اصولاصول فقه

” فیقە ” چیە و ” فه قیه ” کێیە؟

فقه و فقیه

توێژەری بەڕێز و زانا دوکتۆر مەحمود زمناکۆیی لە باسێکی بە نرخ بە ناونیشانی: ( پێگەی سوننەت لە دیدی سوبحانی ) کە لە کۆنفڕانسی زانستی ناسری سوبحانی لە ڕۆژانی ( ۲٨ ـ ۲۹ / ۳ / ۲۰۱۵ ) لە سلێمانی سازکرابوو پێشکەشی کرد ـ و دواتر لە دوتوێی پەڕاوێکدا لە چاپیدا و دید و تێڕوانینی کاکەحمەدیشی پێ زیاد کرد ـ، دەڵێت:
ئەگەر بمانەوێت پێناسەی دەستەواژەی ” فقه ” بکەین بۆ ئەوەی باشتر بیناسین، دەتوانین بڵێین: فیقە دەرهاویشتەی پڕۆسەیەکی عەقڵی هاوەبەشی سێ توخمە: ( دەق، شەرعناس یان موجتەهید، زەمینە و هەلومەرج ).
پەیوەندی شەرعناس لە گەڵ دەق پەیڤاندن و هەڵێنجاندنە ( الٳستنطاق و الٳستنباط )، پەیوەندی لە گەڵ واقیع و زەمینە تێگەیشتن و دەستنیشان کردنە ( الفهم و التحدید ) و پەیوەندی لە گەڵ زەمینە و هەلومەرج ئاڕاستە کردن و چارەسەر کردنە ( التوجیه و العلاج ).
زانای پایەبەرز، پێشەوا ” ٳبن القیم الجوزیه ” پێش سەدان ساڵ ئاماژەی بەم پڕۆسە عەقڵیە کردوە و دەڵێت: [ شەرعناسی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە ” واجب ” کە دەقە و ” واقع ” کە زەمینە و هەلومەرجە ئاوێتە بکات جا حوکمی دەقەکە بداتە زەمینەکە و دژایەتی لە نێوانیاندا دروست نەکات ].

” پێگەی سوننەت لە دیدی سوبحانی و موفتی‌زادەدا، لاپەڕە: ۲۱۷ “.

برایان و مامۆستایانی هێژا و زێدە ئازیزم!
پێویستە زۆر بە وردی و هۆشیاریەوە سەرنج بدەینە پڕۆسەی فەتوا دان و گەیاندنی حوکم و یاسا شەرعیەکان بە گوێی گوێگرانمان، بۆیە پێویستە ڕەچاوی چەند خاڵێک بکەین کە زۆر بە کورتی ئاماژە بە سیانیان دەکەم:

۱ـ‌ بە ناوی خوا قسە نەکەین و خۆمان بە نوێنەری ڕاستەوخۆی خوای باڵادەست نەزانین

بە واتایێکی‌تر: کاتێک کە فەتوایەکمان دەرکرد خەڵکی وانەزانن ئەمە کۆتا وتە و بۆچوونە و کەس ناتوانێ لێی لابدات؛ بە بڕوای بەندە ئەم خاڵە زۆر گرینگ و هەستیارە چونکە زۆرمان بیستوە و بینیوە کەسانێکی وتاربێژ قوڕئانێک یان کتێبێکی ئایینی بە دەستەوە دەگرن و دەڵێن هەرچی من دەیڵێم وتەی کۆتاییە و هەرکەس پێچەوانەی بجووڵێتەوە لە دینی خوا لایداوە!!
۲ـ پڕۆسەی فەتوادان و هەڵێنجانی یاسا شەرعیەکان کاری هەموو کەس نیە،

زۆرن ئەوانەی بە خوێندنەوەی یەک دوو نامیلکە و موتاڵای چەند فەرموودەیەک دەست دەکەن بە فەتوادان؛ ئیتر کورد گوتەنی: ” شەلم کوێرم ناپارێزم ” بە ڕاست و چەپدا قسە ئەکەن و لە سەر هەموو بابەتێک بۆچوونیان هەیە و وشەی نازانم لای ئەوان باوی نەماوە و لە حەوت کێوان ئاوا بوە.
زانایێک ـ بە داخەوە ناویم لە بیر نەماوە ـ ئەڵێ: ئێوە زۆر بە ئاسانی لەمەڕ بابەتگەلێک قسە ئەکەن ئەگەر لەسەر دەمی پێشەوا عومەر ـ دخ ـ ڕویان بدایە هەموو خەڵکی بەدری بۆ کۆ ئەکردەوە جا بیروڕای خۆی دەردەبڕی!!!

۳ـ تەنیا شارەزا بوون لە زمانی دەق و یاسا و ڕێساکانی هەڵێنجانی حوکم بەس نیە

و دەرمانی دەردەکان ناکا بەڵکوو شارەزایێکی وردی بارودۆخ و ئەو هەلومەرجەی تێیدا دەژین و پرسیارە جۆراوجۆرەکان دەخوڵقێنن بڕبڕەی پشتی پڕۆسەی فەتوادانە. کەواتە تەنیا گەڕانەوە بۆ سەرچاوە کۆنەکان ـ هەڵبەت لە پرسە گۆڕاو و ناجێگیرەکاندا، ئینا بێگومان کات و شوێن کاریگەریان لە سەر پرسە جێگیر و نەگۆڕەکان نیە ـ کە هەلومەرج و پرس و بابەت‌گەلی تایبەتی ئەو بارودۆخە بەدی هێناون، تووشی هەڵەی گەورە و دابڕان لە کۆمەڵگە و پرسە هەنووکەییەکانمان دەکا کە مەخابن زۆربەمان کەوتوینەتە ئەو هەڵانەوە و ڕەنگە هەستیشمان پێ نەکردبێ.

پوختەی قسان ئەوەیە

 هەروەکوو پێشەوا ٳبن القیم و مامۆستا زمناکۆیی فەرمویان ـ: فەقیە و شەرعناسی ڕاستەقینە کەسێکە کات و شوێن و کۆمەڵگە و کێشەکان بناسێ و لە بەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێسا تایبەتەکان دەست بکات بە هەڵێنجانی وڵامی پرسیارەکان و چارەسەری کێشەکان لە زەریای قووڵ و فراوانی واتای دەقە پیرۆزەکان، تا تێیان بگات، وەدنگیان بێنێ و ئاڕاستەی دروست و مامناوەندی خاک و خەڵکەکەی بکات و لێیان دانەبڕێت.
بەو هیوایەی پێشەوا ئایینی و شەرعناسەکان لە پڕۆسەی فەتواداندا زۆر هەستیار و وردبین بن و هەروەکوو لە حەڵاڵ کردنی شتە حەرام و قەدەغەکان ئەترسن ئاوایش لە یاساغ کردنی شتە حەڵاڵ و ڕەواکان بترسن، چونکە بێگومان هەردوکیان کاری خوای زانا و کار بە جێیە و کەس بۆی نیە بێ بەڵگەی ڕوون و ڕەوا و بە هێز خۆی لەو بوارە بدا.

ئەحمەد عەباسی

بانە ـ ۶ / ۷ / ۹۷

نمایش بیشتر

احمد عباسی

استان کردستان - بانه نویستده - مترجم - فعال دینی و اجتماعی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا