که بیر بکه‌ینه‌وه خوایه‌ک خاوه‌نی جیهانه و هه‌ڵسووڕێنه‌ری گه‌ردوونه که دڵۆڤانترین و به‌سۆزترینه و خاوه‌ن هێز و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه، ئه‌و خوایه‌ی که هیچ کارێک بێ‌به‌ڵگه و حیکمه‌ت ئه‌نجام نادات. که‌واته سپاردنی کاروباری ژیان به‌و خوایه که میهره‌بانه و هه‌موو شتێک له ژێر ئیڕاده و ویستی ئه‌و دایه، زۆر ژیرانه و جێ‌متمانه‌یه. پێویسته له هه‌موو باروودۆخێکدا ژیانمان و ده‌ره‌نجامی کاروبارمان به متمانه‌وه به‌و خوایه بسپێرین. چونکه ته‌نیا خوای گه‌وره زانا به نه‌هێنی و ئاشکرا و ڕابردوو و داهاتوومانه. ته‌نیا خوا خێر و مه‌سڵه‌حه‌تی به‌نده‌کانی خۆی باشتر ده‌زانیت. خوایه‌ک که هیچ کات به‌نده خۆشه‌ویسته‌کانی خۆی له گێژاوی گرفته‌کانی دونیا نووقم ناکات و جێ ناهێڵیت.
مه‌گه‌ر ده‌شێت دایکێک خراپه و ناخۆشی بۆ ڕۆڵه‌ی نازداری بڕه‌خسێنیت و کۆرپه‌ی خۆشه‌ویستی تووشی ئازار و سه‌ختی بکات؟ بێ‌گومان هیچ کات دڵی نایه‌ت ته‌نانه‌ت له ئازار و ناخۆشیدا ته‌نیا جێی بێڵیت و ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ی له‌سه‌ر ڕێی چه‌وت و ناڕه‌وا پێداگری بکات، ئه‌وه دایکی له‌وانه‌یه له ڕووی دڵسۆزی و خۆشه‌ویستی لێی تووڕه بێت یا زلله‌یه‌کی میهره‌بانی لێ بدات. به‌ڵام ئه‌وه هیچ کات به مانای ڕق و دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و نییه، به‌ڵکو ته‌نیا خۆشه‌ویستییه‌که بۆ ئاگادار کردنه‌وه.
ده‌ی خوای گه‌وره که به هه‌زاران جار له دایک بۆ به‌نده‌کانی دڵسۆزتره، چۆن ده‌شێ وابیر بکه‌ینه‌وه که خوای دڵۆڤان چاره‌ڕه‌شی و کڵۆڵی به‌نده‌کانی ده‌وێت؟! چۆن خوای گه‌وره به‌نده‌ی خۆی له گێژاوی ئازار و مه‌ینه‌تیدا جێ ده‌هێڵیت و ئاوڕووی لێ نادات؟! ئایا بێ‌هیوا بوون له‌و خوایه دوور له عه‌قڵ نییه؟! به‌دڵنیاییه‌وه بێ‌هیوابوون له ڕه‌حمه‌تی خوا ته‌نیا شیاوی خوانه‌ناسان و سه‌رلێشێواوانه.
«یَبَنِیِّ اذهَبُوا فَتَحَسَّسُوا مِن یُوسُفَ وَ أَخِیهِ وَلَا تَایئَسُوا مِن رَّوحِ اللهِ إِنَّهُ لَا یَایئَسُ مِن رَّوحِ اللهِ إِلَّا القَومُ الکَافِرُونَ» (یوسف:۸۷)
واته: «(یه‌عقوب) وتی: کوڕه‌کانم بچنه‌وه گوێ هه‌ڵخه‌ن بۆ یوسف و براکه‌ی، له سۆز و میهره‌بانی خوایش بێ‌هیوا مه‌بن، چونکه به‌ڕاستی که‌س بێ‌هیوا نابێت له سۆز و میهره‌بانی خوا جگه له که‌سانی خوانه‌ناس و بێ‌باوه‌ڕ.»
مرۆڤ به‌و لاوازی و داماوییه‌ی خۆی هه‌رچه‌ند له په‌رستش و عیباده‌تی خوادا تێبکۆشیت، به ڕۆژ عیباده‌ت و هه‌وڵ و تێکۆشان له ڕێی خوادا و به شه‌و سه‌ر له‌سه‌ر سوجده و فرمێسک له چاو و تۆبه کردن، بازه‌م هیچ کات عیباده‌ته‌کانی ناگاته ئاستی به‌خششه‌کانی خوای دڵۆڤان و هه‌ر قه‌رزداری ئه‌وه. که‌واته ئه‌گه‌ر هیوا به ڕه‌حمه‌تی بێ‌سنووری نه‌بێت، چۆن ڕزگاریمان ده‌بێت؟ چۆن ده‌توانین ته‌نیا متمانه به کرده‌وه‌کانمان بکه‌ین که چه‌نده چاکه ده‌که‌ین، ئه‌وه‌نده‌ش تووشی هه‌ڵه و تاوان ده‌بین. ئه‌گه‌ر هیوا به ڕه‌حمه‌تی بێ‌وێنه‌ی په‌روه‌ردگارمان نه‌بێت، چۆن ده‌توانین به ڕووی ڕه‌ش و شه‌رمه‌زارییه‌وه داوای لێخۆش‌بوونی لێ بکه‌ین؟ ئه‌وه ڕه‌حم و به‌زه‌یی و سۆزی خوای گه‌وره‌یه که مرۆڤ هه‌رچه‌ند به‌ڕێژه‌ی ئاسمانه‌کان و زه‌وی تاوانی که‌ردبێت و به‌لاڕێدا چووبێت، باوه‌شی به‌خشه‌نده‌یی و ڕه‌حمه‌تی خوای بۆ کراوه‌یه و ئه‌گه‌ر بۆلای خوا بگه‌ڕێته‌وه و داوای لێخۆش‌بوونی لێبکات، ئه‌وه خوا لێی خۆش ده‌بێت. هه‌ر وه‌ک خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت:
«قُل یَا عِبَادِیَ الَّذِینَ أَسرَفُوا عَلَی أَنفُسِهِم لَا تَقنَطُوا مِن رَحمَهِ اللهِ إِنَّ اللهَ یَغفِرُ الذُّنُوبَ جَمِیعًا إِنَّهُ هُوَ الغَفُورُ الرَّحِیمُ» (زمر:۵۳)
واته: «(ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)) پێیان بڵێ خوا ده‌فه‌رموێت: ئه‌ی به‌نده‌کانم؛ ئه‌ی ئه‌وانه‌ی که خۆتان گوناهبار کردووه و هه‌ڵه‌تان زۆره، نا‌ئومێد مه‌بن له ڕه‌حمه‌تی خوا، چونکه به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر ئێوه ته‌وبه‌ی ڕاست و دروست بکه‌ن، خوا له هه‌ر هه‌موو گوناه و هه‌ڵه‌کانتان خۆش ده‌بێت، چونکه بێ‌گومان ئه‌و خوایه زۆر لێخۆش‌بوو و لێبورده‌یه و زۆر به‌سۆز و میهره‌بانه.»
ته‌نانه‌ت فریشته‌کانیش داوای لێخۆش‌بوون بۆ ئیمانداران ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ش له ڕه‌حمه‌ت و سۆزی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری خوای دڵۆڤان سه‌رچاوه ده‌گریت، چونکه فریشته‌کان ته‌نیا کارێک ده‌که‌ن که خوا فه‌رمانی پێدابن و له فه‌رمانی ده‌رناچن.
«تَکَادُ السَّمَاوَاتُ یَتَفَطَّرنَ مِن فَوقِهِنَّ وَ المَلَآئِکَهُ یُسَبِّحُونَ بِحَمدِ رَبِّهِم وَ یَستَغفِرُونَ لِمَن فِی الأرضِ ألَآ إِنَِ اللهَ هُوَ الغَفُورُ الرَّحِیمُ» (شوری:۵)
واته: «ئاسمانه‌کان لای سه‌رویانه‌وه نزیکه له‌به‌ر گه‌وره‌یی و شکۆداری ئه‌و زاته له‌ت‌له‌ت ببن و لێک بترازێن، هاوکات فریشته‌کان سه‌رگه‌رمی ته‌سبیحات و سوپاسگوزاری په‌روه‌ردگاریانن، داوای لێخۆش‌بوونیش ده‌که‌ن بۆ ئیماندارانی سه‌ر زه‌وی. دڵنیا و ئاگادار بن که به‌ڕاستی ئه‌و په‌روه‌ردگاره هه‌ر ئه‌و لێخۆش‌بوو و میهره‌بانه.»
که‌سێک که به‌شێک له ته‌مه‌نی له ڕێی چه‌وت و ناڕه‌وا و تاوانه‌وه به‌سه‌ر بردووه، دوای مه‌ودایه‌ک له ته‌مه‌نی له خه‌وی بێ‌ئاگایی وه‌خه‌به‌ر دێت، حه‌یران و سه‌رلێشێواو ده‌مێنێته‌وه که ئایا دوای ئه‌و هه‌موو تاوان و نافه‌رمانییه بۆی هه‌یه جارێکی‌تر بگه‌ڕێته‌وه باوه‌شی میهری خوا؟ ئایا خوا لێی خۆش ده‌بێت؟ یا ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌ی نییه و ناچار ده‌بێت هه‌ر له گێژاوی نه‌فامیدا ڕۆبچیت؟ له‌وه‌دا له ئاسۆیه‌کی به‌رز و ڕوونه‌وه تیشکی خۆری ڕه‌حمه‌تی خوای پێ ده‌گات که ده‌فه‌رموێت: ئه‌ی به‌نده‌کانم هیچ کات له ڕه‌حمه‌تی خوا بێ‌هیوا مه‌بن. بۆیه دڵخۆش ده‌بێت و ڕێگای ڕزگاری و به‌خته‌وه‌ری هه‌ڵده‌بژێریت. خوای گه‌وره به‌نده‌ی بڕواداری خۆی له تاریکاییدا ته‌نیا جێ ناهێڵیت و هه‌رده‌م چرای ڕێشانده‌ری به‌ره‌و ڕزگاری بۆ هه‌ڵده‌کات و ڕێنمایی ده‌کات. به‌ڵام به‌نده‌ی ئه‌مه‌کنه‌ناس و پێ‌نه‌زان پشت له ڕووناکی ده‌کات و به‌ره‌و قوڵایی چاڵی تاریکی ده‌ڕوات تاکو ته‌واو ته‌فن و توونا ده‌بێت.
ده‌ی که‌واته ئه‌ی گه‌نجانی ژیر و وریا که تا ئێستا به هه‌ڵه چوون، له ڕه‌حمه‌تی خوا بێ‌هیوا مه‌بن، ده‌رفه‌تی زێڕینتان له پشته و ده‌رگای خوا هه‌میشه کراوه‌یه له ڕووی به‌نده‌کانی. بێ‌هیوابوون له خوا، هۆی لاوازی ئیمانه. چونکه که‌سی بێ‌هیوا، بڕوای به به‌شێک له ئایه‌ته‌کانی خوا نییه که ده‌فه‌رموێت: ئه‌ی بڕواداران بێ‌هیوا مه‌بن که جیا له کافر که‌س بێ‌هیوا نابێت.
«… إِنَّهُ لَا یَایئَسُ مِن رَّوحِ اللهِ إِلَّا القَومُ الکَافِرُونَ» (یوسف:٨٧)
واته: «… له سۆز و میهره‌بانی خوایش نا‌ئومێد مه‌بن، چونکه به‌ڕاستی که‌س نا‌ئومێد نابێت له سۆز و میهره‌بانی خوا جگه له که‌سانی خوا نه‌ناس و بێ‌باوه‌ڕ.»
«قَالَ وَ مَن یَقنَطُ مِن رَحمَهِ رَبِّهِ إَلَّا الضَّالَّونَ» (حجر:۵۶)
واته: «ئیبڕاهیم وتی: ئایا کێ نا‌ئومێد ده‌بێت له ڕه‌حمه‌ت و به‌خششه‌کانی په‌روه‌ردگاری، مه‌گه‌ر که‌سانێک که گومڕا و سه‌رگه‌ردانن.»
خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: که‌سانێک له ڕه‌حم و سۆزی خوا بێ‌هیوا ده‌بن که وه‌ک پێویست بڕوایان به خوا و ئایه‌ته‌کانی نییه و ئه‌و که‌سانه له دونیا و دواڕۆژدا غه‌زه‌ب و ده‌رد و ڕه‌نج به‌شیانه.
«وَ إِذَا أَنعَمنَا عَلَی الإِنسَانِ أَعرَضَ وَ نَئَابِجَانِبِهِ وَ إَذَا مَسَّهُ الشَّرُّ کَآنَ یَئُوسًا» (اسراء:۸۳)
واته: «کاتێکیش ناز و نیعمه‌ت ببه‌خشین به ئینسانی (خوانه‌ناس) ڕوو وه‌رده‌گێڕیت و فیز ده‌کات و هه‌ر خه‌مخۆری خۆیه‌تی، کاتێکیش ناخۆشی و ته‌نگانه‌ی تووش دێت، ئه‌وه نا‌ئومێد و په‌ست و غه‌مگین ده‌بێت.»
«یَاأَیُّهَا الَّذِینَ ءَامَنُوا لَآ تَتَوَلَّوا قَومًا غَضِبَ اللهُ عَلَیهِم قَد یَئِسُوا مِنَ الأَخِرَهِ کَمَا یَئِسَ الکُفَّارُ مِن أَصحَابِ القُبُورِ» (ممتحنه:۱۳)
واته: «ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه پشت مه‌به‌ستن به که‌سانێک که خوا خه‌شمی لێ‌گرتوون و دۆستایه‌تیان مه‌که‌ن، بێ‌گومان ئه‌وانه نا‌ئومێد و بێ‌هیوا بوون له پاداشی قیامه‌ت، هه‌ر وه‌کوو کافران که نا‌ئومێد بوون له گه‌ڕانه‌وه‌ی نیشته‌جێکانی گۆڕستان.»
به‌هیوابوون له پێناسه جوانه‌کانی ئیمانداره که خوای مه‌زن و دڵۆڤان زۆری جه‌خت له‌سه‌ر کردووه، هه‌روه‌ها له پێداویستییه‌کانی ژیانه که له دونیادا ئاسووده‌یی و ڕاحه‌تی به دڵ ده‌به‌خشیت، دڵ ده‌گه‌شێنیته‌وه و هه‌ناو به‌هێز ده‌کات و ده‌بێته هانده‌ر بۆ تێکۆشانی زۆرتر و پێشکه‌وتن و به‌ره‌و خوا ڕۆیشتن. ئامانج به ژیان ده‌به‌خشیت و ئیزن به خاوه‌نه‌که‌ی نادات له تێکۆشان بوه‌ستێت و به‌رده‌وام بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی، به‌رنامه‌ی جوان داده‌ڕێژیت تا به مه‌به‌ستی ده‌گات و له دواڕۆژیشدا سه‌ربه‌رزی و ڕزگاری به‌شی ئه‌وه.
به پێچه‌وانه‌وه بێ‌هیوابوون تاوانێکی گه‌وره‌یه، چونکه له ڕاستیدا بێ‌هیوا بوون له ڕه‌حمه‌تی خوا، واته به گه‌وره‌یی و (رحمن و رحیم و…) بوونی خوا بڕوات نه‌بێت، به (تواب و غفار و عفو و…) خوا، متمانه‌ت نه‌بێت و به‌شێک له ئایه‌ته‌کانی قوڕئان ڕه‌چاو نه‌که‌ی. کاتێک خوا ده‌فه‌رموێت: ئه‌ی به‌نده‌ی خۆم، له من بێ‌هیوا مه‌به، من له تۆ خۆش ده‌بم؛ به‌ڵام تۆ بڕوای پێ نه‌که‌ی، واته متمانه‌ت به قسه‌ی خوا نییه که خوای گه‌وره له قوڕئانی پیرۆزدا ده‌فه‌رموێت:
«فَإِن کَذَّبُوکَ فَقُل رَبُّکُم ذُو رَحمَهٍ وَسِعَهٍ وَلَایُرَدُّ بَاسُهُ عَنِ القَومِ المُجرِمِینَ» (الا‌نعام/۱۴۷)
واته: «ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) جا ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیان پێ نه‌کردیت ئه‌وه بڵێ: که په‌روه‌ردگارتان خاوه‌نی ڕه‌حمه‌ت و میهره‌بانی فراوان و بێ سنووره (ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ بهێنن و له پیلان و ته‌ڵه‌که به دوور بن، لێتان خۆش ده‌بێت) هێزی خه‌شمی خوا له ده‌سته‌ی سته‌مکاران به‌رگری ناکرێت (له ده‌ره‌نجامی بێ‌باوه‌ڕیان).»
هه‌روه‌ها بێ‌هیوابوون له ڕه‌حمه‌تی خوا، مرۆڤ به‌ره‌و هه‌ڵدێران ده‌بات. چونکه کاتێک مرۆڤ له لێبورده‌یی خوا بێ‌هیوا بێت، هیچ ڕێگایه‌ک بۆ ڕزگاربوونی نابینێته‌وه و له ده‌ره‌نجامدا سه‌رلێشواو له تاریکایی نه‌فامی و تاواندا نووقم ده‌بێت و چرای ژیانی ده‌کوژێته‌وه. کاتێک هیوای به لێبورده‌یی خوا نه‌بوو، ده‌لاقه‌ی ژیانی به‌ره‌و ڕووناکی ناکرێته‌وه، بۆیه له‌سه‌ر ڕێگای چه‌وت و تاوان به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌و هیوایه که لانیکه‌م له خۆشیه‌کانی ئه‌و دونیایه بێ‌به‌ش نه‌بێت. بێ‌هیوابوون ته‌نانه‌ت له ئاست په‌رستش و عیباده‌تیش مرۆڤ تووشی سستی و لاوازی ده‌کات، چونکه هیوایه‌کی نییه که خوای گه‌روه لێی وه‌رگریت. ئاهـ و حه‌سڕه‌ت بۆ بیر و ئاوه‌زی ئه‌و مرۆڤه… له کاتێکدا ڕه‌حمی خوا هه‌موو شتێکی گرتۆته‌وه و له ڕێڕه‌وی بوونه‌وه‌ردا بیانوویه‌ک بۆ بێ‌هیوایی نه‌ماوه‌ته‌وه.
خوا که ڕه‌حم به هه‌موو ئاژه‌ڵ و گیانله‌به‌ر و ته‌نانه‌ت بێ‌گیانیش ده‌کات و کرمه بچکۆڵه‌یه‌کی نێو دڵی خاک و ماسییه‌کی که له ناخی زه‌ریاکان دا ده‌ژیت و باڵنده‌یه‌کی که له به‌رزایی چیاکان ده‌فڕیت و هه‌روه‌ها گیاندارانی نێو دارستانه‌کان و زینده‌وه‌رانی نێو بیابان له ڕه‌حمی خوا بێ‌به‌ش نین، چۆن مرۆڤ که ڕێزدارترینی به‌دیهێنراوانه ده‌شێ له ڕه‌حم و سۆزی خوا بێ‌به‌ش بێ؟ مه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه خۆی نه‌یهه‌وێت. هه‌ر وه‌ک خوای به‌رز و مه‌زن له وه‌ڵامی موسادا ده‌فه‌رموێت؟
«وَاکتُب لَنَا فِی هَذِهِ الدُّنیَا حَسَنَهً وَ فِی الأَخِرَهِ إِنَّا هُدنَآ إِلَیکَ قَالَ عَذَابِی أُصِیبُ بِهِ مَن أَشآءُ وَ رَحمَتِی وَسِعَت کُلَّ شَیءٍ فَسَأَکتُبُهُا لِلَّذِینَ یَتَّقُونَ وَ یُؤتُونَ الزَّکَاهَ وَالَّذِینَ هُم بِایَاتِنَا یُؤمِنُونَ» (الاعراف:۱۵۶)
واته: «داواکارین که له دونیادا چاکه‌مان بۆ پێش بێنیت و له قیامه‌تیشدا، ئێمه به‌ڕاستی ڕێنموویی کراوین بۆ لای زاتی تۆ، (خوای گه‌وره له وه‌ڵامیاندا) فه‌رمووی: سزا و تۆڵه‌م تووشی که‌سێک ده‌که‌م که بمه‌وێت و (شایسته بێت) ڕه‌حمه‌ت و میهره‌بانیم هه‌موو شتێکی گرتۆته‌وه، جا له‌مه‌ودا ئه‌و ڕه‌حمه‌ت و میهره‌بانییه‌م تۆمار ده‌که‌م و بڕیار ده‌ده‌م بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که ته‌قوا و پارێزکاری ده‌که‌ن و زه‌کات ده‌ده‌ن و ئه‌وانیش که باوه‌ڕی ته‌واو به ئایه‌ت و فه‌رمانه‌کانی ئێمه ده‌هێنن.»
ئه‌ی به‌نده‌ی خوا له چی ده‌ترسی؟ ده‌ترسی که خوا ده‌رگات لێ نه‌کاته‌وه؟ به‌ڵام خوا ده‌رگای دانه‌خستووه که له تۆی نه‌کاته‌وه! ده‌رگای ڕه‌حمه‌ت و به‌خششی خوا هه‌میشه کراوه‌یه له ڕووی ئه‌و به‌ندانه‌ی که داوای لێخۆش‌بوونی لێ ده‌که‌ن و به‌ره‌و لای ئه‌و ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
باز آی، باز آی، هر آنچه هستی باز آی گر کافر و گبر و بت پرستی باز آی
«وه‌گه‌ڕێ، وه‌گه‌ڕێ، هه‌رچی هه‌ی وه‌گه‌ڕێ ٭ ئه‌گه‌ر کافر و گاور و بت‌په‌ره‌ستی وه‌گه‌ڕێ»
این درگـه ما، درگه نومیــدی نیست صد بار اگر توبـه شکستـی باز آی
«ئه‌و ده‌رگایه‌ی ئێمه، ده‌رگای بێ‌هیوایی نییه ٭ ئه‌گه‌ر سه‌د جاریش تۆبه‌ت شکاند، دواره وه‌گه‌ڕێ»
ڕه‌حم و به‌خشه‌نده‌یی خوای گه‌وره له‌وه زۆرتره که مرۆڤ لێی بێ‌هیوا بێت. هه‌ر وه‌ک پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان(د.خ) ده‌فه‌رموێت: ئه‌گه‌ر ڕێژه‌ی تاوانه‌کانتان بگاته ئاسمان و پاشان تۆبه بکه‌ن، خوای گه‌وره له هه‌مووی خۆش ده‌بێت. بۆیه له ده‌رگای خوا بێ‌هیوا مه‌به.
که‌واته ئه‌ی موسوڵمان تا پشتت به خوا به‌ستووه له گه‌یشتن به هیچ خێر و سه‌رکه‌وتنێک بێ‌هیوا مه‌به، هه‌رچه‌ند داوای شتێکی گه‌وره بکه‌ی؛ بۆ گه‌یشتن تێبکۆشه و ده‌ره‌نجام به خوا بسپێره و داوای لێ بکه که یاوه‌رت بێ. به‌ڵام له‌بیرت بێ که خوا باشتر خێر و مه‌سڵه‌حه‌تی هه‌ر کارێک ده‌زانیت. بۆیه متمانه‌ت به خوا هه‌بێت. خوای گه‌وره خاوه‌ن ڕه‌حمه‌تێکی به‌ربڵاوه.
«وً رَبُّکَ الغَنِیُّ ذُوالرَّحمَهِ …» (الا‌نعام/۱۳۳)
واته: «په‌روه‌ردگاری تۆ زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند و بێ‌نیازه، هه‌روه‌ها خاوه‌نی سۆز و میهره‌بانیشه…»
هیوا به‌س ده‌بێ به خوا بێت و ئه‌گه‌ر هیوات به هه‌ر که‌سێکی‌تر بێت، ئه‌وه خوای گه‌وره کارت به‌و ده‌سپێریت که هیچیشیان له ده‌ست نایه‌ت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هیوات به خوا بێت، ئه‌وه خوای گه‌وره خۆی کارت به ئه‌ستۆ ده‌گریت تا به ئامانج ده‌گه‌ی. بۆیه تاکوو ئێمه به یادی خوا بین، خواش ئێمه‌ی له‌بیره. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه تاکه خوای گه‌وره و ئاگادار به هه‌موو نهێنی و ئاشکرا له‌بیر بکه‌ین، ئه‌و خوایه‌ی که بێ‌به‌رامبه‌ر ده‌به‌خشیت و دڵسۆزترینه بۆ به‌نده‌کانی، حه‌ق وایه که ئه‌ویش له گه‌لی خافڵانمان هه‌ژمار بکات و به جگه له خۆیمان بسپێریت. خوای مه‌زن کاتێک یارمه‌تی به‌نده‌ی ده‌دات که له هه‌رچی غه‌یری خوایه، دابڕێت و ده‌ستی لێ بشوات و هیوای ته‌نیا به خوا بێت و داوا له‌و بکات.
هیوای نێو دڵ ڕه‌نگی ژیان به ژین ده‌به‌خشیت و خواش دڵی ڕازی ده‌کات، به‌ڵام بێ‌هیوایی لاوازی و سستی له ناخدا بڵاو ده‌کاته‌وه و به‌رده‌وام کێشه و گرفت و ئازاره‌کانی ژیان له‌به‌ر چاو زه‌ق ده‌کاته‌وه و گه‌وره‌یی و سۆزی خوا له‌بیر ده‌کات.
به به‌هێزکردنی هێندێک هۆکاری کاریگه‌ر هیوا له ژیاندا زۆرتر ڕه‌نگ ده‌داته‌وه، بۆ وێنه:
پشت‌به‌ستن به خوا: سه‌ره‌کیترین هۆکاری به‌هیوابوون، پشت‌به‌ستن به خوایه. ئه‌گه‌ر له ژیاندا ته‌وه‌ککول به خوا هه‌بێت، هیچ کات مرۆڤ له هه‌مبه‌ر کێشه و سه‌خڵه‌تییه‌کانی ژیانیدا سه‌ردانانه‌وێت و تووشی ترس و بێ‌هیوایی نابێت و به‌چۆک دانایه‌ت.
ئامانج: ئامانج ڕێ و شوێن بۆ ژیان دیاری ده‌کات و مرۆڤ وادار ده‌کات بۆ گه‌یشتن به ئامانجی تێبکۆشیت و به هیوا و هێزانه‌وه له هه‌مبه‌ر گرفت و به‌ربه‌سته‌کانی ژیان بوه‌ستێته‌وه. ئه‌گه‌ر له ڕێبازێکه‌وه به ئامانج نه‌گات، ته‌سلیم نابێت و له ڕێگایه‌کی‌تره‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت له تێکۆشان تاکوو به ئامانجی ده‌گات.
کار و تێکۆشان: کارکردن، هیوا به ژیان ده‌به‌خشیت، زۆرێک له نه‌خۆشی و ناخۆشییه‌کان، له بێ‌کاری و نه‌جوڵانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گریت.
قه‌ناعه‌ت: قه‌ناعه‌ت له سیفه‌ته جوانه‌کانی ئیمانداره که هیوابه‌خشی ژیانه. به‌ڵام نه‌ک به‌و مانایه که ده‌ست له تێکۆشان و هه‌وڵدان هه‌ڵگریت. به‌ڵکو دوای هه‌وڵدانی پێویست، به‌و ڕێژه‌یه‌ی که خوا پێی به‌خشی بی ڕازی بێت، هه‌رچه‌ند به هه‌موو خواستی دڵی نه‌گه‌یشتبێت و ئه‌وه مرۆڤ له بێ‌هیوایی ده‌پارێزیت.
به‌راورد نه‌کردن: هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی¬که خۆت له‌گه‌ڵ که‌س به‌راورد نه‌که‌ی و سروشتی جیاوازبوونی مرۆڤه‌کانت له‌به‌ر چاو بێت و به هه‌موو نیعمه‌ته‌کانی خوای گه‌وره ڕازی و شوکگوزار بی، کاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر هیوادار بوون هه‌یه. وێڕای ئه‌وه‌ی‌که له زانیاری دیتران که‌ڵک وه‌رگری و فێری ڕێبازی شکست و سه‌رکه‌وتنه‌کانیان بی.
ئاماده کردن: کولسووم حه‌سه‌ن‌زاده