نزا؛ وانه‌ی به‌ندایه‌تی
نزا واته پێوه‌ندی گرتن به خوا و پاڕانه‌وه له‌و زاته پیرۆزه و داواکردنی داخوازییه‌کان له‌و زاته مه‌زنه. نزا واته به دڵ و زمان و کرده‌وه دان به گه‌وڕه‌یی خوا دانێی و سپاس و ستایشی بکه‌ی. دوعا و پاڕانه‌وه یه‌کێکه له ئامزاری خاوێنکردنه‌وه‌ی نه‌فس و نزیک بوونه‌وه له خوا. کاتێک مرۆڤ ده‌ستی نزا و پاڕانه‌وه‌ی به‌ره‌و په‌روه‌ردگاری مه‌زن به‌رز ده‌کاته‌وه و به هه‌موو وجودی هه‌ست به گه‌وره‌یی و هێزانی و ده‌سه‌ڵاتی خوا ده‌کات و له‌به‌رامبه‌ردا لاوازی و داماوی خۆی دێته به‌رچاو، نه‌فسی غللور و عاسی له لووتبه‌رزی و نافه‌رمانی و تاوان خاوێن ده‌کاته‌وه، به ڕشتنی چه‌ند دڵۆپ فرمێسکی تۆبه و په‌ژیوانی له به‌رامبه‌ر خوایه‌ک که (غفار الذنوب و ستار العیوب)ه و به‌ڵگه له‌سه‌ر دڵۆڤانی خوای گه‌وره‌ن، دڵ وه‌له‌رزین ده‌که‌ویت، خوازیاره به‌رز بێته‌وه و به‌ره‌و لووتکه‌ی میهره‌بانی خوا بفڕیت و له زیندانی په‌ستی دونیایی خۆی ده‌رباز بکات. له‌و کاته‌دا هه‌ست به گه‌وره‌یی و نزیکی خوا ده‌کات و هه‌رچی پێویستییه‌تی داوای لێ ده‌کات، چونکه له‌وه دڵنیایه که خوا ده‌یبینێت و ده‌یبیستێت.
به‌ڵام دوعا و نزا به‌س پاڕانه‌وه له خوا نییه، به‌ڵکو دوعا عیباده‌ته و ئه‌وه‌ش له میهره‌بانی و سۆزی خوا سه‌رچاوه ده‌گریت که پێت ده‌ڵێت ئه‌ی به‌نده‌ی خۆشه‌ویستم هه‌رچی خوازیاری داوام لێ بکه تا من پێتی بده‌م. داوای ماڵ و سامان، داوای پله و مه‌قام بکه، داوای زانست و زانیاری و هه‌رچی خوازیاری بکه که لای من ده‌ستت ده‌که‌وێت. تۆ داوا بکه و من داواکه‌ت گیرا ده‌که‌م و ته‌نانه‌ت بۆت به عیباده‌تیش ده‌نووسم و پاداشی عیبادهتهکهشت به جیا ده‌ده‌مه‌وه. پێت ده‌ڵێت ئه‌ی به‌نده‌که‌م داوای لێخۆشبوو‌ن بکه له‌و تاوانانه‌ی که له پێش چاوی من کردتن شه‌رمت لێ نه‌کردم و من لێتم ده‌ڕوانی و تۆ هه‌ستت به من نه‌ده‌کرد، تا ئه‌و کاته‌ی که په‌ژیوان بوویه‌وه و به‌ره‌و من گه‌ڕایه‌وه. ده‌سا داوای لێخۆشبوو‌ن بکه که من هه‌م لێت خۆش ده‌بم و تاوانیشت ده‌سڕمه‌وه و هه‌م بۆ ئه‌و داوایه‌ت خه‌ڵاتیشت ده‌که‌م که من تۆبهکارانم خۆش ده‌وێت.
پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان(د.خ) وامان فێر ده‌کات که: «الدُّعَاءُ هُوَ العِبَادَهَ» واته: «نزا خۆی عیباده‌ته.» (ترمزی، نێسایی، ئه‌بووداود و ئیبنی ماجه له نوعمانی کوڕی به‌شیر گێڕاویانه‌ته‌وه)
کاتێک ده‌ستی ئاتاج بۆ لای که‌سێک درێژ ده‌که‌ی و لێی ده‌پاڕێیه‌وه، سه‌ره‌تا ده‌بێ خۆت بچووک و زه‌لیل بکه‌ی له هه‌مبه‌ر که‌سێکی وێنه‌ی خۆت که مرۆڤه و هاوشانی خۆته و پاشان له‌گه‌ڵ منه‌تی زۆری ڕووبه‌ڕوو ده‌بی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه ده‌بینی که یا هیچی له‌ده‌ست نایه‌ت یا که‌م و کورتی زۆری هه‌یه. ئه‌گه‌ر بۆشی جێبه‌جێ کردی، داوای قه‌رز ده‌کات و لێت وه‌رده‌گریته‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر مرۆڤێکی ڕه‌وشتبه‌رز نه‌بێ، ئه‌وه بگره به باسکردنی لای خه‌ڵک، ئابڕووت وه‌ک پووش به با داکات.
به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا بڕوانه گه‌وره‌یی و دڵۆڤانی خوای مه‌زن، فه‌رمانمان پێ ده‌کات که ئه‌ی به‌نده‌کانم داوام لێ بکه‌ن هه‌رچی پێویستتانه، هه‌ر شتێک که خوازیارن له بچووک و گه‌وره، شه‌رم مه‌که‌ن و داوام لێ بکه‌ن با پێتانی بده‌م، چونکه خه‌زێنه‌ی ڕاسته‌قینه هه‌ر لای خۆمه. له‌وه‌دا ده‌بینی که خوا چه‌نده میهره‌بانه؛ نه‌هێنیت پارێزراوه و لای که‌س باسی ناکات، داوای قه‌رز و وه‌رگرتنه‌وه‌شی ناکات. چونکه خوای گه‌وره تاکه که‌سێکه که سنوورێک بۆ ده‌سه‌ڵات و موڵک و سامانی نییه، بۆیه هه‌رچی داوای لێبکه‌ی له ئاست خه‌زێنه‌ی بێبڕانه‌وه‌ی هه‌ر تۆسقاڵێکه و مه‌ترسی کۆتایی هاتنی نییه. سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌وانه خه‌ڵاتی داواکه‌ت به‌جیا پێ ده‌به‌خشیت و بۆت به عیبادهت هه‌ژمار ده‌کات. ئه‌ی بڕوادار بڕوانه سۆزی خوا! کێ بهمچهشنه هاوڕێیه‌تیت ده‌کات؟!
له‌وانه‌یه هێندێک که‌س بڵێن خوا که پاشای هه‌موو جیهانه، له‌و به‌رزاییه‌دا و له نێو بێ‌ژمار ئافرێندراودا چۆن گوێی له ناڵه و فغانی منی هه‌ژار و داماو ده‌بێت؟ خوای گه‌وره خۆی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه. ڕۆژێک پیاوێک پرسیاری له پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان کرد و وتی: ئه‌ی نێردراوی خوا؛ ئایا په‌روه‌ردگارمان دووره و ده‌بێ به به‌رزی قاوی لێبکه‌ین و هاوار که‌ین: په‌روه‌ردگارا! په‌روه‌ردگارا!؟ یا نزیکه و به‌سپایی ڕاز و نیازی له‌گه‌ڵ بکه‌ین؟ پێغه‌مبه‌ر(د.خ) بێده‌نگ بوو، خوای گه‌وره وه‌ڵامی دایه‌وه و فه‌رمووی:
«وَ إِذَا سَأَلَکَ عِبَادِی عَنِّی فَإِنِّی قَرِیبٌ أجِِیبُ دَعوَهَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ فَلیَستَجِیبُوا لِی وَلِیُؤمِنُوا بِِی لَعَلَّهُم یَرشُدُونَ» (به‌قه‌ڕه:١٨۶)
واته: «(ئه‌ی مه‌حه‌ممه‌د) ئه‌گه‌ر به‌نده‌کانم پرسیارت لێبکه‌ن ده‌رباره‌م، ئه‌وه من نزیکم لێیانه‌وه، به هانا و هاواری دوعاگۆیانه‌وه ده‌چم هه‌ر کاتێک لێم بپاڕێنه‌وه و نزا بکه‌ن، ده‌با ئه‌وانیش به‌ده‌م بانگه‌وازی منه‌وه بێن و باوه‌ڕی دامه‌زراو به من بهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگای هۆشیاری و ئاگایی بگرنه‌به‌ر (بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌رزی و سه‌رفرازی هه‌ردوو جیهان)».
خوای گه‌وره نه‌یفه‌رموو ئه‌ی موحه‌مممه‌د تۆ پێیان بڵێ من نزیکم، به‌ڵکو فه‌رمووی ئه‌وه من نزیکم، تاکوو هیچ که‌س نه‌بێته ناوه‌ندیان و ئه‌وپه‌ڕی نزیکبوونی خۆی به‌ته‌واوی ڕابگێنیت. واته ئه‌ی به‌نده‌که‌م که پرسیارت کرد، ئه‌وه‌تا من ڕاسته‌وخۆ گوێم لێ بوو و وه‌ڵامم دایه‌وه که من لێت نزیکم. «نَحنُ أَقرَبُ مِن حَبلِ الوَرِید». خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت بێ هیچ مه‌رجێک من به هانای به‌نده‌کانم ده‌چم، هه‌ر ئه‌و کاته‌ی که داوام لێ بکه‌ن. هه‌روه‌ها خوای مه‌زن نه‌یفه‌رمووه «الناس یا مؤمنون»، به‌ڵکو به «عبادی» واته به به‌نده‌کانم نێویان دێنیت تاکوو به‌م چه‌شنه زۆرتر له خۆیان نزیک بکاته‌وه.
جێی سه‌رسووڕمانه که هێندێک که‌سی غللور و له‌خۆبایی ده‌ڵێن ئێمه هه‌موو شتێکمان هه‌یه و پێویستیمان به نزا و دوعا نییه! به‌ڵام مه‌گه‌ر ده‌شێ که‌س هه‌بێ که پێویستی به خوا نه‌بێ!؟ که‌س هه‌یه تووشی تاوان نه‌بووبێت؟ مه‌گه‌ر که‌س هه‌یه له ژیانیدا پێویستی به هیچ نه‌بێت؟! مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی کێ پێی داوه؟ خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی کێیه، ئه‌گه‌ر خوای باڵاده‌ست پێی نهدهات؟ بۆ مه‌گه‌ر ده‌توانێ لای که‌سی دی به‌ده‌ستی بێنیت؟ یا خۆی دابینی ژیانی بکات؟ بێگومان هیچ که‌س نییه.
ئه‌و که‌سه پێنه‌زان و سپڵه‌یه نابێ لانیکه‌م سپاسی ئه‌و نیعمه‌تانه بکات که پێی به‌خشراوه؟ نابێ لانیکه‌م دوعا بکات که لێی نه‌ستێنیته‌وه؟ مه‌گه‌ر که‌س هه‌یه پێویستی به خوا نه‌بێت؟ له‌کاتێکدا خوا تاکه «صمد»، واته بێنیازه و هه‌موو بوونه‌وه‌ر به‌رده‌وام نیازی پێیه.
«یَا أَیُّهَا النَّاسُ أَنتُمُ الفُقَرَاءُ إِلَی اللهِ واللهُ هُوَ الغَنِیُّ الحَمِیدُ» (فاتێر:١۵)
واته: «ئه‌ی خه‌ڵکینه ئێوه هه‌ژار و نه‌دارن و هه‌میشه و به‌رده‌وام ئاتاجی خوان (له هه‌موو کات و شوێنێکدا و بۆ هه‌موو شتێک) هه‌ر ته‌نها خوایه که بێنیازه و شایانی سوپاسه.»
هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند، ئاغا و نۆکه‌ر، پاشا و ژێرده‌ست، پیر و لاو و… هه‌مووی پێویستی به خوایه. که‌واته ڕووبکه خوا و داوای لێبکه که خۆی داوای لێ کردووی.
«وَ قَالَ رَبُّکُمُ ادعُونِی أَستَجِیب لَکُم إِنَّ الَّذِینَ یَستَکبِرُونَ عَن عِبَادَتِی سَیَدخُلُونَ جَهَنَّمَ دَاخِرِینَ» (غافێر:۶٠)
واته: «ئه‌ی خه‌ڵکینه په‌روه‌ردگارتان فه‌رموویه‌تی: ئێوه هانا و هاوار بو من بهێنن، ئه‌وه منیش دوعا و نزاتان گیرا ده‌که‌م، به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی خۆیان به گه‌وره داده‌نێن و لووتبه‌رزی ده‌که‌ن له ئاستی په‌رستنی مندا، له داهاتوودا به‌سه‌رشۆڕی و خه‌جاڵه‌تییه‌وه ده‌خرێنه ناو ئاگری دۆزه‌خه‌وه.»
«ادعونی» به شێوازی ده‌ستوور هاتووه، واته فه‌رمانمان پێ ده‌کات که دوعا بکه‌ین و لێی بپاڕێینه‌وه و هه‌ر که‌س له فه‌رمانی لابدات و لووتبه‌رزی بنوێنیت، ئه‌وه ئاگری دۆزه‌خ جێگای مانه‌وه‌ی هه‌تاهه‌تاییه‌تی و غه‌زه‌بی خوا ده‌چێژیت، هه‌ر وه‌ک پێغه‌مبه‌ری ئازیز(د.خ) ده‌فه‌رموێت: «من لم یسال الله یغضب علیه» واته: «هه‌ر که‌سه داوا له خوا نه‌کات، ئه‌وه خوا لێی تووڕه ده‌بێت.» (تێرمزی له ئه‌بوو هوره‌یره گێڕاویه‌تییه‌وه)
که‌واته ئه‌ی به‌نده‌ی خوا؛ فه‌رمانی خوا به‌جێ بێنه، به‌رده‌وام ده‌ستی نزا و پاڕانه‌وه بۆ لای خوا به‌رز بکه‌وه تاکوو خوای گه‌وره‌ش ئاوڕت وێبدات، هه‌ر وه‌ک خۆی له قوڕئانی پیرۆزدا ده‌فه‌رموێت:
«قُل مَا یَعبَؤُا بِکُم لَو لَا دُعَاؤُکُم فَقَد کَذَّبتُم فَسَوفَ یَکُوُنُ لِیَکُونَ لِزَامًا» (فوڕقان:٧٧)
واته: «تۆ ئه‌ی موحه‌ممه‌د(د.خ) پێیان بڵێ (خه‌ڵکینه) په‌روه‌ردگارم هیچ گوێتان پێ نادات و نرختان بۆ دانانێت، ئه‌گه‌ر دوعا و نزا و خواپهرهستیتان نه‌بێت، که‌چی زۆربه‌یان (هه‌ر پێغه‌مبه‌ر و قوڕئان) به‌درۆ ده‌زانن، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام وابن، ئه‌وا سزا و تۆڵه‌ی خوا له ئایینده‌دا یه‌خه‌یان پێ ده‌گریت و له کۆڵتان نابێته‌وه.»
پێغه‌مبه‌ری ئیسلام(د.خ) له حه‌دیسێکی دڵخۆشکه‌ردا ده‌فه‌رموێت: «إِنَّ اللهَ حَیٌّ کَرِیمٌ یَستَحِیی إِذَا رَفَعَ العَبدُ إِلَیهِ یَدَیهِ أَن یَرُدَّهُمَا صِفرًا خَائِبَتَینِ» واته: «خوا به‌حه‌یا و به‌خشه‌نده‌یه، کاتێک به‌نده‌که‌ی ده‌ستی به‌ره‌و لای به‌رز ده‌کاته‌وه، حه‌یا ده‌کات که ده‌ستی به‌نده‌که‌ی به‌تاڵی و بێهیوا به‌ڕێ کاته‌وه.» (ترمزی و ئه‌بوو داود و ئیبنی ماجه گێڕاویانه‌ته‌وه)
کاتێک به‌ره‌و په‌روه‌ردگار ده‌ست به‌رز ده‌که‌یته‌وه و ده‌ڵێی من لاواز و نه‌دار، بێچاره و هه‌ژارم له‌به‌رامبه‌رتدا، خوایه تۆی که سه‌روه‌ری هه‌ر دوو دونیای، پاشا و فه‌رمانڕه‌وای هه‌موو جیهانی، هه‌ست به داماوی و خاکه‌ڕایی و په‌نابه‌ری ده‌که‌ی که له‌وانه‌یه له هیچ کام له عیبادهتهکانیتری؛ ته‌نانه‌ت نوێژ و زه‌کات و… به‌و شێوه هه‌ست به داماوی و نزیکی له خوا نه‌که‌ی. هه‌روه‌ها له نزا و پاڕانه‌وه‌دا هه‌ست به ئاسووده‌یی و ئارامی ده‌که‌ی، به‌تایبه‌ت له‌و کاتانه‌ی که گرفت و کێشه‌ی گه‌وره بۆ مرۆڤ دێته پێش که هیچ چاره‌یان نییه و له‌وانه‌یه ژیانی تووشی شێواوی و شپڕزه‌یی کردبێت. له‌و کاتانه‌دا له که‌سێک ده‌گه‌ڕێ که ده‌ستی بگرێت، ئه‌و که‌سه ته‌نیا خوایه. بۆیه ده‌ستی نزا به‌رز ده‌کاته‌وه و به بوونی خوا هه‌ست به ئاسووده‌یی ده‌کات و گه‌وره‌یی و میهره‌بانی خوای زۆرتر بۆ ئاشکرا ده‌بێت و زۆرتر ملکه‌چی فه‌رمانه‌کانی ده‌بێت. دوعا ده‌بێته چرایه‌ک که له هه‌موو ته‌نگانه و تاریکاییدا ڕووی تێده‌کات.
هه‌روه‌ها دوعا متمانه‌به‌خۆیی له مرۆڤدا ده‌باته سه‌ر و له بێهیوایی و خه‌مۆکی ده‌یپارێزیت و بۆ تێکۆشانی زۆرتر هانی ده‌دات. دوعا له ناخۆشی و سه‌ختی ڕزگاری ده‌کات، هه‌ر وه‌ک چۆن حه‌زره‌تی یونس کاتێک له زگی ماسیدا حاسێ ببوو، خوای گه‌وره به هۆی دوعا و پاڕانه‌وه ڕزگاری کرد.
«وَ إِذَا النُّونِ إِذ ذَهَبَ مُغَاضِبًا فَظَنَّ أَن لَن نَّقدِرَ عَلَیهِ فَنَادَی فِی الظُّلُمَاتِ أَن لَّا إِلَهَ إِلَّا أَنتَ سُبحَانَکَ إِنِّی کُنتُ مِنَ الظَّالِمِینَ*فَاستَجَبنَا لَهُ وَ نَجَّینَاهُ مِنَ الغَمِّ وَ کَذَالِکَ نُجِی المُؤمِنِینَ» (ئه‌نبیا:٨٧-٨٨)
واته: «یادی (ذو النون)یش بکه‌ره‌وه (که یونس پێغه‌مبه‌ره) کاتێک به تووڕه‌ییه‌وه ڕۆیشت، گومانی وابوو که هه‌رگیز دونیای لێ ته‌نگ ناکه‌ینه‌وه (به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی گومانه‌که‌یه‌وه خوا خستییه ناو سگی نه‌هه‌نگه‌وه)، جا له ناو تاریکاییه‌کاندا (تاریکی شه‌و، ده‌ریا و ناو سگی نه‌هه‌نگه‌که‌دا) هاوار و نزای لێ به‌رز بۆوه و وتی: په‌روه‌ردگارا هیچ خوایه‌ک نییه جگه له تۆ، پاکی و بێگه‌ردی هه‌ر بۆ تۆیه، به‌ڕاستی من له سته‌مکاران بووم (کاتێک که به بێفه‌رمانی تۆ قه‌ومه‌که‌م جێ هێشت). ئێمه‌ش به هانایه‌وه چوویین و ڕزگارمان کرد له‌و خه‌م و په‌ژاره و ته‌نگانه‌یه‌ی که تێیکه‌وتبوو، به‌و شێوه‌ش بڕواداران ڕزگار ده‌که‌ین (کاتێک که ده‌که‌ونه ته‌نگانه‌وه و هانا و هاوار بۆ ئێمه ده‌هێنن)».
زۆر کات ئه‌وه ده‌بیسترێت که بۆچی ئێمه هه‌رچی دوعا ده‌که‌ین، گیرا نابێ؟ و ته‌نانه‌ت هێندێک که‌س له ده‌ره‌نجامدا ماندوو ده‌بن و واز له دوعا کردن ده‌هێنن و له لایه‌کی دی خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت داوام لێ بکه‌ن که من نزاتان گیرا ده‌که‌م. ئێمه ده‌بێ له‌بیرمان بێت که خوای گه‌وره، زانا و میهره‌بانه. زانایه، واته ئاگادار به ڕابردوو و داهاتوو و نه‌هێنی و ئاشکرا و هه‌موو شتێکه. ئه‌وه‌یکه داوای به‌نده‌که‌ی له داهاتوودا خێر و قازانجی تێدایه یا نا، ته‌نیا له بازنه‌ی زانستی خوا دایه. هه‌روه‌ها میهره‌بانه، میهره‌بانتر له دایک بۆ ڕۆڵه‌ی، میهره‌بانتر له خۆمان به‌رامبه‌ر خۆمان و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌و سیفاته جوانانه‌ی دوعای به‌نده‌که‌ی گیرا ده‌کات.
له‌وانه‌یه به‌نده دوعایه‌ک بکات که له داهاتوودا به هۆی ئه‌و تووشی خه‌سار بێت و خۆشی پێی نه‌زانیت. به‌ڵام خوای زانا ده‌زانیت و چونکه میهره‌بانه و به‌نده‌ی خۆی خۆش ده‌وێت، نایخاته نێو گێژاوی ئازار و ده‌ردێک که ئێستا هه‌ستی پێ ناکات، به‌ڵام له داهاتوودا یه‌خه‌ی ده‌گریت. یا له‌وانه‌یه خوای دڵۆڤان شتێکی باشتری بۆ دانابێت که پێی ببه‌خشیت و له‌گه‌ڵ داوای به‌نده‌که‌ی هاوسانی نییه، بۆیه داوای به‌نده‌که‌ی گیرا ناکات و باشتر له‌وی پێ ده‌به‌خشیت. یا هه‌یه کاتی گیرابوونی دوعاکه‌ی گونجاو نییه و خوا زانایه به‌سه‌ر ئه‌وه‌یکه چ کاتێک ئه‌و نزایه به‌رژه‌وه‌ندی زۆرتری بۆ هه‌یه. بۆیه به‌نده نابێ له هیچ باروودۆخێکدا بێهیوا و ناسپاس بێت، به سه‌بر و خۆڕاگری له‌سه‌ر عیباده‌تی خوا، ڕه‌حمه‌ت و میهره‌بانی خوا بۆخۆی مسۆگه‌ر بکات.
خاڵێکی‌تر که گرینگه سه‌باره‌ت به گیرانه‌بوونی دوعاکان ئه‌وه‌یه که هێندێک گوناح و تاوانی ڕابردوو له به‌رامبه‌ر گیرابوونی نزاکان ده‌بنه له‌مپه‌ر و خوای دڵۆڤان گیرابوونی نزاکه‌ی وه‌دوا ده‌خات تاکوو به‌نده‌که‌ی وه‌خۆ بێته‌وه و تۆبه بکات و ئه‌و کۆسپه له‌سه‌ر ڕێی خۆی لابدات، یا هێنده بپاڕێته‌وه که هه‌موو پاڕانه‌وه‌که‌ی ببێته هۆی لێخۆشبوونی تاوانه‌کانی و له‌گه‌ڵ هه‌ر نزایه‌ی، تاوانێکی له‌سه‌ر بسڕێته‌وه. هه‌ر وه‌ک پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان(د.خ) ده‌فه‌رموێت: «مَا مِن أَحَدٍ یَدعُوا بِدُعآءٍ إِلَّا آتَاهُ اللهُ مَا سَأَلَ أَو کَفَّ عَنهُ مِن السُّوءِ مِثلَهُ مَا لَم یَدعُ بِإثمٍ أَو قَطِیعَهِ رَحِمٍ» واته: «هه‌رکه‌س دوعایه‌ک بکات، خوا داواکه‌ی گیرا ده‌کات و یا هه‌ر به‌و ڕێژه گوناح و تاوانی له‌سه‌ر لاده‌بات. به‌مه‌رجێک که داواکه‌ی تاوان و یا پچڕانی پێوه‌ندی نه‌بێت.» (ترمزی له ئه‌بوو هوره‌یره گێڕاویه‌تییه‌وه)
نزا و پاڕانه‌وه خۆی وانه‌ی به‌ندایه‌تییه، خوای تاقانه به دوعا و نزا به‌نده‌کانی فێری به‌ندایه‌تی ده‌کات، بۆیه گیرابوونی نزاکه‌ی ئه‌وه‌نده وه‌دوا ده‌خات تاکوو به‌نده‌که‌ی فێری پاڕانه‌وه ده‌کات، فێری ده‌کات ئه‌وه‌نده بگریت و بپاڕێته‌وه و فرمێسکی به‌ندایه‌تی بۆ خوا بڕێژیت تاکوو ته‌واو هه‌ست به لاوازی و داماوی خۆی و گه‌وره‌یی و مه‌زنایه‌تی خوا بکات و به ڕشتنی هه‌ر فرمێسکه‌ی تاوانێکی بشواته‌وه. خوای گه‌وره کاتێک به‌نده‌که‌ی ده‌بینێت که ده‌ستی نزا بۆ لای پروهردگاری به‌رز ده‌کاته‌وه و لێی ده‌لاڵێته‌وه، پێی خۆشه زۆرتر لێی بپاڕێته‌وه، بۆیه گیراکردنی داواکه‌ی وه‌دوا ده‌خات.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین هه‌موو هۆکاره‌کانی گیرانه‌بوونی نزا، له کانیاوی میهره‌بانی و خۆشه‌ویستی خوا سه‌رچاوه ده‌گرن.
بۆ گیرا بوونی دوعا چوار مه‌رج پێویسته:
1- متمانه به خوا؛ واته دڵنیا بی که خوا نزاکه‌ی گوێ لێیه و گوێی ده‌داتێ.
2- کڕنۆش و ملکه‌چی بۆ خوا.
3- په‌له‌نه‌کردن بۆ گیرانه‌بوونی نزا.
4- خواردنی ماڵ و سامانی حه‌ڵاڵ. پێغه‌مبه‌ر(د.خ) ده‌فه‌رموێت: «إِنَّ اللهَ طَیِّبٌ لَا یَقبَلُ إِلَّا طَیِّبًا» واته: «خوا پاکه و جگه له خاوێنیش قه‌بووڵ ناکات». (موسلیم و ئه‌حمه‌د له ئه‌بوو هوره‌یره ڕه‌وایه‌تیان کردووه)
«رَبَّنَا آَتِنَا فِی الدُّنیَا حَسَنَهً و فِی الآخِرَهِ حَسَنَهً وَ قِنَا عَذَابَ النَّارِ»
«ئامین یا ڕه‌ب»
سه‌رچاوه: له کتێبی (هر انچه از دل براید لاجرم بر دل نشیند – عمرو خالد) که‌ڵک وه‌رگیراوه
نووسینی: کلثوم حسن زاده