دل نوشتهشعرکوردی

مامۆستا

مامۆستا

من مامۆستام
تیشکی تیژی هەتاوی من
دەبڕێ جەرگی بەردەڵێنی
گشت ڕەشەشەو
رۆژهەڵات و کچی بەیان
باوەشی حەز و دڵداری
دەکەنەوە و
ئاورگی رووحی مردوویان
بە هەناسەم
دەدروونەوە

رێژنە بارانی بەهارم
باقە باقە و
کۆڵ لەسەرکۆڵ و
بۆن و بەرامی زانیاری
کێشەوە دەکەم
شتڵی ناسکی
عیشق و ئەوین و دڵداری
لەبەیاری دڵی مناڵ
دادەچێنم

من مامۆستام
دژی شەختەو
پاییزو مەرگ و داسەپان
شۆڕش دەکەم
وێنەی شەماڵ
دەتوێنمەوە
سەرماو سەهۆڵ و رێبەندان

من ئەو گوڵە جۆتێرەم کە
لەناو دڵی رەقی زەوی
سەردەردێنێ و
ئاڵای سپی دڵداری و بوون
دەلەنگێنێ

ئەمن بەرگی نەرم و نۆڵی
بەربەیانم لەبەردایە
چەکی تیشکی خۆرەتاوم
کردۆتەشان
زەوی و کێڵگە و
زەنوێرو دەشت
لەدەست ڕەشانگ
دەپسێنمەوه

وەکوو وزەی دڵۆپە باران
نەرم نەرم
گەرووی خنکاوی
کۆرپەچاولەدەستەکەی
گۆی زەوی
ئاودێردەکەم
کەزیەی کیژی گوڵ و
کاکۆڵی شۆڕەسواری
دارو دەوەن
دەهۆنمەوە

من مامۆستام
پەنجەم وێنەی
گۆچانە سێحراویەکەی مووسا
دێوەزمەی شەو
هەڵدەلووشێ
جەستەی مردووی
رووباری کوێرو کوتری نەزانی
شەقار دەکا

زمانم
ودمەکەی عیسایه
سەدان نەمامی
چاوگەش
لەناوگۆڕی نەپشکووتوو
لەخەوی ناز
هەڵدەستێنێ
پشکۆی ئەوینیان
وەبەر دێنێ
چاوم گزینگی بەربەیانە
حەماسەو ژیان
بەبووک دێنێ

جەهانگیر بابایی ـ سەردەشت ـ خەرمانانی ۹۹

از طريق
جهانگیر بابایی
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا