عقاید

هۆکارەکانی زیادبوونی ئیمان و باوەڕ

عوامل افزایش ایمان

بێگومان خودای گەورە کۆمه‌ڵێک هۆکاری داناوە بۆ ئەوەی ئیمان و باوەڕی ئینسان پێیان پتەو و قایم بێ و ئەسبابی زۆریشی داناوە بۆ زیادبوون و جێگیربوونی ئیمان، هەرکات عەبد و بەندەکانی، ئەو ڕێگا و هۆکار و ئەسبابانەیان گرتەبەر و خۆیان ماندوو کرد، لەو بوارەدا و بۆ ڕەزامەندی پەروەردگاریان هەنگاویان هەڵێناوە؛ ئەوکات یەقینیان دامەزراو دەبێ و ئیمانیشان زیاد دەکا و پلە و پایەیان لە دونیا و دواڕۆژدا بەرز دەبێتەوە، ئیمان و باوەڕی پتەو و تۆکمەش هۆکارێکە بۆ گەیشتن بە هەموو خێرێکی دونیا و قیامه‌ت.

لە گرنگترینی ئەو هۆکار و ئەسبابانە بۆ زیادبوونی ئیمان کە لە قوڕئان و سوننەتدا هاتوون:

۱- وەدواکەوتن و فێربوونی زانستی بەکەڵکی پشت بەستوو بە قوڕئان و سوننەت، چونکە بەڕاستی فێربوون، کردەوە بار دەهێنێ و هۆکارێکە بۆ لەخودا ترسان و شەرمکردن لەو زاتە پیرۆزە، جا هەرکەس سەرکەوتوو بوو لەو کارەدا، ئەوە سەریش کەوتووە لە بەدەست هێنانی گەورەترین ڕێگاکانی زیادبوون و گەشەکردنی ئیمان.

۲- نزیک بوونەوە لە خودای باڵادەست و ناسینی پەروەردگار بە یەکتاپەرەستییەکی پاک و بێگەرد و ناسینی ناو و سیفەتە بەرز و باڵا و جوانەکانی خودای گەورە. ئەو جۆرەی کە لە قوڕئان و سوننەتدا هاتوون و خۆماندووکردن و تێکۆشان بۆ تێگەیشتنی مانای ئەو ناو و سیفەتە پیرۆزانە و خوداپەرەستی و عەبدایەتی پێکردنیان.

۳- شوێنکەوتنی پێغەمبەر(دروودی خودای لەسەربێ) و وەدواکەوتنی ڕێبازەکەی، بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی سوننەتەکانی لە گەورەوە بۆ چکۆلە و گرتنیان بە کاکیلکەکانی ددان، تێفکرین لە ژیان و گوزەرانی پێغەمبەر(دروودی خودای لەسەربێ) و ناسینی هەموو ئەو شتانەی کە لەسەری بووە؛ لە ئەخلاقی بەرز و سیفاتی کامڵ و تەواو و خوو و خدەی جوان و ڕێزدار و بەنرخ، چونکە هەرکەس لە ژیانی ئەو خۆشەویستە تێبگا و تێفکرێ لە هەڵسوکەوت و سیفات و ئەخلاقی، بێگومان بە خێرێکی گەورە دەگا لە دەروونی خۆیدا و خۆشەویستی و مەحەببەتی بە نیسبەت پێغەمبەر(د.خ) بۆ زیاد دەبێ و متمانە و یەقینی دەرحەق بە پێغەمبەرایەتی ئەو کەسایەتییە بەرزە بۆ دروست دەبێ
، هەر ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ شوێنکەوتن و عەمەلپێکردن بە ڕێباز و سوننەتەکانی؛ دەرەنجامەکەشی ڕێگایەکی دیکەیە بۆ زیادبوون و گەشە و نەشەکردنی ئیمان.

٤- تەرک و وەلانانی هەموو جۆرە گوناح و تاوانێک لەبەر خاتری ڕەزامەندی خودای گەورە و باڵادەست و بۆ نزیک بوونەوە لە پەروەردگاری ڕێزدار و پاک و بێعەیب.

٥- ڕووکردنە قیامەت و ژیانی دواڕۆژ و تێکۆشان لەو ڕێگایەدا بە گوفتار و بە کردار، پشت کردن لە دونیا و ئاوات و جوانییەکانی کە دەبنە هۆی بەربەست لە ڕێگای خودا پەرەستی ئینسان، بەڵام ئەو کارە دەبێ بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و شەرعی ئەنجام بدرێ و دوور بێ لە زیادەڕەوی و کورت هێنان.

٦- خوێندنەوە و قەڕائەتی قوڕئانی پیرۆز و تێفکرین و ڕۆچوون لە مانا و مەبەستەکانی، کە ئەو کارە لە بەکەڵکترینی ڕێگاکانە بۆ گەشەکردن و زیادبوونی ئیمان. چونکە ئەو کەسەی دەچێتە خزمەت قوڕئان و تێدەفکرێ لە کەلامی پەروەردگار، کۆمەڵێک زانیاری و تێگەیشتنی بەنرخی بۆ پەیدا دەبێ کە دەرەنجامەکەی هۆکارێکە بۆ زیادبوون و پتەویی ئیمانی، جا ئەو زیادبوونی ئیمانەش بەدەست نایە مەگەر بە تێگەیشتن لە قوڕئان و بەڕێوەبردنی ئەمر و دەستوورەکانی و عەمەڵ پێ کردنیان.

۷- پاڕانەوە و دوعا و نزا و زۆر یادکردنی خودای گەورە، ملکەچبوون بۆ خودا، گەڕانەوە بۆ لای، پاکگرتن و هاوبەش بۆدانەنانی، کە ئەوانە هەمووی لە گرنگترینی ڕێگاکانن بۆ گەیشتنی عەبد و بەندە بە پەروەردگاری، جا ئەو شتانە داری ئیمان لە دڵ و دەروونی ئینساندا دەڕوێنن و دەبنە هۆی پتەوبوونی ڕیشەی داری باوەڕ و خۆراک بۆ ئەو دارە.

۸- بەردەوام بوون لەسەر ئەنجامدانی عیبادەت و خوداپەرەستییە سوننەتەکان(نوافل) لەدوای فەڕزەکان، چونکە ئەنجامدانی ئەو سوننەتانە عەبد و بەندە لە پەروەردگاری زیاتر نزیک دەکاتەوە و هەموو عیبادەتەکانی ڕێکوپێک دەکا و کەلێن و بۆشایی ئەو عیبادەتانە پڕ دەکەنەوە، جا خۆماندووکردن و تێکۆشان لە بەجێهێنان و ئەنجامدانی ئەو سوننەتانە، ڕێگایەکن بۆ گەیشتن بە دەرجە و پلە و پایەی (احسان) لە عەبدایەتی کردن بۆ خودای گەورە، نەتیجەکەشی زیادبوون و تۆکمەیی بەخشینە بە ئیمان.

۹- خۆڕازاندنەوە بە ئاکار و ئەخلاق و سیفاتی ئیماندارانی ڕاستەقینە و دۆستان و خۆشەویستانی ساڵحی پەروەردگار و شوێنکەوتنی ڕێبازیان، گرتنی ڕێگا و شوێنی ئەو کەسانە و خۆچواندن پێیانەوە، هاونشینی و ڕەفیقایەتی لەگەڵ کردنیان، چونکە بێگومان ئەو کارە دەبێتە هۆی وەبیرهێنانەوەی یادی خودا لە دڵی عەبدەکانیدا، هەروەها دەبێتە سەبەبی نەرمبوونی دڵ و لە کۆتاییشدا زیادبوونی ئیمانی پێوەیە.

۱۰- چاکەکاری و ئیحسان لەگەڵ عەبدەکانی خودای گەورە بەتایبەت بەندە باوەڕدارەکانی، چاکەکاری لەگەڵ دایک و باوک و چاک ڕەفتاری لەگەڵ خزم و کەس و بەجێهێنانی سیلەی ڕەحم، چاکەکاری و خێرخۆازی بۆ دەروجیران و دراوسێ، خۆشڕەفتاری لەگەڵیان، بەراوەردەکردنی نیازی خاڵکی، لابردنی گرفت و ناڕەحەتییه‌کانیان، هەروەها لەگەڵبوونیان لە خۆشی و لەناخۆشیدا.

۱۱- تێفکرین لە چاکە و حەسەنات و جوانییەکانی دینی پیرۆزی ئیسلام؛ ئەو کارەش ده‌بێتە هۆی دەرخستنی ئەو ڕاستییە کە بێگومان هەموو شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام هەر جوانی و چاکەیه‌؛ بیروباوەڕ و عەقیدەی ئیسلامی دروسترینی عەقیدە و بیروباوەڕەکانە و بەکەڵکترین و ڕاسترین بیروباوەڕە لە ناو عەقیدەی ئایین و بەرنامە و پڕۆگرامەکانی تر، دەستوور و ئەحکامی ئیسلام جوانترین ئەحکام و دەستوورە و دادگەرترینانە بۆ عەبدەکانی خودای پەروەردگار، ئەخلاقی ئیسلامی ڕازاوەترینی ئەخلاقەکانە و کامڵترینیانە بە موتڵەقی؛ جا تێفکرین لەو هەموو جوانی و چاکییە، هۆکارە بۆ ئەوەی خودای گەورە ئیمانی ئینسان بڕازێنێتەوە لە دڵیدا و خۆشەویستی بۆ ساز بکا و شیرناییەکی لە ئیمان پێ ببەخشێ، ئەوانەش هەمووی دەبنە سەبەبی زیادبوونی ئیمانی ئینسان.

۱۲- تێڕوانین و تێفکرین لە نیشانەکانی خودای گەورە و دروستکراوەکانی، جا تێفکرین لە گەورەیی دروستبوونی ئاسمانەکان و زەوی و ئەو شتانەی کە له‌ ئاسمانەکان و زەوی دان؛ لەدروستکراوە جۆراوجۆر و سەرسووڕهێنەرەکانی خودا، هەروەها تێفکرین لە زاتی ئینسان و هەموو ئەو سیفات و ئەخلاقانەی کە هەیەتین؛ ئەوانەش دیسان ڕێگایەکن بۆ تۆکمەکردن و زیادبوونی ئیمان و جێگیربوونی باەڕ لە دڵی ئینساندا.

۱۳- بانگەشەکردن بۆ لای خودای باڵادەست، بڵاوکردنەوەی ئامانجەکانی ئیسلام لە خوداپەرەستییەکی پاک و خالیس، ئەمرکردن بە چاکەکاری و ڕێگری لەخراپە، ئامۆژگاریکردن بۆ ڕاستی و حەقیقەت و خۆڕاگری و سەبر.

۱٤- دووڕکەوتنەوە لە هەموو ڕێگاکانی بێباوەڕی و پێشیڵکاری بۆ حەق و ڕاستی و دوورکەوتنەوە لە تاوانە گەورەکان، دووڕوویی، فیسق، زوڵم، سەرکەشی و هەموو ئەو شتانەی دژایەتیان هەیە لەگەڵ ئیمان، چونکە بێگومان ئەو تاوان و گوناحانە هۆکارن بۆ لاوازبوونی ئیمان لە دڵ و دەرووندا و دوورکەوتنەوەشیان سەبەبن بۆ گەشە و نەشەکردن و زیادبوونی ئیمان و باوەڕی ئینسان.

وەرگیراو لە کتێبی “الایمان” دانانی: عەبدوڵڵای کوڕی عه‌بدولحه‌مید ئه‌سه‌ری
وەرگێڕانی : یوونس سولەیمان زادە
سۆزی میحڕاب

از طريق
یونس سلیمان زاده
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

یونس سلیمان زاده‌

استان آذربایجان غربی- بوکان نویسنده و مترجم فعال و دعوتگر دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا