شخصیت هاگفتگو

دیمانە لەگەڵ مامۆستا ملا یحیی رەسوڵ ،لە شارۆچکەی قەڵادزێ

پێشەکی

ئیواره‌یێکی پاییزی بوو، سەرما تەنگی بە شار هەڵ چنیبوو. با، خۆی بەکوچە و کۆڵانەکانی شاردا دەکرد و دەیلوراند و گەڵای دارەکانی بەم لاولادا دەبرد. موسافیرێکی غەریبە لە گەڕەکدا، لە ماڵی ئێمە دەگەڕا. کەزانی ئێمەیین و ناسینی، بە خێزان و مناڵەکانییەوە شه‌و میوانمان بوون و دوایی بوون بە بەشێک لە ئەندامانی ماڵمان. ئه‌م براده‌ره و خێزانی زۆر له‌سه‌ر دڵان و خوێنگەرم بوون، خۆماڵی و سادە…

ڕەسوڵ یەحیا ڕەسوڵ بە خۆی و خێزانیەوە بۆ خوێندنی باڵا هاتبوونە ئێران و ماوه‌ی ساڵێک جیرانی ئێمه بوون له شاری مه‌هاباد. ئه‌وان ببوونە بەشێک لە دۆستانی ئازیزی ئێمە. ڕۆژێک باسی باوکی بەڕێزیان بۆ کردم کە شاعیر و نووسه‌رە. ئەوە بوە هۆکاری ئەوە کە من لەگەڵ جەنابی مامۆستا مەلا یحیا لە تۆڕه‌کومه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ئاشنا بم.

ئەو ئاشناییە بووە هۆی ئەوە کە من جەنابیان وەک پیاوێکی گەورە و خۆڕاگر و خاوه‌ن ئیمانێکی پۆڵایین ببینم. هەر ئەوە بوو کە داوام لە جەنابیان کرد کە بۆمان بدوێت لەسەر ژیانی خۆی.

ئەوەش ئیوە و ئەوەش کەسایەتی بەرز و خۆڕاگری جەنابی مامۆستا مەلا یحیا لە قەڵادزەی کوردستانی ئه‌و دیو.


پرسیاری ۱- وێڕای ڕێز و سڵاو بۆ جەنابتان، مامۆستا مه‌لا یحیا؛ دەکرێت ژیانی خۆتانمان بۆ باس بکەن، لەدایکبووی کوێی؟ کەنگی زەواجت کردووە؟ چەند مناڵت هەیە و نیشتەجێی کوێی؟

وەڵام: مـن ناوم یەحیا ڕەسوڵ عومەر ناسراو بە مەلا یەحیام. لە دایکبووی ۹۷۱/۷/۱م و لە گوندی سەرتەنڴی بناری ئاسۆسی کوردستانی باشوور چاوم بە ژیان هەڵێناوە.

لە ساڵی ۱۹۸۳ ژیانی هاوسەریم پێکهێناوە. چوار کوڕ و دوو کچم هەیە، ئێستا دانیشتوی گەڕەکی ڕاپەڕینم لە شاڕۆچکەی قەڵادزێی ناوچەی پشدەر.

پرسیاری ۲- ئایا جەنابتان دەرسی دینی و حوجرەشتان خوێندووه‌؟

وەڵام: پێنج ساڵ دەرسی دینیم لە حوجرە خوێـندووە. لەماوەی ئەم پێنج ساڵەدا چەند شارۆچکە و ‌چەند دێهاتێکی کوردستان بە مەبەستی خوێندن گەڕاوم.

پرسیاری ۳- چۆن بوو کە بووی بە کەم ئەندام؟

وەڵام: بێ سووچ و تاوان بێ ئاگا لە نیوە شەوی ۱۹۹۴/۵/۲۳ لە لایەن دەستێکی ڕەشی دوشمن، کاری نادیار و نەناسراوی دەروون پڕلە قـین لە کاتی شیرینی خەودا، نارنجۆکێکی چل پارچەیان فڕێدایە ناومان کە زۆر بە سەختی بوو بە هۆی بریـندار بوونی خۆم و خێزانم و کچێکی تەمەن یەک ساڵ و پێج مانگه‌م. کچەکەم تا ئێستا نزیکەی پانزە جار عەمەلیاتی گەورەی بۆ کراوە.

من نزیکەی ۲۶ ساڵە لە مەیدانی جەنگدا لەگەڵ مەرگ زۆرانبازیمە، تا ئێستا توانیومە بە نیوە ژیانی و کوڵە مەرگی هاوڕێ لەگەڵ ئازار و ئەندێشە و ژیانێکی پڕ لە ئاهو حەسرەت بمێنمەوە و چرکە ساتەکانی ژیان بەڕێ بکەم.

بە هۆی ئیفلیج بوونمەوە نیشتەجێ بووم و لە پشتێنم بۆ خوارەوە هەستی هەردوو قاچەکانم لە دەست داوە.

پرسیاری۴- ماموستای ئازیز؛ دۆستان و ئاشنایانتان باسی سەبر و خۆڕاگریتان دەکەن، ده‌کرێ بفه‌رمووی چۆنە کە لەهەمبەر ئەو موسیبەتەی کە پێی دوچار بووی، کاسەی سەبرتان لێو ڕێژ نابێت؟

وەڵام: بۆ ئارام بەخشی بۆ دڵ و دەروونم، میهر و سۆزی خوای گەوره ڕێنمایی کردم کە ژیاننامەی چەندین پێغەمبەر سەلامی خوای گەورەیان لێ بێت، لەگەڵ چەندین نامیلکە لە ژیانی سەحابە و تابیعین و پـیاو چاکان و ژنانی گەورە وەک زێنەب غەززالێ بخوێنمەوە.

هەر ئەوە بوو به هۆی ئارام بەخشینی دڵ و دەروون و تەواوی جەستەم بە چاوەڕوانی بەخشینی پاداشتی گەورە بە ناو مەزرای ژیاندا گوزەر دەکەم.

ئەو بەسەرهاتانە وایان لە من کرد کە بتوانم وەک کێو خۆڕاگر بم و بە هیچ زریان و گەردەلوولێک گەڵای داری هیوا و ئاواتەکانم هەڵنەوەرێت. ئیمانم ئەوەندە زیادی کرد کە تا چەند زۆرتر ئازار بچێژم، هەزار ئەوەندە دڵخۆش بم بەو پاداشتانەی ژیانەوەی ڕۆژگاری دوای مردن. بەو هۆیەوە سەنگەر و قەڵای ئیمانم ئەوەندە پتەو بوو کە بوڕکانی بێهیوایی نەیتوانی بیانڕمێنێت.

پرسیاری ۵- لە ژیانی خێزانیت و ڕۆڵی مناڵەکانت و کەسە نزیکەکانت لە سەر ژیانی بەڕێزتان بۆمان بدوێ؟

وەڵام: هەرگیز وەک پێویست ناتوانم لەسەر بەخششەکانی خوای گەورە حەمد و سەنا و ستایشی بکەم، چونکە زوبان لاڵە، پەنجە سڕە و پێنووس کۆڵە لە ئاست وەسف و حەمد و سەنا و ستایشی خوای میهرەبان کە ئەو هەموو چاکەی لەگەڵ من کردووە کە لە ژمارە نایەن.

باشترین چاکەی خوای گەورە دوای عیبادەتەکان نیعمەتی خێزانێکی تا حەددێک دیندار و تەبا و ڕێکوپێکه‌. نیعمەتی ئارام بەخشیش که لەلایەن ئەوانەوە پێم گەیشتووە کە هەر ناتوانم وەسفی بکەم.

خوشکە ڕێزدارەکەم؛ ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ من گەورەترین خەڵات بوو، سوپاسی خوای بێ هاوتا دەکەم کە ئه‌م گۆڕانکارییە مەزنه لە ژیانی مندا ڕوویدا؛ هەست دەکەم بە هۆی زیادبوونی ئیمانم زۆر لە جاران لە میهری خوای میهرەبان نزیکتر بوومەتەوە.

پرسیاری۶- گوێبیست بووین کە جەنابتان تەبعی شێعریتان هەیە، ناوەڕۆکی شێعرەکانتان چییە و لە چ شاعیرێکی پێش خۆتان کاریگه‌ریتان وەرگرتووه‌؟

وەڵام: سەبارەت بە شێعر هەر لە تەمەنی منداڵیمەوە و هەر لە سەردەمی حوجرەوە کە تەمەنم زۆر کەم بوو حەزم دەکرد ڕۆژێ لە ڕۆژان بتوانم شێعر دابنێم. لە یادمە ئەوکات تەلەفیزیۆن نەبوو، سوودمان لە ڕادیۆ وەردەگرت بە تایبەت ئیزاعە کوردییەکانی ئێرانی، وەک تاران، کرماشان و سنە، جگە لەوەش چەندین کتێبی شێعری شاعیرە نەمرەکانی کوردم خوێندەوە.

لە سەرەتادا شێعرەکانم زیاتر نیشتیمانی بوون؛ بە تایبەت کە مەزڵوومییەتی کوردم دەبینی لە ماوەی دوو ساڵ سه ربازیم لە ساڵی ۱۹۸۸ بۆ سەرەتای ڕاپەڕینی ۱۹۹۱ شێعری نیشتیمانیم زۆر داناوە، بەس لە کاتی کۆڕەوەکە هەموویانم فەوتاون و لە ناو چوون.

ئێستا شێعرەکانم زۆربەیان ئایینینی و تێشیاندا هەیە کە خەمڕەوێن یان خەمهێنەرن. زۆربەیان باسی ژیانی پڕ لە ژانی خۆم دەکەن.

شێعرەکانم هەمەجۆرن. گەرچی پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە، بەڵام لە ڕابردوودا کەمتەرخەم بووم و ئێستاش توانام کەم بووه‌؛ چونکە هەست دەکەم بەرەو دوا مەنزڵگای ژینم و پیری و بێهێزی و لاوازی جەستەم هەنگاو دەنێم.

پرسیاری ۷- ئایا تا ئێستا کتێب یان نامیلکەیک لە شیعرەکانت بڵاو بۆتەوە؟

وەڵام: نەخەیر وەڪ وتم کاتی کۆڕەوەکە هەموویانم تێداچوون و فەوتان، زۆر بۆیان پەرۆش بووم، ئەوانی تریشم چاو پێداخشاندنەوەیان دەوێت لە بەر ئازار و بێتاقەتی نەمتوانیوە پوختەیان بکەم.

پرسیاری ۸- ڕێنوێنی و ڕاسپاردەت چییە بۆ ئەو کەسانەی وەکوو تۆ کەم ئەندامن و لە نیعمەتی سڵامەتی جەستە بێبەشن؟

وەڵام: ئامۆژگاریم بۆ هەر بەڕێزێ کە لە ژێر چاودێری و تاقی کردنەوەی خوای باڵا دەست دایە کە ئەیوب ئاسا (علیەالسلام) تا ئەوپەڕی سنوور دان به‌خۆدا بگرێت و خۆڕاگر بێت تا باشترین و بەرزترین نمرەی خۆڕاگری بە دەست بێنێت.

ئەوەش بە بیرکردنەوەی لێزان و حەکیمانە دەکرێت؛ بیر لەوە بکاتەوە که ڕاستە تووشی گەورەترین کارەسات بووە، بەڵام ئەوە بزانێ تا تاقیکردنەوەکەی گەورەتر بێ، بە هۆی ئارام گرتنییەوە، پاداشتەکەشی گەورەترە!! چەند خۆشە که بزانی بە هۆی خۆڕاگری و ئۆقرەیگرتنەوە چەند لە خوای میهرەبان نزیک دەبێتەوە کە لە ڕۆژی دوایی بە هەزارەها مرۆڤ بەخیلی پێ دەبات.

هەر ئەو بیرکردنەوەیه وای لە من کرد سوپاس بۆ خوا تا ئەوپەڕی لوتکەی خۆڕاگری، وەک چیا سەربەرز و خۆڕاگر بم. مادام هەرچییەک بەسەر مرۆڤ بێت، ئەگەرچی دەستی مرۆڤیشی تێدا بێت، ئیللا ویستی خوای گەورەی لەسەرە، مادام خوای گەورەش ویستی وابێت، من چیم تا دژی ویستی خوای کاربەجێ بوەستم؟!

هیوادارم هەر بەڕێزێکی تری وەک من و لە من خەراپتریش، هەست بە نەقس نەکات و هەمیشە ورەبەرز و خۆڕاگر بێت تا چاکترین پاداشت لە خوای گەورە وەربگرێتەوە، ان شاءاللە.

سوێند بەخوا هەرکەسێ بیر لە ژیانی دواڕۆژ بکاتەوە کە چ خۆشی و چ ناخۆشییەک چاوەڕێی مرۆڤ دەکات، هەرگیز بۆ لەدەستدانی ژیانی دونیایی بە پەرۆش نابێت؛ بەڵکوو بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە هەوڵ و کۆشش دادەبێت و ورد ورد هەنگاو دەنێت بۆ گەیشتن بە ژیانێکی پڕ لە ئاسوودەیی هەمیشەیی دواڕۆژ.

پرسیاری ۹ – مامۆستای بەڕێز ئایا ئەم حاڵەتە نەگونجاوە، بێتاقەتت ناکا و هەست بە نائومێدی ناکەی؟

وەڵام: نەخەیر تا گیان لە جەستەم دابێت، پشتیوان بە خوا، کۆششی من ئەوەیە کە بەسەر نەفس و شەیتاندا زاڵ بم و نەهێڵم هیچ باو و بۆران و زریان و ڕەهێڵەیەک داری ئاواتە ڕەواکانم لەق بکات و ناهێڵم بەهاری ئاواتەکانم تووشی وەرزی ساردی پاییزی خەزان و خەزەڵوەرێن بێت.

پرسیاری ۱۰- ئامۆژگاریت بۆ شاعیرانی کوردی موسوڵمان چییە؟ ده‌بێت شاعیری خاوەن ئیمان لە ئەمڕۆدا چۆن بێت؟

وەڵام: ئەگەرچی زۆر قورسە من ئامۆژگاری کار و ڕەخنەگر بم لە شاعیران؛ چونکە من خۆم لەو موستەوایەدا نابینم. بەڵام هیوادارم هەر یەکێ لە ئێمەی بڕوادار کە دەستی شیعری هەیە، یان هەر وشەیەکی پڕ بەهای ئاڵتوونی دەزانێت کە بەم وشەو شێعرانە توێشوی دواڕۆژی خۆی پێ مسۆگەر بکات و بینای چەندین قاتی ئیمانی پێ دروست بکات تا سەری لە کەهکەشانی فەلەکەوە دەر بچێت.

حەق وایە شێعرەکانمان بۆ ئارەزوو و تام و چێژەکانی دونیا نەبێ کە دواتر شیرینی ئەم شێعرانە ببنە تاڵاو و دواڕۆژ بە قورگمانی دابکەن و بەزۆر ئەم تاڵاوە ژەقنەمووتە بچێژین، پەنا بە خوا.

حەق وایە شێعرەکانمان لە پێناوی ڕەزامەندی خوای گەورە دابێت و هانده‌ربێت بۆ خوێنەران کە لەم دونیا کاروانسەرایەدا بەپێی توانا هەوڵ بدەن، دەروونیان بە ئیمان زاخاو بدەن و ئەسپی سەفەریان توندوتۆڵ و چالاک و ئامادەباش تاو بدەن بەرەو لوتکەی هەرە بەرزی ئاسۆی پڕشنگداری ئیمان و ئاواتە ڕەواکانیان.

لە کۆتاییدا هیوادارم وەڵامەکانـم پێکابێت و تا حەددێک جێگەی ڕەزامەندی بەڕێزتان بێت.

سوپاسی ماندووبوون و خەمخۆریتان دەکەم خوشکە ئازیزەکەم. لە خودای بێ نیاز داواکارم سەبەرز و سەرفیرازی هەردوو جیهانت بکات و ڕوخساری پڕ لەنوورت هەمیشە چەشنی مانگی چواردە درەواوە و پڕشنگدار بێت. خوشبەختی و ئاسودەیی بۆ بەڕێزت و خانەوادە ڕێزدارەکەت ئاواتەخوازم – هیوادارم لە کەموکوڕیم ببوریت.

نموونه‌یێک له‌ شێعری مامۆستا یه‌حیا:

خـــــــــــــــــــوشـــــــــــــــکــی شـــــــــــــیریــــــــــن
خـوشکی شیریـن ئـەزیـزم، بـۆ ویست و ئـارەزوی دڵ
نـەکـەی دونـیا پـەرستی و، مـەیـژاکـێنە پـەڕەی گـوڵ
پـێنـج و دو ڕۆژە دونـیـای، کاتـی و کـاروان سەرایــی
دەی تـا نـەبـویـتە سفـرەو، خـوان و خۆراکی ژێـر گـڵ

خـۆت ئـامـادەو تـەیـارکـە، سـواری ئەسپی سەفـەر بە
بـۆ نـاو ئـاسـمانی ژیـنت، نـەجم و شەمس و قەمەر بە
جـڵـەو نـەدەیـتە دەستی، ئـارەزوی نـەفـس و شەیـتان
لـە ئاستی بەد ڕەوشــتان،،چەشنی بـوڕکان خـەتـەر بە

نــەڕۆی بــه ڕێـی خـەیــاڵـی، چـەوتـی کـیـبرو ڕیـــادا
وا بــیر نـەکـەی کـە دەفـڕیت، بـە سەر لوتکەی چیـادا
بـە جـوانـی خـۆت مـەنـازە، چونکە خاک دەی ڕزێـنـێ
چـەشـنی گـزنـگـی خـۆر بـە، لـە نـاو هـەوری سـیـیادا

دەرفـەتـە تـاکئو زیـندووی، بـە چاو تـەرکی نـەزەر کـە
هەردەم لە گشت گومانی، چەوتی دەروون حەزەر کـە
بـی خوێـنـەوە بـە وردی، دەفـتـەری کــردەوەی خـۆت
بـیر لـە ڕۆژگـاری دوایی، پـڕ لـە خـەوف و خـەتـەر کـە

نـەکەی ڕۆژگار بـەسەربـەی، لـە نــاو بـەزم و سەمـادا
ڕەو ڕەوەی ژیـان وەگـەڕخە، بـە ڕێی تـرس و هیوادا
نــەکـەویـە داوی دونـیـاو، دووربـە لـە خـۆ پـەرسـتی
بـۆ ژیـانـێکی تەمەن کورت، ڕەنـجـت نـەدەی بـە بـادا

مـەی گـۆڕەوە بــە دونــیـا، ژیـانی دوا ڕۆژی ڕوونـــت
چـوون بـە خۆڕایی دەڕوات، هیلاکی و مانـدو بوونـت
هـەوڵـدە بـۆ و بـەهـەشتـەی، وەسفی نـاکـرێ بـە زاران
گـەش بــین و ڕۆشـنای کـە، کـانـگای تـاری دەروونــت
مـــــــــــــەلا یـــــــــەحــــــــیـا ساڵی ۲۰۱۰ دامناوە

پێکهێنەری دیمانە : سەوزە حیدری

از طريق
سه وزه حیدری
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

سه وزه حیدری

@ مترجم وشاعر @ آذزبایجان غربی - مهاباد ☑ کارشناسی روانشناسی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا