فــەریـزەی حـــەج
«وَأَذِّن فِی النَّاسِ بِالْحَجِّ یَأْتُوکَ رِجَالًا وَعَلَى کُلِّ ضَامِرٍ یَأْتِینَ مِن کُلِّ فَجٍّ عَمِیقٍ»
واتە: «و جاڕ بدە بە ناو خەڵکیدا با بێن بۆ حەج، ئەوانیش بە پیادە بەدەم بانگەوازەکەتەوە، یان بە سواری (ئەو وشترانەی کە دووری ماوەکە) لاوازی کردوون و لە هەموو ڕێگەیەکی دوورەوە هەر دێن…»
حـــەج
حـه‌ج له لایه‌نی زمانه‌وانییه‌وه نیاز و مه‌به‌ست ده‌گه‌یه‌نێت. به‌ڵام له لایه‌نی شه‌رعییه‌وه ڕۆیشتن و بهڕێکهوتنه به‌ره‌و ماڵی خودا (بیت الله الحرام) و چه‌ند شوێنێکی دیکه بۆ به‌جێهێنانی چه‌ند عیباده‌تێکی تایبه‌تی له کاتێکی سنووردار و به شێوه‌یه‌کی دیاریکراو.
خوای گەورە دەفەرموێ:
«إِنَّ أَوَّلَ بَیْتٍ وُضِعَ لِلنَّاسِ لَلَّذِی بِبَکَّهَ مُبَارَکًا وَهُدًى لِّلْعَالَمِینَ ﴿٩۶﴾ فِیهِ آیَاتٌ بَیِّنَاتٌ مَّقَامُ إِبْرَاهِیمَ وَمَن دَخَلَهُ کَانَ آمِنًا وَلِلّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَیْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَیْهِ سَبِیلاً وَمَن کَفَرَ فَإِنَّ الله غَنِیٌّ عَنِ الْعَالَمِینَ» (آل عمران:٩۶-٩٧)
واتە: «بەڕاستی یەکەم ماڵێک کە بۆ خەڵک دانراوە ئەو ماڵه‌یه کە لە مەککەی پیرۆزە و هۆی ڕێنمایی جیهانیانە، لەو شوێنەدا نیشانەی ڕوون و ئاشکرای خودای تێدایە، ئەویش شوێنی وەستانی ئیبڕاهیم(علیه السلام)ە و هەر کەس بچێتە ناوی لە ئەمن و ئاسایش‌دا دەبێت و خودا لەسەر خەلک دایناوە چوون بۆ ئەوخانەیە بۆ حەج، هەر کەس کە لە توانایدا هەبێت و هەر کەسیش باوەڕی بەوە نەبێت و کافر بێت، بەڕاستی خودای گەورە دەوڵەمەند و بێ نیازە له جیهانیان.»
حەج؛ چوونه بۆ مەککە، بەمەبەستی بەجێ هێنانی عیبادەتی (تەواف) سووڕانەوە بەدەوری کەعبە، و بەپەلە ڕۆیشتن و ڕاکردنی نێوان سەفا و مەڕوە (سه‌عی)، ڕاوەستان لە (عەڕەفە) و هەموو کردەوە و عیبادەتەکانی دیکەی حەج، بۆ وەڵام دانەوە و بەجێ هێنانی فەرمانی خودای گەورە و بۆ ڕەزامەندی ئەو.
حەج یەکێکە لە پێنج پایەکانی ئیسلام و فەڕزێکە کە لە ئاییندا بە پێویست و بە واجب زانراوە. جا هەر کەس ئینکاری پێویست بوونی بکات، ئەوە کافر دەبێت و لە ئیسلام هەڵدەگەڕێتەوە.
حـەج لە ژیاندا یەکجار واجبە:
زانایان هەموویان کۆن لەسەر ئەوەی کە حەج دووبارە ناکرێتەوە و لەتەمەندا یەکجار واجبە، مەگەر کەسێک نەزر بکات ئەوە دەبێت نەزرەکەی بەجێ بهێنێ و لە یەکجار زیاتر ئەوە (تطوع)ە. لە ئیبنی عەبباسەوە خودا لێیان ڕازی بێت هاتووە که فەرموویەتی: پێغەمبەر(صلی الله علیه و سلم) وتاری بۆ دەدایین فەرمووی: «یاأیُها النَّاسُ کُتِبَ عَلَیکُم الحجّ»، واتە: ئەی خەڵکینە حەجتان لەسەر فەڕز کراوە. ئەقڕەعی کوڕی حابس هەڵسا گوتی: هەموو ساڵێک ئەی نێرراوی خودا؟ فەرمووی: حەج یەکجارە، هەر کەس زیاتری بکات ئەوە (تطوع)ە.
فه‌زڵه‌کانی حـه‌ج:
١- گوناهه‌کانی پێشوو له‌ناو ده‌بات و نایانهێڵێت: پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه و سلم) به (عمرو بن عاص)ی فه‌رموو: «أما عَلِمتَ أنٌَ الاسلام یَهدِم ماقَبلَهُ، وأنَّ الهِجرَهَ تَهدم ماقَبلَها، وأنّ الحجَّ یَهدم ماقبلهُ.»
٢- ئه‌وه‌ی حه‌جی کرد، خۆی ده‌رباز کرد له ئاگری دۆزه‌خ؛ له دایکی موسوڵمانان عائیشه -خوا لێی ڕازی بێت- ده‌گێڕدرێته‌وه که پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه و سلم) فه‌رموویه‌تی: «مامِن یَومٍ أکثَرَ أن یَعتِقَ الله فیهِ عبداً مِنَ النَّار مِن یَومِ عَرَفه، وإنّهُ لَیَدنوا ثم یباهی بِهم الملائِکَهُ.»
٣- پاداشتی حه‌ج به مسۆگه‌ری به‌هه‌شته: ئه‌بوو هوره‌یره -خوا لێی ڕازی بێت- ده‌گێڕێته‌وه که پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه و سلم) فه‌رموویه‌تی: «ألعُمرَهُ إلى العُمرهِ کَفَّارَهٌ لِمابَینِهِما، والحَجُّ المَبرور لَیسَ له جَزاءٌ إلّا لجَنّه.»
واتە: پێغه‌مبه‌ری خوا(صلی الله علیه و سلم) فه‌رمووی: «له عهمرهیهکهوه بۆ عه‌مره‌یه‌کی تر که‌فاره‌تی گوناهی نێوانیانه، حه‌جی وه‌رگیراویش پاداشتی ته‌نها به‌هه‌شته»
حوکمى حـه ج:
حه‌ج کردن فه‌ڕزی عه‌ینه له‌سه‌ر هه‌موو پیاو و ژنێک که ته‌کلیفی شه‌رعییان له‌سه‌ره؛ به‌و مه‌رجه‌ش که توانایان هه‌بێت و ته‌نها جارێک له ژیانیاندا واجیبه له‌سه‌ریان. هه‌روه‌ها ڕوکنێکیشه له ڕوکنه‌کانی ئیسلام.
مەرجەکانی واجب بوونی حــەج:
زانایان بۆ واجب بوونی حەج لەسەر ئەم مەرجانەی خوارەوە ڕێک کەوتوون:
١- ئیسلام
٢- باڵغ بوون
٣- عەقڵ
۴- ئازادی
۵- توانایی
جا هەر کەس ئەو مەرجانەی تێدا نەبوو، حەجی لەسەر پێویست نابێ. چونکە ئیسلام و باڵغی و عەقڵ مەرجی بەدی هێنانی ئەو شتانەیە کە خودا لەسەر بەندەکانی داناوە لە هەموو خودا پەرستییەکدا.
لە فەرموودەدا هاتووە: پێغەمبەر(صلی الله علیه و سلم) فەرمویەتی: «رُفِعَ القَلَمُ عَن ثَلاث: عَنِ النَّائِمِ حَتَّى یَستَیقِظَ، وعَنِ الصَّبیّ حَتَّى یشبَّ، وَعَنِ المَعتوهِ حَتّى یَعقِلَ.»
واتە: «پێنوس لەسەر سێ کەس هەڵگیراوە: لەسەر نوستوو هەتا هەڵدەستێ، لەسەر منداڵ هەتا گەورە دەبێت، لەسەر شێت هەتا هۆشی دێتەوه. ئازادیش مەرجە بۆ واجب بوونی حەج، چونکە حەج خودا پەرستییە و پێویستی بە کات هەیە و لە مەرجهکانی حه‌جیش ئه‌وه‌یه که ئه‌و که‌سه توانایی هه‌بێت، بەڵام خزمەتکار و کۆیلە مەشغوڵە بە کاری گەورەکەیەوە، کەواتە توانایی نییە.»
چەند ئامۆژگارییەک بۆ ئەوانەی ڕێگەی سەفەر دەگرنە بەر بە مەبەستی حــەج:
١- مەبەست لەو سەفەرە پیرۆزە تەنها بۆ ڕەزامەندی خودای گەورە و نزیک بوونەوە له‌و بێت، نەک لەبەر خاتری دونیا و خەڵکی بێ، تاکوو پێی بگوترێ حاجی و شانازی بە نازناوەکەی بکات.
٢- باشتر وایە وەسیەت نامە بنووسێ و جێی بهێڵی سەبارهت به قەرز و قۆڵە و ئەو ئەمانەتانەی کە لایەتی بە مەبەستی ئەوەی بگێڕدرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان، چونکە ژیان و مردن تەنها بەدەست پەروەردگارە.
٣- تەوبە کردن لەو گوناهانەی کە کردوویەتی و پەشیمان بێتەوە لێیان و دوبارەیشی نەکاتەوە.
۴- ئەو پارەیەی کەسەفەری پێ دەکات، دەبێ بەحەڵاڵی دەستی کەوتبێ.
۵- دوورکەوتنەوە لە هەموو جۆرێکی بەدڕەوشتی، به ده‌ست و به زمانی ئەزیەت و ئازاری خەڵکی نەدات، پاڵەپەستۆ لەگەڵ خەڵکی نەکات بۆ ئازاردانیان، دووزمانی نەکات، لەپاش ملە باسی کەس نەکات و درۆ نەکات.
۶- پێویستە شارەزایی پەیدا بکات لەسەر چۆنیەتی به‌جێ هێنانی عومرە و حـەج.
٧- پارێزگاری هەموو ئەرکەکانی سەرشانی بکات، لە هەمووی گرینگتر نوێژ کردن لە کاتی دیاریکراودا و بە جەماعەت، قوڕئان خوێندن، دوعا و زیکر، یارمەتیدانی خەڵکی و یارمەتیدانی هەژاران، سەبر و ئارام گرتن. هه‌روه‌ها ئەوەی زۆر گرنگە ئامۆژگاری کردن و هاندانی خەڵکی بۆ کردنی کاری چاکە و دوورکەوتنەوە و وازهێنان لە خەراپەیه.
٨- داوا کردن لە خێزان و خزم و کەس و کاری کە لە خودای گەورە بترسن و پابەند بن بە فەرمانەکانی، ئەوەش وەسیەتی خودای گەورەیە بۆ هەموو کەسێک و لە هەموو کاتێک و شوێنێکدا.
٩- باشتر وایە هەر دەم ئەو دوعا و زیکرانەی کە لە پێغەمبەرەوە(صلى الله علیه وسلم) هاتووە، لە یادی بێت و لەوانە دوعای سواربوونی هەر ئامێرێک (وەسیلە) لە ئامێرەکان و هەروەها دوعای سەفەر.
١٠- هەوڵی ئەوە بدات هاوڕێی باش هەڵبژێرێ بۆ سەفەرەکەی.
نوسین: موحەممەد مەحمودی
ویراستار: سۆزی میحڕاب