کوردی

ئەرکی دوا کڕۆنای مامۆستایان

ئەرکی دوا کڕۆنای مامۆستایان

پەتای کڕۆنا، وەک سەنگی مەحەک وابوو کەناخ و دەروونی کۆمەڵگای جیهانی خستەڕوو.ئەوەی کە ساغ و پڕکاکڵ بوو ڕزگاری بوو و بگرە بوو بەپردی سەرکەوتن و ئەزموونگەلێکی نوێ.
ئەو کۆمەڵگەیەی کە لەهەوەڵەوە سست و کرمەڕێزو قرپۆک بوو، هێندەی دیکەش ئەژنۆی شکاو پڵچ و پانتر بۆوە و لە قوڕ ڕۆچوو.

بەرهەمی ئەوپەتایە، پەردەی لەسەرعەیب و عارەکانی، وڵاتانی ڕزیوو کوڵیو و بێ بنەما، هەڵدایەوە و ئابڕووچوون نەبێ پێیان نەما، ئەوان چوون بۆ ڕیش، سمێڵیشیان لەسەردانا.

کۆمەڵگای دوای بوومەلەرزەی کڕۆنا، تووشی سەدان عیللەت و نەخۆشی و شێرپەنجە هاتوەو کۆڵەکەی بیرو باوەڕی بنەماڵەکانی تێکشاندوە و هیچ هومێد و متمانەیەکیان بەژیان و کارو چالاکی نەماوە و دەتوانین بڵێین لەسەر پەل بەندن.

ژینگەی بنەماڵەی ناساخ و سەمخۆرکراو و مناڵانێکی هێلانە شێواو و کۆمەڵگەیەی گورگ لێدراو، کە تووشی ئابووریێکی فەشەل و خزۆکە، بەهەموو هێزو تواناییەوە، بەرۆکی چین مامۆستایانی داگرتوە ودوای چەندساڵ، بە فکرێکی لێڵ و شێواو، هاتوونەوە ناو خوێندنگاکان.

لە کۆمەڵگایەکی ئاوا بێ دەرکەو حەوشە، کەخەمی سەرەکی نان و ئاوە، خوێندن و بارهێنان دەکەوێتە چەند پلە دواترو یان گرینگی نامێنێ و پشت گوێ دەخرێ و بەهای پێ نادرێ.

نەبوونی پیاوانی دڵسۆزو لێهاتوو، دێوەزمەی بێکاری تۆقێنەر، وەک زریانێکی ساردو بەستەڵەک، بەردەرکی بەهەموو ماڵەکان گرتوە و وەک سەگ، پێیان دەوەڕێ و داهاتوێکی ناڕوونی بۆ خوڵقاندوون.

گەندەڵی لە هەموو بوارەکاندا، وەک ئێستری سەرشێت ئاوساری پساوە و کەس نەیتوانیوە ڕەسمەی بگرێتە دەست. هەی لەوەی بپچڕێ و هەرکەس لەفکری گیرفان و گەدەی خۆی و کەس و کاری دایە و ئەوەی بێ نازە، پەروەردەی وڵات و نیشتمانە.

مامۆستای شارەزا و بەئەزموون و ئەمەگ، هەم ئاکاری بنەماڵەکان و هەم هەڵس و کەوتی مناڵان و هەم ژیانی خۆشی، دەقۆزێتەوە و ئەسپی ڕەسەنایەتی تاو دەدا و دێتەناوگۆڕەپانی چالاکی و ناهێڵێ جەستەی تێکقرماوی تەربیەت و بارهێنان، بێ ناز لەعەرز بکەوێ و کەس ئاوڕی لێنەداتەوە.

ئەگەرچی نکۆڵی لە ماف خوراوی و پێشێلی ئەو چینە بەڕێزه، ناکرێ کە چەندە بەڕێوەبەران، کەم تەرخەمن و گوێیان هاخنیوە و بەڵێنێ سەرخەرمان دەدەن.بەڵام لەوچاخەدا، ئەرکێکی نیشتمانی، هاتۆتە ئاراوە و دەبێ قۆڵی پیاوەتی، لێ هەڵماڵێ و نەهێڵێ ئەو شێرپەنجەیە، هەموو لەشی کۆمەڵگا داگرێ و بەفریای مناڵانی بەستەزمان و نەخۆش کەوێ کە بەرووبوومی ئەوجۆرە پەتایانەن.

کۆمەڵگای دەرماندراوکراوی ئەوڕۆ، نەبەدەرزی و دەواو دەرمان، نەبە پووڵ و پارە، نەبەتوندو تیژی و داپڵۆسین، دێتەوەسەرخۆ و نەبەودمی شێخ و مەشایخ و نیشتوونووسین چارەی دێ، بەڵکوو ئەوە کەسایەتی مامۆستایە کەوەک حەکیمێکی لێزان و دڵسۆز، دژی ئەونەخۆشیە ڕادەپەڕێ و بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک، قۆڵی هیممەتی لێهەڵدەماڵێ و بەزمان و قەڵەمی نەشتەرئاسای، دەست دەداتە بژارو جۆماڵی زەوی و زاری بێ خاوەن، ئاخر ئەو شانشینی زانایی و بارهێنانە!

مامۆستای لێزان، هەرگیز، خۆ ناهێنێتە سەر ئاقڵ و بیری خانەوادە و کاربەدەستی بێ ڕێز و دەمەتەقە و دمبەدمە لەگەڵ، ئینسانی نەزان و ناحاڵی ناکا کە پەروەردەی بەهیچ دادەنێ و سووکایەتی لە زمان و نیگای دەبارێ چوون دەزانێ، ناحاڵی بۆیە ناحاڵییە کە نایهەوێ تێبگا و هەر خۆی دەبێنی.

زۆربەی بنەماڵەکانی ئێستا، وەبەر لافاوی ناهومێدی و برسیایەتی و پەتای کەم تەرخەمی کەوتوون و دەتوانین بڵێین بۆ خۆشیان نازانن بەئەنقەست چۆن سڕکراون و ئاوا پاڵدەنرێن و بەرەوکوێ هەڵدەدێرێن؟ لەڕاستیدا ئەوان نەخۆشن و بۆخۆشیان هەستیان پێنەکردوە کە دەرمانخوراو، کراون و سڕو گێژو وێژن و لە دەوری خۆیان هەڵدەسووڕێن.

ئەگەرسەدهێندە بەرهەڵستی کاری پەروەردە بن، مامۆستا دژی دەوەستێتوە و جوامێری و پیاوەتی و گەورەیی و مەزنایەتی دەنوێنێ داری بەری، هەمیشە بەردی تێدەگیرێ هەتا میوەی شیرن و بەتام هەڵوەرێنێ.

ئەو سەرقافڵەی شارستانیەت وپسپۆڕی هۆش و زەینە، کۆمەڵگا و بنەماڵە و منداڵی نەخۆش، دەناسێ و دەزانێ نەخۆش، کردەوەی سرووشتی نییە و لەتاو دەردی خۆی دەناڵێنێ.
مامۆستا بێ ڕێزی لەلایەن هیچ نەخۆشێکی بەهێند وەرناگرێ و دەستی پڕ لەمێهرو خۆشەویستی بەسەریان دادێنێ. هەرلە هەوەڵ هەنگاویدا، ڕێگای کوێستان و بەندەن و دژواری، هەڵبژارتوە و دەیزانی قەت ناحەسێتەوە.
کوڕی شاخ و هەڵدێر و تاریکایی و شەوەزەنگە، متمانەی بەخۆیەتی کە سوێندی خواردوە خیانەت بەمناڵانی وڵاتی ناکا ئەگەرچی دایکان و بابان بێ ڕێزی بنوێنن و کارگێڕان دەستیان لەقوڕگ نێن و بەستێنی حورمەتی ئەوان پێشێل کەن.

مامۆستا، فریشتەیەکە لەقاڵبی مرۆڤدا، کەژیان و مانی خۆی، فیدای وڵات و خاکەکەی دەکا. شەمێکە وردەوردە، دەتوێتەوە و کەس هەستی پێ ناکا، لەگەڵ شەوەزەنگ، ململانێ دەکا هەتائەوکاتەی ڕۆژ، تیشکاوێژ دەکاو بارگەوبنەی دەخا.
‌ گوڵانی ٤٠١، سەردەشت، ‌ جەهانگیربابایی.

نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا