اصولعقاید

شێوازەکانی تاقیکردنەوەی یەقین

شێوازەکانی تاقیکردنەوەی یەقین


پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح

بەشێوازێکی گشتی خوای گەورە لەسێ ڕووەوە مرۆڤی باوەڕدار تاقی دەکاتەوە:

١- تاقیکردنەوە بە پەرستش و ئەرک و بەرپرسیارێتییە شەرعییەکان:

هەمووان دەزانین کە خوای گەورە کاتێک مرۆڤی درووست کردووەو دای بەزاندۆتە سەر زەوی بەردەوام شەریعەت و پەیامەکانی خۆی بۆ ڕەوانە کردووە تا پەیوەندی لەگەڵ خوادا نەپچڕێت و نەکەوێتە داوی شەیتان و ئارەزوەکانی خۆیەوە و فەرمانیشی پێ کردوون کە بەو بەرنامە و شەریعەتانەوە پابەند بن، ئەوەتا ئامۆژگاریی پێغەمبەرەکەی دەکات ﷺکە پابەند بێت بە فەرمانەکانییەوە و پێی دەفەرموێت: [فَاعْبُدْهُ وَاصْطَبِرْ لِعِبَادَتِهِ](سورة مریم آیة٦٥). واتە: پەرستشی خوای گەورە بکە و ئارام بگرە لەسەر پەرستشکردنی، پاشان فەرمانی پێ دەکات، کە نەک تەنها خۆی، بەڵکو پێویستە فەرمان بە کەسوکار و دۆستانیشی بکات کە پابەند بن بە پەرستشەکانەوە و پێی دەفەرموێت: [وَأْمُرْ أَهْلَكَ بِالصَّلاةِ وَاصْطَبِرْ عَلَيْهَا](سورة طه۱۳۲ ). واتە: فەرمان بە خێزان و کەسوکارەکەت بکە، نوێژەکانیان بکەن و ئارامگر بە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو فەرمانە. جا بۆیە لێرەدا، فەرمانەکانی ڕووبەڕووی پێغەمبەرەکەی دەکاتەوە؛ تا ئێمە تێ بگەیەنێت کە ئەرکی پابەندبوون بە پەرستش و شەریعەتەکەیەوە کەس نابوێرێت، گەرچی پێغەمبەریش بێت.
ئەو شەریعەت و پەیامانەیش، بەگشتی ژیانی مرۆڤ و کارو کردەوەکانی دابەش دەکەن بەسەر پێنج تەوەرەدا کە ئەوانیش:

  • واجبات: بەو شتانە دەگوترێت، کە خوای گەورە پێویستی کردووە لەسەر مرۆڤەکان ئەنجامی بدەن و مرۆڤەکان لەسەر کردنیان، پاداشت دەکرێن و لەسەر نەکردنیان، سزا دەدرێن وەکو نوێژ و ڕۆژوو، ……
  • محرمات: بەو شتانە دەگوترێت کە خوای گەورە قەدەغەی کردووە لەسەر مرۆڤەکان و نابێت بیکەن و لەسەر کردنیان مرۆڤەکان سزا دەدرێن و لەسەر نەکردنیان پاداشت دەکرێن وەکو دزی و درۆ…..
  • مندوبات: بەو شتانە دەگوترێت کە خوای گەورە بەباشی داناوە مرۆڤەکان بیکەن، بەڵام فەرمانی بەکردنیان نەکردووەو مرۆڤەکان لەسەر کردنیان پاداشت دەکرێن، بەڵام لەسەر نەکردنیان سزا نادرێن، وەکو ڕۆژووی دوشەممان و پێنج شەممان، یان شەونوێژ……………
  • مکروهات: بەو شتانە دەگوترێت، کە خوای گەورە بەباشی داناوە مرۆڤەکان نەیکەن، بەڵام قەدەغە و یاساغی نەکردوون و مرۆڤەکان لەسەر نەکردنیان پاداشت دەکرێن، بەڵام لەسەر کردنیان سزا نادرێن، وەکو نوێژکردن بە بێ هۆ لە کاتی خۆرهەڵاتن، یان خۆرئاوابووندا …………..
  • مباحات: بەو شتانە دەگوترێت، کە خوای گەورە دەرگای بۆ مرۆڤەکان واڵا کردووە و بۆ حەز و خواستەکانی خۆیانی جێ هێشتووە و سەرپشکی کردوون لە بڕیاری کردن و نەکردنیان و سزاو پاداشتی لەسەر کردن و نەکردنیان دانەناوە، وەکو هەڵبژاردنی جۆری خواردن و جلو بەرگ و شوێنی حەوانەوە و …….
    کۆی ئەم کردەوانە پێی دەگوترێت شەریعەت و مرۆڤ بەهۆیانەوە لە دوو ڕووەوە تاقی دەکرێتەوە:
    ڕووی یەکەم: لەڕووی تیۆری هزرییەوە: کە سەرەتاتر و گرنگترە لە ڕووەکەی تر، ئەویش بەوەی دەبێت مرۆڤ لەڕووی تیۆری و هزرییەوە بیروباوەڕی بەکۆی ئەو حوکم و پرسە شەرعییانە هەبێت، وەک ئەوەی کە خوای گەورە دیاری کردووە و دای ناوە و بەهەمان شێوەی شەریعەتەکەی خوای گەورە، ڕیزبەندی بۆ حوکمە شەرعییەکان بکات و واجباتی شەرع بە واجب و حەرامەکانی بەحەرام و مەکروه ـو مەندوب و موباحەکانیشی وەکو خۆی بزانێت و نابێت لەم ڕووەوە بەموو ڕاجیایی لەگەڵ شەرع هەبێت؛ چونکە هەر ڕاجیاییەک لەم ڕووەوە، لە بنەما سەرەکییەکاندا مرۆڤ لە بازنەی باوەڕ دەباتە دەرەوە، بۆ نموونە: کەسێک باوەڕی وا بێت نوێژ واجب نییە، یان زەکات، یان حەج، یان باڵاپۆشی ئافرەت، یان پێی وا بێت زینا حەڵاڵە، یان عارەق، یان درۆ، یان سیحر، ئەمانە مرۆڤ پێی کافر دەبێت، جا کەسەکە لەڕووی کردارییەوە بیانکات، یان نا.. ئەوە گرنگ نییە، بۆ نموونە: کەسێک نوێژیش بکات، بەڵام پێی وا بێت واجب نییە، یان زینا نەکات، بەڵام پێی وا بێت حەرام نییە، یان باوەڕی بە دادووەری یاسای میرات نەبێت لەنێوان ژن و پیاودا، یان باوەڕی بە فرەژنی، یان باڵاپۆشی ئافرەتان نەبێت، کە خوای گەورە لە قورئاندا باسی کردوون، هەموو ئەمانە مرۆڤ پێیان کافر دەبێت، با لەڕووی کرداریشەوە پێیانەوە پابەند بێت؛ چونکە ئەوە تانەدانە لە حوکم و حیکمەتی خوای گەورە، بۆیە مرۆڤ بەوە دێتە بازنەی شەرعەوە، کە باوەڕی تەواوی بەهەموو ئەحکامەکانی شەرع هەبێت وەکو خۆی.
    ڕووی دووەم: لەڕووی کرداری و پراکتیکەوە: پێویستە مرۆڤ لەم ڕووەشەوە تەواو پابەند بێت بەحوکمەکانی شەرعەوەو هەوڵی تەواو بدات واجبەکان جێبەجێ بکات و خۆی لەحەرامەکان بگرێتەوە و سنوور بەزێنی حوکمەکانی شەرع نەکات و بەپێی توانا (مندوب)ـە کان بکات و خۆی لە (مکروهـ) ـەکان بپارێزێت و زیادەڕەویش لە (مباح)ـەکاندا نەکات،

بەڵام ئەگەر مرۆڤ، لەم ڕووەوە کەمتەرخەمییەکیشی هەبێت؛ ئەوا باجی ئەم ڕووەیان لەوەی یەکەم کەمترە و تەنها پێی تاوانبار دەبێت، بەڵام لە بازنەی باوەڕ ناڕواتە دەرەوە، بۆ نموونە: کەسێک ساردە نوێژ بێت، بەڵام پێی وا بێت کە نوێژ ئەرکێکی شەرعییە و دەبێت موسڵمانان پێوەی پابەند بن و دان بەکەموکووڕی خۆیدا بنێت، ئەمە تاوانبارە، بەڵام هەر موسڵمانە، یان زینا، یان دزی، یان عارەق، یان سوو بخوات و پێی وا بێت کە ئەمانە حەرامن و دان بە تاوانباری خۆیدا بنێت ئەمیش بەهەمان شێوە تاوانبارە، بەڵام کافرو بێباوەڕ نییە.
کەواتە: پێویستە مرۆڤی باوەڕدار لە هەردوو ڕووەوە– چ لەڕووی تیۆری و چ لەڕووی کردارییەوە- پابەند بێت بەحوکمە شەرعییەکانەوە و فەرمانەکانی خوای گەورە وەکو خۆی جێبەجێ بکات و لێیان لا نەدات و بەمەش بەختەوەری دونیا و دواڕۆژ دەبێت

٢- تاقیکردنەوە بە بەخششەکان:

ئێمە زۆر جار وا تێ دەگەین کە تاقیکردنەوە تەنها بە ناخۆشی و قاتوقڕی و لەناوچوون و نەخۆشی دەبێت، بێئاگا لەوەی کە هەندێک جار بەپێچەوانەوە تاقیکردنەوە بە بەخشش و دەسەڵات دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانی دەبێت و لەوانەشە ئەم جۆرە لە تاقیکردنەوە، لەجۆرەکەی تر قورستر بێت و کەمتر مرۆڤ بتوانێت خۆی بۆ ڕاگیر بکات.
خوای گەورە لەبارەی ئەم جۆرە تاقیکردنەوانەوە دەفەرموێت: [وَنَبْلُوكُم بِالشَّرِّ وَالْخَيْرِ فِتْنَةً وَإِلَيْنَا تُرْجَعُونَ](سورة الٲنبیاء،الآیة 35 ). ئێمە بە هەردوو باری ناخۆشی و خۆشی تاقییتان دەکەینەوە و هەموویشی هەر کۆتایی دێت و هەتا سەر نابێت و دواتر بۆ لای ئێمە دەگەڕێنەوە و سزا و پاداشتی هەڵوێستەکانتان وەردەگرن.
یان دەفەرموێت: [وَبَلَوْنَاهُمْ بِالْحَسَنَاتِ وَالسَّيِّئَاتِ لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ](سورة الٲعراف،الآیة168 ). واتە: ئێمە بە چاکە و بەخشش و خۆشگوزەرانی و هەندێک جاریش بە ناخۆشی و نەخۆشی و بەدحاڵی تاقیمان کردنەوە؛ تا بگەڕێنەوە بۆ لای خوا و دەست لە خراپە کۆتا کەن. یان دەفەرمووێت: [إِنَّمَا أَمْوَالُكُمْ وَأَوْلَادُكُمْ فِتْنَةٌ وَاللَّهُ عِندَهُ أَجْرٌ عَظِيمٌ]( سورة التغابن،آیة15 ). واتە: ئەو داهات و دەسەڵات و ماڵ و منداڵەی هەتانە تەنها بۆ تاقیکردنەوەی ئێوەیە و خوای گەورە بەخششی لەوە زۆر زیاتری لایە، بۆیە بەم کەمەی دونیا فری و نەخۆن و لاڕێ نەبن؛ تا ئەو زۆرەی دواڕۆژتان لەدەست نەچێت؛ چونکە ئەوەی دونیا چەند زۆر بێت هەر کەمە و هەتا سەرنییە، بەڵام ئەوەی قیامەت بۆ هەتا هەتایە و نەبڕاوەیە.
سرووشتی مرۆڤیش وایە کە زوو دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دونیا و خۆشییەکانی و کەمتر دەتوانێت خۆی بۆ ڕابگرێت. ئەوەتا خوای گەورە کە خۆی درووستکار و بەدیهێنەری مرۆڤە دەفەرموێت: [كَلَّا إِنَّ الْإِنسَانَ لَيَطْغَى أَن رَّآهُ اسْتَغْنَى](سورة العلق،آیة6 ). واتە: نەخێر مرۆڤ کاتێک دەبینێت دەوڵەمەند بووە و دەسەڵاتی هەیە گومڕا و لا ڕێ دەبێت و سنوورەکانی خوا دەبەزێنێت، یان دەفەرموێت: [وَتُحِبُّونَ الْمَالَ حُبّاً جَمّاً](سورة الفجر، آیة20). واتە: بەڕاستی پارە و سامانی دونیاتان زۆر خۆش دەوێت.
پێشەوا بوخاری فەرموودەیەک دەگێڕێتەوە و دەفەرمووێت: (أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ ﷺ بَعَثَ أَبَا عُبَيْدَةَ بْنَ الْجَرَّاحِ إِلَى الْبَحْرَيْنِ يَأْتِي بِجِزْيَتِهَا، فَقَدِمَ أَبُو عُبَيْدَةَ بِمَالٍ مِنْ الْبَحْرَيْنِ، فَسَمِعَتْ الْأَنْصَارُ بِقُدُومِ أَبِي عُبَيْدَةَ، فَوَافَتْ صَلَاةَ الصُّبْحِ مَعَ النَّبِيِّﷺفَلَمَّا صَلَّى بِهِمْ الْفَجْرَ، انْصَرَفَ فَتَعَرَّضُوا لَهُ فَتَبَسَّمَ رَسُولُ اللَّهِ ﷺ حِينَ رَآهُمْ، وَقَالَ: {أَظُنُّكُمْ قَدْ سَمِعْتُمْ أَنَّ أَبَا عُبَيْدَةَ قَدْ جَاءَ بِشَيْءٍ؟}. قَالُوا: أَجَلْ يَا رَسُولَ اللَّه ﷺ قَالَ: {فَأَبْشِرُوا، وَأَمِّلُوا مَا يَسُرُّكُمْ، فَوَاللَّهِ لَا الْفَقْرَ أَخْشَى عَلَيْكُمْ، وَلَكِنْ أَخَشَى عَلَيْكُمْ أَنْ تُبْسَطَ عَلَيْكُمْ الدُّنْيَا كَمَا بُسِطَتْ عَلَى مَنْ كَانَ قَبْلَكُمْ، فَتَنَافَسُوهَا كَمَا تَنَافَسُوهَا، وَتُهْلِكَكُمْ كَمَا أَهْلَكَتْهُمْ}..)(صحیح البخاری،ج4،ص97). واتە: پێغەمبەری خوا ﷺئەبو عوبەیدەی ڕەوانە کرد؛ تا جزیەی ناوچەی بەحرەینی بۆ کۆ بکاتەوە، کە ئەبوعوبەیدە گەڕایەوە ئەنصار بیستبوویان کە گەڕاوەتەوەو ماڵێکی زۆریشی لەگەڵ خۆی هێناوە، وایش ڕێکەوت کە کاتی نوێژی بەیانی بوو، پێغەمبەری خوا ﷺ نوێژی بەیانی بۆ کردن و کاتێک ویستی بڕوات چوونە خزمەتی و ئەویش زەردەخەنەیەکی کرد و فەرمووی وا بزانم بیستووتانە ئەبو عوبەیدە گەڕاوەتەوە و شتێکی لەگەڵ خۆی هێناوە؟ گوتیان: بەڵێ ئەی پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمووی: دەی مژدەتان لێ بێت ئەوەی بەتەمای هاتوون پێتانی دەدەم، بە خوا من ناترسم لەوەی هەژار بکەون و نەدار بن، بەڵام دەترسم دونیا باوەشتان بۆ بکاتەوە و زاڵ بێت بەسەرتاندا، وەک چۆن باوەشی بۆ نەتەوەکانی پێش ئێوە کردبۆوە و ئێوەش بکەونە ململانێ و پێشبڕکێ لەسەر دونیا وەک ئەوانەی پێش ئێوە کردیان، بەو هۆیەشەوە لەناو بچن وەک ئەوانەی پێش ئێوەی لەناو برد.
ئەبو دەرداء بۆمان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: (خرج علينا رسول اللهﷺوَنَحْنُ نَذْكُرُ الْفَقْرَ وَنَتَخَوَّفُهُ، فَقَالَ: {الفَقْرَ تَخَافُونَ؟!! والَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ لَتُصَبَّنَّ عَلَيْكُمُ الدُّنْيَا صَبّاً حَتَّى لا يُزيغَ قَلْبَ أَحَدِكُمْ إَزَاغَة إِلاَّ هِيَ}.)( سنن ابن ماجة،ص4،روال الٲلبانی فی تخریجه حدیث الحسن). واتە: جارێکیان دانیشتبووین باسی ترس و ناڕەحەتی هەژارییمان دەکرد، پێغەمبەری خوا ﷺ هات بۆ لامان و فەرمووی: دەڵێی لە هەژاری دەترسن؟! بەو کەسەی گیانی منی بەدەستە خوا نازو نیعمەتەکانی خۆی بەلێشاو دەڕژێت بەسەرتاندا، تا وای لێ دێت، تاکە مەترسی بۆ سەر دڵ و دەروون و باوەڕتان تەنها دونیا دەبێت.

لەم دەقانەوە بۆمان دەردەکەوێت کە خۆشییەکانی دونیا و ناز و بەخششەکانی بەڵا و هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر دڵ و باوەڕی باوەڕداران.
دەبینین خەڵکانێک هەن، تا هەژار بوون جۆر بوون لەگەڵ خوا، بەڵام کە دەوڵەمەند بوون، لای خوایان بەرداوە و بەهۆی سەرقاڵی بە دونیاوە، کەمتر دەیانپەرژێتە سەر خەمی قیامەت و هەوڵی بۆ دەدەن، کەمتر فریای پرسی حەڵاڵ و حەرامی مامەڵەکانیان دەکەون و زیاتر لە هەوڵی کۆکردنەوەی پارەدان، بەهۆی سەرقاڵیان بە دونیاوە کەمتر فریای قورئان خوێندن و نوێژی جەماعەت و ڕۆژووی سوننەت دەکەون، کەمتر، یان هەر دەگمەن خزم و نەخۆش و خەڵکانی هەژار بەسەر دەکەنەوە و ئاوڕیان لێ دەدەنەوە.
خەڵکانێکی تر هەن، گیرۆدەی دەستی نیعمەتی لەشساغی، یان گەنجی، یان پۆست، یان دەسەڵات، یان هەندێک جار جوانی بوون و بەهۆی ئەو بەخششانەوە کە دەبوو سوپاسی خوایان لەسەر بکردایە و شوکرانە بژێر بوونایە و لەڕێی خواناسیدا بەخەرجیان بدایە لاڕێ و سەرلێشێواو بوون و دژی خوا بەکاریان هێناوە و خەڵکیان پێ لەخشتە بردووە و ڕێگای خواناسی و قیامەتیان ون کردووە.
کەواتە: دەبێت مرۆڤی باوەڕدا لەوە بەئاگا بێت کە هەرچی خوا پێی داوە لە دونیا لە بەرامبەریدا بەرپرسیارە و خوا لە دواڕۆژدا لێپێچینەوەی لەسەر دەکات و وەک خۆی دەفەرموێت: [ثُمَّ لَتُسْأَلُنَّ يَوْمَئِذٍ عَنِ النَّعِيمِ]( سورة التكاثر،آیة8). واتە: پاشان لێپرسینەوەتان لەسەر بەخشش و نیعمەتەکان لەگەڵ دەکرێت. وە وەکو پێغەمبەری خوایش ﷺ

دەفەرموێت: {لن تَزُولُ قَدَمَا عَبْدٍ يَوْمَ الْقِيَامَةِ حَتَّى يُسْأَلَ عَنْ أربع: عَنْ عُمْرِهِ فِيمَا أَفْنَاهُ، وَشَبَابِهِ فِيمَا أَبْلاهُ، وَعَنْ مَالِهِ مِنْ أَيْنَ اكْتَسَبَهُ وَفِيمَا أُنْفِقَهُ، وَعَنْ علمه مَاذا عَمِلَ فِيه}( سنن الترمذی،ج4،ص612 ). واتە: هیچ کەس قاچەکانی لە بەردەم خوای گەورە ناترازێ، تا لێپریسنەوەی لەسەر چوار شت لەگەڵ نەکرێت، لەسەر تەمەنی لە چیدا بەسەری بردووە و جوانی و گەنجێتییەکەی لە چیدا داناوە و لەسەر پارە و سەروەت و سامانی چۆنی پەیدا کردووەو لە چیدا خەرجی کردووە و لەسەر ئەو زانست و زانیارییەی خودا پێی داوە چی لێ کردووە و چۆنی بەکار هێناوە.

3- تاقیکردنەوە بە نەهامەتی و ناخۆشییەکان:
ئەمەش جۆرێکە لەجۆرەکانی تاقیکردنەوە کە خوای گەورە لەبارەیەوە دەفەرموێت: [وَلَنَبْلُوَنَّكُمْ بِشَيْءٍ مِّنَ الْخَوفْ وَالْجُوعِ وَنَقْصٍ مِّنَ الأَمَوَالِ وَالأنفُسِ وَالثَّمَرَاتِ وَبَشِّرِ الصَّابِرِينَ]( سورة البقرة/آیة ۱٥٥). واتە: دڵنیا بن لەوەی کە بە چەندان شێوە تاقیتان دەکەینەوە لەوانە هەندێک جار بەترس، یان برسێتی، یان کەمیی ماڵ و منداڵ و بەرهەم و داهات، یان پێتانی دەدەین، پاشان کەمیان دەکەینەوە و وەریان دەگرینەوە و مژدە بدە بەئارامگران ئەوانەی لە کاتی بەسەرکردنەوە و تاقیکردنەوەکانی ئێمەدا ئارامگر و خۆڕاگرن و دەڵێن: ئێمە خۆیشمان و هەرچیش هەمانە هی خوایە و هەموویشمان هەر بۆ لای ئەو دەگەڕێینەوە.
بۆئەوەی بتوانین خۆمان بۆ ئەو تاقیکردنەوانە ئامادە بکەین و تێیدا خۆڕاگر بین، پێویستە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە کە ئێمە بۆ خوا دەپەرستین؟!!:
لەبەر ئەوە دەیپەرستین کە بەدیهێنەری ئێمەیە و هەر ئەو شیاوی پەرستنە؟یاخود لەبەر بەخشش و نیعمەتەکانی دەیپەرستین؟

خۆ ئەگەر لەبەر خاڵی یەکەم بێت کە ڕێژەیەکی نەگۆڕ و ڕاستییەکی ڕەهایە و دەبێت لای هەموومان هەر وا بێت؛ ئەوا دەبێت ژیانمان هەرچی و هەرچەند و هەرچۆن بێت بەردەوام بین لەسەر پەرستشی خوای گەورە وەکو زاتی تاکی پاکی بێ هاوتا و بەدیهێنەری سەرجەم بوونەوەر و هەرگیز لەم ڕێیە لا نەدەین و هیچ شتێک نەتوانێت لە خوای گەورە و خاوەنی ڕاستەقینەی خۆمان بکات.
خۆ ئەگەریش خوا نەکردە لەبەر خاڵی دووەم بێت؛ ئەوا هەر لە سەرەتاوە ئەو بەندایەتی و پەرستشە دانەمەزراوە؛ چونکە هەموو تاقیکردنەوە و بەڵا و ناڕەحەتییەکان ڕوو لە بەخششەکان دەکەن، نەک خودی خوا، بۆ نموونە: تەمەن، جوانی، بەختەوەری، لەش ساغی، سەروەت و سامان، خێزان و منداڵ، پلە و پایە، کەسێتی و ناوبانگ، ژیری و زیرەکی، هەموو ئەمانە بەخششی خوان و هەندێک جار خوا بە گرتنەوەیان، یان کەمکردنەوەیان باوەڕی مرۆڤ تاقی دەکاتەوە.
جا ئەگەر مرۆڤ لەبەر خودی خوا پەرستشی کردبێت؛ ئەوا هیچ کام لەوانە کاری تێ ناکەن، خۆ ئەگەریش لەبەر بەخششەکانی پەرستشی کردبێت؛ ئەوا یەکسەر دەست دەکات بە ناشکوری و دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر خوای گەورە و باوەڕەکەی بەرگەی بچووکترین تاقیکردنەوە ناگرێت. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەو جۆرە کەسانە کۆیلە و بەندەی بەخششەکان بوون، نەک خوای گەورە و خاوەنی ڕاستەقینەی خۆی و نیعمەتەکان.

هەر بۆیە خوای گەورە سەرکۆنەی ئەو کەسانە دەکات کە لەبەر نیعمەتەکانی دەیپەرستن و لە قورئاندا لەبارەیانەوە دەفەرموێت: [وَمِنَ النَّاسِ مَن يَعْبُدُ اللَّهَ عَلَى حَرْفٍ فَإِنْ أَصَابَهُ خَيْرٌ اطْمَأَنَّ بِهِ وَإِنْ أَصَابَتْهُ فِتْنَةٌ انقَلَبَ عَلَى وَجْهِهِ خَسِرَ الدُّنْيَا وَالْآخِرَةَ ذَلِكَ هُوَ الْخُسْرَانُ الْمُبِينُ](سورة الحج/آیة ١١ ). واتە: خەڵکانێک هەن لەسەر لێواری خواپەرستین، ئەگەر لەڕێی خواناسی و باوەڕدارییەوە پارە و سامان و پۆست و دونیایان دەستکەوت ئەوە پێ دڵنیا و بەختەوەر دەبن و هەست دەکەن کە ڕێگاکەیان ڕێگایەکی ڕاست و درووستە، خۆ ئەگەریش تووشی ناڕەحەتی و نەبوونی هاتن؛ ئەوا لە باوەڕەکەیان پاشگەز دەبنەوە و هەڵدەگەڕێنەوە، ئەوانە دونیا و قیامەتیشیان دۆڕاندووە و لەدەست داوە و ئەوانەش زەرەرەومەندی گەورەن.
دەگێڕنەوە: پیاوێک هەبوو دەهات لە مزگەوتەکەی پێغەمبەرﷺدادەنیشت و گوێی بۆ ئامۆژگاری و فەرموودەکانی پێغەمبەرﷺ دەگرت و منداڵێکی هەبوو بەردەوام لەگەڵ خۆی دەیهێنا، زۆری خۆش دەویست و هەمیشە بەدەور و پشتی باوکییەوە بوو، ڕۆژێک پێغەمبەر ﷺدەیزانی زۆری خۆش دەوێت، لێی پرسی: ئەو منداڵەت خۆش دەوێت؟ پیاوەکە نەیزانی بە چی وەسفی خۆشەویستیی منداڵەکە بکات گوتی: من ئەو منداڵەم چەند خۆش دەوێت، خوا هێندە خۆشی بوێیت، پاش ماوەیەک ئەم پیاوە دیار نەما. پێغەمبەری خواﷺ هەواڵی پرسی، گوتیان: ئەی پێغەمبەری خواﷺمنداڵەکەی مرد، ئێستا دڵی بڕوایی نادات بێتەوە ئێرە و یادەوەرییەکانی منداڵەکەی دێتەوە پێش چاو. پێغەمبەر ﷺ کە هەواڵەکەی بیست، چوو بۆ لای و سەردانی کرد و فەرمووی: بۆ نایەیتەوە بۆ مزگەوت؟ پیاوەکە گوتی: ناتوانم، فەرمووی: بۆ؟ گوتی: منداڵەکەم مرد، پێغەمبەر ﷺپێی فەرموو: حەزت دەکرد ئەو منداڵە هەر لەبەر چاوت بمایە، یان ئێستا کە خوای گەورە بردووێتییەوە لە قیامەتدا لە هەر دەرگایەکی بەهەشت بتەوێت لەوێ چاوەڕێت بکات؛ بۆئەوەی بتباتە بەهەشت؟ پیاوەکە گوتی: قوربان ئەوەی قیامەتم پێ خۆشە. فەرمووی: کەواتە ئارام بگرەو وەرەوە بۆ مزگەوت( سنن البیهقی/ج٤/ص٥۹).
دەگێڕنەوە: پیاوێکی تر لە تابعین کوڕێکی هەبوو تەمەنی (10) ساڵان بوو، جگە لە قورئان، فەرموودەیەکی زۆریشی لەبەربوو، منداڵێکی زۆر ژیر و بەسەلیقە بوو، قەدەری خوا وا بوو منداڵەکە مرد.

هاوەڵێکی دەڵێت ڕۆژێک دڵنەواییم دەکرد لەسەر مردنی منداڵەکەی، لە وەڵامی قسەکانمدا پێی گوتم: من ناڕەحەت نیم بۆ مردنی منداڵەکەم، بگرە پێشم خۆشبوو؛ چونکە من دەزانم مردنی منداڵەکە قەدەری خوای گەورەیە و دەشزانم چ پاداشتێکی گەورەی هەیە، پاشان گوتی: پێش ئەوەی منداڵەکە بمرێت شەوێک لە خەومدا قیامەت بوو، زۆرم تینوو بوو، بە بیابانێکی دوور و دژواردا دەڕۆیشتین، کۆمەڵێک منداڵ هاتنە پێشمان ئاویان پێبوو، منیش لەو بیابانە بەهەر منداڵێکم دەگوت تۆزێک ئاوم بدەرێ، منداڵەکە نەیدەدامێ و دەیگوت ئێمە چاوەڕوانی باوک و دایکی خۆمان دەکەین، ئاوەکەمان بۆ ئەوان هەڵگرتووە، ئەوانە لە دنیادا بەمردنی ئێمە جەرگیان سووتاوە، بەڵام ئارامیان گرتووە، ئێستا ئێمە چاوەڕوانی ئەوان دەکەین، ئەگەر تۆ منداڵت هەیە با منداڵەکەی خۆت ئاوت بداتێ، کاتێک کە منداڵەکەم مرد، سوپاسی خوام کرد، کە ئەو خەوەشم بینی بۆم دەرکەوت کە مردنی منداڵ تاقیکردنەوەیەکە، ئەگەر مرۆڤی بڕوادار بتوانێت ئارامی لەسەر بگرێت، لە قیامەتدا خوای پەروەردگار پاداشتی زۆر گەورەی دەداتەوە.
بۆیە پێویستە ئێمەی بڕوادار هەمیشە ئامادەباشی تەواومان هەبێت بۆ تاقیکردنەوەکانی خوای گەورە و ئەو بڕیارە پێشوەختەشمان لای خۆمانەوە دابێت، کە خۆمان و هەرچیش هەمانە لە ماڵ و منداڵ و جوانی و لەشساغی و پۆست و دەسەڵات و بڕوانامە … هی خوای گەورەیە و خاوەنی ڕاستەقینەی گشت بوونەوەر هەر ئەوە و هەرچی بباتەوە، یان کەم بکاتەوە هەر هی خۆیەتی و ژیانیش تەنها هۆڵێکی تاقیکردنەوەی مرۆڤەکانە و هیچی تر.

کەواتە: با هەوڵ بدەین سوود لەو بەخششانەی خوای گەورە وەربگرین و لەکاری چاکە و خواناسیدا بەکاریان بهێنین و بەگوێی ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەر بکەینﷺ کە دەفەرموێت: {بَادِرُوا بِالأَعْمَالِ فِتَنًا كَقِطَعِ اللَّيْلِ الْمُظْلِمِ يُصْبِحُ الرَّجُلُ مُؤْمِنًا وَيُمْسِى كَافِرًا أَوْ يُمْسِى مُؤْمِنًا وَيُصْبِحُ كَافِرًا يَبِيعُ دِينَهُ بِعَرَضٍ مِنَ الدُّنْيَا}(صحیح المسلیم/ص١١٠ ). واتە: دەسپێشخەری لە کردنی کاری چاکە بکەن، بەر لە وەی کۆمەڵێک فیتنە و ئاشووب، وەک باڵی ڕەشی شەو بدات بەسەرتاندا، بەشێوەیەک کە مرۆڤ ڕۆژ دەکاتەوە بڕوادارە، بەڵام کە شەو دادێت لە بازنەی باوەڕ چۆتە دەرەوە و ئایینەکەی لەدەست داوە و دۆڕاندووە، یان بەپێچەوانەوە کە شەو دادێت باوەڕدارە، بەڵام کەڕۆژ دەکاتەوە باوەڕەکەی لەدەست داوە و ئایینەکەی دۆڕاندووە و فرۆشتوویەتی بەشتێکی کەم لە خۆشییەکانی دونیا.


کتێبی کردەوەکانی دڵ/ل 90_92


پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا