فتاویفقه

قوبوڵنەبوونی نوێژی 40ڕۆژی ئارەقخۆر

فەتوا

فەتوا: لەبارەی قوبوڵنەبوونی نوێژی 40 ڕۆژی كەسێكی ئارەقخۆر

پرسیارێكم بۆ هاتووە دەربارەی ئەو فەرموودەیە كە باس لە قوبووڵنەبوونی نوێژی 40 ڕۆژی كەسێكی ئارەقخۆر دەكات، كە ئایا ئەو فەرموودەیە ڕاستە؟ ئایا نوێژ و ڕۆژووی كەسی ئارەقخۆر وەرناگیرێت؟

یەكەم: گومانی تێدا نییە كە ئارەق لە قورئان و سوننەت و بە كۆدەنگی زانایان حەرامە، دادەنرێت بە بنچینەی هەموو شتە پیس و خراپەكان، ئارەق دەرگایە بۆ كردنەوەی خراپەكان و گوناه و سەرپێچییەكان، بەڵام گوناهێكە كە ئەگەر ئارەقخۆر تەوبە بكات و پاشگەزبێتەوە و نەیخوات، ئەوا دەچێتە ناو حوكمی هەموو ئەو ئایەتە پیرۆز و فەرموودە پیرۆزانە كە دەفەرموون تەوبەكردن لەو مافانەدا كە هی خوای گەورە هەموو گوناهەكانی پێش خۆی دەسڕێتەوە، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (وَالَّذِينَ لَا يَدْعُونَ مَعَ اللَّهِ إِلَهًا آخَرَ وَلَا يَقْتُلُونَ النَّفْسَ الَّتِي حَرَّمَ اللَّهُ إِلَّا بِالْحَقِّ وَلَا يَزْنُونَ وَمَنْ يَفْعَلْ ذَلِكَ يَلْقَ أَثَامًا ، يُضَاعَفْ لَهُ الْعَذَابُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ وَيَخْلُدْ فِيهِ مُهَانًا ، إِلَّا مَنْ تَابَ وَآمَنَ وَعَمِلَ عَمَلًا صَالِحًا فَأُولَئِكَ يُبَدِّلُ اللَّهُ سَيِّئَاتِهِمْ حَسَنَاتٍ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَحِيمًا) الفرقان 68-70

واتە: (هەروەها ئەوانەن كە شەریك و هاوەڵ بۆ خوای گەورە بەڕەوا نازانن، جگە لەو زاتە خوایەكی تر ناپەرستن, هەروەها كەسیش بەناحەق ناكوژن مەگەر بە ڕەوا, هەروەها زۆر دوورن لە زینا و شەرواڵپیسی و داوێنپیسی, جا ئەوەی كاری ناپەسەند و خراپی وابكات, ئەوە ئەو جۆرە كەسانە خۆیان گیرۆدەی سزاو تۆڵەی خوایی دەكەن لە دنیادا پێش قیامەت, بە نەخۆشی هەمەجۆر و دەردی كوشندە، ئەمە جگە لە ڕیسوایی و خەجاڵەتیی هەردوو جیهان كە ئەستەمە لێی دەرباز ببن..، لە قیامەتیشدا ئەگەر تەوبەی ڕاستەقینەیان نەكردبێت, ئەوە سزای چەند بەرانبەر بە سوكی و ڕیسوایی یەخەی ئەو جۆرە كەسانە دەگرێت و دەبێ‌ لە نێو دۆزەخ و سزادا بمێننەوە…، جگە لەوانە كە تەوبەی ڕاستەقینە دەكەن و ئیمان و باوەڕی دامەزراو دەهێنن و كاروكردەوەی چاك ئەنجام دەدەن, ئا ئەوانە خوای گەورە بە لوتف و سۆزی خۆی نەك تەنها لێیان خۆشدەبێت, بەڵكو تاوان و گوناهەكانیشیان بۆ دەگۆڕێت بە چاكە, چونكە ئەو خوایە بە نیسبەت تەوبەكارانی ڕاستەقینەوە هەمیشەو بەردەوام بە تەواوەتی لێخۆشبوو و میهرەبانە).

خوای گەورە دەفەرموێ‌: (قُلْ يَاعِبَادِيَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَى أَنْفُسِهِمْ لَا تَقْنَطُوا مِنْ رَحْمَةِ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعًا إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ) الزمر 53 واتە: (ئەی پێغەمبەر -صلی الله علیە وسلم-: بە سەرجەم بەندە گوناهبارەكانم بەتایبەت ئەوانەیان كە تەوبە دەكەن بڵێ‌: ئەی ئەو بەندانەم كە تووشی گوناه بوون ‌و ستەمتان لە خۆتان كردووە ڕەوا نییە كە نائومێد بن لە ڕەحمەت ‌و سۆز و میهری خوایی، چونكە ئەو خوایە لە سەرجەم گوناهەكانتان خۆشدەبێت، چاوپۆشی لە هەموو تاوانەكان دەكات، چونكە بەڕاستی ئەو خوایە زاتێكی تەواو لێخۆشوو و میهرەبان ‌و دلۆڤانە…). هەروەها دەفەرموێ‌: وقال تعالی : (إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ التَّوَّابِينَ وَيُحِبُّ الْمُتَطَهِّرِينَ) البقرة 222

واتە: (بەڕاستی خوا تەوبەكاران و پاكانی خۆشدەوێت، ئەوانەی ڕواڵەت و ناخیان پاك و بێگەردە).

خوای تەعالا باسیكردووە كە باوكە گەورەمان ئادەم (سەلامی خوای لێبێت) كە خوای گەورە بە دەستی قودرەتی زاتی خۆی بەدیهێناوە، لە ڕۆحی پیرۆزی خۆی فووی پێداكردووە، بەڵام هەر سەرپێچی خوای گەورەی كرد، پاشانیش تەوبەی لێوەرگرت و هیدایەتی داوە.

كەواتە دەرگای تەوبە لەسەر پشتەو كراوەیە، تەوبە دەبێتە هۆی لێخۆشبوون و بەزەیی خوایی دەیگرێتەوە لەوەدا كە پەیوەندە بە مافەكانی پەروەردگارەوە، بەڵام بۆ مافی بەندەكان ئەوا پێویستە كەسی تەوبەكار ئەو مافانە بگێڕێتەوە بۆ خاوەنەكانیان، یان بێت گەردنی خۆی ئازاد بكات پێیان.

دووەم: فەرموودەكە بە چەند سەنەدێك لە عەبدوالله ی كوڕی عەمروە وە بەم لەفزە هاتووە: ((من شرب الخمر لم تقبل صلاته أربعين ليلة، فإن شربها فسكر لم تقبل صلاته أربعين ليلة…)) واتە: (هەر كەسێ‌ ئارەق بخواتەوە نوێژی چل شەوی وەرناگیرێ‌، ئەگەریش خواردییەوە و سەرخۆش بوو نوێژی چل شەوی وەرناگیرێ‌…). پێشەوا ئەحمەد بە ژمارە (6773)، نەسائیش بە ژمارە (5670)، ئیبن ماجە بە ژمارە (3377) گێڕاویانەتەوە.

فەرموودەناسان ڕاجیاوازن لە پرسی ڕاستاندنی ئەم فەرموودەیەدا، هەیانە ڕاستاندنەكەی داوەتە پاڵ كەسیتر وەك ئەلبانی، هەشیانە ڕاستاندنی بۆ نەكردووە. بوخاری و موسلیم ئەم فەرموودەیەیان نەگێڕاوەتەوە، هەروەها ئەم فەرموودەیە تەنها فەرموودەیەكی ئاحادە.

جا بە چاوپۆشین لە ڕاستیی فەرموودەكە یان ناڕاستیی، ئەوا مەبەست بە فەرموودەكە لە حاڵەتێكدا جێبەجێ‌ دەكرێ‌ كە تەوبە بوونی نەبێت، بەڵام ئەگەر ئەو كەسە تەوبە بكات ئەوا خوای گەورە تەوبەكەی وەردەگرێ‌، هەروەك پێغەمبەری خۆشەویستمان -صلی الله علیە وسلم- فەرموویەتی: ((التائب من الذنب كمن لا ذنب له)). واتە: (ئەو كەسەی پەشیاندەبێتەوە لە گوناه و تەوبە دەكات ئەوە وەك كەسێكی بێتاوان وایە). ئیبن ماجە بە سەنەدێكی باش بە ژمارە (4250) گێڕاویەتەوە.

زانایانیش وتوویانە: نوێژەكەی ڕاست و دروستە، بەڵام پاداشتەكەی وەك پێویست بۆ دەستەبەر نابێت.

كەواتە قوبووڵكردنی تەوبە لە سەرپێچیكاران بە دەقی گومانبڕ سەلمێنراوەو جێگیرە، گریمان وترا ئەم فەرموودەیە ڕاستە، ئەوا هەر فەرموودەیەكی ئاحادە، نابێتە بەڵگە لەسەر ئەو پرەنسیپە كە بە قورئان و سوننەت و كۆدەنگی زانایان سەلمێنراوەو جێگیرە، لەبەرئەوە پێویستە لێكدانەوە و مانایەكی بۆ بكرێ‌ كە تەباو گونجاو بێت لەگەڵ ئەو سەلماندنە نەگۆڕەی پێشوو.

هەندێ‌ لە زانایان بۆ فەرموودەی: (نوێژی چل ڕۆژی وەرناگیرێ‌). وتوویانە واتە: تەنها ئەوەیە كە بە تەواوەتی و بە كامڵی لێی وەرناگیرێ‌، نەك وەها كە بە ڕەهایی وەرناگیرێ‌.

دەتوانرێ‌ وەهاش لێكبدرێتەوە كە نوێژەكەی وەرناگیرێ‌ و ڕاست و دروست نییە ئەمە لەبارێكدا بە سەرخۆشی نوێژ بكات با سەرخۆشیەكەشی كەم بێت، ئەمەش ڕێكەو گونجاوە لەگەڵ فەرموودەی خوای گەورە كە دەفەرموێ‌: (يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَقْرَبُوا الصَّلَاةَ وَأَنْتُمْ سُكَارَى حَتَّى تَعْلَمُوا مَا تَقُولُونَ وَلَا جُنُبًا إِلَّا عَابِرِي سَبِيلٍ حَتَّى تَغْتَسِلُوا وَإِنْ كُنْتُمْ مَرْضَى أَوْ عَلَى سَفَرٍ أَوْ جَاءَ أَحَدٌ مِنْكُمْ مِنَ الْغَائِطِ أَوْ لَامَسْتُمُ النِّسَاءَ فَلَمْ تَجِدُوا مَاءً فَتَيَمَّمُوا صَعِيدًا طَيِّبًا فَامْسَحُوا بِوُجُوهِكُمْ وَأَيْدِيكُمْ إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَفُوًّا غَفُورًا) النساء 43 واتە: (ئەی ئەو كەسانەی ئیمان و باوەڕتان هێناوە نزیكی نوێژكردن و نوێژ خوێندن مەكەون لە كاتێكدا ئێوە سەرخۆشن، هەتا ئەو كاتەی چاك دەزانن كە چی دەڵێن و چی دەخوێنن لە نوێژەكەدا، هەروەها بە لەشیگرانەوە نوێژ مەكەن مەگەر ڕێبوار بن لە سەفەردا هەتا خۆتان نەشۆن، خۆ ئەگەر نەخۆش بوون یان لە سەفەردا بوون، یان لە سەرئاو دەگەڕانەوە، یان دەستان بەر ئافرەتانی نامەحرەم كەوت، یان لەگەڵ هاوسەرتاندا سەرجێیتان كرد و ئاوتان دەست نەكەوت بۆ خۆشتن و دەستنوێژ گرتن، ئەوا تەیەمموم بكەن بە خاكێكی پاك، لەپی دەست بهێنن بەسەر دەم و چاو و دەستاندا، بێگومان خوای گەورە بە نیسبەت ئیماندارانەوە هەمیشەو بەردەوام لێخۆشبوون و گوزەشت و چاوپۆشی هەیە).

لێرەدا لێكدانەوەیەكی تریش هەیە كە پێویستە ئەو كارە خراپە واتە (ئارەقخواردنەوە) چاكەكاریی لە بەرانبەریەوە هەبێت، ئەویش بریتییە لە تەوبەكردن و گەڕانەوە بۆ لای خوای تەعالا بەوەش گوناهەكەی بوونی نامێنێ‌.

كورت و پوخت دەڵێین: زانایان وەها لێكدانەوەیان بۆ ئەو فەرموودەیە كردووە كە بۆ حاڵەتێكە ئارەقخۆر تەوبە نەكات، یان بە سەرخۆشی نوێژ بكات، تەنانەت لەبارێكدا تەوبەش نەكات لێی ئەوا نوێژەكەی بەمەرجێ‌ ئاگای لەخۆی بێت و هۆشی هەبێت و سەرخۆش نەبێت هەر ڕاست و دروستە، بەڵام مەعلومە كە لە ڕووی پاداشتەوە نوێژێكی تەواو و كامڵ نییە. هەروەك پێشەوا نەوەوی و كەسانیتریش لە شەرحی صەحیحی موسلیمدا بە ژمارە (14/227) وتوویەتی. بەڵام بەویستی خوای گەورە نوێژەكەی وای لێدەكات وازبێنێ‌ لە ئارەقخواردنەوەو شتە حەرامكراوەكانی تریش، چونكە نوێژ نوور و ڕووناكییە و بەڵگەیەو پەیوەندییە بە خوای گەورەوە كە ڕێگری دەكات لەوەی كاری خراپەو ئابڕوبەر ئەنجامبدات.

بۆ ڕۆژوویش ئەوا ئەگەر كەسی ئارەقخۆر لە مانگی ڕەمەزاندا وازی هێناو نەیخواردەوە ئەوا ڕۆژووەكەی دروستە، بەویستی خوای گەورە ڕۆژووەكەی وای لێدەكات وازبێنێ‌ لە ئارەق و لە شتە حەرامكراوەكانی تریش.

ئەمەم وت خوای گەورەش زاناترە.

نوسینی بەندەی ئاتاج بە بەزەیی پەروەردگاری

پ. د. عەلی قەرەداغی

ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان

سەرۆكی ڕێكخراوی ڕابیتەی مرۆیی

2 ی ڕەمەزان ساڵی 1444 كۆچی

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا