کۆمه‌ڵێک یاسای قوڕئانی پیرۆز
یاسای چوارده‌هه‌م
«إِنَّ خَیرَ مَنِ استَأجَرتَ القوِیُّ الأمینُ»
واته: «به‌ڕاستی چاکترین که‌سێکه که به کرێی بیگریت، به‌هێز و ئه‌مین و ده‌سپاک و ده‌روون پاکه»
ئه‌و یاسا قوڕئانییه سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوکه‌وت و پێوه‌ندی نێوان خه‌ڵک گرینگی زۆری هه‌یه. ئه‌و یاسایه له‌گه‌ڵ به‌سه‌رهاتی حه‌زره‌تی مو‌سا و شێخی مه‌دیه‌ن هاتووه. شێخی مه‌دیه‌ن توانای نه‌بوو خۆی مه‌ڕه‌کانی بۆ له‌وه‌ڕ ببات و ئاویان بدات، هه‌ر بۆیه کچه‌کانی بۆ ئه‌و کاره ڕه‌وانه کردبوو. کچه‌کان چاوه‌ڕوان بوون تاکوو ته‌واوی خه‌ڵکه‌که مه‌ڕه‌که‌ی خۆیان تێراو بکه‌ن و له ده‌وری سه‌رچاوه‌که بڵاوه‌ی بکه‌ن. ئاشنا بوونیان له‌گه‌ڵ مو‌سا هه‌ر له‌وێوه ده‌ستی پێ‌کرد و مو‌سا زۆر جوامێرانه و بێ ئه‌وه‌ی که داوای لێکرابێت، مه‌ڕه‌کانی ئه‌وانی تێراو کرد. کچه‌کان به‌و کاره‌ی مو‌سا زۆر سه‌رسام بوون، بۆیه کاتێک که گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌وه، به‌سه‌رهاته‌که‌یان بۆ باوکیان گێڕایه‌وه. باوکیان یه‌کێک له کچه‌کانی به‌دوای موسادا نارد و به‌م چه‌شنه مو‌سا چوو بۆ ماڵی شێخی مه‌دیه‌ن و به‌سه‌رهاتی خۆی و هه‌ڵاتنی له‌ده‌ست فیرعه‌ون بۆ گێڕانه‌وه. یه‌کێک له کچه‌کان که بۆ دۆخی جه‌سته‌یی باوکی زۆر به‌په‌رۆش بوو وتی: باوکه گیان ئه‌م گه‌نجه به‌کرێ بگره تاکو کارمان بۆ بکات، چونکه گه‌نجێکی به‌توانا و ده‌سپاک و جوامێره.
«یَا أَبَتِ استَأجِرهُ إِنَّ خَیرَ مَنِ استَأجَرتَ القَوِیُّ الأَمِینُ» (قێسه‌س:٢۶)
واته: «یه‌کێک له کچه‌کان وتی: بابه بۆ کرێی ناگریت، چونکه به‌ڕاستی چاکترین که‌سێکه که تۆ به کرێی بگریت، ئه‌م پیاوه به‌هێز و ئه‌مین و ده‌سپاک و ده‌روون پاکه.»
ئه‌و کچه ئاماژه‌ی به هێزی جه‌سته‌یی و ئه‌مینداری مو‌سا کرد. ئاماژه به‌و دوو تایبه‌تمه‌ندییه، نیشانه‌ی ژیری و ئاوه‌زمه‌ندی کچی شێخ بوو، چونکه زانی مو‌سا خاوه‌ن ئه‌و دوو ڕه‌وشته به‌رزه‌یه که هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه و ئایینێک له‌سه‌ری هاوڕایه و به ڕه‌وشتبه‌رزی هه‌ژمار ده‌کات.
زانایان ئه‌و دوو پێناسه به‌تایبه‌ت بۆ که‌سانی به‌رپرس به پێویست ده‌زانن و ده‌ڵێن که‌سێک شایانی به‌رپرسیارێتییه که ئه‌و دوو تایبه‌تمه‌ندییه‌ی هه‌بێت. هه‌رچه‌ند ئه‌رکی به‌رپرسیارێتی قورس‌تر بێت، گرینگی ئه‌و دوو تایبه‌تمه‌ندییه‌ش زۆرتر ئاشکرا ده‌بێت. به تێڕامان له قوڕئانی پیرۆز ده‌بینین که دوو پێناسه‌ی «هێز و ئه‌مانه‌تداری» له زۆر بواردا پێکه‌وه پێوه‌ندیان هه‌یه، بۆ نموونه:
خوای گه‌وره جیبرهئیلی ئه‌مین که ئه‌رکی ڕاگه‌یاندنی وه‌حی بۆ پێغه‌مبه‌ران له‌سه‌ر شان بوو، وه‌ک فریشته‌یه‌کی به‌هێز و توانای ده‌ناسێنیت: «إِنَّهُ لَقَولُ رَسُولٍ کَرِیمٍ * ذِی قُوَّهٍ عِندَ ذِی العَرشِ مَکِینِ» (ته‌کویر:١٩-٢٠)
واته: «بێگومان ئه‌م قوڕئانه قسه و وته‌ی نێردراوێکی به‌ڕێزه ٭ خاوه‌نی هێز و ده‌سه‌ڵاته و لای خاوه‌نی عه‌ڕشی خوا زۆر به‌ڕێز و پایه‌به‌رزه.»
چاو لێکه‌ن خوای گه‌وره چۆن باسی تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و فریشته به‌ڕێزه ده‌کات! خه‌سڵه‌تی هێز و ئه‌مانه‌ت دوو هۆکاری سه‌رکه‌وتن و گه‌شه کردنن بۆ به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌رکی سه‌رشان.
– یوسف داوا له عه‌زیزی میسر ده‌کات که بیکاته به‌رپرسی خه‌زێنه: «قَالَ اجعَلنِی عَلَی خَزَائِنِ الأرضِ إِنِّی حَفِیظٌ عَلِیمٌ» (یوسف:۵۵)
واته: «یوسف وتی: پێم باشه بمکه‌یت به لێپرسراو به‌سه‌ر گنجینهکان و سامانی سه‌ر زه‌وی ئه‌م وڵاته (میسر)، به‌ڕاستی من پارێزه‌رێکی زانام.»
واته من ئهمانهتدارم و هیچ شتێک به‌فیڕۆ ناده‌م و به ته‌واوه‌تی چاودێری هاتوچۆی که‌لوپه‌له‌کان ده‌که‌م و له‌گه‌ڵ ئه‌وه ده‌توانم هه‌موو کاروباره‌کان به‌ڕێوه ببه‌م و نێوان خه‌ڵکی هه‌ژار دابه‌شی بکه‌م. داواکه‌ی یوسف به‌خاتری ته‌ماعی گه‌یشتن به هێز و ده‌سه‌ڵات نه‌بوو، به‌ڵکو زۆر تامه‌زرۆ بوو که خزمه‌تی خه‌ڵکی بکات. ئه‌و شیاوبوون و هێژابوون و ئه‌مانه‌تداری خۆی خسته ڕوو، ئه‌و شته‌ی که ڕه‌نگه پاشا لێی ئاگادار نه‌بووبێت.
کاتێک که به‌رپرسیاره‌تی ماڵ و سامانی کۆمه‌ڵێکی هه‌تیو به‌و دوو تایبه‌تمه‌ندییه به‌ستراوه‌ته‌وه، ئه‌وه بوونی ئه‌و دوو تایبه‌تمه‌ندییه بۆ به‌ڕێوبه‌رانی ماڵ و سامانی کۆمه‌ڵگایه‌ک و وڵاتێک زۆر گرینگتره. یوسف خۆی به‌و دوو تایبه‌تمه‌ندییه‌وه ناساند. دۆخی ئابووری ئه‌وده‌می میسر وابوو که پێویست بوو سامان و دارایی میسر زۆر به جوانی و ڕێکوپێکی به‌ڕیوبه‌رایه‌تی بکرێت و به‌تایبه‌ت له ساڵانی دواییدا که به هۆی خه‌ونی پاشا، ساڵانێکی ئه‌سته‌م و ویشکهساڵیان له پێش بوو و پێویستی به ئاوه‌زمه‌ندی و حیکمه‌ت و زانایی زۆرتر هه‌بوو.
له چیرۆکی سولهیمانیشدا هاتووه که کاتێک بابه‌تی هێنانی ته‌ختی پاشایه‌تی شاژنه به‌ڵقیس هاته کایه، به گه‌له‌که‌ی خۆی فه‌رموو:
«قَالَ یَا أَیُّهَا المَلَأُ أَیُّکُم یَأتِینِی بِعَرشِهَا قَبلَ أَن یَأتُونِی مُسلِمِینَ» (نه‌مل:٣٨)
واته: «وتی: ئه‌ی خه‌ڵکینه کامتان ده‌توانێت ته‌ختی شاژنه به‌ڵقیسم بۆ بهێنیت، پێش ئه‌وه‌ی بێن بۆ لام و ته‌سلیم ببن.»
«قَالَ عِفرِیتُ مَّنَ الجِنِّ أَنَا ءَاتِیکَ بِهِ قَبلَ أَن تَقُومَ مِن مَّقَامِکَ وَ إِنِّی عَلَیهِ لَقَوِیٌّ أَمِینٌ» (نه‌مل:٣٩)
واته: «دێوێک له په‌ریه‌کان وتی: من بۆت ده‌هێنم پێش ئه‌وه‌ی ده‌وام ته‌واو ببێت و له جێی خۆت هه‌ستیت، به‌ڕاستی من بۆ ئه‌و کاره خۆم به‌هێز و ئه‌مین ده‌زانم.»
شێخولئیسلام ئیبنی ته‌یمییه سه‌باره‌ت به‌و سێ هه‌ڵوێسته وته‌یه‌کی جوانی هه‌یه که پێویسته لێره ئاماژه‌ی پێ بکرێت:
«که‌سێکی چاکه‌کاری چاکه‌خواز له هه‌ر پله و پایه‌یه‌ک بێت، پێویسته بزانیت که به‌ڕێوبه‌رایه‌تی دوو ئه‌ستوونی هه‌یه: ده‌سه‌ڵات و ئه‌مانه‌تداری که خوای مه‌زنیش ئاماژه‌ی به‌و دوو خاڵه کردووه: «إِنَّ خَیرَ مَنِ استَأجَرتَ القَوِیُّ الأَمِینُ.»
هێز و ده‌سه‌ڵات له هه‌موو بهرپرسیارهتییهکدا گرینگه: ده‌سه‌ڵات له شه‌ڕدا پێویستی به بوێری و ئازایه‌تی و زیره‌کی هه‌یه که پیلانی باش بۆ دوژمن دانه‌رێت و سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنیت. چونکه شه‌ڕ پێویستی به فێڵ و پیلانه. خه‌باتکار پێویسته له هه‌موو چه‌شنه زانیارییه‌کانی سه‌باره‌ت به شه‌ڕ شاره‌زایی هه‌بێت وه‌ک: تیروکه‌وانی، وه‌شاندن، سواری، شوێنکه‌وتن و هه‌ڵاتن و… ده‌سه‌ڵات له داوه‌ری نێوان خه‌ڵکیدا، بۆ ڕێژه‌ی ئاگاداری له داوه‌رییه‌ک که له کتێب و سوننه‌تدا ئاماژه‌ی پێ کراوه و هه‌روه‌ها هێزی به‌جێگه‌یاندنی حوکم و فه‌رمانه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه.»
ئه‌مانه‌تداری ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ترس له‌خوا، که‌سێکی ئه‌مانه‌تدار ئایه‌ته‌کانی خوا به نرخێکی که‌م نافرۆشیت و ترسی خه‌ڵکی له دڵدا نییه. ئه‌و دوو تایبه‌تمه‌ندییه بۆ که‌سێکی که بیهه‌وێت له نێوان خه‌ڵکیدا داوه‌ری بکات پێویسته و له‌و ئایهتهشهدا ئاماژه‌ی پێ کراوه:
«فَلَا تَخشَوُا النَّاسَ وَ اخشَونَ وَ لَا تَشتَرُوا بِآیَاتِی ثَمَنًا قَلِیلًا وَ مَن لَّم یَحکُم بِمَا أَنزَلَ اللهُ فَأُولَئِکَ هُمُ الکَافِرُونَ» (مائیده:۴۴)
واته: «له خه‌ڵکی مه‌ترسن به‌ڵکو ته‌نها له من بترسن، ئایه‌ت و فه‌رمانه‌کانی من به نرخێکی که‌م مه‌فرۆشن، جا ئه‌وه‌ی حوکم و داوه‌ری به‌و به‌رنامه‌یه نه‌کات که خوا دایبه‌زاندووه، ئا ئه‌وانه بێ باوه‌ڕن.»
ئیمام ئیبنی ته‌یمییه له درێژه‌دا ده‌ڵێت:
«دوو تایبه‌تمه‌ندی هێز و ئه‌مانه‌تداری به ده‌گمه‌ن له که‌سێکدا کۆ ده‌بنه‌وه؛ هه‌ر بۆیه عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب ده‌یفه‌رموو: خوایه په‌نات پێ ده‌گرم له بوێریی تاوانبار و بێده‌سه‌ڵاتیی متمانه‌پێکراو. له هه‌ر بهرپرسیارهتییهکدا پێویستی به که‌سێکی چاکه‌کاری چاکه‌خواز هه‌یه، ئه‌گه‌ر که‌سێک له ئه‌مانه‌تداری و که‌سێکیتر له هێزی جه‌سته‌ییدا به‌هێز بێت، ئه‌وه تایبه‌تمه‌ندییه‌ک ڕه‌چاو ده‌که‌ن که بۆ ئه‌و ئه‌رکه زۆرتر پێویسته. له ئه‌رکی شه‌ڕ و خه‌باتدا که‌سی به‌هێز و بوێر له‌پێشتره، هه‌رچه‌ند ئه‌هلی سته‌میش بێت. که‌سی وه‌ها باشتره له که‌سێکی ئه‌مانه‌تداری بێهێزی بێده‌سه‌ڵات. پرسیاریان له ئیمام ئه‌حمه‌د کرد: کامێک له‌و دوو که‌سه بۆ سه‌رکرده‌یی شه‌ڕ شیاوتره: به‌هێزی تاوانبار یا چاکه‌کاری لاواز؟ فه‌رمووی: «به‌هێزی تاوانبار؛ هێزه‌که‌ی قازانج به موسوڵمانان ده‌گێنیت و تاوانه‌که‌شی بۆ خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام چاکه‌کاری لاواز قازانجه‌که‌ی بۆ خۆیه‌تی و لاوازییه‌که‌شی بۆ موسوڵمانانه؛ که‌واته تاوانباری به‌هێز بۆ شه‌ڕ باشتره.«
پاشان ئیمام ئه‌حمه‌د ئاماژه ده‌کات به شێوازی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له‌و بابه‌ته و ده‌ڵێت:
«هه‌ر بۆیه پێغه‌مبه‌ر(د.خ) هه‌ر که‌سه‌ی بۆ کارێک هه‌ڵده‌بژارد؛ جاری وابوو له ده‌ورووبه‌ری سه‌رکرده‌یه‌کی هه‌ڵده‌بژارد، که که‌سانێکی زاناتر و بهئیمانتریش هه‌بوون.»
پاشان بابه‌تی تێروته‌سه‌لی خۆی سه‌باره‌ت به ڕاڤه‌ی ئه‌و ئایه‌ته به‌و شێوه کورت ده‌کاته‌وه:
«له‌و بواره ئه‌وه‌ی گرینگه ناسینی که‌سی چاکه‌کاره و ئه‌و کاره ته‌نیا به ناسینی ئامانجی به‌رپرسیاره‌تی و شێوازی کار پێک دێت؛ ئه‌گه‌ر ئامانجه‌کان و ئهمرازهکان بناسرێن، ئه‌وه کار ئاسان ده‌بێته‌وه.»
ئیبنی ته‌یمییه هه‌روه‌ها وته‌یه‌کی دیشی له‌و بواره‌وه هه‌یه که ده‌بێ به ئاوی زێڕ بنووسرێته‌وه:
«که‌سی ئه‌مانه‌تدار –که به‌ره‌نگاری هه‌وای نه‌فسی ده‌بێته‌وه- په‌سه‌ندی خوای گه‌وره‌یه و خوای گه‌وره دوای ئه‌و ماڵ و خێزانی ده‌پارێزیت، به‌ڵام که‌سێک که به‌دوای هه‌وا و هه‌وه‌سی خۆی بێت، خوای گه‌وره به پێچه‌وانه‌ی مه‌به‌ستی ئه‌و سزای ده‌دات، بنه‌ماڵه‌ی ڕیسوا و ماڵ و سامانی له‌ناو ده‌بات.»
له‌و بواره‌وه به‌سه‌رهاتێکی به‌نێوبانگ هه‌یه: هێندێک له پێشه‌وایانی به‌نی عه‌بباس داوایان له هێندێک له زانایان کرد که باس له ئه‌زموونه‌کانی خۆیان بکه‌ن. یه‌کێک له زانایان وتی: عومه‌ری کوڕی عه‌بدولعه‌زیز له سه‌ره مه‌رگدا بوو و من لای ئه‌و دانیشتبووم؛ پێیان وت: ئه‌ی ئه‌میری ئیمانداران مناڵه‌کانت له ماڵ و سامان بێبه‌ش کردووه و ئه‌وانت دوای خۆت به هه‌ژاری به جێ دێڵی! وتی: مناڵه‌کانم بۆ بێنن. کوڕه‌کان که زۆرتر له ده که‌س بوون و هیچیان به ته‌مه‌نی خۆناسین نه‌گه‌یشتبوون، هاتن بۆلای باوکیان. کاتێک ئه‌وانی دیت فرمێسک له چاوه‌کانی ههڵهڕژا و وتی: سوێند به‌خوا من ئێوه‌م له مافتان بێبه‌ش نه‌کردووه؛ من که‌سێک نه‌بووم که ماڵی خه‌ڵکی بخۆم و بیده‌م به ئێوه. ئێوه له دوو دۆخ به‌ده‌ر نین: یا چاکه‌کار ده‌بن که خوای گه‌وره خۆی سه‌رپه‌رشتی ژیانی چاکه‌کارانه؛ یا چاکه‌کار نابن که له‌و دۆخه‌دا من هیچ شتێک بۆ ئێوه ناهێڵمه‌وه که له‌ڕێی گوناح و تاوان که‌ڵکی لێ وه‌رگرن. هه‌ستن و بڕۆن.
ئه‌و زانایه‌ی که ئه‌و بابه‌ته‌ی گێڕایه‌وه وتی: به‌چاوی خۆم دیتم که چه‌ند دانه‌یه‌ک له‌و مناڵانه‌ی، هه‌ر کامیان سه‌د ئه‌سپی له ڕێی خوادا به خه‌باتکاران ده‌به‌خشی.
ئیبنی ته‌یمییه هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئه‌وه پێشه‌وای موسوڵمانان بوو که به‌سه‌ر پانتاییه‌کی به‌رفراوان له‌جیهانی ئه‌و ڕۆژه له تورکستانی ڕۆژهه‌ڵات تا ئهندۆلێس و له جه‌زیره‌ی قیبریس تا سنووره‌کانی شام و نزیکی یه‌مه‌ن فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کرد و میراتی ئه‌و بۆ هه‌ر کام له مناڵه‌کانی که‌متر له بیست دینار بوو. زانایه‌کی که ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی بۆ په‌ند و ئامۆژگاری خه‌لیفه‌ی عه‌بباسی ده‌گێڕایه‌وه له درێژه‌دا وتی: هێندێک له خهلیفهکانیشم دیتووه که کاتێک میراتیان دابه‌ش کردووه، به هه‌ر کام له مناڵه‌کانی زۆرتر له شه‌شسه‌دهه‌زار دینار گه‌یشتووه و پاشان هه‌ر له‌و مناڵانه که‌سانێک هه‌ڵکه‌وتووه که له خه‌ڵک سواڵیان کردووه.
شێخولئیسلام ده‌ڵێت: له‌و بواره‌وه به‌سه‌رهات و چیرۆکی زۆر هه‌یه که بۆ هه‌ر که‌سێکی ژیر و تێگه‌یشتوو هۆی په‌ند و ئامۆژگارییه.
بۆ تێگه‌یشتنی زۆرتری ئه‌و یاسا قوڕئانییه، پێویسته کتێبی «السیاسه الشرعیه فی اصلاح الراعی و الرعیه» به‌رهه‌می پایه‌داری شێخولئیسلام ئیبنی ته‌یمییه بخوێننه‌وه.
خوایه یارمه‌تیمان بده له قوڕئان تێبگه‌یین و له گوفتار و کردارماندا ڕه‌نگ بداته‌وه و له که‌سانێکمان بژمێره که هه‌وڵ ده‌ده‌ن فه‌رمانه‌کانی تۆ به‌ڕێوه ببه‌ن.
سه‌رچاوه: ئیسلاح وێب
نووسین: د. عمر بن عبدالله المقبل
وه‌رگێڕ: کلثوم حسن زاده