اندیشهدعوت اسلامی

حەق و مافی زانایان لە ئیسلامدا

بێ گومان مەقام و دەرەجە و پلەو پایەی زانایان لە ئیسلام دا ئەوەندە بەرزە کە لە دوای پێغەمبەران (سڵاوی خودایان لەسەر) هیچ مەقام و پلەیەکی دی پێیان ناگا ، چونکە زانایان و عالمان میراتگران و جێگرانی پێغەمبەرانن و هەڵگری عیلم و زانست و ئەمانەتدارانی خودای گەورەن لەسەر شەریعەت و دینەکەی .

هەر کات زاناو عالمێک کۆچی دوایی کرد ئەوە بێگومان بۆشایی و کەلێنێک دەکەوێتە شەریعەتی ئیسلامەوە کەهەتا ڕۆژی قیامەت بە هیچ شتێک ئەو بۆشاییە پڕناکرێتەوە .

هەر بەهۆی زانایانە کە خودای گەورە ئوممەتی ئیسلام زیندوو ڕادەگرێ و خەڵکی لەتاریکایی و جەهل و نەزانین بەرەو نووری ئیمان و عەمەل و کردەوەی چاک و ساڵح رێنمونی دەکا .

بۆیە شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام هەستاوە بە ڕێز لێنان لە زانایان و بەگەورە دانانی حەق و مافەکانیان و هۆشداری داوە کە بێ ڕێزی و بێ حورمەتی نەکرێ بە عالمانی ئیسلام .

خودای گەورە دەفەرموێ :

… قُلْ هَلْ يَسْتَوِى ٱلَّذِينَ يَعْلَمُونَ وَٱلَّذِينَ لَا يَعْلَمُونَ ۗ إِنَّمَا يَتَذَكَّرُ أُو۟لُوا۟ ٱلْأَلْبَـٰبِ [سورة الزمر آیه ۹]

 ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم بڵێ: ئایا ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌زانن و شاره‌زان، وه‌ک ئه‌وانه‌ن که هیچ نازانن و شاره‌زاییان نیه‌؟، به‌ڕاستی ته‌نها خاوه‌ن بیروهۆشه‌کان له‌م جۆره یاداوه‌ریانه سوود وه‌رده‌گرن و تێده‌گه‌ن .

له (عوببادە کوری صامت) وه هاتوە دەڵێ : پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی : “لە ئوممەتی من نیە ئەو کەسەی ڕێزو حورمەت لە گەورەکان نەگرێ و ڕەحم و بەزەییشی بە چکۆلەکاندا نەیەتەوە ، وە لە ئوممەتی من نیە ئەو کەسەی حەق و مافی عالمان و زانایانی دین نەزانێ و نەیانپارێزێ “[ٲخرجه احمد و حسنه الالبانی رقم حدیث ۲۲۷٥٥]

حەق و مافی زانایان :

۱- بەگەورە زانین و ڕێزلێگرتن و بەرز نرخاندنی مەقام و پلەی زانایان :

لەوبارەیەوە خۆشەویست (صلی الله علیه وسلم ) دەفەرموێ : ” بێگومان لە نیشانەکانی ڕێزگرتن لە خودای پەروەردگار ئەوەیە کە حورمەتی کەسانی بەتەمەن (لە مسوڵمانان) کە موویان سپی بووە بگیرێ و هەروەها ڕێز و حورمەتی هەڵگرانی قورئان بگیرێ [ئەو کەسانەی نە زێدەڕەوی دەکەن لەبارەی قورئان و نە کورتیش دێنن](نەشڵ ڕەوون نە توندڕەو) ، هەروەها لەنیشانەکانی ڕێزگرتن لە خودا ئەوەیە کە ڕێزو حورمەتی دەستەڵاتداری دادگەر و عادڵ بگیرێ .”[اخرجه ابوداودو حسنه الالبانی رقم حدیث٤۸٤۳]

حامل القرآن / هەڵگرانی قورئان : هەمان زانایان وعالمانن ، ئەو کەسانەی شارەزا بە قورئان و بەرنامەی خودا و ڕەسوڵەکەی هەن و جگە لەوەی شاڕەزان ، هەڵگری ئەو پڕۆگرام و بەرنامەیەش هەن و بە کردەوەش دەیسەلمێنن ، جا ئەو کەسانە بە فەرمودەی پێغەمبەر(د.خ) دەبێ ڕێزیان لێ بگیرێ . [وەرگێڕ]

دەبینین سەحابەیەکی وەکو (ابن عباس) کە خۆی لێکدەرەوە و (مفسر)ی قورئانە چۆن هەیبەتی زاناتر لەخۆی ، لەدڵی دایە و بە گەورە سەیری ئیمامی عومەر (رەزای خودای لێ بێ ) دەکا کە لە (سابقین)ی سەحابەیە .

عبدالله کوڕی عباس (خودا لە خۆی و بابی ڕازی بێ) دەفەرموێ : یەکساڵ ڕاوەستام و سەبرم گرت ، دەم هەویست پرسیارێک ئاڕاستەی عومەری کوڕی خەتتاب بکەم لەبارەی ئایەتێک ، بەڵام لەبەر هەیبەت و گەورەیی و ڕێزی عومەر نەمتوانی پرسیارەکە بکەم “[بخاری ۲٤٦۸ ، مسلم ۱٤۷۹ ، ترمذی ۲٤٦۱ ، ابن ماجه ٤۱٥۳ ، احمد۲۲۲]

لەبارەی ڕێز و حورمەت دانان بۆ زانایان ، عالمێکی وەکو (ابن ابی حاتم) لە پێشەکی کتێبەکەی خۆی بە نێوی ” الجرح والتعدیل” فەسڵێکی دیاری کردوە لەبارەی ڕێزگەرتنی زانایان لە زانایەکی وەکو سفیان ثوری و خۆ بەکەم گرتنی ئەوان لە بەرامبەر ئەو زانایە و حورمەت لێنانی ئەو عالمانە بە نیسبەت قسەو فتواکانی سفیان ثوری .

هەروەها بەشێک لە کتێبەکەی خۆی داناوە بۆ ڕێز لێگرتنی عالمان لە ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حەنبەڵ (ڕەحمەتی خودای لێ بێ ).

ئیمامی (احمد) دەفەرموێ : “لەلایان شەریعەتەوە ئەمرمان پێکراوە ، کە ڕێز و حورمەت بگرین لەو کەسانەی دینیان لا فێر دەبین و شارەزامان دەکەن لە دین”

ابن حزم دەفەرموێ : ” ئوممەتی ئیسلام یەکدەنگن و کۆکن( ئیجماعیان) هەیە لەسەر ئەوەی کە واجب و پێویستە ڕێز و حورمەتی هەڵگرانی قوڕئان و ئەهلی ئیسلام بگیرێ ، هەروەها ڕێز و حورمەت بگیرێ لە خەلیفەو جێنشینی پێغەمبەر(د.خ) و ئینسانی گەورەو کەیخودای نێو مسوڵمانان و ڕێز و حورمەتی زانا و عالم و شارەزای دین بگیرێ .”

لە ڕوانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام فەزڵ و ڕێزی زانا و عالم زۆر زیاترو گەورەترە لە عابید و خودا پەرەستێک کە هەر خەریکی خوداپەرەستی خۆیەتی .

گفت او گلیم خویش بە در می برد زموج  وین جهد می کند که بگیرد غریق را

یان دەڵێن : ” قەڵەم و پێنوسی زانایان بەرامبەرە لەگەڵ خوێنی شەهیدان”
[ سیوطی جامع الصغیر ۱۰۰۲٦]

۲- خۆشەویستی و دۆستایەتی بۆ زانایان و ڕازی بوون بە پێشەوایەتی ئەوان :

لەو بارەیەوە ئیمام (ابن ابی العزالحنفی) دەفەرموێ : “پێویستە لەسەر هەموو مسوڵمانێک کە دوای مەحەببەت وخۆشەویستی خودا و ڕەسوڵەکەی ، خۆشەویستی و مەحەببەتی هەبێ بۆ ئیمانداران هەروەک چۆن قورئان ئیشارەتی پێ فەرمووە و دەستورمان پێ دەدا ، بەتایبەت واجبە خۆشەویستیمان بۆ زانایانی ئیسلام ببێ ، ئەو کەسانەی کە مێراتگری پێغەمبەرانن .”

۳- لازم و پێویستە دوعای خێرمان هەبێ بۆ زانایان و تاریف و تەمجیدیان بکەین :

سەروەرمان (د.خ) دەفەرموێ : “بێگومان خودای گەورە و فریشتەکان ، حەتتا مێرولە لە ناو هێلانەکەی و ماسی لەناو بەحرەکان دوعای خێر بۆ ئەوکەسە دەکەن کە خێر و چاکە فێری خەڵکی دەکەن .”[ اخرجە الترمذی و صححه (۲٦۸٥)]

٤- هەڵبژاردنی ڕاو بۆچونی زانایان و گەڕانەوە بۆ لایان بەتایبەت لەکاتی تووش بوون بە فیتنە و بەڵاو موسیبەت :

خودای باڵادەست دەفەرموێ :

“… فَسْـَٔلُوٓا۟ أَهْلَ ٱلذِّكْرِ إِن كُنتُمْ لَا تَعْلَمُونَ” [سورة النحل آیه ٤۳]

 ئه‌گه‌ر هه‌ر بڕوا ناکه‌ن و نایزانن ده ئێوه له شاره‌زایان بپرسن .

٭ هەر وەک چۆن بۆ کاروباری دنیا ئێمە دەگەڕێنەوە بۆلای پسپۆڕ و لێزانی تایبەت بەکاری خۆی ، پێویست و لازمە بۆ کارو باری قیامەت و پرسە مەعنەوێکانیش بچینە لای زانا و شارەزی بواری شەرع و دین و پرسیارەکانمان ئاڕاستەی ئەوان بکەین .[وەرگێڕ]

٥- لەچاکەکاری و خێردا دەبێ شوێن زانایان کەوین .

ئەوەش فەرمانی خودای تاقانەیە وەک دەفەرموێ :
” يَـٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوٓا۟ أَطِيعُوا۟ ٱللَّهَ وَأَطِيعُوا۟ ٱلرَّسُولَ وَأُو۟لِى ٱلْأَمْرِ مِنكُمْ “[سورة النساء آیه ٥۹]

“ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌، فه‌رمانبه‌ردارو گوێڕایه‌ڵی خواو پێغه‌مبه‌رو فه‌رمانڕه‌واکان بکه‌ن که له خودی خۆتانن (له بیروباوه‌ڕو پابه‌ندیدا)”

اولی الامر : ” مەبەست فەرمانڕەوا و زانایانن هەروەک چۆن ابن کثیر (ر.خ) لەتەفسیرەکەی دا هێناوێتی .

٭ بەڵام گوێڕایەڵی و شوێن کەوتنەکە دەبێ لە چاکەکاری و خێر دابێ و نابێ لە خراپەکاری دا شوێن هیچ کەسێک بکەوین .” لَا طَاعَةَ لِمَخْلُوقٍ فِي مَعْصِيَةِ اللَّهِ عَزَّ وَجَلَّ ” [صحيح البخاري ( 4340, 7145, 7257 )صحيح مسلم ( 1840 )]
(وەرگێڕ)

٦- مەشوەرەت کردن لەگەڵ زانایان و وەپێش خستنیان بەسەر غەیری خۆیاندا لە مەجلیس و دانیشتنەکاندا :

ابن عباس(رەزای خودای لەسەر بێ ) دەفەرموێ : ” یاران و هاومەجلیسانی عومەر (خودا لێی ڕازی بێ) هەڵگرانی قورئان و زاناو شارەزاکان بوون ، جا ئەو کەسانە پیربان یا جەوان “[اخرجە البخاری ٦۲۸٦]

٭ بۆیە دەڵێن : “گەورەیی بەعەقڵ و زانستە نەک بە تەمەن”

۷- دەبێ گومانی باش بەرین بە زانایان و لە بەدگومانی بە نیسبەت عالمان و پێشەوایان خۆمان بپارێزین .

خودای گەورە دەستورمان پێدەدا کە گومانی باش ببەین بە خەڵکی و خۆمان لە (سوء ظن) و گومانی خراپ دەرحەق بەوان بپارێزین ، جا مادام بۆ ئێمە ڕەوا نیە دەرحەق بە خەڵکی بەدگومان بین بۆ زانایان و عالمان ئەو حورمەتە زیاترە و بە هیچ جۆرێک ڕەوا نیە (سوء ظن) مان ببێ بە زانایان .

خودای تەعالا دەفەرموێ :

“يَـٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ ٱجْتَنِبُوا۟ كَثِيرًا مِّنَ ٱلظَّنِّ إِنَّ بَعْضَ ٱلظَّنِّ إِثْمٌ “[سورة الحجرات۱۲]

ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌، خۆتان زۆر بپارێزن له‌گومانی خراپ، له‌ڕاستیدا هه‌ندێ له‌و گومانانه گوناهو تاوانن (بۆیه حه‌ق وایه له‌هه‌موو گومانێک خۆپارێزبین)

٭ ئەگەر کەسانێک بەنێو زاناو عالمی دینی بە ئەرکی خۆیان هەڵناستن و مەقام و جێگایان دەکەنە هەلێک بۆ وەدەست خستنی ویستە دنیایەکانیان، نابێ ببێتە پاسەو بۆ ئەوەی ئینسان بەدگومان بێ بە نیسبەت هەموو زانایانی دی [وەرگێڕ]

۸- نەسیحەت و خێرخۆازیمان بۆ زانایان هەبێ :

وەک پێغەمبەر(صلی الله علیه و سلم) دەفرموێ : “دین یانی ئامۆژگاری نەسیحەت ، کوتمان ئەی پێغەمبەری خودا ئامۆژگاری بۆ کێ ؟ (کێ مافی هەیە ئامۆژگاری بکا؟) فەرموی : نەسیحەت و ئامۆژگاری مافی خودای گەورە و مافی قورئان و مافی پێغەمبەر وئیمام پێشەواکان و مافی تێکڕای مسوڵمانانە .”[اخرجە مسلم (52) ، سنن أبي داود ( 4944 )سنن النسائي ( 4197, 4198 )

۹- دیفاعی بەحەق بکەین لە زانایان و ئابڕویان بپارێزین :

وەک ئەوەی ئیمامی ئەحمەد (ر.خ) دیفاع دەکا لە یەکێک لە زانایانی پێش خۆی و دەفەرموێ : ” هەر کاتێک کەسێکتان بینی کە خراپەی (حماد بن سلمە) دەڵێ و زەمی دەکا ، ئێوە تومەتباری بکەن لەسەر ئیسلامەتیەکەی چونکە حەمادی کوڕی سەلەمە زۆر تووڕەو بەشیددەت بووە لەسەر بیدعەتچیەکان”

هەروەها یەحیای کوڕی موعین دەفەرموێ : “هەرکات کەسێکتان دیت کە باسی حەمادی کوڕی سەلەمە و عیکرەمە ی خادمی ئیبنوعەبباس دەکا ، بکەونە شک لە ئیسلامەکەی .”

(ابن عساکر)یش دەفەرموێ : گۆشتی زانایان مەسموومە(ژەهراویە) و سوننەت و عاداتی خودا وایە هەرکەس سوکایەتی بەزانایان بکا ، ئەوە خودا بێ ئابڕووی دەکا ، چونکە ئەگەر زانایان بە شتێک تومەتبار بکرێن کە ئەوان لێی بەرین و نەیانکردبێ ، ئەو تۆهمەتە گوناحێکی زۆر گەورەیە ، وە لەوەڕین و خۆراردن لە لەوەڕگای ئابڕوو و شەحسییەتی زانایان ، لەوەڕگایەکی خراپە ، هەروەها درۆ هەڵبەستن و خراپ کردنی ئەو کەسەی خودا بەسەر خەڵکانەوە هەڵیبژاردووە(بەهۆی عیلم و زانستی) ئەخلاقێکی زۆر ناڕێک و پیس و چەوتە .”

دیفاعی بەحەق لەزانایان لەسەر چەند شت دامەزراوە :

الف : بەهەڵە داچوونی زانایان نابێتە پاسەو بۆ پێشێل کردنی حەیا و ئابڕوویان

ب : مەعسووم بوون لە هەڵەو تاوان تایبەتە بە پێغەمبەران و هیچ کەس جگە لەوان دوور نیە لە هەڵە و گوناح .

ج : هەر زانایەک ئەگەر بیهەوێ بە حەق بگا ، لەدوو حاڵ بەدەر نیە ، یان حەقەکە دەپێکێ و دوو پاداشت دەبا ، یان بەهەڵە دا دەچێ و مەعزورە و ئەجرێکی بۆ مدەنووسرێ .

پێغەمبەر(صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێ : “ئەگەر قازی یان حاکم و زانایەک ، حوکمێکی دا و ئیجتیهادی کرد و پێکای و بەحەق گەیشت ئەوە دوو ئەجری بۆ هەیە و ئەگەریش ئیجتیهادی کرد و بەهەڵەدا چوو ئەوە پاداشتێک (لەکن خودا) دەبا .”[ اخرجه ابوداود و ترمذی و صححه الالبانی]

د : زانا کاتێک عالم و هەڵگری سوننەت و ڕێبازی پێغەمبەر(د.خ) بێ و زانست و گەورەیی و عیلمی ئاشکرا و مەشهوور ، ئەوە بەهەمان ئەندازە لە زانستی سوود و کەڵک وەردەگیرێ، بەڵام کاتێک ئەو زانایە تووشی هەڵەو خەتا هات پەیڕەوی لێ ناکرێ .

ابن القیم (ر.ح) دەفەرموێ : ” هەرکەس زانا بە عیلمی شەرع و زانستی واقیع(ناسینی دەوروبەرو زەمانەی خۆی) بێ ، بەبێ شک و گومان دەزانێ ، کەسێک کە لەئیسلامدا قەدەمێکی باش و چاکی هەڵێناوەتەوە و ئاسەواری جوان و دەستکردی باشی هەبێ و لە ناو ئیسلام و ئەهلی ئیسلام دا ساحەبی جێگاو پلە و پایەیەک بێ، تووشی هەڵەو ئیشتیباە و خەتاش دێی ، بەڵام لەو هەڵەیەدا مەعزوورە و نەتەنیا (معذور)ە بەڵکوو بە خاتری تێکۆشان و ئیجتیهادەکەی ئەجر و پاداشتیشی بۆ هەیە و ڕەوا نیە لەو هەڵەو خەتایەدا شوێنی کەوین ، هەروەها درووست نیە مەکانەت و پێشەوایەتی و مەقامی ئەو کەسە لەناو دڵی مسوڵماناندا تێک بچێ .”

ه : تانە لێدان و ناو زڕاندنی زانایان و پێشەوایان و قسەپێکوتنیان ڕێگ

او بۆچوونی ئەهلی بیدعەت و لەڕێگا دەرچووەکانە .

۱۰- دووری کردن لە غەیبەت و پاشملە باس کردنی زانایان :

غەیبەتی زانایان گەورەتر و قورسترە لە پاشملە باسکردنی خەڵکانی تر ، چونکە بە هۆی غەیبەتی زانایان ، تەواوی ئیسلام تووشی زەرەر و خەسارەت دێی ، لەبەر ئەوەی زانایان هەڵگری ئاڵای ئیسلامن و ئەگەر هەیبەت و سەداقەت و متمانەی زانایان بەو قسەو غەیبەتانە لەناو بچێ ، ئاڵاو پەرچەمی ئیسلام دەکەوێ و لەو زەرەرەشدا هەموو ئوممەتی ئیسلام خەسارەت دەبینن .

۱۱- خۆپاراستن لەوەی کەوە شوێن عەیب و عاری زانایان کەوین ولەناو خەڵکدا ئەو عەیب و عارانە بڵاو بکرێتەوە .

ئەو خەسارەت و زەرەرانەی کە بەهۆی بەجێ نەهێنانی حەق و مافەکانی زانایان دێنە دی :

۱- لاواز بوونی عیلم و زانست و بڵاو بوونەوەی نەزانین و بیدعەت

۲- بڵاوبوونەوەی خراپەکاری و تووش بوون بە قەدەغەکراوەکان

۳- نیشتەجێ بوونی ئەهلی گومرایی و زانایانی بەلارێداچوو لە جێگای زانایانی سەرڕاست و باوەڕپێکراو و عەقیدە پاک

٤- جەسوور بوونی خەڵک لەسەر دین و حیساب نەکردن بۆ گوناح و تاوان و جورئەت پەیدا کردن لەسەر ئەنجامدانی گوناح

٥- جورئەت پەیدا کردن لەسەر فتوادان بە حەڵاڵ و حەرام بە بێ عیلم و زانیاری ، کە دەرەنجامی ئەو کارەش تووش بوون و تێکەتنی خەڵکیە لەناو بەڵاو خەتەراتی گەورە

٦- لەناو چوونی سوننەت و شوێنکەوتوانی و جەهل و نەزانینی خەڵک بە نیسبەت سوننەتەکانی پێغەمبەر(د.خ) ، ڕوونیشە هەرکات سوننەت لەناو بچێ ، بیدعەت و گومڕایی ئاشکرا دەبێ.

۷- بەرگ و لیباسی حەق بەسەر باتڵدا دەکرێ و ئەوەش دەبێتە ڕێخۆشکەری بۆ لەناوچوونی خەڵکی عەوام و بەهۆی ئەو کارەش خەڵکەکە دەبنە ئامرازو هەلێکی ڕەخساو بۆ بڕەوپێدانی بۆچوون و ئەفکاری سەیرو سەمەرە 

نوسینی : شیخ محمد صالح المنجد
وەرگێڕان لەگەڵ زیادکردنی : یوونس سولەیمانزادە / قەڵاجۆغە

نمایش بیشتر

یونس سلیمان زاده

استان آذربایجان غربی- بوکان نویسنده و مترجم فعال و دعوتگر دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا