آداب و فرهنگاندیشه

دەستکەوتی شارستانییەتی ئیسلامی و ڕۆڵی گرنگی لە ڕۆنسانسدا به‌شی2

شارستانییەتی ئیسلامی لە جوگرافیا و وڵاتناسیدا:
خەباتی موسوڵمانان لە مەیدانی وڵاتگەڕیدا لە کەس شاراوە نییە. ئەوان لە پێڕی یەکەم کەسانێ بوون کە وڵاتان گەڕاون و زەریا و دەریایان بڕیوە بۆ دۆزینەوەی وڵاتان، لەگەڵ گەڕان بەو ناوچانەدا ئامێری پێویستیان چ بۆ وشکانی و چ بۆ ناوئاو دروست کردووە.
لەو کەسانەی سەفەری دەرخستنیان بووە:
۱ـ فەخری ڕازی
۲ـ ئەبوو عوبەیدی بەکری
۳ـ عوزری
٤ـ ئیدریسی
٥ـ ئیبنوجوبەیر
٦ـ ئیبنوبەتووتە و…
دەستنووسی ئەم گەڕیدانە هێندێکیان تاکوو ئێستاش سەرچاوەی یەکەمن بۆ لێکۆڵینەوە.
وادەردەکەوێ بۆ یه‌كه‌م جار موسوڵمانان بوون لە باكوور و خۆڕهه‌ڵاتی ئەورووپا دوابن. نووسراوەیێکمان هەیە لە ئەبووعوبەیدی بەکری، کۆنترین ده‌قه‌ کە لە زمانی شاهیدحاڵی زیندووی ئەوسا باکووری ئه‌ورووپای لە سەدەی دەیەمدا دیتووە!
نووسراوەیێکی‌ تر هەیە لە کۆنترین سەرچاوەکان ئەژمار دەکرێ کە باسی دۆزینەوەی وڵاتی دانماڕک دەکا! ئیبنو دوحیەی کەلبی لە کتێبی (المطرب من اشعار اهل المغرب) هێناویەتی.
پەڕاوی (نزهة المشتاق فی اختراق الآفاق) کە چل نەخشەی تێدایە! یەک لەوان نەخشەی تەواوی دنیایە بە زمانی لاتینی ڕاڤە کراوە. زۆرتر لە سێ چاخ ئەورووپاییەکان هەم بە کاریان هێناوە و هەم جێگەی بڕوایان بووە.
ئیدریسی تاکە کەسێک بوو کە لە بڕۆنز، گۆی زەوی دروست کرد! ئێستا وا لە حەتیکەخانەی بەرلینە.
بیرۆکەی خڕی زەوی هەوەڵجار موسوڵمانان دایانهێنا! بەڵگەی سەلمێنەری دڵنیاکەریان هێنا کە تاکوو ئێستاش جێی بڕوایە، وتیان: ڕۆژ لە تەواوی ناوچەکانی وڵات لە یەک شوێنەوە هەڵنایە و لە یەک ساتیشدا ئاوا نابێ! کەوابوو زەوی خڕە. هەرەها لە بواری كفتوكۆی زەریاکان هەر ئەوان پێش هەنگاو بوون. وڵاتگەڕانی (جغرافی) موسوڵمان بچوونایە هەر کوێ، نەخشەیان بۆ دەکێشا.
یەکێ لەو سەربەرزییە مژوویانەی موسوڵمانان ئەوەیە کە زانای ناودار مەقدیسی کتێبەکەی خۆی بەناوی (احسن التقاسیم فی معرفة الاقالیم) بە نەخشە گەلێک ڕازاندووەته‌وه‌ کە سنووری وڵاتان بە جوانی دیارن. ئەم نەخشانەی بە ڕەنگکردن نەخشاندووە. ڕێگەکان بە ڕەنگی سوور نیشان داوە. ساراکان بە بۆیەی زەرد، زەریا سوێرەکان بە بۆیەی سەوز، چەم و ڕووبارەکان بە ڕەنگی شین، کێوەکان بە ڕەنگی خۆڵەمێشی نیشان داوە. گەر سەرنج بده‌ی نەخشەکانی ئەمڕۆ ڕەنگکاری دەکرێن بەو بۆنەوە.
یەکێ لەو وڵاتگەریدە موسوڵمانەی کە سەفەری زه‌ریای کردووە ئەحمەدکوری ماجید بووە کە کەسێکی وەک (واسکودوگاما) ڕێگەی چوون بۆ هێندستان لەوێ فێر بوو. دواتر گەنجە موسوڵمانەکان لە ڕێگەی محیتی ئەتڵەسەوە سەفەری زۆریان کرد تا ئەوەی گەیشتوونە ئەمریکا.
موسوڵمانان کاتێ خڕی زەوییان دەرخست، دواتر لە زەمانی مەئموون خەلیفەی عەبباسی توانیان ئەملاولای (درێژی و پانتایی) زەوی دەرخەن! دورگەی بالیاریان ـ بالیارس لە زەریای مەدیتەرانە بە ناوه‌ندی پالماـ بە شوێنی دەسپێکی درێژی زەوی هەڵبژارد.

ژیاری ئیسلامی لە بواری گەردوون و ئەستێرەناسی:
دانشمەندە ڕاست وێژەکان دەڵێن: زانایان و پسپۆڕانی ئیسلامی لە زانستی ئەستێرەناسی داهێنان و بۆماوەیی پڕبایەخیان بۆ جێ‌هێشتوین. پەڕاوی جۆراوجۆر و بیرۆکەی فرەبەرز کە بە زمانەکانی دنیا ڕاڤەکراون. بۆ نموونە (جداول نجومی” آلفونسوی دهم) لە سەدەی سێزدەهەمی زایینی بەرهەڤی کردووە، سەرچاوەکەی عەڕەبین کە موسوڵمانان نووسیویانە.
لەو مژارە پڕبایەخانەی کە مێژوو سەرسامە پێی و بۆمان نەقڵ دەکا، ئەوەیە کە موسوڵمانان ڕەسەدخانە زانستی و هەسارەناسی گرنگیان لەم شارانەی خوارۆ دروست کردووە.
۱ـ تولەیتیلە (تولدو) لە ئیسپانیایە لە نزیک مادرید.
۲ـ قورتوبە (کوردوبا) ناوەندی دەسەڵاتداری ئەمەوی ئەندەلوس بووە.
۳ـ بەغدا
٤ـ قاهیره
٥ـ دەمشق
٦ـ سەمەرقەند
۷ـ فارس و…
بازێک لە دانشمەندان و توێژەرانی غەربی لە دە سنووسەکانی خۆیاندا باسی داهێنانی زانستی موسوڵمانانی کردووە وەک دولامبر لە کتێبی (تاریخ علم نجوم) دەڵێ: ئێمە ئەگەر دانێ یا دوان لە ئەستێرەناسانی ڕۆمی بناسین، زۆر بە سانایی بۆمان دەردەکەوێ کە لەناو عەڕەبدا کەسانێکی لێهاتوویان بووە لەبواری گەردوونناسیدا کە ئەمە خۆی ئاماژەیە بە توانای بێسنووری ئەوان.
یا (بیگوردین) دەڵێ: هۆی پێشکەوتنی عەڕه‌بەکان کە بە زۆری پێشچاوە زانینی زانستی ڕیازی و هەندسە بووە! چونکە ئەوان چوار کاری زۆر بنەڕەتییان کرد:
١- بنەمای حیسابی سێ گۆشەیان داهێنا.
٢- دەوری کورەی زەویان بەو ئالەتانەی چاکیان کردبوو، بە شێوەی کردەیی حیساب کرد.
٣- بەرزی قوتبیان داهێنا! میزانی وشکی و ئاوی سەرزەویان بە شێوەی گۆترە حیساب کرد.
٤- درێژی زریای مەدیتەرانەیان بەدەست هێنا.
مەئموون کەمێک لە زیرەک و پسپۆظانی سەردەمی خۆی کۆکردنەوە و داوای لێ کردن نەخشەیێک بە ناوی ئەو بەرهەڤ کەن کە ئەمانە لەخۆ بگرێت:
۱ـ تەواوی دنیا
۲ـ گەردوون و هەسارەکان
۳ـ وشکی و تەڕی
٤ـ ئاوەدانییەکان و وشکارۆکان (کویر).
٥ـ نشیمانگای گەل ‌و نەتەوەکان.
٦ـ شوێنی شارەکان بە ڕێکی و…
ئەم خەریتە لەوەکەی بتلیموس و مارینوس کە ئامادەیان کردبوو، زۆر لە پێشتر بوو.
(درابر) دەڵێ:
ـ عەڕەب بارسایی (حەجم) گۆی زەوییان بە مقیاسی پلەی سەقفی خۆی نیشان کرد.
ـ خسووف و کسووفیان شرۆڤە کرد.
ـ بۆ سوڕی مانگ و خۆر ڕیزبەندی وردیان دابین کرد.
ـ ساڵ چەندە دەخایێنێ، دیاریان کرد.
ـ ئیعتدالینیان ناساند.
ـ کات‌وساتیان دیاری کرد بە چاکردنی ژمێریاری جۆراوجۆر.
ـ یەکەم کەسانێ بوون ژمێریاری میکانیکی و سەماکەر(رقاصک)یان داهێنا.

قەدری تووقان لە کتێبی (علوم نزد اعراب)دا دەڵێ:
عەڕەبەکان یەکەمین بوون لە داهێنانی ڕۆژژمێریدا (تقویم) وەک ڕۆژژمێری سەعد کوڕی عورەیب.
حەکیمی ئەندەلۆسی عه‌بباسی كوڕی فه‌رناس) لە ماڵەکەیدا تاقیگەیێکی هەبوو شتێکی چاک كردبوو، وەک ئاسمان دەچوو! بینەر کاتێ بۆی دەڕوانی ئەستێرە و کاکێشان و هەورەکان و هەورەبروسکەی وەک خۆیان دەبینی. سبحان الله

داهێنانی موسوڵمانان لە زانستی شیمی:
یەک لەو حاشاهەڵنەگرانەی کە پسپۆڕانی زانست و وردبین دانیان پێ داناوە، ئەوەسە کە فرەزانە موسوڵمانەکان دەستێکی باڵایان تێیدا بووە، بریتییە لە زانستی شیمی، توانایی لە ڕادەبەدەریان نواندووە!
بەڵگەی ڕوون لەسەر ئەمە بریتییە لە ناوە عەڕەبییەکان لەسەر داهێنراوەکان کە ئیستاش وڵاتە ئەورووپییەکان هەر بەو ناوە دەیڵێن و نەیان گۆڕیوە. جێی خۆیەتی لێرە ئاماژە بە چەند داهێنان و دەسکەوتی موسوڵمانان بکەین:
۱ـ قەدری تووقان لە کتێبی (علوم نزد عرب)دا دەڵێ: موسوڵمانان بە هۆی ئاشنایی بە کەرەسەی (مواد) کیمیایی زۆر لە پیشە دەستکردەکانیان داهێنا و پێشکەوتن و سەرکەوتنیان تۆمار کرد وەک؛ پیشەی ڕەنگ، دەباخدان، هەڤدودانین (ترکیب) عەتر، کانگاناسی و..تاد.
۲ـ گوستاولوبوون لە کتێبی (تمدن عرب)دا دەڵێ: موسوڵمانان سەرەتا خوێی باڕووتیان دۆزییەوە و کردیان بە مایەی سەرەکی تەقینەوە کە دەیتوانی قومبولەی پێ توڕڕهەڵدەی. دوایی ئینگلیسییەکان لەوانەوە گرتیان، ئینجا بە فەرەنگدا بڵاوەی کرد.
۳ـ محەممەد کورد عەلی لە (اسلام و تمدن عربی)دا دەڵێ: ڕازی و ئیبنو جابری کوڕی حەییان بوون کە ئەسڵی شیمی نوێیان داڕشت! لێبڕان کە (اکسیر جوانی) وەدەست خەن.
گەڕان بە دوای (حجر الفلاسفه) بەردێ کە گۆیا کانگا دەکاتە ئاڵتوون! هەڵبەت ئەم ماندووبوونە بەرهەمێ بوو وەک ئەوەی موسوڵمانان (تقطیرـ تصعیدـ تجمیدـ تحلیل) داهێنا و ناسی، مایەی پەنیریان دۆزییەوە.

شارستانییەتی موسوڵمانان لە بواری ئەندازیاری (هندسه):
زانایانی ئیسلام لە هێڵی ئەندازیاری و نژیارڤانی (معماری) بەتایبەت لە ڕووی نگارکێشی و جوانکاری و… ڕەنجی بێ‌وێنەیان داوە. مزگەوتەکان و کۆشکی پێشینە (باستانی) قوتابخانە و بنکەکان و..تاد باشترین بەڵگەی ڕوونن. فەرەنگەکان لە نەخشونیگاری موسوڵمانان کاریگەری زۆریان دی! ئەوانیش دەستیان دایە پڕۆژەی زەبەلاح و گەورە. گوستاولوبوون دەڵێ: ئەوڕووپا وردەکاری جوانکاری بیناسازییان لە موسوڵمانان وەرگرت وەک:
– لە بازێ کەنیسەی کۆنی فەڕانسەدا، خەتی عەڕەبی دەبینی کە نووسیویانە.
– چاکردنی نمای کلیساکانی فەڕانسە لە ئەندازیاری موسوڵمانان وەرگیراون، بەتایبەت ئەو شارانەی پەیوەندییه‌کیان بە شەرقه‌وه‌ بووە. بەتایبەت کڵێسەی ناوداری (نوتردام) لە پێتەختی پاریس بە هێزی بەتوانای ئەندازیارانی عەڕەب سەریەک نراوە.
– جگە لەوانە خاچ پەرستەکان بنەمای منارە و گۆمەز، حەوزی ئاو و کاشیکاری نما، هەروەها سازکردنی ڕەسەدخان لەسەر بەرزی بورجەکان لە عەڕەبەکان وەرگرتووە فێربوون.
– کەسێ بڕوانێ بۆ شاری ئیسپانیا بۆی دەردەکەوێ کە لوتکەی پێشکەوتنی دینی و ئەندازیاری وەستایان لەوێ دیاردەیە و حاشاهەڵنەگرە.

عەبوڵاعەنان لە کتێبی (آثار الاندلسیه)دا دەڵێ:
بورجی بەناوبانگی (الزهراء) کە ژێرگڵ کەوتبوو و شوێنەواری نەمابوو، دوای هەوڵدان و بەشوێنگەڕانێکی بێ وچان دۆزراوە و نۆژەن کراوەتەوە، ئیستا لە پێڕی ئاسەوارە نایابەکانە.
(المقری) لە کتێبەکەیدا زۆرتر تیشک دەخاتە سەر شاری (الزهراء) و دەڵێ:
مێژوونووسان ئەم شارەیان بە بووکی ڕازاوە باس کردووە! لەژێر چاودێری ئەندازیار (مسلمة بن عبدالله العریف) دارێژراوە. وشکەسی به‌رده‌ڕێژ و نەتکەکانی پێڕه‌و لە بەردی گرانمایەی ڕۆخام بووە کە بە لێهاتوویێکی لەڕادەبەدەر بە تەڕحی جۆراوجۆری بێوێنە ڕازێنراونەتەوە. ئەم شارستانە لەسەر بەرزایی کێوی بووک بە دووری پێنج مایل‌ لە قورتووبە. کاناڵی ئاودێری ناوشار لە کوێستانە دوورەکانەوە هێنابوویان، زۆر توندوتۆڵ بێ ئەوەی ئاو بەفیڕۆ بڕوا. ئەم شارستانییەتە لە سەدەی چوارەم کۆچی بەرابەر بە دەی زایینی بوو.
گەورەی عەڕەبەکان لەوەدابوو کاتێ فەرەنگەکان ئەم زانستەیان وێڵ کردبوو، عەڕەبەکان قۆستیانەوە و کارامەیان کرد و وڵاتیان پێ ئاوەدان کردەوە. ڕۆژاواییەکان تا ساڵی ۱٥۸۳ ز ئەندازیاریان هەر لەم سەرچاوە دەگرت، دوایتر کە نوسخەی سەرەکی پەڕاوی ئیقلیدوسیان دۆزیەوە و پاچڤیان کرد، دیتیان ڕێک وەک عەڕەبییەکە وایە!
ئیبنوهەیسەم کتێبی (علی نسق الاصول) و محەممەد بەغدادی نامیلکەیێک کە ۲۲ مژاری هەندسی لەخۆ گرتبوو نووسیان.
کەسانی‌تریش سەبارەت بە:
ـ سەتحەکان
ـ حەجمەکان
ـ شیکاری مژاری هەندسی
ـ ئەژماری مەسەلەی حیساب بە دوو جۆری تەحلیلی هەندسی و مەقادیری عەدەدی ئەژماردن.
ـ تەقسیم زاویە و پەیوەندیان بە موعادەلاتی جەبرەوە.
ـ موحیتی دایرە
ـ پەیوەندی دایرە و قوترەکەی
ـ زانستی تەستیحی کورەیان دانا کە باسی جوغرافیایە، دەتوانی کورە بکەیتە سەتح و پێچەوانەکەشی.
ـ دیسان جەدوه‌لیان کەشف کرد کە توانیان ڕووکەنە کەشفی (لگاریتم).
ـ ڕەوشی محاسبەی (نصف النهار) و مەدارەکانیان داهێنا! بەم کارەیان ڕێگەی دانانی ڕۆژژمێریان دابین کرد.

شارستانییەتی ئیسلام و موسوڵمانان لە داهێنانی زانستی ڕیازی و بیرکاری‌دا:
زانایانی فرەزانی ئیسلام لەم بوارەدا بە ڕاستی گوشارێکی لە ڕادەبەدەریان خستە سەر نووکی پێنووسەکان تاکوو بتوانن ئەم داهێنانە ڕەنگینە پڕ تیشکە بخەنە سەر ڕوومەتی تێنووس! ئەوندە بەسە دەقی شاهیدی بڕێ لە بنووسان و ڕۆژاواییەکان بێنین کە وەک بەڵگەی پتەو چاویان لێ بکەین.
١- سیدیۆ دەڵێ: کاتێ عەڕەبەکان زانستی هەیئەتیان تەواو کرد، لێبڕان بۆ زانستی ڕیازییات! ڕۆڵێکی سەرەکییان دی لە پێشخستنی ئەم زانستەدا، لەڕاستدا ئەوان لەم ڕێیەدا مامۆستامان بوون.
٢- سەباعی لە کتێبی (شگفتی‌های تمدن ما) لە زمانی گەورە ڕۆژاواییەکان دەگێڕێتەوە:
ـ (لئونار البیزی) نزیکەی ۱۲۰۰ پەڕاو و نامیلکەی لە زانستی جەبردا نووسی كه تەواوی لە عەڕەبە موسوڵمانەکان وەرگرتبوو.
ـ (فیلیپ حتی) لە کتێبی ( تاریخ عرب)دا دەڵێ: خاڵی سفر [0] کە زۆربەی مەسەلە و گرفتەکانی ڕیازی حەل کرد لە ئەندەلۆسەوە هات بۆ وڵاتی فەرەنگ (ئه‌ورووپا)، تەنانەت ماناکەشی کە یانی هیچ و بێ بایەخ هەر عەڕەبییه.
مارتین لوتێر واژەی سفری بۆ پاپ و حاخامی کلیساکان بەکار برد بۆ ئەوەی تێیان گەیێنێ کە وەک سفر پووچن و بێ ناوەڕۆکن، ئەوەتا کورد دەڵێ: «ڕفیـقی سەر سفرە، لەدوای سفرە، سفرە»
د. عاشور لە پەراوی ( المدينة الاسلامية و اثرها علی اروبه)دا دەڵێ:
ـ یەکەم کەسانێ کە کەسری ئەعشارییان داهێنا، موسوڵمانەکان بوون.
ـ وشەی ڕەمز و کورتیان دابین کرد وەک پیتی [س] بۆ دانە(عدد)ی نادیار، پیتی [ج] بۆ جەزر.
ـ بۆ سێ گۆشە (مماس)یان دۆزیەوە.
ـ چوارچێوەی چوارپاڵوو (معادلات مکعب)یان حەل کرد.
سەرجەم ئەم زانستە پڕگەوهەرەیان گوێزایەوە بۆ وڵاتی ئەورووپا. یەکەمین نامیلکەی ڕیازی کە لە ئەورووپا لێدرا ساڵی ١٤٩٣ ز بوو کە لە کتێبی بە نرخی (البتانی) وەرگیرابوو.
(کاجوری) دەڵێ:
ـ حەلکردنی (معادلات مکعب) پلە سێ بە کەڵکوەرگرتن لە (مقاطع مخروطی) لە ڕیزی گەورەترین دەستکەوتەکانی عەڕەبەکان بوو.
ـ لە درێژەی وتەکانیدا دەڵێ: بەم جۆرە عەڕەبەکان لەم بابەتانەدا لە (دکارت ـ بیکر) پێشکەوتن.
ـ زۆرینەی زانایانی سەردەم بڕوایان وایە كه عەڕەبەکان سەرچاوەی داهێنانی (لگاریتم) بوون. چونكه زەمانی ئیبنی یوونس، خەریکی لێکۆڵینەوە بوو سەبارەت بە سێ سووچ (مثلث) بە مەسەلەیێکی هاوشێوەی (لگاریتم) گەیەشتبوو.
لە مەزنانی ئەم بوارەدا دەتوانین ناوی؛ حەسەنی کوڕی هەیسەم، ئیبنوسینا، خاڕەزمی، ئیبنو بەننا و… تاد ناو بەرین.
کتێبی ڕیازییاتی خاڕەزمی بە زمانی فەرەنگ وەرگێڕدرا بۆ ماوەیێکی زۆر تەنیا سەرچاوەی جەبر بوو. لەم ساڵانەی دواییدا ڕایشانێ (نسخه)یێکی بەزمانی عەڕەبی دەستکەوت کە لە (آکسفورد) پارێزرابوو. چاپخانەی بودلین لە قاهیرە ماوەی ۵۰۰ ساڵ دوای مەرگی خاڕەزمی چاپی کردبوو، دواتر لە ساڵی ۱۸۳۱ بڵاویان کردبوو. د. مستەفا موشریفە لەگەڵ د. مووسا محەممەد ئەحمەد شرۆڤەیان کردبوو.

نووسه‌ر: سه‌عدی موڕادی
سۆزی میحڕاب

از طريق
سعدی مرادی
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا