ادبیات

موناجاتی ماموستا حه قیقی

موناجاتی ماموستا حه قیقی

ئیلاهی! دەزانم چ لوتفێکت لەگەڵ نواندووم
خوایەگیان! باش دەزانم کە هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت ـ بەو چەشنەی کە خودی دەردەدارەکە دەیزانێ‌ ـ دەردی دڵی دەردەارێک بۆ حەکیم و چارەسازێک باس بکات، هەر کەس خۆی باشتر دەزانێ‌ کە سکاڵا و نیاز و پێویستییەکانی چین و چۆن و بۆ کێ‌ باسیان بکات، فارس گوتەنی: (کس نخواراند پشت من، مپل انگشت دست من.) واتە: هیچ کەسێک ناتوانێت پشتم بەو چەشنە بخورێنێ‌ کە پەنجەی دەستی خۆم دەیخورێنێ‌.

یانی خۆم دەزانم پێویستم بە چییە و چ ئازار و کەموکورتی و ناتەواوییەکم هەیە، هەردەبێ‌ خۆشم هیممەت بکەم بۆ دەستخستنی چارەسەری دەرد و ئازار و کەموکورتییەکانم، خۆم دەزانم کە سکاڵا و نیاز و خواستەکانم بۆ لای چ چارەسازێک ببەم تا بێت بە هانامەوە و نیازم بەراوردە بکات و دەرد و برینم چارەسەر بکات، بۆیە باشترین چارەساز و پەنا و فریادڕەسێک کە هانای بۆ ببرێت، تەنها خوای میهرەبان و بەدیهێنەری جیهانیانە.
منیش وەک بەندەیەکی نیازمەند و دەردەدار و بە کۆمەڵێک دەردی دڵ و نیاز و کەموکورتی ماددی و مەعنەوی و جەستەییەوە، لەگەڵ هەموو نیازمەند و دەردەدارەکاندا ڕوو دەکەمە دەرگای ڕەحمەتی ئەو خوا میهرەبانە باڵادەستە و پڕ بەدڵ دەپاڕێمەوە و دەڵێم:
ئیلاهی! کە تۆ پەنامی.. کە تۆ تاکە هانامی.. کە تۆ فریادڕەس و جێی هیوامی، چیم داوە لە پەنا و هانا و فریادڕەسە بێدەسەڵات و لەرزۆکەکان؟! چیم داوە لە فریادڕەسە بێدەس و بێ دەسەڵاتە کان و درۆینەکان، لە پەنا لەرزۆک و ڕزیوەکان.. لە هانا بەرژەوەندیخوازەکان؟!
پەروەردگارا! ئەرێ‌ کەی منی بەندەی موشتاقت عابیدانە هاتوومەتە دیوانت و مێوانداریت نەکردبم؟! کەی وەک بەندەیەکی نیازمەند هانام بۆ هێناویت و پەنات نەدابم؟! کەی وەک بەندەیەکی زۆر موحتاجت داوام لێکردوویت و نیازت بەراوردە نەکردبم و خواستەکەمت بەدی نەهێنابێت؟! کەی وەک بەندەیەکی نەخۆش و بیمار، دەرد و نیازەکانم بۆ باس کردوویت و نازت نەکێشابم و تیماری دڵی بریندارمت نەکردبێ‌؟! کەی دڵم ڕەنجاوە و لەگەڵت کەوتبمە ڕاز و نیاز و دڵنەواییت نەکردبم و دڵی شکاومت ساڕێژ نەکردبێ‌؟!
خوایەگیان! کەی لە بیابانی ژیانی دونیادا تەنها کەوتووم و هەستم بە بێ‌ کەسی و تەنیایی کردووە و دڵداریت لەگەڵ نەکردبم و دڵمت بە زیکر و یادت ئاوەدان نەکردبێتەوە؟! کەی ڕۆژێک بە دڵ لێت پاڕاومەتەوە و دڵمت ئاسودە نەکردووە؟! کەی دەم و زمانم بە یاد و زیکری ئارامبەخشت پاراو کردووە و زمانت شیرین نەکردووم؟! کەی چاوم لە ڕەحم و بەزەیی و سۆز و دەسەڵاتت بڕیوە و نیگای ڕەحمەتت لێ‌ نەگرتووم؟!
ئیلاهی! کەی هەنگاوێک بەرەو ڕووت هاتووم و سەدان هەنگاو نەهاتبیت بە پێشوازیمەوە؟! کەی بستێک لە زەوی بەرز بوومەتەوە بۆ لای دیوانت و تۆش خوایانە فەرسەخێک لە ئاسمان و لە عەرشەوە نەهاتبیتە خوارەوە بۆ ئەوەی بەرزترم بکەیتەوە؟! کەی دەستە لەرزۆکەکانم بۆ لات بەرز کردوتەوە و بە دەستە پڕ لە سۆزەکانت دەستمت نەگرتبێت؟! کەی دەستی خاڵیم بەرز کردووەتەوە بۆ ئاستانەی ڕەحمەت و خەزێنەی فراوانت و پڕت نەکردبێ‌ لە ناز و نیعمەتت؟! کەی پێویستم بە ڕوناکی بووە و ڕێگەکەمت نەکردوتە چراخان؟! کەی شتێکی باش هەبووە بۆ ژیانم و ـ تەنانەت بەبێ‌ ئەوەی خۆم بزانم و دەرکی بکەم ـ تۆ بۆمت دەستەبەر نەکردبێت؟! کەی داوای خۆشەویستی و عیشقی تۆم کردووە و وەک تاوی باران نەتباراندووە بە سەر مەزرای وشکەوەبووی دڵ و دەروونمدا؟!
دەسا خوایەگیان! ئەی میهرەبانی حەکیم و تەبیب و چارەسازی بێ‌ چوون! هەرچی بەباشی دەزانی بۆ دونیا و دواڕۆژم بۆم بێنە پێش، وام لێبکە کە خۆت پێتخۆشە و دەتەوێ‌ ئەم بەندە موحتاج و موشتاقەت بەو چەشنە بێت، بمکە بە بەندەیەکی خواناس و خواپەرست و خوادۆست حەقیقی.. ئامین.. ئامین

باتشکر از برادر عزیز کاک علی معروفی از مهاباد بابت ارسال این مناجات

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

‫2 نظر

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا