مانگی مه‌ولوودی سه‌روه‌رمانه

مانگی مەولوودی سەروەرمان، مانگی ڕووناکی دیدەیە
مانگی خوڵقانی موحەممەد، باشترین ئافەریدەیە

مانگی سەیری سیرە و ڕەوشت، ژیانی ئەو پێغەمبەرە
مانگی ئەو پێغەمبەرەی، شادی هێنەر و غەمبەرە

مانگی لێدانی سەڵوات و مانگی ناردنی درووده
مانگی لاواندنەوەی دڵی کەسانی بێ دەم و دوودە

مانگی مەولوود چییە؟ مانگی یەکڕەنگی و تەبایی
مانگی یەکڕیزی موسوڵمان، مانگی چڕبوونی برایی

مانگی لێ حاڵی بوون لە دین، ئایین و بەرنامەی ژینە
مانگی حەسانەوەی ئینسان، مانگی پتەوبوونی دینە

مانگی مەولوود، ئەو مانگەیە کە سەوەرمان هاتە دنیا
مانگی ڕووناک بوونی ژیان، مانگێک کە تاریکی نەما.

مانگی مەولوود ئەوە نییە، موسوڵمان وا حاڵیی بێ
تێیدا خواردن و نۆشی زۆر، شێعر و سروودی خاڵی بێ

مانگی مەولوود نییە مانگێک، کە ئیسڕاف تێیدا سەروەر بێ
مانگی مەولوود ئەو مانگە نییە کە ئەخلاق تێیدا بزر بێ

کاری موسوڵمان لەو مانگە هەر خواردن و ڕابواردن بێ
ئیدی لامان گرینگ نەبێ، داهاتوومان چی بەسەر دێ

……………………………………………

بەڵێ خۆشە شادی بکەیین بۆ مەولوودی پێغەمبەرمان
بۆ تاجی سەر، نووری دیدە، ڕێ پێشاندر و ڕەهبەرمان

بەڵام نابێ ئێمە مانان لە حیکمەتی دین غافڵ بین
ڕێ خۆشکەری جەهل و گێژی، بەربەستی عەقل و زانین بین

حیکمەت و فەلسەفەی مەولوود، باشە ئەگەر لێی تێبگەیین
بیکەینە هەلێک، دەرفەتێک، بزانین حەق چییە و پێی بگەیین

حەق وەک دیارە تەنها و تەنها، ڕێگای پێغەمبەرە
لە نێو ئینسان هەڵکەوتووە، مەلائیکە نییە، بەشەرە

باوەک خۆی کە فەرموویە: ئاوا شوێن ڕێبازی کەوین
دڵنیا بن، به‌ موو لادەین، لە ڕێبازی هەڵدەکەوین

دیسان دەڵێم: مانگی مەولوود، مانگی ڕووناکی دیدەیە
مانگی خوڵقانی موحەممەد، باشترین ئافەریدەیە

هۆنراوەی: یوونس سولەیمان زادە / ئاوایی قەڵاجۆغە

مانگی مەولوودی /۱۳۹۸

خروج از نسخه موبایل