داستانکوردی

دزێـکـی لـە خـــوا تــــــرس !

ئەو چیرۆکەی کە بۆتانی دەگێڕمەوە یەکێک لەو بەسەرهاتە خۆشانەیە کە لە ژیانی خۆمدا بیستوومە.

چەندە شتێکی باش و بە جێیە کە ئەو چیرۆکە لە زمانی ئۆستاد {عەلی تەنتاوی} ببیسین؛ بەڵێ بەڕێزیان بۆمان دەگێڕێتەوە و دەڵێ: لەو چیرۆکەدا، چەند وانە و پەند و ئامۆژگاری گەورە هەیە بۆ ئەو کەسانەی دەرس و پەند وەردەگرن، هەڵبەت ئەو چیرۆکە بە شێوەیەکە کە خەڵکی ناوچەکە دەیزانن.

ئەو چیرۆکەی ئۆستاد تەنتاوی بۆمانی دەگێڕێتەوە بەسەرهاتی گەنجێکە کە تەقوا و ڕەفتار و کردەوه‌ی ئایین و ئەخلاق و جەماڵ جوانی لەودا دەبینرێ و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا بە دوور کەوتنەوە لە کردەوەی ناحەز و ناشیرین تام و چێژی دین و ئایین دەچێژی و وەک نموونەی لاوێکی لە خوا ترس دەردەکەوێ…

ڕۆژێک ئۆستاد تەنتاوی لە ناو کۆڕی دەرس و وانە کووتنەوە لە ڕووی دڵسوزی و خۆشەویستی بە قوتابیەکانی خۆی گۆت: هیچ کات ئەرکی بەرێوەبردن و بژیوی ژیانتان بەسەر کەسدا مەسەپێنن، چونکە زانایەک کە بۆ داهاتی خۆی دەستی بۆ خەڵکی ئەو دونیایە درێژ دەکات، هیچ خێرێک لە ژیانیدا نییە. بۆیە پێشنیارم بۆ ئێوە ئەوەیە کە بەدوای پیشە و کار و شوغڵی باب و باپیرانی خۆتان بڕۆن و درێژەدەری ڕەفتار و پیشەی ئەوان بن، بەڵام لە هەموو چرتە ساتەکانی ژیانتان تەقوای خواتان هەبێ.

لە گفتوگۆ وت ووێژی ئۆستاد تەنتاوی گەنجێکی لە خواترس لە ناو کۆڕی دەرس و وانەگووتنەوەدا هەبوو کە لای ئۆستاد تەنتاوی خۆشەویست بوو، ئۆستاد تەنتاوی ڕووی کردە گەنجەکە و گوتی: پیشنیار دەکەم کە درێژەپێدەری ڕێگە و پیشە و کار و شوغڵی بابت بی، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام لە ژیاندا تەقوای خوات هەبێ…

ئەو قوتابی گەنج و تازە پێگەیشتووە دوای ئەوە گۆی بیستی ئامۆژگاریەکانی ئۆستادەکەی بوو، بەرەو ماڵ ڕێکەوت و لە خزمەت دایکی دانیشت و پرسیاری لێ کرد: دایە گیان شوغڵی باوکی خوالێخۆشبووم چی بووە؟ دایکی لە وڵامی ئەو پرسیارە گوتی: باوکت فەوتی کردووە ئیتر پیشە و سەنعەتی باوکت بە تۆ چی! تۆ خۆت دەبێ بە پێی زانستی خۆت پیشە و کارێک هەڵبژێری کە داهاتوویەکی باشت هەبێ وەک باوکت مەبە!

گەنجی تازە پێگەیشتوو لەسەر قسە و ویستی خۆی پێداگری کرد، تا دایکی لە ڕووی ناچاری ئاماژەی بە پیشە و کاری مێردەکەی کرد و گوتی: کوڕی من ئیشی باوکت {ڕێگرتن} واتە چەتە بوو!
ئەو قوتابی و گەنجە تازە پێگەیشتووە سەری سووڕما لە قسەی دایکی! بە دەنگێکی نزم گوتی: تێنەگەیشتم دایە گیان! یانی باوکم چەتە بووە…! بە دایکی گووت ئوستادەکەم بە ئێمەی گوت پیشەی باب و باپیرانی خۆمان بگرینە پێش، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەقوای خوامان هەبێ!

دایکی بە دڵێکی پڕ لە گریانەوە گوتی: بۆ مەگەر ڕۆڵەگیان لە {ڕێگرتن و دزی کردن}یش تەقوای خوای هەیە! حەیف و ئەفسوس بۆ ئەو ڕۆژانە کە لەو ڕێگا جوانە بەسەرت بردووە!
لە ڕاستیدا ئەو قوتابی و گەنجە هەر وەک چۆن مرۆڤێکی لە خوا ترس بوو کەسێکی چاونەکراوە و کەمتەرخەمیش بوو، لە وڵامی قسەی دایکیدا گوتی: بەڵێ ئۆستادەکەم وای گوتووە!
لە ئاکامی قسە و باسێکی زۆر لە بەینی دایک و کوڕ، عاقیبەت قوتابی تازە پێگەیشتوو بەدوای فێربوونی زانست و فەن و فنونی پێویست بۆ ئەم کارە ڕۆیشت و کەرەسەی پێداویستی دزی کردنی پەیدا کرد…

بەڵێ لە کۆتاییدا دزی کردنی وەک پیشە و شوغڵی خۆی هەڵبژارد و دەستی بە دزی کردن کرد! لە یەکێک لە شەوەکاندا وەک هەمیشە کە نوێژی خەوتنانی بە جەماعەت لە مزگەوت خوێند، دوای نوێژی جەماعەت تا نیوە شەو چاوەڕێ بوو کە خەڵک بڕۆنەوە ماڵێ و بخەون، لاوی تازە پێگەیشتوو بە مەبەستی درێژەدانی شوغڵی باوکی! لە مزگەوت بەڕێکەوت و پیشەی دزی کردنی بۆ یەکەم شەو لە ماڵی دراوسێی خۆیان دەست پێکرد؛ لەو کاتە بیری فەرموودەی ئۆستادەکەی کەوت کە دەبێ لە کار و پیشەکەتان ڕەچاوی تەقوا بکەن، دەی مادام ناراحەت کردن و ئازاردانی ماڵی دراوسێ لە ڕەوشت و ڕەفتاری مرۆڤی باوەڕدار نەبێ و بەدوور بێ لە تەقوا نابێ لێرە دزی بکەم، بۆیە لە ڕووی ناچاری ماڵی دراوسێی بەجێ هێشت… چونکە بیری ئەو فەرموودەی پێغەمبەری خوا که‌وت که دەفەرموێ : «مَنْ کَانَ یُؤْمِنُ بِاللهِ وَالْیَوْمِ الآخِرِ فَلْیُکْرِمْ جَارَهُ ـــــ عن أَبی هُرَیْرَهَ رضی الله عنه قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللهِ ﷺ: مَنْ کانَ یُؤْمِنُ بِاللهِ وَالْیَوْمِ الآخِرِ فَلا یُؤْذِ جارَهُ» واته: «جیران ئەرکی لە سەر جیرانە…»
بە مەبەستی دزی کردن و تاڵانکردنی ماڵی خەڵک بەرەو ماڵێکی دیی وەڕێ کەوت؛ بەڵام کە دیتی ماڵی هەتیو و هەژارانە و بیری کەوتەوە خوای گەورە هەڕەشە لەو کەسانە دەکا ماڵی هەتیوان دەخۆن و ئەو مرۆڤانە دەبێ جێگەی خۆیان لە جەهەننەم ببیننەوە…
بەڵێ ئەو گەنجە لە کۆتایی شەودا ڕوویشت تا گەیشتە ماڵێکی دەوڵەمەند و دەرگای کردەوە کە ئەو خێزانە پێک هاتبوون لە ژن و پیاوێک و کچێک و هەموو خەڵکی ئەو ناوچەیە دەیانزانی کە زۆر دەوڵەمەندن…

ئەو گەنجە گوتی: ئەو ماڵە ئه‌و شوێینەیە کە من بەدوای دا دەگەرێم!

کاتێک چووە ناو ماڵەکە، دەرگاکانی یەک لە دوای یەک کردنەوە و دیوەکانی چاو لێ کردن، لە ناو وەتاخێک گاسنووقێکی دیتەوە، کە دەرگای کردەوە پڕ بوو لە ئاڵتون و زێڕ، که ویستی هەموو زێڕ و ئاڵتونەکەی دەست داتێ لە گەڵ خۆی ببا! بۆ جارێکی دیی قسەی مامۆستاکه‌ی بیر کەوتەوە کە دەبێ لە ئیش و کارەکەتان تەقوای خواتان هەبێ. بۆیە کەوتە بیرکەوتنەوه‌یەکی قووڵ لە بری ئەوەیکە ڕەنگە ئەو سەوداگەرە تاجره‌، زەکاتی ماڵەکەی نەدابێ!

هەرچی پارە و پووڵ و زێڕ و ئاڵتون بوو لە گەڵ خۆی برد بۆ سەر حەوزێکی بچوک کە لە گۆشەیەکی حەوشەی ماڵەکەدا بوو، لە ژێر ڕووناکی فانۆسه‌که‌ی دانیشت و هەموو پاره‌ و ئاڵتونه‌که‌ی حیساب کرد، ئەندازەی زەکاتی ئەو کاتی لێ جیا کردەوە. هاوکات لەگەڵ تەواو بوونی، بانگی بەیانی گۆی لێ بوو کە لە منارەکانی مزگەوت دەنگی دەداوە. وتی: ئێستا کاتی بەجێهێنانی ئەمری خوایە، کەوایە با نوێژی بەیانی بکەم! دەستنوێژی هەڵگرت و لە گۆشەیەکی حەوشەکە دەستی کرد بە خوێندنی نوێژی بەیانی کە دەنگی بە گوێ خانەخوێ گەیشت! کاتێ خانەخوێ لەخەو ڕاپەڕی بینی کە گاسنووقه‌که‌ی دەڕگای کراوەیە و هیچی تێدانەماوە! بەرەو حەوشە هەڵات لە ناکاو چاوی بە گەنجێک کەوت کە لە قەراغ فانۆس خەریکی خوێندنی نوێژی بەیانییە!! لەو کاتە خێزانی خانەخوێ وەخەبەر هات و هاتە حەوشە وتی: لێرە چی ڕووی داوە؟! ئەمن چی دەبینم؟ خانەخوێ وتی: نازانم منیش سەرم سووڕماوە چ بووە؟!

پیاوەکە هاتە لای گەنجەکە و وتی: تۆ کێی؟ ئەوە چییە و تۆ لێرە چی دەکەی؟ گەنجەکە یا بڵێن دزی لە خواترس گوتی: سەرەتا نوێژەکەت بخوێنە دوایی بەیەکەوە قسە دەکەین؛ کاتێ خانەخوێ دەست نوێژی هەڵگرت، گەنجەکە گوتی با بە جەماعەت نوێژ بکەین و تۆش خانەخوێ ئەو ماڵەی، کەوایە حەقی پێشنوێژی بەتۆیە فەرموو بەڕێزتان ئیمامەت بکە!! خانەخوێ ترس و دڵەڕاوکێی کەوتە دڵی کە نەکا ئەو گەنجە ئەسلەحەی پێ بێت و لە پشتەوە من بکوژێ، هەر خوا خۆی دەزانی چۆن چۆنی ئەو نوێژەی تەواو کرد!!

دوای تەواو بوونی نوێژەکە لە گەنجەکەی پڕسی تۆ کێی؟ ئەو هەموو زێر و پارەی من لای تۆ چی دەکەن؟ لە وڵامدا دزی لە خواترس گوتی: ئایا بیرت کردۆتەوە لە چەند ساڵی ڕابردوو چەندە زکات لە ماڵی تۆدا هەبووە و زۆر بووە و بەلاتەوە گرینگ نەبووە! ئەوە من هەمووی ئەو زەکاتەی کە لە ساڵانی ڕابردووە نەت داوە بۆم جیاکردوویەتەوە کە دەبێ بیدەیە فەقیر و هەژاران!
خانەخوێ سەری سووڕمابوو خەریک بوو شێت بێ! ڕووی کردە لاوەکە {دزی لە خواترس} گوتی: ئەرێ ئەوە تۆ هەر بەڕاست شێت بوویی؟ گەنجەکە گوتی: نەخێر؛ بەڵام من دز نیمە و ژیانی من چیرۆکێکی زۆر دڵتەزێنی هەیە، گۆی بگرە با بۆت بگێرمەوە، کە باسی ژیانی خۆی بۆ گێڕاوە! پیاوەکە چوو بۆ لای خێزانی دووای ڕاوێژ و وت‌ووێژ لەگەڵ هاوسەرەکەی هاتەوە لای گەنجەکە و پی گوت: من کچێکی گەنج و تازەپێگەیشتوو و جوانم هەیە ئەگەر ڕازی بی من ئەو کچەی خۆم لە تۆ مارەدەکەم و هاوکات لە گەڵ ئەوەشدا تۆ دەکەم بە دەخڵدار و ژمێریار و سەرقەڵەمی کۆمپانیای خۆم و لەگەڵ ڕازی بوونی تۆ بەڕێزتان وەک هاوبەشی گەورەی کۆمپانیا ناوت دەنووسم! لەگەڵ ئەوەشدا بۆت هەیە دایکت بێنیە لای خۆت و لێرە ژیانی ئاسایی خۆتان دەست پێبکەن، گەنج و دزی لە خواترس هەموو پێشنیارەکانی قەبووڵ کردن.

بەیانی زوو خانەخوێ بە دوای شاهید و ئیشی مارەبڕین کەوت و تاقانە کەچەکەی خۆی لە سەر ڕەزایەتی کەچەکەی لەو گەنجە مارە کرد!
«وَمَن یَتَّقِ ٱللَّهَ یَجْعَل لَّهُۥ مَخْرَجًا ـــ وَیَرْزُقْهُ مِنْ حَیْثُ لَا یَحْتَسِبُ ۚ وَمَن یَتَوَکَّلْ عَلَى ٱللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُۥٓ…» (ئایەتی ۲ و ۳ سورەی تەڵاق) واته: «و هەر کەسێ خواناس بێ خوا دەرگای خێری لێ دەکاتەوە ــ و ڕزق و ڕۆژی دەدات له‌ لایەکه‌وە که‌ به‌ خەیاڵیدا نەهاتووە و هەر کەسێ پشت بەخوا ببەستێ ئەوە خوای بەسه‌…»

نووسەر: دوکتور عەلی تەنتاوی
وەرگێڕان لە عەڕه‌بی: عەبدوڵڵاعەلیپوور

از طريق
عبدالله علی پور
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

عبدالله علی پور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا