سیفه‌تێکی ناشیرین هه‌یه که هه‌ر که‌س له‌داوی که‌وت، ئه‌وه لای خوا و خه‌ڵکیش ناشیرینی ده‌کات، ئه‌ویش له‌خۆبایی و ده‌مارزلییه.
مرۆڤ تا به‌فیزتر و له‌خۆبایی‌تر بێت،
که‌سایه‌تی نزمتر ده‌بێ و لای خه‌ڵکیش دزێوتر ده‌بێ.
و هه‌رچی مرۆڤ خاکه‌ڕاتر و بێ‌ده‌مارتر بێ، ئه‌وه کەسایەتی به‌رزتر و لای خه‌ڵکیش خۆشه‌ویستر ده‌بێ.
لای خوای گەوره‌ش، ئه‌وه‌نده به‌سه که هه‌ر که‌س به تۆزقاڵێ فیزی تییا بێ، لە چوونه به‌هه‌شت بێ‌به‌ش ده‌بێ.
جا ئه‌ی ئه‌وه‌ی فیز و ده‌مار لوتت حه‌وا ده‌دا و ئیزنت نادا چاوێک له به‌ر پێی خۆت بکه‌ی، هه‌ر ئه‌و فیزه بزانه چۆن لە دونیا و دواڕۆژ ماڵت کاول دەکات!!
ڕۆژی قیامەت: «خَافِضَهٌ رَافِعَهٌ»یه. ڕه‌نگه زۆر بوار لە خۆی بگرێته‌وه ئەم ئایه‌ته، که بوارێکی ده‌عیه و ده‌ماره.
ئه‌و ڕۆژه ئه‌وانه‌ی وا له‌خۆبایین، لە ئاسمانەوە سه‌یری خه‌ڵکی ئه‌که‌ن، خۆیان گه‌وره و خه‌ڵک ورد ئه‌بینن، خۆیان به‌رز و خه‌ڵک نزم ئه‌ڕوانن، ئەو ڕۆژه «خافض»ه و ئه‌وانه‌ی له به‌رزاییه‌وه وەستاون، به‌ریان ئه‌داته‌وه خوارێ بۆ ژێر پێکان و لوتبه‌رزان سه‌رشۆڕ ده‌کات.
و بۆ خاکه‌ڕایان «رافع»ه و بێ ده‌ماران و خۆبه‌که‌م زانان به‌رز ده‌کاته‌وه به‌ره‌و لوتکه‌ی ڕێزداری و سه‌ری نه‌ویان له‌سه‌ر کڕنۆش بۆ خوا، به‌رز راده‌گری و سه‌ربه‌رزیان دەکات.
جا ئه‌وه‌ی له‌به‌ر بەفیزی واهه‌ست ئه‌کا هه‌موو شت ئه‌زانێ، با بزانێ که هیچ لە هیچ نازانێ.
ئه‌وه‌ی له‌به‌ر به‌فیزی واهه‌ست ئه‌کا زۆر به‌رزه، با بزانێ زۆر نزمه.
ئه‌وه‌ی واهه‌ست ئه‌کا زۆر جوانه، بزانێ ناخی زۆر وێرانه.
و ئه‌وه‌ی واهه‌ست ئه‌کا زۆر دەوڵەمەنده، با بزانێ که سه‌د خۆزگه‌م به هه‌ژارانه.
چونکه زانای به‌ده‌مار، ناپرسێ زۆرتر فێر بێ و ئه‌وه‌ی ده‌یزانێ به‌که‌ڵکی نایه، چونکه فێر نه‌بووه زانست کۆتایی پێ نایه، فێر نه‌بووه هه‌موو شت لای هه‌موو که‌سه‌وه ده‌ست ده‌که‌وێ و لە هه‌مووی گرینگتر فێر نه‌بووه، زانست دژی خۆبه‌زل زانییه.
به‌رزی غللور به‌س هه‌ستی ناڕاستی خۆیه‌تی که واده‌زانێ له ئاسمانا ده‌فڕێ، نازانێ له‌سه‌ر حه‌رزه و قاچی له لیته‌دا چه‌قاوه و هاکا لوتیشی تێبگڵێ.
جوانی به‌فیز و ده‌مار، چ سوود کاتێ ده‌روونی وه‌ک خه‌ڵوزی ڕه‌شه.
ده‌وڵه‌مه‌ندێ که ماڵ و سامانی خۆشه‌ویستی نه‌کا لای دڵی که‌سانی، هۆڵی ئاوه‌دان و دڵی چۆل و بیابان چ سودی هه‌یه؟! ولله سه‌د خۆزگه‌م به ژێرخانی وێران و دڵی ئاوه‌دان.
جا به‌فیزی ده‌عیه و ده‌مار لای مه‌خلوقی خوا ئاوا دزێو و ناله‌بار بێ، له‌ئاستی خالقی ئه‌رز و سه‌ما ئه‌وه‌نده به‌سه لێی بپرسرێ:
«یَا أَیُّهَا الْإِنْسَانُ مَا غَرَّکَ بِرَبِّکَ الْکَرِیمِ» ؟!؟!؟!
جا «قُتِلَ الْإِنْسَانُ مَا أَکْفَرَهُ» ده‌ک بمرێ و بفه‌وتێ ئه‌م ئینسانه چه‌نده سپڵه و پێنه‌زانه.
کولسووم حه‌سه‌ن زاده – ٢٢ی خاکه‌لێوه‌ی ١٣٩٨