اصولفقه

پرسه وسه ره خوشی له نیوان عاده ت و عیباده ت

پرسە و سەرەخۆشی لە نێوان عادەت و عیبادەت

پرسە و سەرەخۆشی ئەمرۆ لە زۆرێک لە وڵاتان بە تایبەت لە وڵاتی کوردەواری بووەتە گرفتێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و وەک دەزانین هەرکەس بڕێک ناسیاو بێ ڕۆژ نییە سەرەخۆشیەک یان چەند سەرەخۆشی نەچێت. ئەو کارەش بێجگە لە دەست چوونی کات، زیانی ماڵی و تەنانەت خەتەری گیانی و مەرگیشی هەر پێوەیە زۆر هەبۆە کۆمەڵێک، لە سەفەری پرسەدا گیانیان لەدەست داوە سەرەخۆشییان بۆ دانراوە.

دەمانهەوەێ له‌م وتاره‌دا ئەوە ڕوون بکەینەوە کە ئایا ئەو شێوە سەرەخۆشی دانان و کردنە لایەنی دینی و عیبادەتی هەیە یان هەر عادەتێکە وردە وردە لە ناو کۆمەڵ دا سەری هەڵداوە، بۆ ئەو کارەشمان پەنا دەبەینە بەردەقە دینیەکان و کتێبە شەرعییەکان.

لەم سەرچاوانە دەردەکەوێ کە بۆ هەر دوو، شوشتن و کفن و نوێژ و ناشتن واجبن و ئەگەر نەکرێن هەرکەس بە پێی بەرپرسایەتێک کە هەیەتی گوناهبار دەبێ.

دواناشتنی مردوو لەسەر کەس و کارەکانی واجبە وێڕای خۆراگری و دووری لە ناشکوری و گریانی بە دەنگ، ئەگەر ماڵی لەپاش بەجێی مابوو قەرزەکانی بدەنەوە، هەقی خوای وەک زەکات، نەزر، کەفارەت، ڕۆژوو، حەج و ئەوانەی لێ دەرکەن، وەسیەتەکانی جێ بە جێ بکەن و پاشان ئەوەی مایەوە بەو پێیە شارع دایناوە لە ناو میراتگرەکاندا دابەشی بکەن.

بۆ خەلکی دەوروبەر و ناسیاویش سوننەتە سەرە خۆشییان لێ بکەن، بەڵام نەک بەو شێوەی ئەمرۆ بۆەتە عادەت وەک پێک هێنانی کۆری مەجلیسی رازاوە و خەرج کردنی ماڵێکی زۆر لەلایەن ماڵی مردوو یان خەڵکەوە، لەکاری بوونی چەند رۆژە، سەفەر کردن بۆ دوور و بە فیڕۆدانی مال و کات و ئەو هەموو زەرەرو زیانەی کە لەم بابەتەوە دەکەوێتەوە. دەستوری دین لەبارەی یارمەتی ماڵییەوە ئەوەیە کە بۆ ماوەی شەوو ڕۆژێک واتە بۆ سێ جەم دەرو جیرانەکان بۆ ماڵی مردو خواردەمەنی بنێرن چونکە لەبەر تازیەباری و نارەحەتی دەستیان نارواتە چێشت لێنان، ئەوەش لەو حەدیسەی پێغەمبەر –د- وەرگیراوە کە کاتێک جەعفەری کوری ئەبوتالیب لە شەڕی موتە لە جیهاد لەگەڵ ڕۆما شەهید کرا پێغەمبەر فەرمووی «واتە ماڵی جەعفەر لەوە کە خواردەمەنی یان بۆ سازکەن لە بیرمەکەن چونکە ئەوان خەریکی کارووباری مردووەکەیانن».

لە کتێبە شەرعییه‌کاندا هاتوە کە ئەویارمەتی بۆ شەوو رۆژیکان واتە بۆ سێ ژەمانە و لەوە هیچ کەس بە بۆنەی سەرەخۆشێ وە هیچ نادا بە کەس و بە پێی شەرع ئەو مەسرەفەی ئەمرۆ دەکرێت چ هی ماڵی مردوو چ هی خەڵک بۆ هەرکەس بێ، بێ جێیەو بە فیڕۆ دەڕوات. تەنانەت ئەگەر مردووش وەسیەت بکات لە ماڵی ئەو میوانداری بکرێت بێ جێیەو نابێ ڕەفتاری پێ بکرێت.

هەر بەڕاستی ئەگەر ئەو فەرهەنگە غەڵەتە هەڵبگیردرێ و ئەو پوڵ و ماڵەی کە ساڵانە خەرجی سەرەخۆشیەکان دەکرێ خڕ بکرێتەوە سەریەک چ پڕۆژە گەلێکی گەورەی پێ دەچێت و ئەگەر تەواوی ماڵ و کات و هەزینەکانی تری سەرە خۆشی لێک بدرێتەوە پێتان وایە کە چ زیانێکی گەورەی ئابووری بە رۆکی خەڵکی گرتووە و بەرەو پاشی دەگێرێتەوە.

سەبارەت بە دڵدانەوەشەوە پێغەمبەر –د- فەرموویەتی «واتا هەر کەس لەکاتی مسیبەت دا دڵی خوشک و برای بداتەوە خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەت دا لیباسی رێز و حورمەتی دەبەر دەکا».

لەو فەرموودە و فەرموودە گەلێکی ترەوە دەردەکەوێ کە دڵدانەوەی هەر کەسێک کە تووشی بەڵا و مسیبەتی مەرگ و یان مسیبەتێکی تر هاتبێت زۆر خێرە و هۆی پاداشی پاشەڕۆژە.

بەڵام نەک بە شێوەی ئێستا، کە دەبێ خاوەن مردوو مەجلیس بگرێ و بۆ ماوەی پتر لە حەوتویەک پیر و لاوی، ژن و پیاوی بە پێوە بوێستێ و خەڵک بە خێر بێنێ و لەباتی دڵ خۆش بوون خەم و خەفەتی زیاتر بێ و مەرگی خۆشی بە ئاوات بخوازێ!

لەبارە سەرەخۆشیەک لە ماوەی دو-سێ سەعاتان دا سەتان کەس لە ناسیاو و نەناسیاو دێن و دەڕۆن و تەنانەت هاتنی هەندێکیان لەبەر ورۆژمی وێکڕای جەماوەر بۆ خاوەنی مردوو مەعلووم هەرنابن. زۆر کەس هەیە دووجار و سێ جار دەچێتە سەرەخۆشی لە کاتێک دا کە بە پێی لێک دانەوەی زانایانی دینی و کتێبە شەرعیەکان نابێ بە ئەنقەست بچی بۆ سەرەخۆشی بەڵکو ئەگەر لە ماوەی سێ ڕۆژ پاش ناشتنی مردوویان پێ زانینی مردنەکە، واهەڵکەوت تووشی کەس و کاری مردوو بووی خێرت دەگاتی دڵخۆشی بدەیتەوە و دوعای خێر بۆ خۆی مردوەکە بکەی. دیسان هەر ئەم سەرچاوانە دەڵێن دووپات کردنەوەی سەرەخۆشی مەکروهـ و ناپەسەندە. لە هەموان سەیرتر و حەرامتر ئەوەیە کە خاوەنی مردوو لە خەڵک دەگێڕێتەوە و خەڵکیش بە جوابی دەعوەتەکەوە دەچن و بۆ هیچ یارمەتیەکی ماڵیش تێدانین!

لێرەدا بۆ متمانەی زیاتر و پرسیار و وڵامێک لە کتێبی «إعانه الطالبین» کە کتێبێکی شەرعی مەزهەبی شافیعییە نەقڵ دەکەین کە بەم شێوەیە:

«پرسیار: بیرو ڕای موفتیەکانی بەلەدولحەرام (مەککە) چییە سەبارەت بەوەی کە لەهەندێک شوێنان دەگەڵ مردنی کەسێک جیران و ناسیاو خردەبنەوە و ئەهلی مردووەکەش لە ڕووی لەڕوودا مانەوە وە خۆیان تووشی کوێرەوەری دەکەن و خۆراکیان بۆ ئامادە دەکەن. ئایا ئەگەر دەسەڵاتداری ڕۆژ وەک بەزەیی هاتنی بە ئەهلی مردوو لەو کارەش بگرێ و خەڵک بگێرێتەوە سەر سوننەتی پیغەمبەر –د- کە فەرموویەتی: «دەبێ خەڵک نان بدەن بە مسیبەت لێدراو» نەک بە پێچەوانە، چۆنە؟ تکایە وڵاممان بدەنەوە؟»

«وڵام: سپاس بۆ خوای تاک و تەنیا سەڵات و سەلامی خوا لە سەر گەورەمان موحه‌ممه‌د و ئال و یارانی و هەرکەس پێ کەوە شوێن ئەوان کەوتوە. خوایە داوات لێ دەکەم یارمەتیم بدەی بۆ دانەوەی وڵامی ڕاست. بەڵێ، ئەوەی خەڵک دەیکا کە دێن لە ماڵی مردوو کۆ دەبنەوە و خواردەمەنیان بۆ سازدەکرێ بیدعەت واتە شتێکی داهێنراوی ناحەزە و ئەگەر دەسەڵاتدار مەنعی بکا خێری دەگاتێ. زانای گەورە «احمدبن الحجر» لە کتێبی «تحفه المحتاج بشرح المنهاج»دا گوتویە: سوننەت وایە جیرانەکەکانی ئەهلی مردوو بۆ شەوو ڕۆژێک لە قەدەر تێرکردن خواردەمەنی بۆ ئەهلی مردوو ساز بکەن بە دەلیلی حەدیسی سەحیح کە پێغەمبەر –د- فەرمووی: بۆ ماڵی جەعفەر خواردەمەنی سازبکەن چونکە ئەوان خەریکی کاری مردووەکەیانن چاک وایە زۆریشیان لێ بکرێ بۆ خواردن. لەبەر ئەوەی پێیان عەیبە بخۆن یان ئەوەنا نارەحەتن. سازکردنی خواردەمەنی بو “نائحات” واتە ئەو ژنانەی بە مردوو هەڵدەڵێن حەرامە. چونکە یارمەتی دانە لەسەر گوناە. ئەوە کە بۆتە عادەت کە ئەهلی مردوو خواردەمەنی سازدەکەن و خەڵکی بۆ بانگ هێشتن دەکەن بیدعەتێکی مەکرووهە هەروە وڵام دانەوەی ئەو دەعوەتە مەکرووە و ناپەسەندە. چوونکی جەریر خوا لێی ڕازی بێ دەڵێ ئێمە کۆ بوونەوەی ماڵی مردوو و سازکردنی تەعاممان دوای ناشتنی، بە بەشێک لە«نیاحه» (پێهەڵگوتنی مردوو لەلایەن ژنانەوە)دەزانێ چونکی وەک ئەو نیشنانەی گرینگی لەڕادە بەدەر دانە بە ناراحەتی و خەم داگرتن بۆ مردووەکە. بەوەڕا دیارە کە کۆ بوونەوەی ئەهلی مردووش لە جێگایەک بۆ ئەوە خەڵک بێت سەرەخۆشیان لێ بکات مەکرووە و ناپەسەندە. بەڵکوو دەبێ پاش ناشتنی مردووەکە بە دوای کارو باری خۆیان دابڕۆن جا ئەگەر کەسێک (بەهەڵکەوت) توشیان هات سەرە خۆشیان لێ بکات…» شایانی باسە کە هەروەک پێک هێنانی کۆر و مەجلیس بیدعەت و ناڕەوایە فاتیحەدادانیش بۆ کاتی سەرەخۆشی هەر بیدعەت و دروست کراوەو ئەو کارە لە چاخی پێغەمبرە –د- و ئەسحابەکان دانەبووە بە تایبەت ئەوە کە هەر مەلای مزگەوت بۆ خەڵک فاتیحە دادات شتێکی بێ جێ و ناڕەوایە.

هەندێک لە بیدعەت و کارە ناشەرعیەکانی مردوو ناشتن و سەرەخۆشی بێجگە لە دانەی گونران بریتین لە:

۱) مردوو بەڕێ کردن بە سواری (مەگەر ئەوە قەبرستان دوور بێت) و هات و هاوارو دەنگ بەرز کردنەوەی دەگەڵی با بە سڵاوەت و زیکر و ئەوانەش بێت.

۲) هەڵگرتنی تاجە گوڵ و عەکسی مردوو دەگەڵ جەنازەیان دانانیان لە مەجلیسی سەرەخۆشی.

۳)هەڵاوەسینی پارچەی ڕەشی نووسراو بۆ سەرەخۆشی لە سەر دارو دیوار.

۴) هەڵکەندنی قەبر بە شێوەی ناشەرعی و زۆر بەرز کردنەوەی و دانانی بەو کەل و پەلەی لە ساز کردنیان دا ئاگر بەکار براوە وەکی سمیت، گێچ، خشتی سوور…

۵) سازکردنی بینا و گومبەز و نەردەکێشانی بەتایبەت ئەگەر پتر لە جێی قەبرەکە دابگرێ و هەروەها دانانی سەنگی قیمەتی بۆ کێل و نوسینیان بە ئایەت و شێعر و… مەگەر نێو نوسین بۆ ناسینەوە.

۶) بردنی مردوو بۆ جێگای دوور با وەسیەتیشی کردبێ و گرتنی سێ ڕۆژانە، چللە، ساڵهات و…

۷) ئاو ڕژێن بەدوا مردوودا و چوونەوەی بەردەرکی ماڵی مردوو لە سەرقەبران ڕا یان دوا تەواوبوونی مەجلیس.

۸) قورئان خوێندن لەسەر قەبران یان لە مەجلیسی سەرەخۆشی چ کەسێک بیخوێنێ و چ بە هۆی دەزگا و بڵیندگۆو شتی واوە.

۹)نوسینی دەعوەتنامەی سەره‌خۆشی (اطلاعیه‌ی مجلس ترحیم) و بڵاو کردنەوەی.

بەو پێیە ڕوون بۆوە کە ئەمجۆرە پرسە و سەره‌خۆشییە پێوەندی بە دین و عیبادەتەوە نییە و لەسەر بنەڕەت و ئادابی سەرەخۆشی لە دین دا زۆر شت زیاد کراوە و بەڵام بەم شێوە بۆتە گرفتێکی گەورەی کۆمەڵایەتی کە ئەمڕۆ هەموومان بەدەستیەوە گرفتار و وەڕەزین و پێویستە بە هەموو لایەکمان وردە وردە لێی کەم کەینەوە و بیهێنینەوە سەر بنەڕەتی خۆی و لەو پێناوەدا یارمەتی مامۆستایانی ئایینی بدەین.

ماموستا سه ید مسته فا مه حمودیان – مه هاباد

نمایش بیشتر

مصطفی محمودیان

@نویسنده و مترجم و شاعر و پژوهشگر @ آذزبایجان غربی - مهاباد @ شغل : دعوتگر دینی و خطیب

نوشته های مشابه

‫5 نظر

  1. خداوند به علم و عمر ماموستا برکت بدهد ، خداوند ماموستا را برای مسلمانان مایه ی خیر و خوبی قرار دهد!

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا