رمضانفقه

ئایا سەرفیترە بە پارە بدەم یان بە قووت؟

سەرفیترە

پێشەکی:

ئەم گفتوگۆیەی کە دواتر دێت ، هەوڵ نییە بۆ پەسەندکردن و بەڕاست دانانی بۆچوونی دروستی دەرکردنی سەرفیترە بە پارە ، بەڵکو دەرخەری شێوەی مامەڵەکردنە له‌كاتی بوونی چه‌ند ئیجتیهادێکی هەمەجۆر .

ئەگەر ئیجتیهادێک لای موجتەهیدێک یان شوینەکەوتەی ئەو موجتەهیدە لاواز بوو ، لای موجتەهیدێکی تر بەهێزە ، کەواتە نابێت بەرهەڵستی ئەو ئیجتیهادە بکەین کە پەسەند نییە لای موجتەهیدێک ، مادەم موجتەهیدەکەی تر بەلایەوە دروستە سەرفیترە بە پارە بدرێت و بۆ ئەم بۆچوونەیشی پشتی بە بەڵگەیەکی شەرعی سەلمێنراو بەستووە و هەندێك لە زانایانی سەلەفیش لەسەری ڕۆشتوون. بەرهەڵستی کردنی ئیجتیهادێکی سەلمێنراو بەرهەڵستی کردنی خودی شەرع و زانایانی سەلەفە ،و خزاندنى ئومەته بۆ ناو گۆمێکی بێ بن .

ئەم گفتوگۆیە بۆ پەسەندکردنی تەنها یەک بابەت نییە ، بەڵکو ڕوونکەرەوەی چۆنییەتی مامەڵەکردنە لەکاتی بوونی چەند ئیجتیهادێکی هەمە جۆر ، کێ ویستی خۆراک بدات و کێش ویستی پارە بدات بۆ سەرفیترە ، بەڵام بەهێمنی و بێ دەمارگیری مەزهەبی ، بێ هەڵگیرساندنی دووبەرەکی وئاژاوە لە ناو موسوڵماناندا.

خالد: ئێمە هەموو ڕەمەزانێک کۆمەڵێک شتی دژ بە سوننەت دەبینین ، بۆ نمونە دەرکردنی سەرفیترە بە پارە کە پێچەوانەی سوننەتە و بەهیچ جۆرێک دروست نییە بە پارە دەربکرێت ، بەڵکو پێویستە پابەند بین بە بەو فەرموودەیەی کە لە پێغەمبەری خوداوە بە دەستمان گەیشتووە.

وەلید: کام فەرموودەیە ؟

خالد: ئیبنو عومەر دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەری خوا دروودی خوای لەسەر بێت سەرفیترەی لەسەر خەڵکی پێویست کرد بە بەندە و ئازادیەوە بە ژن و پیاویەوە لە موسوڵمانان کە بریتی بوو لە صاعێک خورما یان صاعێک جۆ ، فەرموودەکەش دروست و صەحیحە ، هەروەها لە ئەبو سەعیدی خودریەوە گێڕدراوەتەوە کە فەرموویەتی: ئێمه سەرفیترەمان دەردەکرد بە صاعێک خواردن ، یان صاعێک جۆ یان صاعێک خورما ، یان صاعێک کەشک ، یان صاعێک مێوژ.

وەلید: ڕاستە دەقی فەرموودەکە ئەو جۆرانەی دیاری کردووە و پێویستە سەرفیترەیان لێ بدرێت ، بەڵام ئایا لە فەرموودەکەدا هاتووە کە دەبێت سەرفیترەهەر لەوانە بدرێت و بەس !؟ وە ئەو پەرستشە بەتەنها لەو باسکراوانەدا ڕوودەدات بەتەنها ؟! ئەی لە غەیری ئەوانەدا نابێت؟

خالد: بەدڵنیاییەوە پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت جۆرەکانی ژماردووە ، هەروەها دەبێت ئەوەش بزانین کە سەرفیترە كارێکی تەعەبودیە ، بەبەڵگەی واجب بوونی لەسەر هەژارێک کە زیاد لە خۆراکی ڕۆژی جەژنی هەبێت ، کەواتە ئێمە لە بەرامبەر پەرستش داین و ئەصلیش لە پەرستشدا پابەندبوون و فەرمان بەردارییە.

وەلید: کەواتە بابەتەکە یان بڕاوەتەوە (قطعية) یان بۆچوونەکییە (اجتهادية) ، واتە ئایا دەگونجێ چەند بۆچوونێکی جیاواز هەبێت لەم بابەتەدا لە نێوان دەرکردنی سەرفیترە بە نرخ یان بەو جۆرانەی کە باسکراون لە فەرموودەکەدا .

خالد: دەبێ دەقی فەرموودەکە پەیڕەو بکرێت ، کاتێکیش کە دەق هەبوو ڕاوبۆچوون نابێت هەبێت.

وەلید: بەڵێ ڕاستە لە کاتی بوونی دەقدا ڕاو بۆچوون وەرناگیرێت ، بەڵام بۆ نمونە خەڵکی فلیپین چۆن سەرفیترە دەربکەن لەکاتێکدا ئەو نمونانەیان نییە کە لەفەرموودەکە باسکراوە ، خۆراکی سەرەکی ئەوان برنجە و لە فەرموودەکەشدا باس نەکراوە ، تۆش دەڵێیت ئەم کارە پەرستشە و دەقی لەسەرە و کە دەقیش بوو بۆچوونی کەس وەرناگیرێت.

خالد: بەڵێ واتای پەرستش ڕوون و ئاشکرایە ، کە دەقیش بوو بۆچوون نابێت ببێ، بەڵام ئەم کارە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە.

وەلید: ئایا ئەو زانایانەی کە بەدروستی نازانن نرخ بدرێت پێیان وایە دەبێت هەر ئەو جۆرانە بدرێت کە باسکراوە لە فەرموودەکەدا؟ یان بەلایانەوە دروستە جگە لەوانە شتی تریش بدرێت ئەگەر ئەو باسکراونە قووتی ئەو وڵاتە نەبوو ؟ یان پەیوەست نەبوون بە فەرموودەکەوە و پێیان وابووە هەرشتێ قووت و خۆراکی سەرەکی هەر ووڵاتێک بێت سەرفیترەی پێ دەدەرێت با لە فەرموودەکەشدا باس نەکرابێت؟

خالد: نەخێر ڕێیان بە شتی تر داوە ، بۆ نمونە هەر ووڵاتێ خۆراکی سەرەکی برنج بێت ئەوە برنج دەدەن

وەلید: ئەی ئەو پەرستشەی باست کرد چی لێ هات ؟ ئەی نەتووت دەبێ هەر ئەو جۆرانە بدرێت کە لەفەرمودەکەدا باس کراوە ؟ پێشتر ووتت ئەم کارە پەرستشە ، پەرستشەکانیش دەمێننەوە بەو جۆرەی کە خوا و پێغه‌مبه‌ری خوا ڕوونی كردۆته‌وه‌ ، چونکە بناغەی پەرستشەکان فەرمانبەرداری کردن و گوێڕایەڵییە ، کەچی ئێستا تۆش هەمان بۆچوونی ڕێبازی تەعلیلت هەیە کە ڕێبازی حەنەفییەکانە ، کەواتە جمهوری زانایان (مالیکیەکان و شافیعیەکان و حەنبەلییەکان) هاودەنگن لەگەڵ حەنەفیەکان لەسەر بنەمای تەعلیل ، هەروەها هەموو هاوڕان کە ئەو جۆرە باسکراوانە چەسپێنراو نیین لەشەرعدا ، پێغەمبەریش بۆیە ئەو جۆرانەی باس کردووە چونکە لە شاری مەدینەدا لەو کاتەدا زۆرینە بوون.

بە تەنها بینینی ئەم جۆرانە بەبێ بایەخدان بە ناوەڕۆک و مەبەست ، کەمتەرخەمییە لە ئاست شەرعدا، هەروەها بزرکردن و وونکردنی مەبەست و ئامانجی شەريعەته كه‌ بریتیه‌ له دابینکردنی پێداویستی ئەو هەژارانەى خۆراكی سه‌ره‌كییان برنجه‌ ،وەک ڕوون و ئاشکرایە لە نمونەکەدا .

خالید: پێویستە لێکۆڵینەوە بکرێت لەمەڕ ئەو مەبەست و ئامانجەی کە بە هۆیەوە بڕیار لەسەر ئەو جۆره‌ خۆراكانه‌ دراوه‌ کە لە فەرموودەکەدا باسکراون .

وەلید: پێت چۆنە گەر بڵێین : ئامانج و مەبەست دابینکردنی پێداویستی هەژارانە بەو خۆراکەی کە باوە لە وڵاتەکەیاندا ، بۆ نمونە لە وڵاتی فلیپین گەر تێبینی پێویستی خەڵکی بکەین دەبێت یان برنج بدرێت یان نرخەکەی نەک ئەو جۆرانەی کە لە فەرموودەکەدا باسکراون.

خالید: دەبێت برنج بدەن ، چونکە گونجاوترە لەگەڵ ناوەڕۆک و عیللەتی حوکمەکە کە تێرکردن و بێ پێویستی کردنی هەژارانە لەو ڕۆژەدا ، بەڵام نابێت لە خۆراکەوە وەک برنج لابدەین بۆ نرخ .

وەلید: ئێمە بەسەرنج دان لە ناوەڕۆک و مەبەست زانیمان مەبەست و ئامانج لە زەکاتی سەرفیترە دابینکردنی پێویستییە ، ئایا ئەم ئامانجە لەلایەن شەرعەوە دانراوە یان ئێمە خۆمان دامانناوە ؟

خالید: بەڵکو لەلایەن شەرعەوە دانراوە ،هەمیشە حوکم و بڕیاریش لەگەڵ هۆکارەکەیدا دەبێت بە بوون و نەبوون .

وەلید: مادەم بەو جۆرەیە ، بۆچی بەستتەوە بەدەرکردنی خواردن ، لە کاتێکدا شەرع دەقی لەسەر برنج بۆنمونە دانەنابوو؟

خالید: لەبەر ئەوەی برنج خۆراکە و بەڵام پارە خۆراک نییە.

وەلید: زۆر چاکە ، بوخاری لە صەحیحەکەیدا دەگێڕێتەوە لە طاوسەوە ، ئەویش لە موعازەوە کە بە خەڵکی یەمەنی گووتوە:( جل و بەرگ و پۆشاکم بۆ بێنن لەبری زەکاتی گەنم و جۆتان ، ئاسانترە بۆتان و باشترە بۆ هاوەڵەکانی پێغەمبەری خوا لەشاری مەدینە) ئەمە بەڵگەیەکی شەرعییە لەسەر دروستی تێپەڕین لەو شتانەی کەواجبن بدرێن لە زەکاتدا بۆ ئەو شتانەی کە واجب نین وەک دانی جل و بەرگ بۆ نمونە ، بوخاریش ئەم ڕایەی پێ پەسەندە ، ئیبن حەجەر لە فەتح الباریدا دەفەرمێت (۳/٣١٢) : دروستی وەرگرتنی کەل و پەل – کە غەیری پارە دەگرێتەوە – ئیبن ڕەشید دەڵێت: بوخاری لەم بابەتەدا لەگەڵ حەنەفیەکاندا هاوڕایە لەکاتێکدا لە زۆر بابەتی تردا ناکۆکە لەگەڵیاندا ، بەڵام ئەم بەڵگەیە ئەو بۆچوونەی بۆ دروستکردووە.

ئەوەتا موعاز لەوەرگرتنی جۆ کە زەکاتی تێدا واجب دەبێت لایدا بۆ وەرگرتنی جل و بەرگ وە فەرموشی: ئەمە باشترە بۆ هاوەڵانی پێغەمبەری خودا . ئەمە لە زەکاتێکدا کە پەیوەندی بە سەروەت و سامانەوە هەیە . دەی خۆ جۆش لە فەرموودەی سەرفیترەدا باس کراوە ، ئەی بۆ لەبری ئەو پارە نەدرێت ، ئەگەر پارەکە سودی زیاتر بێت بۆ هەژاران ، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا من دان بەوەدا دەنێم کە اجتهادی جەماوەری زانایان لەسەر کورتکردنەوەی خۆراک بۆ سەرفیترە بەڵگەیەکی بەهێزی هەیە لە پەرستشدا ، بۆ پارەکەشی بەڵگەیەکی بەهێز هەیە لە بەرژەوەندی هەژاردا ، دەی با ئەوەی لەسەلەفەوە بۆمان هاتووە وەریبگرین و موسوڵمان سەر پشک بکرێت لە نێوانیاندا ،بۆچوونی هەردوولایش پێچەوانەی دەقە شەرعیەکان نیە ، بەڵکو لەگەڵ واتا و مەبەستی دەقە شەرعیەکان گونجاوە .

ئێستا تۆ دەتوانی بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکرای شەرعیم پێ بڵێیت لەسەر ئەوەی دەرکردنی زەکات بە پارە نامۆیە لە دیندا ، لە کاتێکدا ڕوون بویەوە بۆت بنه‌مایه‌كی هه‌یه‌ بۆ زەکاتی سەروەت و سامان و سەرفیترەش ؟

خالید: بە دڵنیاییەوە هیچ بەڵگەیەک نییە ، بەڵکو بۆچوونێکە پشتی بە بەڵگەی شەرعی بەستووە ، هەر وەک پێشتر باست کرد لە کارەکەی موعاز لە زەکاتی سەروەت و ساماندا .

وەلید: ئایا بۆچوونی ئەو زانایانەی کە پێیان وایە مەبەست لە سەرفیترە: بێ پێویست کردنی هەژارانە ،کە ئەمەش بە دانی پارە دێتەدی ناکرێ ڕاست بێت؟ خاوەن بۆچوونەکەقش چاوپۆشی لێ بکرێت گەر هەڵەی کردبێت ؛چونکە هیچ بەڵگەیەکی چەسپاو نییە کە بڵێت نابێت پارە بدرێت. یان گوناهبار ده‌بێت چونکە بۆچوونی بێ پێویستی کردنی هەژار بە پارە بۆچوونێکی شاززە و ئەستۆی پێ پاک نابێتەوە لای خودا ؟

خالید:بەڵکو پارە دان لەبری خۆراک بۆچونێکە دەکرێ ڕاست بێت ، چونکە هیچ بەڵگەیەکی چەسپاو نییە لەسەر دانی خۆراک بەتەنها و نەدانی نرخەکەی .

وەلید: کەواتە بابەتەکە ئیجتیهادییە ، ئەگەر تۆ بڵێیت نابێت پارە بدرێت لە سەرفیترەدا ڕاستە ، بەڵام دەکرێ بۆچوونەکەشت هەڵە بێت ، بەهەمان شێوە ئەوانەشی کە دەڵێن پارە بۆ سەرفیترە دەشێت دەکرێت بۆچوونەکەیان هەڵەبێت ، بۆ هەر دوو بۆ چوونەکەش بەڵگەو بناغەیەکی شەرعی هەیە ، بەتایبەت هەندێ لە زانایانی سەلەف ڕێگەیانداوە لەبری خۆراک پارە بدرێت لە سەرفیترەدا ، ئەوەتا ئەبو ئیسحاق دەگێڕێتەوە : بە خزمەت هاوەڵان گەشتووم لە سەرفیترەدا نرخی خۆراکیان داوە لەبری پارە (سەیری مصنف ابن أبي شيبة) بکە ، ئەبو ئیسحاق بەخزمەت حەزرەتی عەلی و کۆمەڵێک لە هاوەڵان گەیشتووە ، ئەم کارەی سەلەف کە کردویانە لە سەردەمی خۆیاندا

دەیگێڕێتەوە ، ڕوون و ئاشکرایشە پێشەوا ئەبو حەنیفە پیشەوای شاری کوفە میراتگری زانستی هاوەڵانە لە عێراق کە ئەوانیش عەلی کوڕی ئەبو طالیب و عبداللە ی کوڕی مسعودن .

ئەبو ئیسحاقیش هەمان داب و نەریت باس دەکات کەسەلەف لەسەری بووە ، قوتابخانەی حەنەفیەکانیش هەمان بۆچوونیان لەمەڕ بابەتەکەدا هەیە ، ئەوانیش زانست و زانیاریان لە سەلەفەوە وەرگرتووە کە ئەو هاوەڵانەبوون لە کوفە نیشتەجێ بوون .

خالید: بەڵێ ئەمە ڕاستە ، ئەوەی کە باست کرد لە کاری سەلەف ئیجتیهادێکی باوەڕپێکراوە و لەلایەن خوداوە پاداشتی بۆ دانراوە .

وەلید: کەواتە لەسەر گریمانەی ڕاستی بۆچوونەکەی تۆ ، لایەنی بەرامبەر کە هەڵەیە دەبێت یەک پاداشتی هەبێت ، واتە ئەوانەی دەڵێن دروستە لە سەرفیترەدا لەبری خۆراک پارە بدەیت کە بۆچوونەکەیان هەڵەیە بەلای تۆوە دەبێت پاداشتێکیان هەبێت؟

خالید: بەڵێ چونکە اجتهادیان کردووە ، بۆچوونەکەیان مەرجوحە لە دیدگای ئەو زانایانەی پێیان وایە نابێت پارە بدرێت لە سەرفیترەدا.

وەلید:باشە ئەگەر کەسێک پارەی دا و خوای گەورە پاداشتی دایەوە لەگەڵ ئەوەشدا کەکارەکەی هەڵەبووە ، ئایا بەم کەسە دەوترێت فەرمانبەرداری فەرمانی خوا یان سەرپێچیکار ؟

خالید: فەرمانبەردار و ملکەچ و گوێڕایەڵی فەرمانی خوابووە ، خواش پاداشتی بۆ نوسیوە.

وەلید: کەواتە حوکمی ئەوکەسە چییە کە نکۆڵی له چاکەیەکدا دەکات خوای گەورە پاداشتی تێدا داناوە؟

خالید: بەهیچ جۆرێک دروست نییە، چونکە نکۆڵی شەرع و بەڵگەکانی شەرع و کاری سەلەف دەکات.

وەلید: بەپێ ی ئەمە ، هەر دوو بۆچوونەکە چ دانی خۆراک چ دانی پارە هەر دووکیان دوو هەڵبژاردەی ژێر سایەی شەریعەتن، هەردووکیان بوارێکی تایبەت دەدەن بە ڕۆژووگر کە سەرپشک بوونە لەنێوان دووشتی ژێر سایەی شەریعەت.

هەوڵی گەیشتن بە بڕینەوەی بابەتە ئیجتیهادییەکان دژیەکە لەگەڵ اجتهادی بوونی بابەتەکاندا ، ئەگەر ئەو پرسانه بڕاوە بووایە ئەوا ئیجتیهادی هەمەچەشنەی زانایانی سەلەفی تێدا دروست نەدەبوو ، نکۆڵی کردن و بەرهەڵستی کردنی کەسێک کە سەرفیترەکەی بە پارە بدات بەرهەڵستی کردنی زانایانی سەلەف و بەڵگەکانیانە ، ئەمەش بەرهەڵستی کردنی شتێکە کە خوای گەورە مۆڵەتی ئیجتیهادی تێدا داوە ، وە لە ئیجتیهادەکەشدا پاداشتێک یان دوو پاداشتی داناوە.

خالید: بەلایەنی کەمەوە ، ناکرێ بەرهەڵستی ئیجتیهادی زانایانی سەلەف بکرێت ، کە شارەزاترین و زاناترینی ئەم ئومەتەن ، تێگەیشتنی ئەوانیش لەپێش تێگەیشتنی ئێمەیە ، پێویستە لەسەرمان ڕێز لەو تێگەیشتنەی سەلەف بگرین کە دەڵێت دەبێت سەرفیترە بە خۆراک بدرێت.

وەلید: ئەوەی کە پێویستە بەرهەڵستی بکرێت ، ئەو کەسانەن زەکاتی ماڵەکانیان دەرناکەن ، وە بوون بە هۆکاری زۆرێک لەخراپەکاری و گەندەڵی لە کۆمەڵگەکەماندا.

خالید: باشترە ڕەچاوی ئیجتیهادی زانایانی سەلەف بکرێت ، بەرهەڵستی ئیجتیهادێکی سەلمێنراو کە دژ بە یاساکانی ئیجتیهادنییە بەهیج جۆرێک نەکەین . دەرکردنی سەرفیترە بە خۆراک دەرچوونە لە ڕاجیایی چونکە یەکدەنگی هەموو زانایانی لەسەرە.

وەلید: ئایا دروستە دژ بەوکەسانە بدوێین کە سەرفیترەکەیان بە پارە دەدەن ، پاش ئەوەی بۆمان ڕوون بوویەوە لەناو سەلەفدا بە پارە دراوە ؟

خالید:پێویستە دڵ فراوان بین بەرامبەر ئیجتیهادی هەمە چەشنەی زانایانی سەلەف ، پێویستە ووریای دەمارگیری مەزهەبی ڕێ پێنەدراو بین ، چونکە بیرکردنەوەیەکی یەک لایەنەیە و پێی وایە ئەوەی خۆی ڕاستە و غەیری خۆی هەڵەیە .

لەڕاستیدا ئێمە لە ناو ناز و نیعمەتێک داین کە خوای گەورە بەهۆی هەمە جۆری ئیجتیهادی زانایانی سەلەف پێ ی بەخشیوین ، نکۆڵی کردنی ئیجتیهادێکی باوەڕپێکراو و سەلمێنراو لەلایەن سەلەفی صاڵحی ئەم ئومەتە تانەدانە لە سەرچاوەی یاسادانانی پەیڕەوانی سوننەت و جەماعەت ، ووروژاندنی دەمارگیری مەزهەبییە کەدەبێتە هۆی پەرت و بڵاوبوونیان.

وەلید:ئەگەر کەسێکم ببینم بەرهەڵستی یەکێک دەکات کە سەرفیترەکەی بەخۆراک دەردەکات ، ئاگاداری دەکەمەوە کە ئەو بەم کارەی بەرهەڵستی جمهوری زانایان ناکات وبەس ، بەڵکو بەرهەڵستی ئەو بەڵگە شەرعیانە دەکات کە جمهور پشتی پێ دەبەستن .

من باوەڕم وایە باشترین کارێک کە ئێمه بیکەین کارکردنە بە تێگەیشتنی زانایانی پێشینی ئەم ئومەتە کە توانیویانە چەندەها قوتابخانەی فیقهی زانستی دابمەزرێنن .

خالید: زۆر چاکە ، من سەرفیترەکەم بە پارە دەر دەکەم ، بەخاتر بەرژەوەندی هەژاران!!

وەلید: منیش بە خۆراک دەریدەکەم!!

خالید: کەواتە منت خستە ناو تەڵەکەوە!!

وەلید:دەی باشە من بە پارە دەریدەکەم ، تۆش بە خۆراک .

خالید: زۆر چاکە، ڕێکەوتین.

نوسینی دکتۆر وەلید شاویش

وەرگێڕانی: محمد شافعی

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا