی نەداری کاتین کە پارێزگاری سامانیان بن، به‌م چه‌شنه‌ ڕێسایێکی گشتی باسکردووە سەبارەت بەوەی، کەی دروستە سامانیان وەرگرن وەک لە ئایەی شەشی سورەی نیسادا ئەفەرموێ: وَمَن كَانَ غَنِيّاً فَلْيَسْتَعْفِفْ وَمَن كَانَ فَقِيراً فَلْيَأْكُلْ بِالْمَعْرُوفِ، ئیمامی تەبەری وشەی (بالمعروف) ئاوا مانا ئەکاته‌وه‌؛ لە ماڵی هەتیو قەرز کات پاشان بیداتەوە، ئەوە بۆچوونی پێشەوا عومەرە کە ئەفەرموێ: من ماڵی خوای گەورەم بۆ خۆم وەک هەتیو داناوە بەم جۆرە:
۱- گەر بووم خۆی لێ ئەپارێزم
۲- گەر ناچاربووم بەکاری دێنم
۳- کاتێ دارا بوومه‌وه‌ دایدەنێمه‌وه‌
جا ئیبنوعەبباس، عوبەیدە، ئیبنوسیرین، سەعیدی کوڕی جوبەیر، شەعبی، موجاهید و… هتد ئەفەرموون: لەسەری ئەبێتە قەرز. [تەفسیری تەبەری].
٤ـ خوای گەورە دەستووری بە گەڕانەوەی دارایی کردووە وەک ئەفەرموێت: وَابْتَلُواْ الْيَتَامَي حَتَّيَ إِذَا بَلَغُواْ النِّكَاحَ فَإِنْ آنَسْتُم مِّنْهُمْ رُشْداً فَادْفَعُواْ إِلَيْهِمْ أَمْوَالَهُمْ وَلاَ تَأْكُلُوهَا إِسْرَافاً وَبِدَاراً أَن يَكْبَرُواْ وَمَن كَانَ غَنِيّاً فَلْيَسْتَعْفِفْ وَمَن كَانَ فَقِيراً فَلْيَأْكُلْ بِالْمَعْرُوفِ فَإِذَا دَفَعْتُمْ إِلَيْهِمْ أَمْوَالَهُمْ فَأَشْهِدُواْ عَلَيْهِمْ وَكَفَي بِاللّهِ حَسِيباً(6) جا گەر ماڵەکە هی باوکەکە بوایێ، واجب نەدەبوو لەسەری بیگێڕیتەوە بۆ خاوەنەکەی، یا خود نەدەبوو به‌ شاهید بەسەریەوە.
٭ بە کورتی ئەو فەرموودە بەهێز نییە لەڕووی سەنەدەوە، باشترین پلە کە بیگاتێ پلەی حەسەنە بۆ غەیر، تەنانەت گەر سەحیحیش بێ دژی دەقی حەتمی و سەلماوە لە مڵکایەتی و میراتا. بۆیە بڕێک لە زانایان بە مەنسووخیان داناوە، بەس ئێمە وای نابینین کە هەڵوەشاوە بێ، بەڵکوو جەمع ئەبینین لە نێوان دەقە چەقاوەکان‌ و فەرموودەکەیا، چونکه لامەکەمان بە ڕەوایی (مباح) مانا کرد، هەروەها بە مەرجمان گرت کە پێویستی پێی بێ و زیانیش بە کوڕەکانی نەگات. جا ئاوا لەگەڵ بنەمای نەفەقەی واجب یەک دەگرن، هەروەک چۆن دەستوور بە چاکەکاری لەگەڵ دایک‌وباوکا دراوە، ئاواش دەستوور بە مناڵ دراوە قوربانی بدات لە پێناو ڕەزامەندی دایک‌وباب‌دا. بەم پێیە پێویستە لەسەر ئەو باوکە بڕە پارەکە بگەڕێنێتەوە بۆ کوڕەکەی‌ و مافی هەڵگرتنی نییە مەگەر ئەوەی ناچار بێ.

٥ـ ئایا فەرموودەکە دایکیش دەگرێتەوە یا ئەم بڕیارە بەس بۆ باوکە؟
ـ وەڵام؛ ئەوەی لە ڕواڵەتی فەرموودەکە ده‌رده‌که‌وێ، ئەم بڕیارە بەس بۆ باوکە، چونکه فەرموودەکە سەبارەت بەو هاتووە، ئەسڵ ئەوەیە ماڵ پارێزراو بێت و لادان لێی ڕەوا نییە، مەگەر کەسێ بەڵگەیێکی ڕوون و تایبەتی لەسەر بێت. ڕای پەسەند ئەوەیە دایک مافێکی جیاوازی خۆی هەیە کە بریتییە لە هەڵگرتنی بەشێک لە سامانی مناڵەکانی کاتێ پێویستی بوو، بۆ کەس سەرفی نەکات بەس بۆ پێداویستییەکانی خۆی نەبێ، ئەوەش بە بەڵگەی ئەوەی کە فەرموودەکە بەڵگەیە کە مناڵ لە بەرهەمی ڕەنجی دایک‌‌ و بابە، هەروەک مافی ئەو چەن قاتە (پێغەمبەر(دخ) سێ جار فەرمووی دایکت دایکت دایکت جا باوکت) ترمیزی. ئەوەی وتمان خوای مەزن ئاگادارترە پێی.
ـ وآخر دعوانا ان الحمدلله رب العالمین. و صلی الله علی سیدنا محمد وعلی آله و صحبه و سلم.
ـ نووسەری داماو بۆ ڕەحمەتی خوای دڵۆڤان”
٭ مامۆستا و دکتۆر عەلی محێددین قەرەداغی، ئەمینداری گشتی لە یەکیەتی زانایانی موسوڵمانی دنیا جێگری بەرپرسی مەجلسی ئەورووپی بۆ فەتوا و توێژینەوە.

نویسنده : دکتر علي محيى الدين القره داغي

دبیر کل اتحادیه جهانی علمای مسلمان

نائب رئيس مجلس اروپایی فتوا و پژوهش 

وه‌رگیر: سه‌عدی مورادی

پێداچوونه‌وه‌: سۆزی میحڕاب

از طريق
سعدی مرادی
نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا