له‌گه‌ڵ خودا دوان
ئیلاهی ئه‌قڵی ژیرم ڕوو ده‌نێ لێت
که گشت ڕاز و مه‌به‌ستی دڵ بڵێ پێت
ده‌درکێنم هه‌رچی ڕازه ده‌دڵما
نه‌ترسانه و بوێری و بێ له شه‌رما
چ هه‌ستێکه وه‌هه‌ستی دێنێ هه‌ستم
هه‌تا هه‌ستم نه‌وه‌ستم پێی بوه‌ستم
خودا خۆت ئاشی گه‌ردوونت وه‌گه‌ڕ خست
وزه‌ی زانست و ئه‌قڵت لێ له‌گه‌ڕ خست
سوڕی ده‌وران نه‌زانراوه له‌به‌ر چییه؟
له گه‌ڕ وه‌ستان، هه‌میسان گه‌ڕ له‌به‌ر چییه؟
وه‌هات ڕازاندووه دنیا به ئه‌نعام
به زێڕ و زێو و ژن سا پڕ له ئاکام
ده‌رو گێڕا له ئینسان با بوێر بێ
له ڕاست ئه‌و له‌ززه‌ته، چۆن خۆ بوێر بێ؟
له گه‌ڕ ئه‌و ئاشه ڕۆژێ دێ ده‌وه‌ستێ
خولی خولدانی ئه‌و دێ ڕاده‌وه‌ستێ
هه‌میسان ئاشی دی دێتوو وه‌گه‌ڕ دێ
وه‌کوو ئاشی هه‌وه‌ڵ نابێ له گه‌ڕ بێ
هه‌رچی زمهه‌ڕ کرابێ سا له دنیا
ده‌بێ ئه‌و وه‌زنی کا بێ شک له بنیا
ده‌وه‌یدایه هه‌رای گریان و شین دێ
له لایه‌ک ده‌نگی شادی و پێکه‌نین دێ
له وانه‌ی خۆت هه‌ڵت ڕژتوونه دنیا
له ئاو و خاک و ئاوی له‌ش له بنیا
هه‌رچه‌ند دێنم و ده‌به‌م سه‌ر سووڕ ده‌مێنم
له ڕاست ئه‌و هاتوچوونه داده‌مێنم
سه‌رم ده‌رناچێ له‌و نه‌زم و نیزامه
به نه‌فعی کێیه ئه‌و ماڵ و مه‌قامه
ببێت و بێت و بڕوا بێ سه‌ر و شوێن
نه‌بێ هیچ که‌س بزانێ ئاخۆ له کوێن؟
خودایه ده‌مهه‌وێی، تۆش ده‌تهووێم وا؟
وه‌کی من چاو له ده‌ستی تۆم، ئه‌تۆش وا؟
نه‌خێر دووری له من نیزیک له من نی
که نیزیکی له من هاوڕازی من نی
ده‌ڵێی ها هه‌سته من ئاگام له تۆیه
له خۆ وریا به، ڕێت که‌ند و کڵۆیه
ده‌زانم ها هه‌موو هه‌ستی ده‌روونت
ده‌زانم چوست و چالاکی و زه‌بوونت
ئه‌وه ته‌هدیده ده‌یکه‌ی لێم خودایه
که لاق خوار دابنێم جورمم جه‌زایه
ئه‌من مافی سروشتمه بتپه‌رستم
به ئه‌قڵ و بیر و هۆش و سۆزی هه‌ستم
وه‌خۆی ناگری ئه‌تۆ، گه‌ر من خه‌تام کرد
حه‌واڵه‌ی خۆم ده‌که‌ی سا زوو ده‌سووبرد
ده‌ڵیی چاک به، هه‌تا چاکه‌ت ده‌گه‌ڵ که‌م
ئه‌گینا دوور نییه تووشی ته‌ڵه‌ت که‌م
که‌وایه ڕوونه لێم، ژێرباری تۆمه
له هیچ لا ڕوون نییه من سه‌ربه‌خۆمه
هه‌موو مان و نه‌مانم هه‌ر به تۆیه
هه‌موو ڕزق و ژیانیشم به تۆیه
هه‌موو خۆشی و نه‌خۆشیشم به تۆیه
غه‌م و شادی و که‌سادیشم به تۆیه
که‌وابێ چیم له چیماچیم به خۆیه
زه‌عیف، لاواز، نه‌زان کامه‌م درۆیه؟
له ده‌شتی قاقڕ و چۆل و بیابان
له ژێر گه‌رما و کوڵ و دنیای به‌تاوان
شه‌که‌ت بووم هێنده خۆ لێره‌وله‌وێ ده‌م
به‌جوز تۆ کێ هه‌یه من پاڵی وێده‌م
ده‌زانم هه‌ست و نیستم تۆی خودایه
عه‌جه‌ب بۆ سوچ و تاوان دێمه کایه
به‌ده‌س خۆم نییه هه‌رچی ده‌یکه‌م وه‌ڕوونه
ئه‌ویش ده‌سکاری خۆته، دڵ زه‌بوونه
به‌ڵێ با من ئیتاعه‌ت که‌م ڕه‌وایه
که من به‌نده‌م ئیتاعه‌م لێ ڕه‌وایه
ئه‌تۆش خۆ دیاره ڕه‌حمان و ڕه‌حیمی
غه‌فووری، ڕێز و ڕێزداری، که‌ریمی
خودایه‌ک خاوه‌نی ئه‌وسافی وابێ
به‌زه و به‌خشینی و چاکه‌ی لا ڕه‌وا بێ
ڕه‌وایه شین و گریان و هه‌را بێ
له ده‌رگای ئه‌و سزا و جه‌ور و جه‌فا بێ؟
له من ناڕوونه چ نیازت به من هه‌س
هه‌تاکوو به‌نده‌گیت که‌م، قه‌ت نه‌ڵێم به‌س
سه‌رم داخه‌م بڕۆم بۆ کوێم ده‌نێری
نه‌کا ئاور وه‌ده‌م دڵ خۆ ببوێری
به‌ڵام سرک و سڵه دڵ ناته‌وانه
یه‌قین نایکێشی، ده‌کشی ته‌وس و تانه
به‌هانه‌ت دێته ده‌ستی ها خودایه
که تووشی قه‌هری تۆ بێ بۆ سزایه
مه‌گه‌ر بۆ خۆت به حیکمه‌ت وازێ بێنی
له ماڵ وێرانه‌کان بێ و سه‌ر هه‌ڵێنی
خه‌ڵاتیان که‌ی به ڕه‌حمی به‌ربه‌رینت
وه‌دووریان خه‌ی له تین و قه‌هر و قینت
ده‌نا گێژن له گێژی سوچ و تاوان
به هاواریان نه‌گه‌ی ده‌توێن له تاوان
له تاو تاوان ده‌تاوه‌ی گه‌رمی تاوان
ده‌برژێن و ده‌سووتێن سا له تاوان
ته‌ڵه و داوی هه‌وا پڕ دان و ئاوه
یه‌قین بۆ خا و لاوان چاو له ڕاوه
قوتار نابێ له ده‌ستی بێ گومانه
هه‌رچی تیره و به‌ره‌ی سا ئینس و جانه
به چاکه‌ی عه‌بدی خۆت چاکه ڕه‌وایه
به چاکه‌ی خۆت ڕه‌واتر له‌و ڕه‌وایه
عه‌فو به‌خشین له تۆ جوانه که دوو نی
یه‌کی دوو نی نییه ڕێگه‌ی زه‌بوونی
نییه که‌س پێت بڵێ وا نابێ وایه
قسه‌ت یه‌ک لایه بێ هاوتا و تایه
عومه‌ر چاوی له تۆ و ژێر چاوی تۆیه
له‌حاند سۆزه‌ی به‌زه‌ت سوچ دوور له هۆیه
ده‌سا ده‌کشێمه‌وه سا له‌و هه‌رایه
هه‌رای خوا دوور له زانستیمه دایه
مامۆستا عومەر مودەرریسی – مەهاباد ١٣٩٨/۵/۲۵
سۆزی میحڕاب