تاریخشخصیت ها

قزڵجی؛ ڕووناکبیر و ڕۆژنامه‌وانی پێشڕه‌و، بیرمه‌ند و چاكسازی مه‌كته‌بساز

نووسەر: دكتۆر ئه‌حمه‌د ئه‌حمه‌دیان، زمانناس و توێژەر

وەرگێڕ لە فارسی‌یەوە:  شه‌هلا ئه‌حمه‌دی

 بە بۆنەی ٦۲هەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی عەللامەی بیرمەند و زانا مەلا محەممەد قزڵجی(تورجانی‌زادە) (١٣٣٨_١٢٧٥ ھ.ش).

زانای بێ هاوتا و بلیمەت مەلا محەممەد قزڵجی(تورجانی‌زادە) کوڕی خوالێخۆشبوو مامۆستا محەممەد حوسەین و نەوەی مەولانا عەلی قزڵجی یەکێک له پرشنگدارترین ئەستێرەکانی ئاسمانی عیلم و ئەدەب و مەعریفه و چاکسازی جیهانی ئیسلام به هەژمار دێت.

بەڕێزیان جگه لەوەی به عیلم و زانستی خۆی فەزای کوردستان و خاکی ئێرانی ڕووناک کردبووه‌، وڵاتانی عەڕەبیش وەکوو حیجاز و شام و میسر و عێڕاقی چراخان کردبوو، هەروەها تەقوا و له‌خواترسی و دینداری و ئەمانەتداری و چاکە و زانایی مامۆستا قسەی سەرزاری جەماوەری خەڵکی بە گشتی و به‌تایبەتی بوو.

ئەم زانا گەورەیە له ساڵی ١٢٧٥ھ.ش له سابڵاغی موکری له دایک بوو، دوای فێربوونی زانستەکانی ئایینی له لای باوکی مەزنی و مامۆستایانی دیکه دەستی کرد بە وانه گوتنەوەی زانستەکانی عەقڵی و نەقڵی و قوتابی و خوێندکاری بلیمه‌ت و لێهاتووی پێشکەش کرد به دونیای زانست و ئەدەب له وڵاتی ئێران و جیهانی ئیسلامدا.

له ساڵی ١٣٠٩ی هەتاوی بە مەبەستی سەفەر بۆ حیجاز و میسر، به‌ره‌و وڵاتی عێڕاق که‌وته‌ ڕێ و لەوێدا به بۆنەی وانه‌بێژی له زانکۆی ئەلئەزهەری میسر ڕۆیشت بۆ وڵاتی میسر، جا چونکه حکوومه‌تی ئێران بە نیشتەجێبوونی لەوێ ڕازی نەبوو، گەڕایەوە بۆ عێڕاق و بەهۆی بارودۆخی تایبەتی ئەو کاتی ئێران، له عێڕاق مایەوە و له زانکۆی نائیله خاتوون و زانکۆ شەریعەت و زانکۆی بەغدا و له مزگەوتی بیشرولحافی له گەڕەکی ئەعزەمییەی بەغدا دەستی کرد به وانەگوتن و تا کۆتایی ژیانی لەوێ نیشتەجێ بوو. تاوەکوو له ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد. مردنی ئەو زانا بەڕێزە کارەساتێکی گەورە بوو بۆ ئەهلی زانست و مەعریفه له جیهانی ئیسلامدا و گڵکۆکەیشی له غەزالی بووە بە زیارەتگەی ئەهلی دڵ.

ئەو مامۆستا بلیمەتە کاتێک بەڕێ کەوت بەرەو میسر، تەواوی قوڕئانی له‌بەر بوو و بەر له هیجرەتیش له مەهاباد له مەدرەسەی علوومی دینی مزگەوتی سەید بایەزید، زانایان و پیاوچاکان پەپووله ئاسا له دەوری کۆ دەبوونەوە و له مەحزەری موبارەکی عیلم و زانستیان وەردەگرت، لەوانە دەکرێ ئاماژه‌ به‌ ئەدیب و نووسەری بە ناوبانگی کورد عەلائەددین سەججادی و مامۆستای خوالێخۆشبوو ئەحمەد تورجانی زادە، مامۆستای زانکۆ تەورێز و زانای بلیمەت مەلا عەبدولهادی ئەفخەم‌زادە، شه‌کور موستەفا، وەرگێڕی لێزان و خاوەن سەبک و شێوەی کورد، ئوستاد مەلا موحەممەد خزری نزریوەیی شنۆیی(قازی شنۆ) بەڕێز مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان و… بکه‌ین.

مامۆستا مەلا عەبدولهادی ئەفخەم‌زادە یەکێک له خوێندکارانی مامۆستا قه‌زڵجی، له دەقی نامەیەکدا کە بە بۆنەی سەرەخۆشی کۆچی دوایی بەڕێزیان بۆ براکه‌ی مامۆستا ئەحمەد تورجانی زادە نووسیویه‌تی، ئاوا دەڵێت:

«تکا دەکەم کە ژیاننامه و خزمەت و بەرهەمەکانی بۆ هۆگران بخەنە بەرچاو، تاکو لانیکەم (جارێ) مەهابادی و موکریەکان، بە زبر و گورزی دژایەتی هەندێک لە خۆبەزانازانانی لە هەموو شت بێئاگا، بەلایانگری ڕاستییەکان و پێگەینانی شوێنکەوتوی قوڕئان بگەن و لە کۆچ و واوەیلانبوونی کەسایەتییەکی بەمجۆرە بێوێنە، بۆ خاکی نامۆ، ئەزموون وەربگرن و بێنەوە سەرخۆ تاکو لە ناسینی کەسایەتییەکان، بۆ دین و کۆمەڵگە بەدواداچوونەوە بکەن.»

هەروەها عەلامه قه‌زڵجی له گەورەترین مامۆستایانی فەلسەفە و حیکمەت بە ئەژمار هاتووە و له گۆڤارە بەنرخەکانی زانستیی عێڕاق و میسر وتارگەلێکی پڕبایەخ دەنووسێ و کتێبگەلێکی زۆری نووسیوه و بڵاوی کردۆتەوە. لەوانه: «التعریف بمساجد سلیمانیه»، شەرحێک له‌سەر ربع مجیب (له عیلمی هەیئه‌ت) خولێكی پەراوێزنووسی له‌سەر “لباب الاشارات”ی ئیمامی فەخری ڕازی.

عەللامه ئەحمەد تورجانی زادە سه‌باره‌ت به‌ پێگەی زانستیی مامۆستا بلیمه‌ته‌كه‌ی خۆی مامۆستا قه‌زڵجی دەفەرموێت: ئەو زانا هەڵکەوتوو و بلیمەتە خاوه‌ن تەبعێكی وریا و وشیار و زەینێکی ڕەخنەگرانه له كاتی غوربەت و کۆچکردندا بەهۆی پێناره‌ و ڕاهێنان و گۆشەنشینی و گەڕان و کونج و کۆڵی و کۆڵینەوە و هاتوچۆ له‌گەڵ زانایانی بەرجەستە و کۆمەڵێک بیرمەند له عێڕاق و شام و حیجاز و میسر چەند بەرامبەر لێهاتووتر ببوو و شارەزایی له‌سەر زانستە جیاوازەکان و فەنە جۆراوجۆرەکان بەتایبەت له‌سەر ناسینی دەورەی شارستانییەتی ئیسلامی هێندە زۆر بوو که دەکرێ بەبێ زیادەڕۆیی بڵێم: کەماڵاتی مەعنەویی ئەو بەڕێزەم له هیچ کام له زانایان و مامۆستایانی ئەلئەزهەر کە ناودارترین و دیارترین ئەنجوومەن و زانکۆی علومی ئیسلامییه، نەبینیوە.

جگە لەوەش له پایەی تەقوا و ئەخلاقدا به ڕادەیەک بەرز بوو کە بە ڕاستی فریشتە ئاسایه‌ك له‌سه‌ر ڕوخساری مرۆڤ‌ بوو که بە تەواوی له دونیای ماددە و پەستییەکان خۆی پاراستبوو و له هەرا و هوریای ململانێ بۆ مانەوە و بەقا و دوژمنایەتی خۆی به‌دوور گرتبوو. هەموو کات و هەناسەکانی خۆی بۆ ڕێنوێنی خەڵک تەرخان کردبوو و جگه له‌گەڵ خودا و کتێب و تەزکییە و خاوێنکردنەوەی نەفس و سیفەتەکان سەرقاڵی شتی دیکه نەبوو.

مامۆستا ئەحمەد تورجانی‌زادە له شوێنێکی ‌تردا له‌بارەی ئوستاد و کاکی خۆی دەڵێت: چونکە براکەم یا مامۆستاکەم پیاوێکی ڕۆشنبیر بوو، له ڕێگەی گۆڤارەکان و ڕۆژنامه فارسی و عەڕەبییەکانەوە له ڕووداوەکان و ڕەوتی ڕۆژگار و ژیار و زانستەکان ئاگادار بوو.

هەروەها له‌سەر زانستە فەلسەفی و شەرعییەکان و هه‌یئه‌ت و ئه‌ستێره‌ناسیی كه‌ونارا، زۆرێک له بیرۆکە و زانستی نوێ له بەڕێزیانه‌وه‌ فێر بووم و له‌ژێر چاودێری ئوستادی میهرەبان و دڵسۆز و عیلم دۆست کەوا به‌سەر هەموو زانستێکی دەورەی ئیسلامیدا شاره‌زایی هه‌بوو، گوڵبژێرێك له‌ خەرمانی زانست و فەزڵی ئەم زانا پسپۆڕەم به‌ده‌ست هێنا که له ڕاڤەکردن و شیکاری و وردەکارییەکان و ناسکكاری و زەڕافەتی جۆراوجۆردا، لێهاتوو و شارەزا بوو و بایەخی زۆری پێ دەدا.

ئوستاد عەللامه محەممەد قه‌زڵجی دامەزرێنەری دیاردە و کاری زۆر باش و گرنگ و پڕبایەخ بوو له کوردستانی ئێران.

١) دامەزرێنه‌ری ڕۆژنامەوانیی کوردی به بەرپرسیاره‌تی و سەرنووسەری ڕۆژنامەی “کورد” کەوا ژمارەی یەکەمی له ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی له ورمێ بڵاو بووە و ئێستاش تەنها چوار ژمارەی له‌بەردەست‌ دایە.

٢) هەروەها دامەزرێنەری ڕۆشنبیری و نوێبیری ئایینیی له کوردستانی ئێران و له سەردەمی نوێ بوو و دەستی کرد به چاکسازیی خوێندنی فێرگه ئاینییەکان و تەدریسی فەلسەفە و حیکمەت و تەفسیر و مێژوو که له‌وەو پێش باو نەبوو.

له‌گەڵ خوڕافات و کۆنەپەرستی به چڕی خەباتی دەکرد، له ڕاستیا ئەو بەڕێزه زیندووکەرەوە و چاکسازێکی دینی مەزن بوو کە بزاڤێکی گەورەی پێک هێنا، کەوا دواتر ئەو بزووتنەوە له ڕێگەی قوتابیانی هەڵکەوتووی کە هەرکامیان له زانایانی گەورەی کوردستان به هەژمار دێن، پەرەی سەند و گەشەی کرد و ئیدامه درا.

قوتابییه‌كانی وەکوو: مامۆستا مەلا ئەحمەد تورجانی‌زاده، مامۆستا مەلا موحەممەد خزری شنۆیی وهتد… مامۆستا مەلا محەممەدی قه‌ز‌ڵجی جگه له‌وه‌یكه له لای باوکی زانا و پسپۆڕیی خۆی، له خزمەتی چەن مامۆستای دیكه وەکوو مامۆستا محەممەد حەسەن قه‌ز‌ڵجی(مامۆی خۆی) مامۆستا مەلا عەبدوڕڕەحمان سابڵاغی(فازیلی) و مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا بوڕهانی کەڵکی وەرگرتووە و شاگردیی کردووە و له كۆڕه‌كانی وانه‌ و زانستیی ئه‌واندا بەشداریی کردووە.

هەروەها جگە لەو قوتابیانه‌ی کە پێشتر ناوبران، ئەم کەسایەتیانەش له قوتابیانی مامۆستا قه‌ز‌ڵجی هه‌ژمار دەکرێن و له خزمه‌تیدا عیلم و زانست و مەعریفەیان وەرگرتووە. خاڵەمین بەرزه‌نجی شاعیری به ناوبانگی موکرییان(١٢٨٤_١٣٧١)، مەلا محەممەد جەریحی(١٢٨٥_١٣٢٣)، مامۆستای نەمر قازی محەممەد(١٢٢٦_١٢٧٩)، پڕۆفیسۆر دكتۆر موحسین عه‌بدولحه‌مید كه‌ركووكی (بیرمه‌ندی به‌ناوبانگی كورد و كه‌سایه‌تییه‌كی هه‌وڵكه‌وته‌ی جیهانی ئیسلام)، پڕۆفیسۆر تاها جابیرولعه‌لوانی زانا و بیرمه‌ندی عه‌ڕه‌ب و نووسه‌ری به‌نێوبانگی جیهانی ئیسلام.

مامۆستا مەلا محەممەد قه‌زڵجی کەسایه‌تییەکی به‌تەواو مانا و ڕووناکبیر و نیشتمانپه‌روه‌ر و نەتەوەخواز بوو و هەمیشه خاوەنی داڵغه و دڵبەستەی ئامانجگەلی بوونیانه و ئەندیشیانه و نەتەوەپەروەرانە و جەماوەریی بوو.

ئەمەش له چەند شێعرێکدا که له بەڕێزیان بەجێ ماوە بە ئاشکرا دیارە، وەکوو چۆن له شێعرێکا دەڵێت:

هه‌ی تازه جه‌وان هه‌سته له غه‌فڵه‌ت ببه بێدار

ده‌ستێ بده‌ره ده‌سته‌یی شمشێری شه‌ره‌ردار

ئـه‌و مـه‌وته‌نی واڵایـه کـه چـاکتـر له به‌هه‌شتـه

قـوربانــی بـکه ڕۆح و حه‌یـات و زه‌ڕ و دینـار

پێش ئێستا)

له بواری بیر و هزردا مامۆستا مەلا محەممەد قه‌زڵجی له شاگردانی مەکتەب و ڕێبازی ڕێفۆرمخوازی و چاکسازی و بووژێنەری سەید جەماڵەددینی ئەسەدئابادی و بەتایبەت چاکساز و بیرمەند و ڕاڤەکاری پێشەنگی جیهانی ئیسلام، ئیمام شێخ محەممەد عەبدو بەهەژمار دێت و له سەفەرەکەی بۆ میسر و زانکۆی ئەلئەزهەر له‌گەڵ تەواوی قوتابییه‌ گەورە و لێهاتووەکانی ئەو بلیمەتە مەزنەی جیهانی ئیسلام گفتوگۆ و باس و لێدوان و دۆستایه‌تی و هاوفیکری و هاوکاری هەبووه‌، دەکرێ بڵێین هیچ کام له کەسایەتییەکانی کوردستانی ئێران و عێراق و تورکیا و سوریا هێندەی مەلا محەممەد قه‌ز‌ڵجی شارەزایی و ئاشنایی له ناوەڕۆک و قووڵایی و حەقیقەت و جەوهەری هزر و ئەندێشەی ساف و بێگەرد و بێخەوش و ڕوانگەی چاکخوازی و داڵغەی زیندووکەرەوەی شێخ محەممەد عەبدو، نەبووه‌.

هەروەها هەرکام له قوتابیانی ئەم بەڕێزه به نۆڕەی خۆی بوون به برەوپێده‌ری ئەندێشه و فیکر و کلوورەی بوژێنەرانە و ڕێفۆرمخوازانەی سەید جەماڵه‌ددینی ئەسەد‌ئابادی و شێخ محەممەد عەبدو، هه‌م قوتابیانی کوردی ئێرانی و هه‌م شاگردانی کورد یان عەڕەبی عێڕاقیی ئەم زانا بلیمەت و بەڕیزە. مامۆستا مه‌لا محەممەد قه‌ز‌ڵجی له برەوپێدەران و وانەبێژان و ڕاڤەوانانی پێشەنگ و بێ‌ جێگرەوەی فەلسەفە و حیکمەتی ئیسلامی بوو و کارامه‌یی و لێهاتوویەکی ناوازە و سەرنجڕاکێشی له فەلسەفەی مه‌ششا و فەلسەفەی ئیشراق و حیكمه‌تی كرده‌یی و حیكمه‌تی هزری هەبوو و بە ڕاستی وانە‌بێژ و ڕاڤەکارێکی بێ هاوتا بوو له دەقە فەلسەفییەکان.

کوردستانی ڕۆژهەڵات لەم دووسەدەیەی دواییدا کەسایەتییەکی وەها بیرمەند و ڕووناکبیر و زانای داهێنەر و دەسپێشخەر و ئافرێنەر و ڕچەشکێن و نوێخواز کە له فەلسەفە و حیکمەتی ئیسلامی خاوەن ڕوانگە و بیر بێ و پسپۆڕ له وانەگوتنەوە و برەوپێدان بێ، قەت بەخۆیەوە نەبینیبوو. له ڕاستییا گەیشتبووە مەقام و پێگه‌ی فیلسووفی و ئەگەر کورد له سەردەمی سەدەکانی پێشوو فیلسووفێکی وەکوو شێخ ئیشڕاقی هه‌بووە و فەخری پێوە کردووە له سەردەمی چاخی دواییشدا مامۆستای بێ وێنە مەولانا محەممەد قه‌زڵجی هەمان پێگە و جێگە و پلەی عیلمی و زانست و مەعریفە و هزرڤانی هه‌بووه‌…

نمایش بیشتر

احمد احمدیان

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - مهاباد @ شغل : دبیر آموزش و پرورش

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا