شخصیت هاگفتگو

وتووێژێک لەگەڵ خوالێخۆشبوو مامۆستا ئەحمەد سەلیمی

مامۆستا سەلیمی

ئوستادی بەرێز، مامــــــــۆستای دڵسۆز
مەحبووب بووی لەلای هەموو گەل و هۆز
خادمی دین و حەدیـــــــــــــس و قوڕئان
ئەخلاقـــــــــــــــی پاکان بڕیا بــــە باڵات
ناوت ئەحــــــمەدبوو، فامــــیل سەلیمی
هەرچێ بارەو جێگەی تەمـــــــــــــجیدی
عیلم و زانین و ئەخــــــــــــلاق بێ وێنە
لە تۆ ئەباری لە هــــــــــــــەرچی شوێنە
شەهید لە ڕێگەی قوڕئان و میــــــــنبەر
لەبۆ هەژاران ئۆســـــــتادی و ڕێــــــبەر
گەلێک بێ فیـــــــزو بێ ڕییاو بێ دەمار
نازانم چــــــی بوو ئەم ئەجــــــــەلە هات
ئەتۆی بردەوە لە ناو گــــــــــــەل و وڵات
شەهیدی، لەسەر ئەخلاقــــــــــــــی پاکان
بەجێمانت هێشــــــــــــت بەرەولای پاکان
ڕۆیشتی بەرەولای کاروان ســـــــــــــالار
ئەتۆیش شەهیدی وەک باقـــــــی یاران
سەلام گەیێنە بە کاروان ســــــــــــــالار
بەڵکوو هاوارکا لای خــــــــــاوەن یاران
وڵات ڕزگارکا لە تاغــــــــــــــــــووتەکان
ڕزگارمان بکات لە زاڵـــــــــــــــــــمەکان
لە هەموو ســـــــــــــتەم و زوڵم و لاتە
وڵات پاکۆ کات لـــــــــە ڕووی حەیاتە


✍ مامۆستا محێدین دادەک

ــ سڵاوی خوای گەورەتان لێ بێ ئازیزانی هەمیشە هاورێی سایت و کاناڵی سۆزی میحراب، هاتینەوە خزمەتان بە دیمانەیێکی نوێ لە خزمەت کۆنەدەرێکی ڕێی تێکۆشانی ئایین و وڵات، مامۆستای زەحمەت کێش و ڕەنجدەر، مامۆستای ئەخلاق، هێدی و لەسەرخۆ مامۆستا مەلا ئەحمەدی سەلیمی، بە شێوازی پرسیار و وەڵام ژیانی خۆی لێ ئەپرسین و ئەویش بۆمان ڕوون دەکاتەوە. [خوالێی‌خۆشبێ] کاتی دیمانەکە مامۆستا لە ژیانا مابوو.
١ـ سەرەتا مامۆستاگیان پێناسەی خۆتمان بۆ بفەرموو، کەی هاوسەرگیریت کردووە، چەن منالیشت هەیە؟
٭ وڵام” بەناوی خوای گەورەو دڵۆڤان، سەلات و سەلام بۆ پێشەواوی ئاشتی خوازی مرۆڤایەتی سەروەرمان موحەممەد (س‌خ)، سڵاو بۆ خوشکان و برایان، بۆ میراتگرانی ئایین و مامۆستایان..
ـ ناوم ئەحمەدە، کوڕی ڕەحمان شۆرەت سەلیمی، لە بەرواری ١٣٣٣/١٢/٢٠ لە گوندی سیوچ لە ناو بنەماڵەیێکی هەژار دایک بووم.
ـ ساڵی ١٣٥٦ هاوسەرگیریم کرد لەگەڵ مەلەک خانم بەرهەمەکەی سێ کچ بوون بە ناوی جەمیلە، عائیشە، ئارەزوو، جاری دووهەم ساڵی ١٣٧٦ لەگەڵ خاتوون نازداری عەبباسی هاوسەرگیریم کرد بەرهەمی ئەویش دوو کوڕ و کچێ بوو بە ناوی مەلاعامیر کە تەمەنی ٢٥ ساڵەو لە ئاوایی کانی‌بەن پێشنوێژ و وتاربێژە، نەزیفە و موحەممەد..
٢ـ کەی پێتناوەتە حوجرە، هۆی بوونە فەقێت چیبوو، لە کوێ خوێندووتە؟
٭ وڵام” خوێندنم پتوپچڕ بووە! ساڵی ١٣٤٦ چوومە قوتابخانەی سەرەتایی تا پۆلی شەشم خوێند، ئنجا لەبەر ئەوەی تەمەنم بەرەوسەربوو لە قوتابخانە ڕێیان پێ نەدام درێژە بە خوێندن بدەم، ئنجا قسمەتم وابوو ڕووکەمە دەرسی ئایینی، مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای سەعیدی زەرواوی لە ئاوایی سیوچ مامۆستا بوو، چوومە خزمەتی دەستم کرد بە خوێندنی کتێبی [تصریف زنجانی و عوامل] ماوەیێکی پێچوو ڕۆشتم بۆ ناوشار لە مزگەوتی مامۆستا شێخ جەلال جێم گرت، مەلا عەبوڵای بێکەژ و حاجی مەلا رەوفی سیچانی، لەوێ موستەعید بوون، دەستم بە خوێندنی [انموزج] کرد، دوایی چوومۆ بۆ سیوچ دەستم کرد بە خوێندنی [اظهار و تصریف ملا علی]، ئنجا چووم بۆ گوندی نژۆ کە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای سووری تەشریفی لەوێ بوو کتێبی [کافیه]م لە خزمەتیا خوێند، ئنجا کەشکۆڵم هەڵگرت بەرەو ئاوایی واوانی سەردەشت بۆ خزمەت مەلا حسەین، لەوێش کتێبی [جامی]م خوێند. ئەوجار ڕۆشتم بۆ ئاوایی دولکانی ئالانی سەردەشت بۆ خزمەت مامۆستا مەلا محەممەد، دوای ماوەیێ گەڕامۆ بۆ دێکەی خۆمان سیوچ. ئنجا ساڵی ٥٢ هەوەڵی پاییز گرتیانم بە سەرباز،
ـ هۆنەر ئەڵێ:
نیزام نیزامە خۆم کوڕە سەربازلێر
لێرەم ناهێڵن دایەگیان ئەمبەن بۆ ئەهواز،،
بەڵێ دوای دوو ساڵ سەربازی گەرامەوە بۆ بانە، چووم بۆ بۆیەن‌سەر لە خزمەت مامۆستا ئەحمەدی داودی دوو کتێبی [جامی و سیوطی]م خوێند. ئنجا ساڵی ١٣٥٥ دەوڵەتی شاهـ پڕۆژەی (آموزشیاری پیکار با بیسوادی) هێنایە وڵات، بۆ ئەم کارەش تاقیکاری ئەویست، منیش هەوڵم بۆداو پلەی باشم مسۆگەر کرد و سەرکەوتوو بووم، هەر پاییزی ئەو ساڵە لە سیوچ یانەی خوێندنم دانا بۆ مناڵان و قوتابیان، هەر لەو پاییزەدا سیوچی سەروو مزگەوتیان دروست ئەکرد بوومە مەلایان و یانەم دانا بۆ کوڕان و کچان لە ژێر ناوی [ فێرکاری دژی بێسەوادی] تا ساڵی ٦١ مامەوە، ئنجا هاتمەوە بانە بووم بە مامۆستای دینی و قوڕئان.
ئنجا هەر ساڵەی لە شوێنێ بووم وەک ئەوی ساڵی ٦٣ ناردیانم بۆ ئاوایی سماقان بوومە فێرکاری قوتابیانی ئەوێ، ساڵی ٦٤ چووم بۆ ئاوایی بەردەڕەش لەوێش لە لایێکەوە قوتابی نادێم هەبوو لە لایێکی‌تریشەوە خۆم بوومە قوتابی حاجی مامۆستای بەردەڕەش (مامۆستا مەلا محەممەدی عەزیزی) لە خزمەتیا درێژەم‌دا بە فەقێیەتیەکەم ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ، ئنجا لە کۆتایی هاوینی ٦٥دا لە زمەتیا فەقێیەتیم تەواو کرد.
٣ـ لای چ مامۆستایانێ دەرست خوێندووە، ناودارترینیان کامانەن، کامیان زۆرتر شوێنەواری لە خوێندنی تۆیا بووە؟
٭ وەڵام” هەر لە دەسپێکی خوێندنم ئەوە لە دێی خۆمان لە خزمەت؛
ب‌ـ مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای سووری
ج‌ـ مامۆستا مەلا ئەحمەدی داودی
د‌ـ مامۆستا مەلا ئەحمەدی دافعی
هـ‌‌ـ مامۆستا شێخ محەممەدی ساوان
وـ مامۆستا شێخ محەممەدی خدری
زـ حاجی مامۆستای بەردەڕەش
  زۆر لە خزمەت مامۆستای بەردەڕەش‌دا دەرسم خوێندووە، ئەو زۆرترین شوێنەواری لە ژیان و خوێندن و تێگەیشتن و پێگەیشتنی منا بووە، چونکە لە لایەنی خوێندن و تێکەڵاوی و لەگەڵ خەڵک بوون و… لە بیروڕای من کاری کردووە، هەرچی فێربووم لەوی ئەزانم.
٤ـ چ ساڵێ تەواو بوویت، ئەو مەراسیمەمان بۆ باسکە؟
٭ وەڵام” بەڵێ ساڵی ١٣٦٥ کە تەواو بووم بە ڕاوێژی حاجی مامۆستاو خەڵکی ئاوایی بەردەڕەش بڕیاردرا ڕێ‌وڕەسمێکی بۆ پێک بێنین، حاجی مامۆستا خەڵکێکی زۆری لە مامۆستایان و ناوداران لە شارودێی بانە و سەردەشت بانگهێشت کرد، کۆڕێکی خۆش و خنجیلانە بوو، خەرجی ئەو مەراسمە دوو نەفەر کێشابوویان؛
١ـ کاک ڕەحیم سووتوویی ماڵی هەر لە بەردەڕەش بوو.
٢ـ کاک ساڵەح کوڕی حاجی ئەحمەد بانەیی، خوای گەورە پاداشیان باتەوە.
٥ـ بیرەوەرێک کە شوێنەواری بووبێ لە دەورانی فەقێیەتی تۆیا چییە؟
٭ وەڵام” لەگەڵ مەلاعەلی سیوچی خوالێی‌خۆشبێ لە مزگەوتی مامۆستا شێخ جەلالی مەرحووم ئەمان خوێند. وتمان با بچین بۆ ئەو دێیانە ڕاتبە بکەین! ڕۆشتین لە نجنێ و نەمەشیر و کەشێنەوە بەرمان پیاگرت بە دەقنەو گەڕان تا گەیشتینە ئاواییەکانی سیسێر و نستان و وەڵیو و وەڕگێڕی بەشی سەردەشت! هیوابوو قەندی ئەهێنا، هیوابوو چای ئەداینێ، هێندێ جار پارەشیان ئەهێنا، هەر ماڵەی شتێک، لەم دەورەیا ماوەی دە ڕۆژمان پێچوو! هەر یەکەی سەد تمەنمان دەستکەوت! پووڵێکی زۆربوو لەو خەڵکە بەزیادبێ، چووین هەریەکەی دامان بە قاتێکی ڕێکوپێک و خۆمان سەرتاپێ نوێ کردەوە.
٦ـ لە چەن دێ خزمەتت کردووە، جۆری بژیوی و ژیانتان چۆن بووە بۆمان بفەرموو؟
٭ وڵام” مەلایەتی من لە گوندی سیوچی سەروو دەستی پێکردووە، لە پاییزی ساڵی ١٣٥٥ تا ساڵی ١٣٦١ لەوێ پێشنوێژ بووم، داهاتی ساڵانەم (٢/٥٠٠) تمەن بوو، ساڵ بە ساڵ کەمێکی زیا ئەکرد، ئنجا ساڵی ٦٢ ماوەی ساڵێ لە ساڵحاوای بانە مەلابووم، چونکە شار بۆمب باران ئەکرا داوام کرد بمنێرن بۆ دیهاتێک، ناردمیان بۆ سماقان، بوومە مامۆستای سەرەتایی قوتابیانی ئاوایی، پاییزی ئەو ساڵە مامۆستای ئاوایی مەلا ڕەحمانی قادری فەوتی کرد خوا عەفووی کا. ئەو ساڵە مەلایەتیم بۆ کردن. ساڵی ٦٥ چوومە ئاوایی باغڵووجەی سەقز ساڵێک مامەوە، فەقێم ڕاگرت، کەچی ساڵی دوایی وتیان فەقێمان بۆ بەخێو ناکرێ، جوابکردنێکی ماقووڵانە بوو هەستام چووم بۆ دێی وێڕقوڵ ساڵێکیش لەوێ گیرسامەوە. ساڵی ٦٧ مامۆستا سەید عومەر [بەڕەحمەت بێ] تەشریفی چوو بۆ ئاوایی ئایچی، دۆستان وتیان بۆ نایەی بۆ قاراوای سەقز؟ بەڵێ ساڵێکیش لەوێ مامەوە دڵگەرم بووم کەچی ساڵی دواتر خەڵکی سیوچ هاتن بە دواما بمبەن ببمە مەلایان! هاتم لەگەڵیان دوو ساڵیش دیسان لە سیوچ مامەوە. پاشان ساڵی ١٣٧٠ هەستام بارگەوبنەم پێچاوە ڕۆشتم بۆ گوندی داڵانی دیواندەرە، دوای ساڵێک چووم بۆ دێی قەڵاڕووتەڵا تا شەش ساڵ دانیشتم، پاش ئەوێ یەکسەر هاتمە دیهاتی زێویەی بانە بۆ ماوەی سێ ساڵ. بەڵێ لەم دێیانە بە یارمەتی خەڵک ژیانم بردۆتەسەر، ساڵانە نەختێ پووڵیان بۆ دادەنام، زەکات و سەرفیترەیان بۆ دێنام، لە باغڵووجە گەنمیان دانابوو وەک بەرات، لە هەر دێیێک کارێکیشم بۆ هەڵکەوتایە ئەمکرد لەبەر ئەوەی ژیانم بە چاکی بەرێوە بچێت.
٧ـ کەی ئاشنا بوویت لەگەڵ مامۆستا ئەحمەد شافعی؟
٭ وڵام” سەرەتای ئاشنایەتیم ئەگەرێتۆ بۆ ساڵی ١٣٦٦ ئامووشۆی مامۆستا ئەحمەدی شافعیم ئەکرد کە تەشریفی لە شوێ بوو [حفظەاللە]ئنجا چووم بۆ ناوچەی دیواندەرە لەوێشۆ هاتووچۆی سنەم ئەکرد، لەگەڵ بەرێزان کاک عەلی ڕەحمانی و مەلا عەبدوڵڵای ئێرانی ئاشنابووم، کەڵکم لە پەند و مۆچیاری ئەوان وەرئەگرت…
٨ـ بیرەوەری خۆت لە یانەو وانەی پەروەردەیی ئەو ڕۆژگارەی خۆت بفەرموو؟
٭ وڵام” ئیشی مامۆستا بە زۆری پەروەردەییە، بەڵام ڕاهێنانی تاکی بە نرخترە، ئەوە کە یەک نەفەر لەگەڵی دائەنیشی و دڵسۆزی بۆ ئەکەی، هەڵئەسی بە پەروەردەکردنی، پێی وایە نرخ و بایەخت پێداوە، خۆی بە کامەران ئەزانێ، بە چاکی قسەت لێ وەرئەگرێ. ئەوساتانەش یادیان بەخێر لە پۆلی چەند نەفەرەیا ئەچووین بۆ دێکانی سنە و دیواندەرە لە خزمەت مامۆستایانا دائەنیشتین بۆ فێربوونی وانەی پاکژی دڵ‌ودەروون و ڕەفتارمان.
٩ـ سەبارەت بە زانستە شەرعییەکان و قوڕئانی پیرۆز، ئایا وتوتنەوە؟
٭ وەڵام” بەڵێ، ئەوندەی لە تواناما بوبێ خزمەتم پێ کردوون، لەم شوێنانە کە فەقێم بووە وەک باغڵوجە، سنە و دیواندەرە، قاراوە و وێرقوڵ، قەڵاڕووتەڵەو سیوچ و.. زانستە شەرعی و ئەدەبیاتی عەرەبیم وتووەتەوە، دیارە بەڕێزت ئەزانی هەر مامۆستایێ کە ئەبێتە فەقێ لە قوڕئانەوە دەست پێ ئەکا ئیتر تا ئەمرێ هەر لە خزمەت قوڕئانایە بە لەبەرکردن و وتنەوەی بە گەورەو چکۆلەو پیرو لاو و ئافرەت و کچۆڵە و…
١٠ـ چۆن بوو لە کۆمپانیای هەرەوەزی سنوور نشینان [شرکت تعاونی مرزنشینان] دامەزرایی؟
٭ وڵام” لە زستانی ١٣٧٦ دەوڵەت ویستی بۆ بەرژەوەندی و گوزەرانی خەڵکی شەریکەیێ دانێ، بەخشداری ئەوسا چالاکی ئەنواند بۆ ڕێکخستنی ئەو کۆمپانیایە، هەرکەس ١٠ هـ ت بدایە ئەبووە ئەندام، منیش چوومە پێشۆ خۆم بەربژێر کرد بۆ کارگێڕی گشتی [مدیر عامل] یەکەمم هێنا، بەخشدار وتی: ئەم پلەیە بۆ تۆ نابێ ببە بە گەورەی دەستەی بەڕێبەرایەتی [هیئت مدیرە] منیش زانیم وام بە قازانجە پەسەندم کردو فرۆشگەمان دانا، جا لەبەر ئەوەی کاری‌کەم نەبوو بۆیە هاتمەناو ئەم شەریکەیە.
ــ باشە کۆسپ و ناخۆشی هەبوو؟
٭ بەڵێ، هەموو ئیشێ ئێشی خۆی هەیە، کەم‌کەم شتوومەکمان بۆ هێناو فێری کارەکەی بووم، نەمهێشت گرێوگۆڵی سەرەکیم بۆ پێش بێت، بەڵام چون بە قەرز شتمان ئەیا بە کڕیارو خەڵکی، هیوابوو بە دروستی قەرزەکەی ئەداوە، هیوابوو دوای ئەخست، هیواش بوو لاساری لەگەڵ ئەکردین! فرۆشیاری سەبر و تاقەت و توانای ئەوێ.
١١ـ بۆ چاکتر بەڕێوە بردنی ژیانی مامۆستایان چ پێشنیارێکت هەیە؟
٭ وەڵام” برایان، مامۆستایەتی خزمەت بە دینە، پیشە نیە! دیارە لە کۆنەوە خەڵکی ژیانی مەلایان بەڕێوە بردووە، هەردەبێ واشبێ! چون مامۆستا؛
اـ یان ئەبێ خۆی قۆڵ هەڵماڵێو ئیش بکا
ب‌ـ یان ئەبێ خەڵک خزمەتی بکەن
ج‌ـ یان ئەبێ هەم خۆی و هەم خەڵک ژیانی مامۆستا دابین بکەن.
جا ئیستا تەنیا خۆی کاربکا ناتوانێ ئەرکی دینیەکەی جوان بەڕێوە ببات، ئەوەش ئەزموون نیشانی داوە، لەبەر ئەوەی مەلایەتی بریتی نیە لە بەرنوێژی و تەواو! ئەی وتنەوەی زانستەکان و دەرسە عەرەبییەکان [ادبیات عرب] قورئان و ڕاڤەی، ئامۆژگاری و گرێ‌بەستی هاوسەران، مرد ناشتن و کاری حەل کردنی سەوداو جوابی پرسە شەرعییەکان، ئاگاداری‌دان بە خەڵکی لە مەرامی زاڵمان و ڕاگرتنی بیری نەتەوایەتی و… کەوابوو ئەو خزمەتەی خەڵک بە مامۆستای ئەکەن خزمەت بە دینی بزانن، وابزانن خزمەتیان بە دین کردووە، بە خزمەت بە خوددی مەلای نەزانن، وانەزانن خزمەت بە مامۆستا دەکەن، ئەگەر وابوو… خەڵکی موسوڵمان خزمەت بە مامۆستایان کرد منەتی سەرناکەن و ژیانی بەشێوەیێکی باش بۆ دائەمەزرێنن.
١٢ـ چۆنت توانی یەکێ لە کوڕەکانت بکەیتە فەقێ؟
٭ وڵام” جارێ سەرکەوتن و هیدایەت بە دەست خوایە، خوای گەورە خستیە دڵیەوە ببێتە فەقێ، بۆخۆشی ئەو تامەزرۆییەی بۆ دروست بوو ئارەزووی خوێندنی حوجرەی بکات، چۆن! بۆخۆشم پێم خۆشبوو ببێتە فەقێ و مەلای باشی لێ دەربێ، هەرچەند بێ کۆسپ و گرێوگۆڵ نەبوو ئەو ڕێیەی ئەو ئەیبڕی و پێوایی. بە بڕوام هۆکەی ئەگەڕێتۆ بۆ ئەوەی سەیرەکەی چواردەورەی بەزۆری مەلان، بۆیە ژینگەی دەوروبەر ڕۆڵی هەیە؛ باپیرەی بە ناوی حاجی مەلا عەبدوڕەحیم عەبباسی پێشنوێژ و وتاربێژی ئاوایی بڵەسەنە، باوکی مەلایە، دوو خاڵی بە ناوەکانی مەلا ئەحمەد و مەلا محەممەد عەبباسی مامۆستان، برایێکی‌تری بە ناوی مەلا ئەحمەد سەعیدی کە باوکیان جیایە و دایک بران مەلایە [قەدەری خوا وایە خەزووریشی مەلایە] ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی مەلایەتی لا شیرین بێ و هەوڵی بۆ بات، بۆیە خوای تەعالا سەرکەوتی کرد و ئیستا پێشەوای گەلی کانی‌بەنی پشت ئاربەبایە.
١٣ـ هۆی کەمبوونی فەقێ و بەزۆری پەککەوتنی حوجرەکانی کۆمەڵ لە کوردوستان چیە؟!
٭ وڵام” کەمبوونەوەی فەقێ لە کوردوستان ئەگەرێتەوە بۆ چۆنیەتی هەڵسووکەوتی خەڵک! کۆمەڵگا جۆراوجۆرە؛
اـ هیوایە پێی خۆشە دەوڵەمەندبێ، مەلایەتیش هەژارییە، بە نەداریش ڕازی نابێ.
ب‌ـ هیوایە پێی خۆشە بۆخۆی ژیان کات نەک خەڵک بیژیێنێ، پێی وایە مەلایەتی سواڵکردنە.
بۆیە حەزیان لەم لایەنە نیە مەگەر کەمینەیێکی کەم! بەڵام لە هەموان گەورەتر ئەوەیە فەقێ ئەبێ ئەو بیرۆکەی لەلا دامەزرێ خۆی تەرخان کا بۆ خزمەت بە دین، ئنجا باوک و دایک و کەسوکار و دۆست و ئاشنا هەڵی نێن بەرەو پێش بۆ کارەکەی یانی نابێ سارد وەبێ، ئەگەر نەیار نەیاری کرد ساردی کردەوە با کەسوکار گەرمگوڕی کەن، ئنجا چاوەڕێی پاداشی مەزن بن لە خزمەت خوای گەورەیا. وەک ئەفەرموێ: هەر کەس مناڵێکی بکاتە فەقێ لە قیامەتا تاجی زێڕین ئەکرێتە سەری دایک‌وباوکی بە دیار خەڵکی مەحشەرەوە.
ــ زۆرێک لە مامۆستایان ورەیان کزەو لاواز! زوو وەڕەز ئەبن کوڕەکەیان ناکەن بە فەقێ، ئەڵێ: خۆم چیم لێ بەسەرهات ئەویش وای لێ بەسەردێ! هەرچەن مامۆستایان ئەبێ لۆمەی لۆمەچیان شوێنەواریان لەسەر دانەنێ.
ــ زیا لەوەش پڕوپاگەندە بۆ مەلاو فەقێ زۆر ئەکرێ!.
١٤ـ لە ڕوانگەی تۆوە کێشەو کۆسپەکان لەبەر دەم مامۆستایان و بانگەوازی گشتی، بە تایبەت لە بانگهێشت کردنی لاوەکاندا، بۆ بەدی هێنانی خاڵە سەرەکیەکانی دین و دینداری کامانەن؟
٭ وڵام” دەبێ عەرزتان کەم بانگەواز بە گشتی بۆ فێربوون و وەرگرتنی ئەحکامی دین و کارە سەرەکیەکانی دین بێت، بۆ ئەوەبێ ئینسان دیسان فێری ئیسلام بێت. چونکە ئێمە ئەمانەوێ کۆمەڵی ئیسلامی پێک بێت، ئەوەش وەختێ دروست ئەبێ یەک یەکی ئەو خەڵکە پەروەردە بکرێت. بەداخەو ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ باسی حیزب و گرووهـ و دەستەجات ئەکرێ کێشە نیە بەس باسی ئەوە بکرێ کە موسوڵمانیش ئەبێ لە چوارچێوەی حیزبێکا ساماندەهی بکرێ و خۆی وەبینێتۆ تاوانە! مەخابن زۆر مامۆستاش هەیە ئەڵێ نابێ مامۆستا بچێتە ناو تاقم و گرووهـ! ئەوەیە کابرا بزانێ پەیوەندیت بە دەستەیێکەوە هەیە سڵەت لێ ئەکات! ئیتر قسەت لێ وەرناگرێ، لەبەر ئەمەیە ئینسان کەسی بۆ پەروەردە نابێت..
١٥ـ وەرگێڕاو یا دانراوت هەیە؟
٭وڵام” ئەڵێم بە داخەوە ئەو کارەم لە دەست نەهاتووە، یا هەلم نەبووە، یا توانام نەبووە، بۆیە هیچیانم نیە.
١٦ـ چۆن لە بەرنامەکانی بیرۆکەی سەوز تێدەگەی؟
٭ وڵام” لەم چەن خاڵا جواب ئەدەمەوە؛
١ـ بیرۆکەی سەوز، خۆی یەکگرتن و کۆبوونەوەی لایانگرانیەتی، یانی ئەوانەی لایانگری بیرۆکەی سەوزن، بیرۆکەی سەوز کۆیان ئەکاتەوە..
٢ـ جێگەی دەربڕین و ڕوونکردنەوەی زۆرێک لە هەڵوێستە دینیەکانە…
٣ـ جێی ناساندنی براو خوشکانە بۆ یەکتر..
٭ پێشنیارم ئەوەیە” پەیامەکان زۆرن پێ ڕاناگەین هەموویان وەخوێنین، بۆیە ئەڵێم سنوورداریان کەن.
١٧ـ دوایین پرسیار” چ ڕاسپێریێکت هەیە [توصیە] بۆ مامۆستایان؟
٭ وەڵام” من لەوە چکۆلەترم کە سفارشی مامۆستایان بکەم بەڵام لە ڕووی ناچارییەوە ئەڵێم:
ـ مامۆستایان ئەبێ لەگەڵ هەموو کەس بە دڵسۆزی هەڵسووکەوت بکەن..
ـ بەردەنگەکە بە کەسی خۆیانی بزانن.
ـ هەرچییان پێ وتن بە جوانی تێیانگەیێنن، چونکە دین ئەفەرموێ: (الدِّينُ النَّصِيحَةُ) دین سەراپا دڵسۆزییە، دڵسۆزی زۆر چاکە.
ـ دەبێ لەگەڵ یەکا زۆر ڕاست بین، هەموو ڕاستییەکان لەگەڵ یەکترا بدرکێنین، شاردنەوە خراپەو زیانی هەیە! ئەگەر لەگەڵ یەکا ڕاست بین یارمەتی خوامان بۆ دێ.
👈 سُبْحَانَ رَبِّكَ رَبِّ الْعِزَّةِ عَمَّا يَصِفُونَ (180)
وَ سَلَامٌ عَلَي الْمُرْسَلِينَ(181) وَالْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ (182)…

وتووێژکار: عومەر ڕەشیدی
// ئامادەکردنی” سەعدی مورادی بەدەسکاریەوە

نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا