شعرکوردی

تەخمیسی شێعری مامۆستا هێمن

خوایە گیان هیچکەس وەکوو من بێ دەوا مەرهەم نەبـێ
نیوە شەو ئازار و ژان و مەینەتی هاودەم نەبـێ
چاوەرێی کۆتایی کات و سۆی نەمانی شەم نەبـێ
<<نیمە ئاواڵێ لە گۆشەی بێ کەسی دا خەم نەبـێ چاکە ئەو لێرەش وەفای هەرماوە سایەی کەم نەبـێ >>

کێ دەڵێ ڕەش بینە شاعیر بێ دڵ و شەیدا نییە
مەیلی پێنوســــم بە هەســــتی پڕ گڕی یەزدانییـە
زووڵمەتە ئەحــواڵــی ژینـــم رۆژی من پەیدا نییـە
<< لاپەرەی ژینم هـــەمـــوو هــەڵدەیتەوە تێیدا نییە باسی فرمێســـک و هەناســە و شیوەن وماتەم نەبێ >>

چاوەکەم دونیا پڕی رەمز و موعەمما و قافییـە
ئەو هەمۆ ئازار و ژانەی دڵ بە هۆی بێ مافییـە
تا بەکەی ئاکام و خۆشی لەو دڵەی من نافییـە
<< رەنجی دووری دڵ بەرم بۆ کوشتنی من کافییە گەر لە دوونیا دا ئەمن هیچ مەینەتی دیکەم نەبێ >>

چاوی هەڵنایە بەخۆشیــــــم رۆژگاری تاڵی من
ڕێگرە و فیتنـــەی دەگێـــڕێ ئەو دژی ئەحواڵی من
چۆن دەزانێ چم لە دڵ دایە بە چاو چاوکاڵی من
<< کوا دەزانێ چەند پەرێشان و پەشێوە حاڵی من ئەوکەسەی گــیرۆدەی ئەگـــریچـــە و پەرچەم نەبێ >>

هەر خودا تۆی چارەسازم پاڵەپشتی بێ پەنا
بۆ تەمای وەسڵ و وەفایە کەوتمە ڕێبازی فەنا
گەر خەمان خەون و ئومێدم لێ نەکەن تەرت و تونا
<< رەمزی دڵداری لە زینێ فێر نەبوو یارم دەنا کوا ئەوینداری وەفـــاداری وەکـــوو مــن مەم نەبێ >>

چەندە هەوڵم دا ببینم ئاسەواری رۆژی گەش
گشتی رۆییشتن جەوانی و تین و توانا وهێزی لەش
نەمدی لەو خاکە ئەوینێ ناتەبایی بۆتە بەش
<< کیژی شاریمان لە خۆی وەرگرتووە چارشێوی رەش داخەکەم نەمدی لەوێ مانگێکی دەورەی تەم نەبێ >>>

بەختی رونم لێڵ و وێڵە چەشنی دار و داوەڵم
بۆ دەمێ خۆشیم نەمدیوە لای تەنیشت و باغەڵم
دەرد و خەم هەر بۆیە بۆتە هاونشین و هاوەڵم
<< شادی جارێکی بە میـــوانـــی نەهاتۆتە دڵم ڕەنگە خەڵوەتخانەیی خەم شوێنی نامەحڕەم نەبی >>

خۆم بەئامێزی بە تینی خاک و مەوتەن دادەکەم
سەر لە نوێ ماڵی ڕماوم دارەڕێ و نۆژەن دەکەم
کۆمەکی ئاوات و هیوا و بولبول و گوڵشەن دەکەم
<< خۆم دەسوتینم هەتا بەزمی خەڵک رۆشەن بکەم کێ لەرێی خەڵکا وەکوو شاعیردەسوتێ شەم نەبێ >>

محمد فتحی نژاد ـ چیا

از طريق
محمد فتحی نژاد
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

محمد فتحی نژاد

استان آذربایجان غربی - مهاباد نویسنده و شاعر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا