اصولقرآن

زانست كلیلی قورئانە بۆ ناسینی دین و دونیا

زانست كلیلی قورئانە بۆ ناسینی دین و دونیا

پ.د. عەلی قەرەداغی

لەوانەیە توشی سەرسوڕمان ببین، لەكاتێكدا كەئەگەر بەسەرەتاكانی مێژووی ئیسلامدا بچینەوە دەبینین لەكاتێكدا كەپێغەمبەری خوا لەئەشكەوتی (حەرا) دابوو، خواپەرستی دەكرد و لەخوا دەپاڕایەوە، لەم كاتەدا (جبریل) لەئاسمانەوە دادەبەزێـت‌و یەكەم مژدەو پەیامی خوای بەدیاری بۆ دەهێنێت كە(سروش)ە، لەیەكەم ئایەتی ئەم پەیامەدا باسی لەگرنگی زانست و زانیاری بۆ دەكات، ئەگەر بەوردی سەرنجی ئەم رووداوە بدەین لەوانەیە زۆربەمان توشی سەرسوڕمان بین ، چونكە ئەگەر سەرنجی ئەو بارودۆخە بدەی كەپێغەمبەری تیا دەژیا لەوانیە زۆربەتان ئەو پرسیارە بەمێشكتاندا بێت، ئایا لەم كاتەدا باس كردن لەپەرستنی خواو فێربونی عەقیدەیەكی پاك و چۆنیەتی ئەنجامدانی نوێژ و شەو نوێژ گرنگە یان باس كردن لەزانست و زانیاری، خوای گەورە لەیەكەم ئایەتدا پێی دەفەرموێت {اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذی خَڵقَ }العلق1، باسی هیچ جۆرە عیبادەتێكی وەكو نوێژ و رۆژ و زەكات ناكات.

بۆ تێگەیشتن لەم رووداوە پێویستمان بەوە هەیە عەقڵ و دانایی بخەینە كارو لەروانگەی سیفاتەكانی خواوە راڤەی بكەین كەئاگاو دانایە بەسەرەتاو كۆتایی بونەوەرو شارەزایە بە كرۆك و بەرهەمی شتەكان، لەوانەیە لەو سەرەتایەدا ئەم بابەتە جێگەی گومان و پرسیار بوبێت، بەڵام لەئێستادا بەروونی وەڵامەكەی دیارە.

ئەگەر لەئێستاشدا سەرنجێك لەژیانی گەلانی مسوڵمان بدەین كەلەچ بارێكی دواكەوتوی و نوخۆشی و هەژاریدا دەژین نهێنی ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت، لەكاتێكدا كەدەبینین چەندان گەلی تر لەئاستی جیهاندا كەنەخاوەنی پەیامێكی زانستی ئاسمانین نەقورئانیان هەیە ، بەڵام لەئاستێكی پێشكەوتوو و شارسیتانیدا دەژین، لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت وەك قورئانیش بەیەكەم ئایەت و سورەتی دەست پێ دەكات كەزانست كلیلی كردنەوەی دەرگای هەموو شتێكە تەنانەت خواپەرستی و خواناسیش ئەگەر بنەمایەكی زانستی نەبێت دەچێتە قاڵبی بڕوا هێنانێكی كوێرانەوە، خوای گەورە بۆ بڕواهێنان بۆ خودی خۆیشی داوای گوێڕایەڵی كوێرانە ناكات، بەڵكو بەڵگە دەهێنێتەوەو هانمان دەدات كەبچینە سەر رێڕەوی زانست و لەوێوە خوا بناسین{ إِنَّمَا يخْشَی اللَّهَ مِنْ عِبَادِهِ الْعُڵمَاء …. }فاطر28

واتە تەنها زاناكانن بەراستی لەخوا دەترسن، كەئەمەش تەنها زانایانی ئاینی ناگرێتەوە، بەڵكو زانا بەگشتی باس دەكات و كەهەموو زانایان زانستی.تەجریبی و شەرعی و زانستە مرۆییەكان دەگرێتەوە .

هەروەها قورئان لەبواری یەكتاپەرستی و عیبادەتەكانیشدا هانمان دەدات كەبەشێوەی زانست وەری بگرین و لێ‌ی تێبگەین.

هەر لەبەرئەوە پێویستە لەم سەردەمەدا ئاین وەك زانست بخوێندرێت كەسانی پسپۆڕ لەزانكۆو قوتابخانەكاندا بیڵێنەوەو ببێتە بەشێك لەخوێندنی زانكۆ و توێژینەوەی جۆربەجۆر، چونكە زانست لەراستیدا بریتیە لەهەوڵی زانایان بۆ دۆزینەوەی ئەو رێسا و یاسا گەردونی و ژیانیانەی كەلەلایەن خواوە دنراون و زانایانیش دێن كەشفی ئەوە دەكەن و بۆ خەڵكی روون دەكەنەوەو توێژینەوەی لەسەر دەكەن، لەمەشەوە دەگەینە ئەو راستیەی كەسەرچاوەی هەموو مەعریفەو زانستەكان بەهەموو لقەكانیەوە خوای گەورە خۆیەتی .

بەورد بونەوە لەو حاڵەتەی كەئێستا ئوممەتی ئیسلامی تێیدا دەژی لەدواكەوتویی و دوبەرەكی و شەڕوناكۆكی، دەگەینە ئەو راستیەی كەئێستا زۆربەی گەلانی ئیسلامی لەرۆژگای نەفامی و نەزانیندان، لێرەشدا كەباسی نەفامی دەكەین مەبەستمان نەزانینی خوێندنەوەو نوسین نیە، چونكە ئێمە زۆرجار گرفتمان لەخوێندەوانەكانیشماندا هەیە كەمرۆڤی چالاك و بەرهەم هێنەرو كاراو دڵسۆز نین، بەڵكو لەوڵاتانی ئیسلامیدا زۆرجار دەبینین كەئەوانەی گەندەڵ و خیانەتكارو ستەمكارن، خاوەنی بڕوانامەی بەرزن‌و زانكۆیان تەواو كردوەو چەندان ساڵێش لەرۆژئاوا ژیاون و بەزمانەكان و زانیاری و تەكنۆلۆژیاش ئاشنان ،بەڵام ئەمانە هەڵگری بەهایەكی مرۆیی نین كەوایان لێ بكات خزمەت بەگەلەكانیان بكەن و دژ بەستەمكاری و گەندەڵێ‌ بوەستنەوە، ئەوەی قورئان باسی دەكات لەگەڕانەوە بۆ زانست و بەگرنگی سەیر كردنی بۆ دوو مەبەستە: لەلایەك بۆ ئەوەی زانست بكرێتە سەرچاوەی دۆزینەوەی خواو ئەنجامدانی خواپەرستی لەسەر بنەمای بەڵگەو قەناعەت و بڕواهێنان كەدور بیـَت لەئەفسانەو خەیاڵ، لەلایەكی تریشەوە هەر ئەو زانستەیە سەرچاوەی خۆشگوزەران‌و رەفاهیەت‌و پێشكەوتن و گەشەپێدانی گەلانی سەر زەویە، لەلایەكی تریشەوە بەستنەوەی پردی پەیوەندیەكانە لەسەر ئاستێكی گشتی لەنێوان هەموو مرۆڤایەتیدا.گرنگترین شتیش گێڕانەوەی ئەخلاقە بۆزانست ، چونكە تەنها لەم ڕێگەیەوەیە كە زانست دەبێتەمایەی خۆشبەختی بۆ مرۆڤ ، چونكە زانستی دوور لە ئەخلاق ئەویش دەبێتە سەرچاوەیەكی تر بۆ نەهامەتیەكانی مرۆڤ بە كاریگەریەكی زۆر مەترسیدارەوە .

ئەگەر گەلانی مسوڵمان تەنها بەباشی لەئەم سورەتە قورئانیە تێبگەیشتنایەو جێبەجێیان بكردایە، ئێستا لەم بارودۆخەدا نەدەژیان.

قورئان كاتێك فەرمان دەكات بەخوێندنەوە، تەنها مەبەستی زانستە شەرعی و ئاینیەكان نیە، چونكە مەبەست لە(اقرا‌ء) بۆ گشتە. واتە هەموو شتێك بخوێننەوە، لەمرۆڤ و گەردون‌و دۆست و دوژمن و مێژوو كلتوری هەموو لایەك، لەبەرئەوە هیچ ئاین و بیروباوەڕێك لەسەر زەوی ئەوەندەی ئیسلام كراوە و فراوان و ئازادیخواز نیە، كەبەوجۆرە دەرگا بكاتەوە بۆ گفتوگۆو لەیەكتر گەیشتن و خوێندنەوەی بەرامبەر، بەڵام بەداخەوە زۆرجار هەڵگرانی ئەم ئاینەش بەهۆی كەمی زانیاری و نەشارەزاییان لەفەلسەفەو مەعریفە و تێنەگەیشتنیان لەزانست و تەكنەلۆژیا، هەڵوێستی بچوكیان هەیەو زۆرجار ئیسلامیش لەكەدار دەكەن .

خوێندنەوە لةوە تێپەڕیوە تەنها خوێندنەوەی كتێب بێت، بەڵكو لەئێستادا چەندان زانستی نوێ سەری هەڵداوە، بۆنمونە لەریگەی ئەندازەی بۆماوەییەوە دەتوانرێت زانیاری نوێی بۆ هێڵەكان بخوێندرێتەوە، بۆ هێڵەكان كەپێكهێنەری كرۆمۆسۆمەكانن پڕن لەزانیاری سەرسوڕهێنەر، هەندێك لەزانایان دەڵێن ئەو زانیاریانەی لەناو كرۆمۆسۆمی خانەیەكدا هەیە زۆرترە لەوەی كە لەگەورەترین مەوسوعەی زانستیدا هەیە، لەبەرئەوە ئەگەر رۆژێك لەرۆژان مرۆڤ بتوانێت ئەو زانیاریانە بخوێنێتەوە لەناوهەرخانەیەكدا تەنانەت چارەسەری هەموو نەخۆشیەك هەیە كەمرۆڤ توشی دەبێت، بەهەمان شێوە بۆ گەردیلەكانیش راستە كەبنەمای پێكهێنانی ماددەن.

كەواتە ئەو خویندنەوەیەی كەقورئان باسی دەكات تایبەت نەكراوە بەبابەتێك وەلەبەرئەوەی ئەو زانیاریانە كەلەوخانەدا هەن خوا خۆی دایناون لەم رێگەیەوە مرۆڤ هان دەدات كەلەرێگەی زانستەوە ئاشكرایان بكات، لەرۆژگای ئەمرۆدا هیچ گەلێك بەبێ زانست پێشناكەوێت، سەرچاوەی سەرەكی هەموو زانست و پێشكەوتنێكیش مرۆڤە.
لەبەرئەوە قورئان هانمان دەدات كەلەپاڵ خواپەرستیدا مرۆڤێكی كاراو زانستخوازو داهێنان كاربین، لەم رێگەیەشەوە دەیەوێت پێمان بڵێت كەئاین بۆ خۆشگوزەرانی دنیاودوارۆژە.
ئەگەر سەیری گەلانی مسوڵمان بكەین، دەبینین كەسەرچاوەی ئابوریەكی بەهێزیان هەیە كەنەوتە، ساڵانە سەدان ملیار دۆلاریان دەست دەكەوێت، بەڵام لەبەرئەوەی بەشێوەیەكی زانستی مامەڵەی لەگەڵدا ناكەن و بەكاری ناهێنن بۆ بوژانەوەو هۆشیاربونەوەو گەشەپێدان، دەبینین رۆژ بەرۆژ بارودۆخی ئەم گەلانە بەرەو خراپی دەچێت ، یەكێكی تریش لەبوارە وێرانەكان لەجیهانی ئیسلامیدا زانستی سیاسیە، ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ سیاسەتدا دەكرێت ئایا بەشێوازە زانستیەكەیەتی یان سیاسەت كراوەتە شتێك بۆ گەندەڵی و خیانەت و دزی و بەفیرۆدانی سامانی گشتی دەوڵەت.

كەواتە كاتێك ئێمە بیر لەچاكسازی دەكەینەوە بۆ ئەم بارودرۆخە دەبێت لەزانستەوە دەست پێ بكەین و بچینەوە بۆ چاكسازی لەپرۆگرامی خوێندنی زانكۆو قوتابخانەكان ، چونكە ئەمە باشترین بیركردنەوەیە ، بۆ ئەوەی پلانێكی ستراتیجی دابڕێژین و بە عەقڵێكی نوێوە مامەڵە بكەین و گەلانی ئێمەش بچنە ریزی گەلە پێشكەوتوەكان.

پ.د. عەلی قەرەداغی
ئەمینداری گشتی یەكێـتی جیهانی زانایانی مسوڵمان
سەرۆكی رێكخراوی رابیتەی مرۆیی

از طريق
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا