خوای گه‌وره به‌شێک له په‌یامه‌کانی له بیچمی چیرۆک و به‌سه‌رهاتدا بۆمان ده‌خاته ڕوو، تاکوو به نموونه‌ی کرداری، باشتر له په‌یامه‌کانی تێبگه‌ین. بۆیه پێویسته به وردی له چیرۆکه قوڕئانییه‌کان ورد بینه‌وه، تاکوو بزانین چ په‌یام و واتایه‌کی بۆ ئێمه تێدایه.
که سه‌رنج بده‌ین، ده‌بینین که چیرۆکه قوڕئانییه‌کان له زۆر بوار و ڕووه‌وه دواون و جاری وایه باس له سه‌خڵه‌تییه‌کان و هه‌ژاری ده‌که‌ن و هێندێک جار له هێز و ده‌سه‌ڵات ده‌دوێن، هێندێک جار باس له مڵهوڕانی چه‌وسێنه‌ر ده‌که‌ن و جاری واشه ئاماژه به دادگه‌رانی دادپه‌روه‌ر ده‌که‌ن. جاری وایه باس له کافرانی لاسار ده‌که‌ن و جاری واشه له په‌رستیارانی خواناس ده‌دوێن.
بابه‌تی ئه‌م جاره‌ی ئێمه‌ش باسی دوو ده‌سه‌ڵاتداری باهۆداره که له‌وپه‌ڕی هێز و ده‌سه‌ڵاتیان، دادپه‌روه‌ر و خاکه‌سار بوون. هه‌رچه‌ند دوو هێزانی به‌رامبه‌ر به‌یه‌ک بوون، به‌ڵام ژیرانه و دادپه‌روه‌رانه هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن.
ئه‌و دوو ده‌سه‌ڵاتداره، مه‌له‌که‌ی سه‌با و سوله‌یمانی پێغه‌مبه‌رن که له سوڕه‌تی (نه‌مل)دا ئاماژه به هێندێک یاسا و کرده‌وه‌ی جوانیان ده‌کات. با بزانین که قوڕئانی پیرۆز هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌و دوو که‌سایه‌تییه‌مان چۆن بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه و چ په‌ند و ئامۆژگارییه‌کی بۆ ئێمه پێیه؟
که تیشک بخه‌ینه سه‌ر وێنایه‌ک له ده‌سه‌ڵاتداری حه‌زره‌تی سوله‌یمان، بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه که حه‌زه‌رتی سوله‌یمان نموونه‌یه‌کی هه‌ڵکه‌وته و که‌سێکی دادپه‌روه‌ر و به‌نده‌یه‌کی شوکرانه‌بژێر به نیعمه‌ته‌کانی خوایه. لێره ئاماژه به چه‌ند خاڵێکی گرینگ له شێوازی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و ده‌که‌ین.
۱- سوله‌یمان وێڕای هه‌موو ماڵ و سامان و زانست و ده‌سه‌ڵاتی که هه‌یبوو، وه‌ک به‌نده‌یه‌کی بهینهتدار هه‌مووی له خوای گه‌وره ده‌زانی و به‌رده‌وام سپاسی خوای ده‌کرد، «وَ قَالَا الحَمدُ لِلهِ الَّذِی فَضَّلَنَا عَلَی کَثِیرٍ مِّن عِبَادِهِ المُؤمِنینَ» به پێچه‌وانه‌ی قاڕوون که ده‌یگوت هه‌رچی هه‌مه، به‌رهه‌می عیلم و زانستی خۆمه «قَالَ إِنَّمَا أُوتِیتُهُ عَلَی عِلمٍ عِندِی» (قێسه‌س:٧٨). به‌م چه‌شنه سوله‌یمان نموونه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێکی خاکه‌ڕا و سوپاسگوزار هه‌ژمار ده‌کرێ و قاڕوونیش ده‌وڵه‌مه‌ندێکی له‌خۆبایی که له ئاکامادا له داوی سپڵه‌یی خۆی ده‌که‌ویت «فَخَسَفنَا بِهِ وَ بِدَارِهِ الأرضَ» (قێسه‌س:٨١).
۲- سوله‌یمان دەورووبەریانی له به‌هره‌کانی که خوای گه‌وره پێی به‌خشیوه ئاگادار ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێت: هه‌مووی له چاکه و ڕێزی خوایه که منه‌تی خستووه سه‌رشانم و بۆوه‌یکه تاقیم بکاته‌وه که ئایا به‌نده‌یه‌کی سوپاسگوزارم یا سپڵه و پێنه‌زان: «یَا أَیُّهَا النَّاسُ عُلِّمنَا مَنطِقَ الطَّیرِ وَ أُوتِینَا مِن کُلِّ شَیءٍ إِنَّ هَذَا لَهُوَ الفَضلُ المُبِینَ…»؛ تاکوو گه‌له‌که‌ی و ئێمه‌ش فێر بکات که هه‌رچه‌ند خاوه‌ن پله و هێز و سامانیش بێ، هیچی ئی خۆی نییه، به‌ڵکوو ئه‌وه خوای باڵاده‌سته که به هه‌ر به‌نده‌یه‌کی به شیاوی بزانیت، پێی ده‌به‌خشیت و هه‌مووشی ته‌نیا بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی مرۆڤه که چه‌نده سوپاسگوزاره!
۳- سوله‌یمان به بوون و نیعمه‌ته‌کانی شادمان ده‌بێت:«فَتَبَسَّمَ ضَاحِکًا»، به‌ڵام له‌خۆبایی نابێت و داوا له په‌روه‌ردگاری ده‌کات که هێزی پێ ببه‌خشیت که زۆرتر سوپاسگوزاری لێ بکات و له ڕێگای چاکه و چاکه‌کاری و چاکسازیدا که‌ڵکیان لێ وه‌رگریت و بهمچهشنه له زومڕه‌ی چاکه‌کاران هه‌ژمار بکرێت: «وَ قَالَ رَبِّ أَوزِعنِی أَن أَشکُرَ نِعمَتَکَ الَّتِی أَنعَمتَ عَلَیَّ وَ عَلَی وَالِدَیَّ وَ أَن أَعمَلَ صَالِحًا تَرضَاهُ وَ أَدخِلنِی بِرَحمَتِکَ فِی عِبَادِکَ الصَّالِحِینَ». بۆیه هه‌رچی زۆرتر هه‌ست به هێز و ده‌سه‌ڵاتی ده‌کات، زۆرتر به‌ره‌و خوای گه‌وره خاکه‌ڕایی و ملکه‌چی نیشان ده‌دات. به پێچه‌وانه‌ی قاڕوون که به هۆی ماڵ و سامانی پێی درابوو، شادمانێکی له‌خۆبایی و غللور ببوو و به فیز و ده‌عیه و ده‌ماره‌وه بۆ نێو خه‌ڵک وه‌ده‌ر ده‌که‌وت.
۴- ڕێکخستنی سوپایه‌ک له هه‌موو چه‌شنێک و ڕیزبهستنیان به شێوازێکی زۆر ڕێکوپێک و ته‌کووزی زۆر جوان و ورد: «وَ حُشِرَ لِسُلَیمَانَ جُنُودُهُ مِنَ الجِنِّ و الإِنسِ وَ الطَّیرِ فَهُم یُزَعُونَ». ڕێکوپێکبوون و ته‌کووزی بۆ هه‌ر کارێک و به‌تایبه‌ت کاروباری حکومه‌تی زۆر پێویسته و ئه‌گه‌ر هه‌ر ڕێکخراوێک خاوه‌ن ڕێسایه‌کی شڵه‌ژاو و هه‌ڵوه‌شاو بێت، ئه‌وه ناتوانێت له ڕاپه‌ڕاندنی کاره‌کانیدا سه‌رکه‌وتوو بێت.
۵- سوله‌یمان ڕێز له هه‌موو یه‌کانه‌کانی وڵاته‌که‌ی ده‌گریت و ئیزن به خۆی نادات که به هۆی ده‌سه‌ڵاتداری، چاو له ئاست ژێرده‌سته‌کانی داخات و گرینگی‌یان پێ نه‌دات، خزمه‌تگوزار بووه و مافی هه‌موو تاکێک لای ئه‌و پارێزراو بوو. بۆیه مێرووله‌یه‌کی هه‌رچه‌ند گچکه لای ئه‌و حوڕمه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و ژیانی ده‌پارێزیت. ده‌سه‌ڵاتداران پێویسته به بیری هه‌موو تاک و که‌مینه‌کانی وڵاته‌که‌یان بن.
۶- له ڕێسای به‌ڕێوبه‌رایه‌تی سوله‌یمان هیچ که‌س بۆی نییه زوڵم بکات.
۷- سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ر هه‌موو شتێکی ژێرده‌ستی به وردی چاودێری ده‌کات و سه‌ربازه‌کانی به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه. بۆیه ته‌نانه‌ت ون بوونی باڵنده‌یه‌کی گچکه‌ی وه‌ک پهپووسێمانهش به‌لای ئه‌و گرینگه و لێپرسینه‌وه‌ی لێ ده‌کرێت: «وَ تَفَقَّدَ الطَّیرَ…». چونکه بوون و نه‌بوونی تاکه تاکه‌ی سه‌ربازانی سوپایه‌ک، گرینگی خۆی هه‌یه و ڕه‌نگه نه‌بوونی تاکێک ببێته هۆی خه‌ساره‌تێکی به‌رچاو. ئه‌وه‌ش فێرمان ده‌کات که ڕێز له هه‌موو که‌س و هه‌موو شتێک بگرین و وانه‌زانین که ئه‌و که‌سه‌ی که به‌ڕواڵه‌ت خاوه‌ن پله‌یه‌کی نزمی ڕێکخراوه‌یه‌که، کاره‌که‌ی بێنرخه و بایه‌خێکی نییه، له بیرمان بێت ڕێز بۆ هه‌موو که‌س دانێین.
۸- هه‌روه‌ها بۆ سه‌رکرده گرینگه که ئاگاداری دۆخی ژێرده‌سته‌کانی بێت و لێیان بپرسێته‌وه و به‌م چه‌شنه هه‌م لێیان ئاگادار بێت و هه‌م ببێته هۆی دڵگه‌رمی ئه‌وان و ئه‌وانیش گرینگی زۆرتر به ئه‌رکه‌کانیان بده‌ن. سه‌رکرده‌کان نابێ به هۆی کاره سه‌ره‌کی و گه‌وره‌کان، ژێرده‌سته‌کانیان له بیر بکه‌ن. ئه‌و کاره‌ی سوله‌یمان نیشانه‌ی ڕێز و سۆزێکی ئاوه‌زمه‌ند به‌رامبه‌ر ژێرده‌سته‌کانی هه‌ژمار ده‌کرێت.
۹- حه‌زره‌تی سوله‌یمان له‌گه‌ڵ ئه‌وه به توندی ڕووبه‌ڕووی سه‌رپێچیکردن ده‌بێته‌وه و دیلی سۆز و ئه‌وینی نابێت و تاوانبار ده‌بێ به شێوازێکی دادپه‌روه‌رانه دادگایی بکرێت: «لَأُعَذِّبَنَّهُ عَذَابًا شَدِیدًا أَو لَأَذبَحَنَّهُ أَو لَیَأتِیَنِّی بِسُلطَانٍ مَّبِینَ». له ڕێسای حکومه‌تی حه‌زره‌تی سوله‌یماندا هه‌ر که‌س بێ‌ئیزن و بێ‌ئاگاداری کارێک بکات، یا ده‌بێ به‌ڵگه‌ی پێ بێت و یا ده‌بێ چاوه‌ڕێی سزای کاره‌که‌ی بێت و ته‌نانه‌ت نافه‌رمانی بێهۆ له لایه‌ن سه‌ربازێک، له‌وانه‌یه بڕیاری له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌ربکرێت، چونکه ڕه‌نگه ئه‌و کاره‌ی ببێته هۆی مه‌ترسی بۆ گیانی زۆر کهسیتر. واته ڕێسای ده‌سه‌ڵاتداری سوله‌یمان خاوه‌ن یاسا و ڕێنامهیهکی ڕێکوپێک و ته‌کووزه و ئه‌وه‌ش بۆ هه‌ر ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌ک پێویست و حاشاهه‌ڵنه‌گره. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی له لایه‌ن که‌سێکی ئه‌رکدار ڕوو بدات، ئه‌وه گرینگی زۆرتره.
۱۰- داوه‌رییه‌کی دادپه‌روه‌رانه؛ سوله‌یمان دادپه‌روه‌رانه داوه‌ری ده‌کات و سته‌م له که‌س ناکات و مه‌جالی به‌رگری بۆ تاوانبار دێڵیته‌وه تاکوو بتوانیت به‌رگری له خۆی بکات. بۆیه ده‌ڵێت یا ده‌بێ هۆکاری کاره‌که‌ی بخاته ڕوو یا سزا بدرێت: «لَأُعَذِّبَنَّهُ عَذَابًا شَدِیدًا أَو لَأَذبَحَنَّهُ أَ لَیَأتِیَنِّی بِسُلطَانٍ مَّبِینَ». ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی دادگه‌ری دادوه‌ری سوله‌یمانه که بۆ هه‌ر دادوه‌رێک پێویسته. پێویسته ئێمه‌ش فێر بین که یه‌کلایه‌نه بۆ که‌س بڕیاری کۆتایی ده‌ر نه‌که‌ین و تاوانبار به ته‌واوی سه‌رکوت نه‌که‌ین، هه‌میشه ڕۆچنه‌یه‌ک به که‌سی به‌رامبه‌ر بده‌ین که به‌رگری له خۆی بکات. چونکه ئێمه هه‌موو شتێک نازانین.
۱۱- ڕاهێنانی ژێرده‌سته‌کانی له‌سه‌ر حه‌ق؛ کاتێک پهپووسێمانهکه گه‌ڕایه‌وه، زۆر بوێرانه و به خێرایی چوو بۆ لای حه‌زره‌تی سوله‌یمان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وێده‌چوو له تووڕه‌یی سوله‌یمان ئاگادار بووبێت، به‌ڵام پێداگری له‌سه‌ر ده‌ربڕینی حه‌ق ده‌کات و ده‌ڵێت: ئه‌ی سوله‌یمان من شتێک ده‌زانم که تۆ نازانی و من هه‌واڵێکم پێیه له وڵاتی سه‌با: «فَمَکَثَ غَیرَ بَعِیدٍ فَقَالَ أَحَطتُ بِمَا لَم تُحِطُ بِهِ…». ڕاهێنان و په‌روه‌رده‌ی شایسته‌ی ژێرده‌ستان له‌سه‌ر حه‌ق و ڕاستی و له‌سه‌ر ئازایه‌تی و بوێری، بۆ هه‌ر ده‌سه‌ڵات و ڕێکخراوه و هه‌ر تاکێک، زۆر گرینگ و پێویسته.
۱۲- خاکه‌ڕایی سوله‌یمان؛ کاتێک که په‌پووسێمانه زۆر بوێرانه پێی وت که من ده‌زانم و تۆ نازانی؛ سوله‌یمان چه‌شنی پاشایانی مڵهوڕ له ده‌می ناداته‌وه که چۆن له ئاست ئه‌و که‌سه‌ی که خوا زانستی به خۆی و باوکی به‌خشیوه، به‌م چه‌شنه ده‌دوێت!!! «فَقَالَ أَحَطتُ بِمَا لَم تُحِطُ بِهِ». ئه‌وه‌ش وانه‌یه‌کی گه‌وره‌ی تێدایه که له ئاست حه‌ق سه‌ر دانوێنین، جا له لایه‌ن هه‌ر که‌سێکه‌وه ڕاگه‌یه‌ندرێت.
۱۳- پارێزکاری و دوورنواڕی سوله‌یمان؛ هیچ هه‌واڵێک بێ به‌ڵگه وه‌رناگریت و هه‌رچه‌ند ئه‌ندامێکی سوپای خۆی هه‌واڵێکی بۆ هێنابێت، به بڕوای ئه‌و پێویسته لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکرێت که دڵنیا بن و مافی که‌سێک و یا گه‌لێک به ناحه‌ق و له ڕووی بڕیارێکی به‌هه‌ڵه و په‌له پێشل نه‌که‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر که‌سی به‌رامبه‌ر دوژمنیشی بێت: «قَالَ سَنَنظُرُ أَصَدَقتَ أَم کُنتَ مِنَ الکَذِبِینَ». ئه‌و شته‌ی که له‌و سه‌رده‌مه‌دا ڕه‌نگه به ڕاده‌یه‌کی زۆر پشتگوێ خرابێت. به‌ڵام گرینگییه‌کی زۆری هه‌یه.
۱۴- زانایی سوله‌یمان؛ سوله‌یمان بۆ هه‌ر کردارێک، هه‌ڵوێستی ژیرانه ده‌رده‌بڕیت و وێڕای هه‌موو هێز و ده‌سه‌ڵاتی، ته‌نیا به بیری تێکشکاندنی نیزامی به‌رامبه‌ری نییه. ئه‌و له نزاکانیشی داوا له خوا ده‌کات که‌سێکی چاکه‌کار بێت و خوای گه‌وره که زانستی پێ به‌خشیوه، له ڕێی ڕاست که‌ڵکی لێ وه‌رگریت. ئه‌و سه‌ره‌تا شاژنی سه‌با که له‌گه‌ڵ گه‌له‌که‌ی خۆرپه‌ره‌ست ده‌بن، تاقی ده‌کاته‌وه تاکوو باشتر بیناسیت. بۆیه نامه‌یه‌کی بۆ ده‌نێریت و بۆ ئایینی خواپه‌رستی بانگه‌شه‌ی ده‌کات: «إِذهَب بِّکِتَابِی هَذَا فَأَلقِه إِلَیهِم ثُمَّ تَوَلَّ عَنهُم فَانظُر مَاذَا یَرجِعُونَ». بێ ناسینی به‌رامبه‌ر، بڕیاردان و هه‌ڵوێست ده‌ربڕین کارێکی هه‌ڵه‌یه که ئاسه‌واری زۆری لێ ده‌که‌ویته‌وه و به ڕاده‌یه‌کی زۆر شتی لهمچهشنه هاتۆته پێش که ته‌نیا په‌ژیوانی له دوو بووه.
۱۵- نه‌رم و نیانی سوله‌یمان؛ سوله‌یمان سه‌ره‌تای نامه‌که‌ی به نێوی خوای به‌خشه‌نده و دڵۆڤان ده‌ست پێ ده‌کات و ئاماژه به سۆز و ڕه‌حم و به‌زه‌یی خوای گه‌وره ده‌کات. تاکوو پێی بڵێت که ئایینی خوا، ئایینی نه‌رم و نیانی و ڕه‌حم و به‌زه‌یییه: «إِنَّهُ مِن سُلَیمَانَ وَ إِنَّهُ بِسمِ اللهِ الرَّحمَانِ الرَّحِیمِ»
خۆ ئه‌گه‌ر به هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه ده‌ستی پێ کردبا، له‌وانه بوو چه‌ندین ڕووداوی لێ بکه‌ویته‌وه:
– به جێگای ناساندنی ئایینێکی نه‌رم و نیان و ئاشتیخواز، ئه‌وه توندوتیژی له ئه‌ودا زه‌ق ده‌کرده‌وه و بهمچهشنه به جێی ئه‌وه‌یکه خه‌ڵکی به خۆشی بۆ ئه‌و ئایینه بانگهێشت کردبا و له پێش چاوی خه‌ڵکی خۆشه‌ویست کردبایه، ئه‌وه خه‌ڵکی لێ دهزراندهوه و به ترسه‌وه زۆرتر لێی هه‌ڵده‌هاتن و دوور ده‌که‌وتنه‌وه.
– به جێگای ئه‌وه‌ی که خوایێکی به‌ڕه‌حم و بهزهیییان پێ بناسێنیت، خوای به‌زه‌بر و تووڕه‌ی پێ ده‌ناساندن و ڕه‌نگه به‌و هۆیه زۆرتر لێی دوور که‌وتبانه‌وه، یا لانیکه‌م به جێی خۆشه‌ویستی بۆ خوا زۆرتر لێی ترسابان.
– هه‌نگاوی یه‌که‌می سوله‌یمان کاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ری ئه‌وان داده‌نا و ئه‌گه‌ر سوله‌یمان به هه‌ڕه‌شه وه‌ڵامی دابانایه، ئه‌وه شاژنیش پێش هه‌موو شتێک به بیری وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کی هاوچه‌شن ده‌بوو و ده‌ستی بۆ هێز و ده‌سه‌ڵاتی و شه‌ڕ ده‌رێژ ده‌کرد.
ته‌واوی ئه‌و خاڵانه وانه‌ی زۆری له خۆ گرتووه که بۆ ئێمه و به‌تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتداران جێی په‌ند و ئامۆژگارییه.
ئایینی خوا، پێش هه‌موو شتێک ئایینی ئاشتی و ڕه‌حم و به‌زه‌ییه و ئه‌و که‌سانه‌ی که به نێوی دین ده‌سه‌وداوێنی توندوتیژی ده‌بنه‌وه، به دڵنیایی له ئایینی خوا شاره‌زا نین و خوای دڵۆڤانیان به باشی نه‌ناسیوه. ئیسلام به‌س له کاتی پێویست توندوتیژی به‌کار دێنیت و ئه‌ویش به مه‌رج که دواتر ئاماژه‌ی پێ ده‌کرێت.
۱۶- دوای وه‌ڵامی شاژنی “سه‌با” که ڕاسپارده‌یه‌کی له‌گه‌ڵ هێندێک دیاری بۆ ناردبوو، ئه‌و کات به پێویستی زانی که زۆر لێبڕاوانه وه‌ڵامی بداته‌وه که ئامانجی ئه‌و ماڵ و سامان نییه و ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌وه بێت، ئه‌وه خوای گه‌وره زۆر زیاتری پێ به‌خشیوه. به‌ڵام ئه‌و که‌سێک نییه که به دیارییه‌ک هه‌ڵخه‌ڵه‌تێت: «فَلَمَّا جَآءَ سُلَیمَانَ قَالَ أَتُمِدُّونَنِ بِمَالٍ فَمَآ ءَاتَانِیءَاللهُ خَیرٌ مِمَّآ ءَاتَاکُم»
ئاگاداری بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که خاوه‌ن پله و پایه‌ن و ئه‌رکی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ڕێکخراوه‌یه‌ک و یا وڵاتێکیان به‌ده‌سته و له‌هه‌مبه‌ر نرخێکی که‌م، خیانه‌ت له ئامانج و خزمه‌ته‌کانیان ده‌که‌ن. ده‌بێ بزانین که ئامانجی بڕوادار که ئیمان و بانگه‌وازی و خزمه‌ت به مرۆڤایه‌تییه، به هیچ نرخێکی دونیایی ناکڕێته‌وه و هیچ شتێک جێی ناگریته‌وه.
۱۷- ئه‌و جار و له کۆتا قۆناغدا حه‌زره‌تی سوله‌یمان به پێویستی ده‌زانێت که ورده هه‌ڕه‌شه‌یه‌کیان لێ بکات تا بزانن که ماڵی دونیا له هه‌مبه‌ر بانگه‌وازه‌که‌ی ئه‌و هیچ نرخێکی نییه، سوله‌یمان بۆ لای ڕه‌حمه‌تی خوای بانگهێشت کردوون که به هیچ به‌هایه‌ک له‌و دونیایه ناکڕێت، جگه له‌وه‌ی که له ئاستی به چۆک دابێن و سه‌ری کڕنۆش دانوێنن. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی سوله‌یمان ئه‌وپه‌ڕی وزه و بڕشتی و دڵسۆزی له‌سه‌ر ئامانجی ده‌نوێنیت و جێی خۆیه‌تی ئه‌و هه‌ڵوێسته جوانه‌ی سوله‌یمان فێر بین و ئامانج به هیچ شتێک نه‌گۆڕینه‌وه. به‌تایبه‌ت کارگێڕانێکی که ئه‌رکی خزمه‌ت به گه‌ل و نه‌ته‌وه‌که‌یان له‌سه‌ر شانه، به دیارییه‌کی بێ‌نرخ، هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن و خیانه‌ت له مافی خه‌ڵک نه‌که‌ن که به‌رپرسیارن.
۱۸- حه‌زره‌تی سوله‌یمان بۆ ئه‌رخه‌یان بوون له کاری خۆی، چه‌ند جار شاژنی سه‌با تاقی ده‌کاته‌وه، تاکوو به متمانه و ئه‌رخه‌یانی و بێ‌توندوتیژی دان به ڕاستی دا‌نێت و ده‌سه‌وداوێنی شه‌ڕ نه‌بن. جارێک با ڕاوێژ و هاوکاری سه‌رۆکان، پێش هاتنی شاژن ته‌ختی شاهه‌نشاهی ئه‌و دێنیته لای خۆی و هێندێک گۆڕانکاری به‌سه‌ر دێنیت: «…قَالَ نَکِّرُوا لَهَا عَرشَهَا نَنظُر أَتَهتَدِی أَم تَکُونُ مِنَ الَّذِینَ لَا یَهتَدُونَ» و جارێکی‌تر ده‌یباته نێو کۆشکێکی بلوورین و شاژن سه‌رسام، دان به ڕاستی په‌روه‌ردگار و پووچی خوایه‌کانی خۆیان داده‌نێت و ته‌سلیمی په‌روه‌ردگار ده‌بێ و ئێمان به خوا و پێغه‌مبه‌رایه‌تی سوله‌یمان دێنیت: «قِیلَ لَهَا ادخُلِی الصَّرحَ فَلَمَّا رَأَتهُ حَسِبَتهُ لُجَّهً وَ کَشَفَت عَن سَاقَیهَا قَالَ إِنَّهُ صَرحٌ مُمَرَّدٌ مِّن قَوَارِیرَ قَالَت رَبِّ إِنِّی ظَلَمتُ نَفسِی وَ أَسلَمتُ مَعَ سُلَیمَانَ لِلهِ رَبِّ العَالَمِینَ». سوله‌یمان ویستی که شاژن خۆی به بوڕهان و به‌ڵگه به ڕاستی بگات، نه‌ک زۆر و زۆرداری. چونکه ئایینی ئیسلام (مه‌به‌ست ئایینی خواپه‌ره‌ستی بۆ هه‌موو پێغه‌مبه‌ران) به‌زۆری به‌سه‌ر هیچ که‌سدا ناسه‌پێت و هه‌ر که‌س ده‌بێ به ده‌ره‌تان و خواستی خۆی به حه‌ق گه‌یشتبێت و بڕوا بێنیت. ئه‌وه‌ش خاڵێکی گرینگه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که ئیسلام به ئایینێکی زۆرداری ده‌زانن و به زۆری به‌سه‌ر تاک و کۆمه‌ڵگاکانیدا ده‌سه‌پێنن.
۱۹- خاڵێکی‌تری که له ڕێسای حکومه‌تی حه‌زره‌تی سوله‌یمان دێته به‌رچاو، ئه‌ویه که سوله‌یمان له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵانی ڕاوێژی ده‌کرد و به پێی توانا ئه‌رکی پێ ده‌سپاردن. ئه‌و کاته‌ی که داوا له سه‌رکرده‌کان ده‌کات که کامیان ده‌توانێت ته‌ختی شانه‌شینی شاژن پێش گه‌یشتنی ئه‌و بێنیته لای: «یَا أَیُّهَا المَلَؤُا أَیُّکُم یَأتِینِی بِعَرشِهَا قَبلَ أَن یَأتُونِی مُسلِمِینَ». دابه‌ش کردنی ئه‌رک به پێی توانا و سپاردنی کار به که‌سانی لێهاتوو، هۆکاری گه‌شه و سه‌رکه‌وتنی هه‌ر ڕێکخراوه و وڵاتێکه به گشتی. واته کار به کارزان بسپێردرێت.
له به‌سه‌رهاتی حه‌زره‌تی سوله‌یمان په‌ند و ئامۆژگاری زۆر به‌دی ده‌کرێت که ئاماژه‌مان به‌و چه‌ند خاڵه کرد. که سه‌رنج بده‌ینه شێوازی هه‌ڵسوکه‌وتی شاژنی سه‌با، ئه‌ویش وه‌ک ئافره‌تێکی ده‌سه‌ڵاتداری ژیر و زانا، هێندێک تایبه‌تمه‌ندی هه‌ن که جێی سه‌رنجن.
۱- سه‌ره‌تا شاژنی سه‌با ئافره‌تێک بووه که حوکمڕانی گه‌له‌که‌ی له ئه‌ستۆ بووه و وه‌ک قوڕئان ئاماژه‌ی پێ ده‌کات، که‌سێکی ژیر و وریاش بووه. که‌واته مه‌رجی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ناکرێ به‌س پیاو بوون بێت و ئه‌وه قسه‌ی زۆری له‌سه‌ره که ناچینه نێو ئه‌و بابه‌ته. به‌س ئه‌وه‌نده ده‌ڵێین که مه‌رجی سه‌ره‌کی بۆ به‌ڕێوه‌بردن و یا هه‌ر ئهرکێکیتر، لێهاتوویی و کارامه‌یییه.
۲- ڕێزداربوون: شاژنی سه‌با به ڕێز و حوڕمه‌ته‌وه بۆ نامه‌ی سوله‌یمان ده‌ڕوانێت. واته خاوه‌ن بیر و ناخێکی تێگه‌یشتووانه بوو و ده‌مارگرژانه، وێنه‌ی زۆردارانی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ڵسوکه‌وت ناکات، ئه‌وانه‌ی که کاتێک بۆ بیروبڕوایه‌کی جیاواز بانگهێشت ده‌کرێن، به تووڕه‌یی و ده‌مارگیری به‌رهه‌ڵستی ده‌وه‌ستنه‌وه. به‌ڵام شاژن وتی: «قَالَت یَاأَیُّهَا المَلَؤُ إِنِّی أُلقِیَ إِلَیَّ کِتَابٌ کَرِیمٌ» دوای ئه‌وه ژیرانه داوای ڕاوێژ ده‌کات که شیاوترین هه‌وڵوێست نیشان بده‌ن.
۳- ڕاوێژکاری: شاژنی سه‌با ئه‌هلی ڕاوێژ له‌گه‌ڵ پیاوماقووڵانی ده‌ورووبه‌ری بوو و هیچ بڕیارێکی به بێڕاوێژ ده‌رنه‌ده‌کرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش وریا بوو که زانایانه و ژیرانه بڕیار بدات: «قَالَت یَا أَیُّهَا المَلَؤُ أَفتُونِی فِی أَمرِی مَا کُنتُ قَاطِعَهً أَمرًا حَتَّی تَشهَدُونِ».
۴- دادپه‌روه‌ری شاژن: شاژنی سه‌با ئاشتیخواز بوو و وێڕای هێز و ده‌سه‌ڵاتێکی هه‌یبوو، پشتی به شه‌ڕ نه‌به‌ست و ویستی نامه‌ی سوله‌یمان که هێمایه‌ک بوو له ڕه‌حمه‌ت، وێنه‌ی خۆی به نه‌رم و نیانی وه‌ڵام بداته‌وه و به‌م چه‌شنه هه‌م ڕێگای ئاشتیخوازی بگرێته به‌ر و هه‌م که‌سی به‌رامبه‌ری تاقی بکاته تاکوو بزانێت چ که‌سێکه و ئامانجی چییه؟ «وَ إِنِّی مُرسِلَهٌ إِلَیهِم بِهَدِیَّهٍ فَنَاظِرَهٌ بِمَ یَرجِعُ المُرسَلُونَ»
۵- دوورنواڕی ئه‌و: که‌سێکی ژیر و وشیار بوو و بۆ هه‌ر کارێک دوورنواڕ بوو و ئاکامی هه‌ر بڕیاره‌ی سه‌باره‌ت به خۆی و کۆمه‌ڵگای ڕه‌چاو ده‌کرد. بۆیه کاتێک دوای ڕاوێژ له‌گه‌ڵ پیاوماقووڵانی دیتی ئه‌وان جه‌خت ده‌که‌نه سه‌ر هێز و به‌ربه‌ره‌کانی نیزامی، ئه‌و ئاماژه‌ی به پاشه‌ڕۆژی شه‌ڕ کرد و وتی له ده‌ره‌نجامی داگیرکردندا، گه‌وره‌کان دیل و زه‌لیل و داماو ده‌بن و کاری هه‌موو پاشایان هه‌ر وا بووه و به‌م چه‌شنه سه‌ره‌نجی بۆ ئاکامی شه‌ڕ ڕاکێشا، تاکوو کوڵی دڵیان دامرکێنیت و هێمنایه‌تی خۆیان بپارێزین. «قَالَت إِنَّ المُلُوکَ إِذَا دَخَلُوا قَریَهً أَفسَدُوهَا وَ جَعَلُوا أَعِزَّهَ أَهلِهَا أَذِلَّهً وَ کَذَالِکَ یَفعَلُونَ»
۶- زوو بڕیار نه‌دان و داوه‌ری نه‌کردن: شاژن که هیچ زانیارییه‌کی ئه‌وتۆیی سه‌باره‌ت به حه‌زره‌تی سوله‌یمان و ئاڕمان و ئامانجی ئه‌و نه‌بوو، نه‌یویست بێئاگایانه ڕووبه‌ڕووی بێته‌وه. به‌ڵکوو پێویستی به ناسین و زانیاری زۆرتر هه‌بوو، بۆیه ویستی سه‌ره‌تا تاقی بکاته‌وه و له‌و ڕێگایه‌وه لێی تێبگات که ئایا به‌دووی تاج و ته‌ختی پاشایه‌تی وه‌یه یا به‌ڕاستی نێردراوێکه له لایه‌ن خواوه؟ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش نێردراوێکی له‌گه‌ڵ هێندێک دیاری ڕاسپارده‌ی سوله‌یمان کرد و جا چاوه‌ڕێی کرد تاکوو له هه‌ڵوێستی سوله‌یمان تێبگات؟ «وَ إِنِّی مُرسِلَهٌ إِلَیهِم بِهَدِیَّهٍ فَنَاظِرَهٌ بِمَ یَرجِعُ المُرسَلُونَ»
ئه‌وه‌ش ژیری ئه‌و خاتوونه‌مان بۆ ئاشکرا ده‌کات و فێرمات ده‌کات که زوو داوه‌ری نه‌که‌ین و بۆ هه‌ر ڕووداوێک سه‌ره‌تا لێکۆڵینه‌وه‌ی بۆ بکه‌ین.
۷- خاڵێکی زۆر گرینگی که له هه‌ردوو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره به‌دی ده‌کرێ، ئه‌وه‌یه که وێڕای ده‌سه‌ڵاتداری هه‌ردووکیان، به‌ڵام هیچیان به هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه ده‌ستیان پێ نه‌کرد. سوله‌یمان نامه‌یه‌کی بۆ شاژن نارد که به «بِسمِ اللهِ الرَّحمَنِ الرَّحِیمِ»، واته به نێوی خوایه‌ک که خاوه‌ن سۆز و ڕه‌حمه‌ت و لێبورده‌ییه ده‌ستی پێ کرد و شاژنیش هه‌رچه‌ند تا ئه‌و کاته‌ش بڕوای پێ نه‌هێنابوو، به‌ڵام به ناردنی دیاری وه‌ڵامی دایه‌وه. چونکه ڕاستیخواز بوون و بۆ گه‌یشتن به ڕێگای خواپه‌ره‌ستی، پێویستی به ڕاستیخوازی و ئاشتیخوازی هه‌یه.
۸- دوای وه‌ڵامی توندی حه‌زره‌تی سوله‌یمان له ئاست دیارییه‌که‌ی، شاژن بۆی ده‌رکه‌وت که سوله‌یمان خاوه‌ن ئامانجێکی گه‌وره‌تره و به هیچ نرخێکی دونیایی نایگۆڕیته‌وه، بۆیه ده‌ستی کرد به لێکۆڵینه‌وه و بێ هیچ ده‌مارگیرییه‌کی نه‌فامانه، وه‌دووی ڕاستی که‌وت و خۆی به‌ره‌و لای سوله‌یمان وه‌ڕێ که‌وت که زۆرتر له ئایینه‌که‌ی تێبگات و بڕوای پێ بێنیت. ئه‌وه‌ش فێرمان ده‌کات که حه‌ق و ڕاستی گه‌وره‌تر و گرینگتر له‌وه‌یه که به هۆی ده‌مارگیرییه‌کی نه‌فامانه خۆمانی لێ بێبه‌ش بکه‌ین. بۆ گه‌یشتن به ڕاستی، پێویسته خۆت هه‌نگاوی بۆ بنێیه‌وه.
۹- شاژن کاتێک ڕاستی په‌یامی حه‌زه‌رتی سوله‌یمانی زۆرتر بۆ ده‌رکه‌وت، ده‌ستبه‌جێ له ئاست گه‌وره‌یی خوای گه‌وره به‌چۆک داهات و دانی به پڕووپووچی خوایانی پێشووی و ڕاستی خوای گه‌وره و په‌یام و ئایینی سوله‌یمان دانا و بڕوای پێ هێنا. ئه‌وه‌ش فێرمان ده‌کات که هه‌ر که‌س به دووی ڕاستیدا بڕوات، به دڵنیایی پێی ده‌گات.
۱۰- کۆتا خاڵ که له هه‌ردووک سه‌رکرده‌که به‌دی ده‌کرێت، ئه‌وه‌یه که بۆ گه‌یشتن به ڕاستی، پێویستیمان به ئامراز و که‌ره‌سه‌ی تایبه‌ته که ئه‌ویش «زانسته». هه‌م سوله‌یمان خاوه‌ن زانست بوو و هه‌م شاژنی سه‌با. به هۆی ئه‌و زانسته‌ش بوو که سوله‌یمان توانی به باشترین شێواز بانگهێشتی بکات. چونکه بانگه‌شه کردنی ده‌سه‌ڵاتدارێکی زلهێزی وڵاتێک بۆ سه‌ر ئایینێکی‌تر، کارێکی ساده و ساکار نییه و به ده‌گمه‌ن هه‌ڵکه‌وتووه که بێ شه‌ڕ و تێکههڵشێلان یه‌کیان ته‌سلیم بێت. هه‌روه‌ها به‌هۆی زانست و ژیری شاژنیش بوو که ڕاستی دۆزییه و ته‌سلیمی بوو. ئه‌وه به‌هۆی زانستێک بووه که خوای گه‌وره به هه‌ردووکیانی به‌خشی بوو و هه‌ر ئه‌وه‌ش گرینگی زانستمان بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه. «قُل هَل یَستَوِی الَّذِینَ یَعلَمُونَ وَ الَّذِینَ لَا یَعلَمُونَ» (زومهر:٩)
به هیوای ئه‌وه‌ی که په‌ند و ئامۆژگاری ته‌واومان له به‌سه‌رهاتی ئه‌و دوو که‌سایه‌تییه به‌رزه‌ی قوڕئانی وه‌رگرتبێت و له ژیانی خۆماندا که‌ڵکیان لێ وه‌رگرین و نموونه‌ی سوله‌یمان سوپاسگوزار و وێنه‌ی شاژنی سه‌با وریا بین.
نووسه‌ر: کولسووم حه‌سه‌نزاده