شعرکوردی

نائومێد مەبن لەڕەحمی خودا (شعر)

نائومێد مەبن لەڕەحمی خودا

بە نێوی خودای لێزانی بەسۆزو میهرەبان

ئەو شیعرە پێشکەش دەکەم بە هەموو ئەو منداڵە جێی ماوانەی کە دایک و باوکیان مردوون و تەنها و بێ کەس ماوونەتەوە بۆ ئەوەی نائومێد نەبن لە ژیانی دونیایاندا و بزانن کەسی بێ کەسان زاتی خودای مێهرەبان و بەسۆزە. بێ گومان خودا لە دایک و باوک بەسۆزترە و غافڵ نیە لە عەبدەکانی خۆی ، هەروەها بزانین ئەوەی بەسەرمان دێ بێ حیکمەت نیە . ژۆژێک باوک و دایک و کەس و کار دەڕۆن و نامێنن باڵام ئەوەی دەمێنێ و نامرێ تەنها الله یە و بەس .
شێعڕەکەم لەزمان بابی منداڵەکانەوە نووسیومە :

نائومێد مەبن لەڕەحمی خودا
خۆشەویستانم باوکتان بێ فیدا

بزانن ئەوە مانای ژیانە
بەربەرەکانێی مان و نەمانە

تاقیمان دەکا خودای بێ وێنە
بە خۆشی و گرفت ئەلەو زەمینە

هەر کەس بە جۆرێ ئازماییش دەکرێ
سزا و پاداشتی لەسەر وەردەگرێ

گرنگ ئەوەیە لە تاقی کاری
سەربەرز بێینە دەر بە فەزڵی باری

ڕۆڵە بزانن ڕۆڵەی شیرینم
بۆ ئێوە ئاسۆیی ڕووناک دەبینم

بڕواننە مێژووی ژیانی بەشەر
گەلێ کەس هەبوون لە ژوورو لەسەر

کەسانێکی زۆر ، وەک ئێوە بێ ناز
بەبێ دایک و باوک ژیانێ ناساز

نەیان بوو هیچ کەس جگە لە خودا
لە هەر چی خۆشی مەحرووم و جودا

بەڵام بزانن کەسی بێ کەسان
اللەی میهرەبان لەبۆ عەبدەکان

غافڵ نامێنێ لە بەندەکانی
پێیان ڕادەگا زۆرزۆ بە جوانی

بڕواننە ژینی تاڵی پێغەبەر
لە ژیانیدا چی نەهات بەسەر

باوکی خۆی نەدی جارێ لەجاران
لە دایک بێ بەش لە پینج شەش سالان

بێ ناز کەوتەوە ئەو خۆشەویستە
منداڵێک کەوا نازی پێویستە

چووە ژێر باڵی باپیرە گەورەی
چ زوو تێپەر بوو ئەو کات و دەورەی

باپیریش ڕۆیشت تەنیا مایەوە
لە سایە ئەویش نەحەسایەوە

لەپاش باپیری چووە کن مامی
هەتا ساڕێژ بێ برین و زامی

دەورانێک وەها ژینی گوزەراند
بە شوانی مەڕان کاتی تێپتراند

لە بیست و پێنج ساڵ وەرەق گەڕاوە
خودا ڕەحمی کرد بەو گەنج و لاوە

ژنێکی پێدا خەدیجەی ناو بوو
لەناوگەلەکەی باوەڕ پێکراو بوو

خۆی خوازبێنی کرد لە گەنجی ئەمین
لای خۆشەویست بوو بێ شک ، بەیەقین

بوو بە ئەمین و دەم ڕاستی خەڵک
بۆ ژینی خۆیوو خەڵکان بە کەڵک

کێ فکری دەکرد ڕۆژێک پێغەمبەر
دوای سەختی ژیان ببێ بەسەروەر

ببێتە پەناو پشت هەژاران
شوێنی بکەوون سەدها و هەزاران

ئوسوەو سەرمشقی ئینس و پەری بێ
لە پلەی فریشتان بانتر پەڕی بێ

بزانن خودای بەسۆزی سوبحان
ئاگای لێو دەبێ بێ شک و گومان

هەر ئەو خودایە بە جۆرێ عەجیب
یوسفی بەخێو کرد لە وڵاتی غەریب

موسای گەوره کرد دوور لە ماڵی خۆیی
بە کەسێک دوژمن ، ڕامی کربوو بۆیی

هەر ئەو فیرعەونەی نێرینەی دەکوشت
بۆ موسای نەبی ببووە پەناو پشت

دەی جا چ غەمێ دەخۆن کەوایە
کەسی بێ کەسان زاتی اللەیە
کەسی بێ کەسان زاتی اللەیە

هۆنراوەی : یونس سولەیمان زاده

نمایش بیشتر

یونس سلیمان زاده

استان آذربایجان غربی- بوکان نویسنده و مترجم فعال و دعوتگر دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا